ما 4000 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

خاڵێک
هەموو ڕوناهى لە خۆیدا کۆکردەوە
گەڵاکان سێبەریان برد
چەکەکان خەون.

 

هەندێ لەو شوێن پێیانەى بەسەر شەختەدا مابوونەوە

نەژاد عزیز سورمێ

 

"مەکان شەوقى بە عێڵاتە پەشمە کۆنە هەوار

    حەیات زەوقى بە ئەحبابە بایە ئاو و هەوا “

حاجى

 

(1)

ڕۆژگارم بێ تۆ سارد

لەگەڵ تۆشدا بە ئازار...

هەنگاوم بە ئاوازەکانەوە دیار

ئیتر وابوو:

ژیان لە بروسکەیەکەوە هات

بە بروسکەیەکیشەوە ڕۆیی.

 

 (2)

دەستەکان چوونەوە پاڵ یەکتر

هێڵێک لە مۆمەکانى سەر تاخچەدا هاتبوو

مەرگى پەپوولە و

گیانەڵاى هۆشى بەدواوە بوو

دەستەکان لە پاڵ یەکتربوون

ڕێگایەکى تر نەبوو.

 

(3)

گەرایان لەو ڕووبارەدا خستبوو

لە ڕۆژگارێکى تاریکدا

سنگیان دابووە خۆر

کۆمەڵێ ماسى بوون کەس نەیدەناسین.

 

(4)

ڕۆژێ لە ڕۆژان

پەنجەم لە پەنجەى تۆ ئاڵان

دەرگاکان داخرابوون

من هیچ کلیلێکم پێ نەبوو

کلیلەکان

لە خانەى مەرگ پارێزرابوون

ڕەنگە مردن لە جودایی خۆشتر بێ.

 

(5)

هەور

کوچە بە کوچە

شەقام بە شەقام

دەرگا بە دەرگا

بەدواى ناوونیشانى برسیەتیدا دەگەڕا

لەخاکى نەزۆکدا،

مرۆڤ تەنیا دەسەڵاتى بەسەر قسەدا ماوە.

 

(6)

لە سایەى بەفرەوە

بەرەو خاڵێک دەیبینین و نایبینین

پەیژەى ئومێد بە ئاوازە کپەکانەوە

لاویێتى گریانى پێدا دێتەخوار.

 

(7)

مەرگ لە لەپى دەستێک دەچوو

بەزارى هەڵۆوە

هەڵۆ ئاسمان تەى دەکا

مەرگ زەوى.

 

(8)

چەترێک بەدیوارى نیگاکانەوە

ناهێڵێ چاوەکان

تارمایی گومان بیانگاتێ .

 

(9)

ژێى کەمانجەکەیان پساند

ئەى چاوى شێخ

موحیبەتت لەچ کەندێکدا فڕێدا!

 

(10)

هەورازێک لە پرچى ئەودا بوو

سێوێک لە لێو و

دۆزەخێک لە چاوى.

(11)

خەونەکانمان هێشتا لە سندووقدان

وەرە پێم بڵێ

خۆشەویستى نەمردووە

وەرە پێم بڵێ ئیتر وەختى نەما،

ڕووپۆشەکان هەڵدەگرین.

 

(12)

ئەو پەلکە گیایانەى

سێبەریان لە ئێمە کردووە

لە زەمینێکى بروسکەدارەوە شین بوون

چ خەبەر کەژێ!

هەتاوى چاوت

ڕێ نادا چاوم لێک بنێم؟

 

(13)

شوێنپێ بەڕەگەکانەوە دیارن

گریان ئەستێرەیەکى کوژاوە،

لە ئاسمانێکى سپیدا

ڕەنگ دەداتەوە

لە زەنگێکى برۆنزیدا

دەنگ دەداتەوە.

 

(14)

هەور

لە بەینى پەنجەکانى مندا دزەى کرد کەژێ!

باران لە چاوى تۆ

بەڵام پەنجەکان لەخاچ دران

(خۆشەویستم!)

لەو باوەڕەداى

بێم لە شانۆگەریەکى ناتەواودا دەربکەوم؟

 

 

 

(15)

کولێرەیەک

بەسەر کەللە سەرەکانەوەیە

کەس لە هاوارى باران ناچێ

باران

لەمەیدانى شەڕدا بە تەنێیە

کلیلى دڵیان ڕفاندوە

چاوە خومارەکان چاوەڕێى چین؟

باران لە مەیدانى شەڕدا بە تەنێیە.

 

(16)

وەک مەرگ

وێنەى ئاسمانى بێپایان

شینە کەژێ ..

لەو بەرۆکەوە بۆ ئەو بەرۆک

گوڵێکى ماندوو،

سیسە کەژێ!

 

 

(17)

هەموو شتێک وەک خۆیەتى

ئاوێنە

بەڕوخسارى شەکەتدا هەڵواسراو

ڕەنگە دەرگاى ئومێد

لە بەفرێکى پایزیی زیاتر نەبێ

ئەرێ بەڕاست !

چڵێک لە ئینجانەى بەر پەنجەرەدا بوو چى لێ هات؟

 

 

(18)

پەنجەکان جوان بوون، ئاوازیان دەچڕى

پەنجەکان جوان بوون دەچوونە پاڵ پەنجەى تر

 ئێستا پەنجەکان

بێ هودە لە هۆڵەکان هەڵدەبڕێن

پەنجەکان

ئاخ پەنجەکان.

 

(19)

گڕێک لە قووڵایی کەلاوەکانەوە،

لە قووڵایی ساتە نەفرەت لێکراوەکان

گڕێکى ماندوو،

فێڵ لێکراو

بێ دەرفەت

ناسیمەوە کەژێ،

گڕى خۆشەویستى هەردووکمانە.

 

 

(20)

بەرد ڕەگى دەرکردووە... نابزوێ

ئاو ڕەگى دەرکردووە... ڕێ ناکا

چۆلەکە ڕەگیان دەرکردووە... نافڕن

زەمین بێ ڕەگ ماوەتەوە

 

(21)

بەرەواژییەکان پێکەوەن

بەرەواژییەکان بەیەک ڕێگادا دەڕۆن،

لەیەک جێگادا لێ دەخەن

بەرەواژییەکان پێکەوەن

وتار بۆ یەکتر دەخوێننەوە

چاو لەیەکتر دادەگرن

بەرەواژەکان بڕیاریانداوە پێکەوەش بمرن

بەرەواژەکان پێکەوە دەمرن.

 

(22)

مانگ لە مێشکێکى پژاوەوە هەڵاتبوو

ئەوانەى لە بانیژە وەستابوون

لەناو گەڵاى درەختەکاندا دەیانبینى

دەردەکەوت و ون دەبوو.

  (23)

خاڵێک

هەموو ڕوناهى لە خۆیدا کۆکردەوە

گەڵاکان سێبەریان برد

چەکەکان خەون.

 

 

 

(24)

پیتەکان لە جەستەى تۆدا دەلەرێنەوە

وادەى چاوەڕوانى نییە

کە لەگەڵتام هەمیشە دەڵێم جارێکى تر ناتبینمەوە

چ سڕرێکە کەژێ

تۆ بتوانى بەبێ من

لەخەونێکى پایزیدا نقوم ببی؟

 

(25)

تۆ لە حەقیقەتى ئاراستەکان نەگەیشتووى

هەرگیز وێنە ئەندازەییەکانى واقیع

شکڵى میوەکانى خەیاڵ نادەن.

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت