فەڕۆخ نێعمەتپوور

پێویست ناکا مرۆڤ هەمیشە بۆ هەموو حاڵەت و دۆخەکانی ژیانی وەڵان بدۆزێتەوە، پێویست ناکا عەوداڵی بین. هەندێ حالت خۆشە کە تەنیا خۆیان بن، بە بێ هێچ پرسیار و وەڵامێک. ئەمە بگرە چێژیشی زیاتردەکا، رێک وەک هونەر و ئەدەب کە تەنیا دەربڕینە بە بێ گەڕان بە شوێن هۆکاردا. 

 

ژیانی دەرەوە و ژیانی دەروونی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

یەکێک لە حاڵەتە دەگمەن و رەنگە خۆشەکانی ژیان، ئەو کاتەیە مرۆڤ بە رۆژ لە ماڵەوە، کاتێک ماڵ بێدەنگە و لە گەرمەی خەونوچکەیەکی پێویستە، بە دەم گۆرانییەکەوە کە تێکەڵێکە لە مۆسیقایەکی ئارام و شیعرێکی ناسک، لە خەو بەئاگا دەبێتەوە.

ئارام چاوەکانت هەڵدێنی، لە سەقفەکە دەڕوانی، خەیاڵ وەک حووتێک قووتت دەدا، پێت وایە هێشتا شەوە، یاخود سپێدەیەکی زوو، بەڵام رێک جەرگەی رۆژە. پەتووەکە لە سەر خۆت لادەدەی، رادەبی و دەستەکانت لەسەر کۆشت مچۆڵە دەکەی. مۆسیقاکە هەر بەردەوامە. ئەوسا پرسیارێک دەتوروژێنێ "من لە کوێم؟" هەڵبەت مەبەست لەم کوێیە ئەوە نیە کە داخۆ لە ماڵەوەی، لەسەر کار، یان رەنگە شوێنێکی تر. ئەم پرسیارە رێک پرسیارە لەسەر ئەوەی "من هێشتا لە ژیاندام، یان لە خەیاڵێک کە ناوی ژیانە؟"

لێرەدا رایەڵە ئاساییەکانی پەیوەندیی تۆ لە گەڵ جیهان، پرسیاری لە سەر دروست دەبێ، پرسیارێکی جیددی. بەڵام تاوان، تاوانی خەوە، مۆسیقاکە، خەیاڵ، یان هەمووی ئەمانە پێکەوە؟ رەنگە کەس نەتوانێ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە. بەڵام هەمیشە خۆشترین و لۆژیکی ترین وەڵام، وەڵامی فرەچەشنە (خەیاڵ و مۆسیقا و خەیاڵ ـ مۆسیقا)، یانی ئەو وەڵامەی وا زۆر لایەنی لە گەڵ خۆی هەڵگرتووە، ئەگەرچی ئەمە هێشتا مرۆڤ رازی ناکا و، پێی وایە جۆرێک لە خۆخەڵەتاندن لە پلۆرالیزمی وەڵامیش دا هەیە.

ئەی چار؟

پێویست ناکا مرۆڤ هەمیشە بۆ هەموو حاڵەت و دۆخەکانی ژیانی وەڵام بدۆزێتەوە، پێویست ناکا عەوداڵی بین. هەندێ حالت خۆشە کە تەنیا خۆیان بن، بە بێ هێچ پرسیار و وەڵامێک. ئەمە بگرە چێژیشی زیاتردەکا، رێک وەک هونەر و ئەدەب کە تەنیا دەربڕینە بە بێ گەڕان بە شوێن هۆکاردا. ئاخر جاری وایە خودی دەربڕین، بریتیە لە هەموو چیرۆکەکە، خودی دەربڕین، بریتییە لە پانتایی هەموو هۆکارەکان.

هەڵدەستیتە سەر پێ. دووای چ ماوەیەک؟ مەعلوم نیە. رەنگە لە دووای ئەوەی گۆرانییەکە تەواو بووبێ (بۆ چەندەمین جار). بەڵام دیسان دەست دەبەیتەوە و گۆرانییەکە دەگێڕیتەوە. ئەگەرچی هەمان هەست و کاردانەوەی کاتی بەخەبەربوونەوەکەت پێ ناداتەوە، بەڵام هەر خۆشە. هێشتا وڕی. هێشتا لە ناو بەرزەخی نێوان ژیان و هەستی لەژیاندابووندای. بوونێک وەک هەور لە ناو گەشتێکی بێ پایانی ئاسمانی پووچی.

حاڵەتەکە بەردەوامە، تا وڕەی ئۆتۆمبیلێک، یان دەنگی منداڵی دراوسێکەت، یاخود دەنگی دووانی خەڵک لە سەر شەقام دێتە ژوورەوە،... دەگاتە گوێت. ئەوسا بیری ژیانی دەرەوە دەکەویتەوە، ئەوەی کە تۆ هێشتا لە شوێنێکدای وەک دوێنێ و وەک ئەم بەیانییە و وەک هەفتەی پێشوو. ژیانی درەوە پێت دەڵێ تۆ لەناو خەیاڵ دا بووی. خەیاڵ؟ باشە بۆ دەبێ ژیانی دەرەوە ئەم بڕیارە بدا؟ بۆ نابێ ژیانی دەروونیی من خاوەنی ئەم بڕیارە بێ؟ بەڵام هەرای دەرەوە سەرئەنجام دەیباتەوە. هەڵدەستیتە سەرپێ، دەچیتە بەر پەنجەرەکە، لە دونیای هەمیشەیی دەڕوانی و ئەوسا دەزانی نا، دەبێ لە گەڵی بەردەوام بیت.

لەم کاتەدا مۆسیقاکە تەواو دەبێ و ئیتر دونیای واقع تەواو زاڵ دەبێ، ئەوسا رەنگە پێکەنینت بە تاوێ لەمەوبەر بێت. بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانت، ئەگەرچی بزەیەکی تاڵ. لە دەروونەوە بڕیار دەدەیت کە دەبێ ئەم حاڵەتە رۆژەکانی تریش دووپات بکەیتەوە. رۆژەکان دێن و دەڕۆن، ئەگەرچی کاتێک دەخەوی، گۆرانییەکان دەچڕن و کاتێکیش خەبەرت دەبێتەوە، هەر بەردەوامن، بەڵام حاڵەتەکە دەڵێی دووپات نابێتەوە! پێت سەیرە، باشە، گۆرانی هەر گۆرانی نیە، مۆسیقا هەر مۆسیقا نیە؟ ئەوجا تێدەگەی کە دەبێ لە شوێنێک دا لە چرکەیەکدا ئەو گۆرانییەی کە لە گەڵ دۆخی دەروونی تۆ دەگونجێ لەگەڵ دۆخە دەروونییە تایبەتییەکەی تۆ یەک بگرێتەوە. ئەمجا تێدەگەی کە ئەو یەک کەوتنەیش چەندە بە رێکەوتە. ئیتر رۆژەکانی تری ژیانت پڕ دەبن لە باوەڕ بە 'رێکەوت'.

بەم شێوەیە بە هەڵکەوت دەبی بە بەشێک لە هەڵکەوت.

 

چ دەبا هیچ کات ژوورەکەت لە رۆژدا چۆڵ نەدەبوو، هیچ مۆسیقایەک لە کاتی نووستندا نەیدەگوت و تۆیش رێک لەو کاتەدا خەبەرت نەدەبووەوە ئەو گۆرانییە دەچڕێ وا خەیاڵت دەوروژێنێ؟ چ دەبوو ژیانی دەرەوە و ژیانی دەروونی من دوو شت نەدەبوون،... دوو شت نەدەبوون؟

بازدید: 1375