نەژاد عزیز سورمێ  

بەخێر بێی دنیای خەمۆکى بێدەنگ 
میوانى تاراپۆش
تۆسەیرى،
کۆترى حەوشەى خانەقا چەند شادن

 

 

بەخێربێى شەهلاى شووشەیی

نەژاد عزیز سورمێ  

"هەموو ئاویان لێڵ دەکەن،
تا قووڵ بنوێنن"
                     نیتچە

 

بەخێر بێی میوانى تاراپۆش.

بەخێر بێى دنیاى خەمۆکى بێدەنگ.

ئەو درەوشانەوەم پێ ببەخشەوە،

لەگەواڵەیەکى چڕى شەرمەوە دێ،

تارمایی ببینم

ساوى ( با) م بەسەردا هەڵبکا

غەریبی نێرگسى لێ بتکێ.

 

بەخێر بێى شەهلاى شووشەیی نووستوو

ئەوەى هات دڵى خۆى نەدیت و پێی لێ نا.

ئەوەى چوو بازى کێوییانى ون کرد

نهێنى ڕێکەوت و

                   ورشەى ئازارو

                                 مەوسیمى جودایی

لە شکانى شەختە و

                   مەرگەمەلەى کەنار و

                   کێشمانەى سپێدەدا دیتبوو.

بەخێر بێی بۆ دەرگاى تۆنێڵ و

باوەشى بەسۆزى

                سرووتى کسپە و

                               ئاوازى لاتی و

                                            فەرشى باران.

 

بەخێر بێی دنیای خەمۆکى بێدەنگ ،

میوانى تاراپۆش

تۆسەیرى،

کۆترى حەوشەى خانەقا چەند شادن

چەند شادن کۆترى حەوشەى خانەقا

گڕى شین لە بنباڵ هەڵدەگرن

ئاسمانگەڕ

لە بۆسەى بەسامى فەنتازیا

دەچنەوە باوەشى

                 سرووتى کسپەو

                                ئاوازى لاتى و

                                              فەرشى باران

شەهلاى شووشەیی نووستوو

میوانى تاراپۆش

بەخێربێن بۆ شایی گوڵاڵە سپییەکان.

 

                                     

بازدید: 859