رزگار لوتفی
ئەمڕۆ سێ ڕۆژە من و پشیلەکەم لە دۆزەخداین. نا، دوو رۆژ و بیست و سێ سەعات و سی و پێنج خولەکە. لە راستیدا بیست و پێنج خولەکمان ماوە بۆ کۆتایی هاتنی سێ رۆژی دۆزەخی.
ئەو سێ رۆژەی لە سەعات حەوتی بەیانییەکانیدا، نە گوێمان لە دەنگی ئۆتۆمبیلێک بووە و، نە کەسیش دەرگای خانووەکەمانی رەقاندووە. ئەمڕۆش هەردووکمان بە رەواڵی رۆژەکانی رابوردوو، نیو سەعات بۆ حەوت لە خەو هەستاوین وــ بە پەرۆشەوە ــ لە کاتژمێرە دیوارییەکە و، دەرگا بێوازەکەی خانووەکەمان دەڕوانین. پشیلەکەم لە من بێتاقەتتر و وەڕەستر، من لەو جاڕزتر و داماوتر. هەردووکمان سێ رۆژی سەغڵەتمان بەڕێکردووە.
سێ رۆژ بە ئەسانسی قەقنەس و بە بەرکوڵی زەمهەریرەوە.
سێ ڕۆژی تەواو دۆزەخی.
یەکەم رۆژمان خودا بە دەنگمانەوە هات، فریامان کەوت و تێیپەڕاند.
دووهەم ڕۆژمان، ڤالیۆم و زنجیرەدراماکانی تەلەفزیۆن.
سێهەم رۆژیشمان شەربەتی خەو و، خەو و خەو!
ئێستا پشیلەکەم هێند خەواڵووە هەر دەڕوا و خلەخل لەتەران دەدات. لەم پازدە ــ بیست خولەکەی رابوردوودا، چەندین جار خۆی گەیاندۆتە مەتبەق و چمکی لە دەرگای سەلاجەکە گیراندووە و زیکەی توندی نینۆکە تیژەکانی جەرگمی رووشاندووە. دەرگاکەی بۆ نەکراوەتەوە و هەمدیسان ــ حۆلانە ــ گەڕاوەتەوە لام و هاتۆتەوە باوەشم. هەنووکە هەست بە بەرزبوونەوەی ترپەی دڵی یەکتری دەکەین. تەنها پێنج خولەکی دۆزەخی دیکە ماوە بۆ بە کۆتاگەیاندنی سێ رۆژی تەواو، بۆ گەیشتن بە ساتی کوتانی دەرگا و گەڕانەوەی تیرێژی بەختەوەریمان.
لەوانەیە گەر ئەمجارە دەنگی ئۆتۆمبیلی سەعات حەوتی بەیانیان بێ، پشیلەکەم نەتوانێت پێشمکەوێت و زووتر بگاتە دەرگاکە و خۆی تێبسوێ و بمیاوێنێت. لەوانەشە ئەمجارە، هیچمان نەتوانین پێش ئەوی دیکەمان کەوین و پێکەوە بگەینە دەمدەرگای خانووەکەمان. گرینگ نییە کاممان زووتر دەگاتێ، گرینگ ئەوەیە نەبێتە سەعات حەوت و یەک خولەک و، دەرگای بێوازی خانووەکەمان لە حەوتی تەواودا بڕەقێ و لێی تێپەڕ نەبێت، ... بەڵێ، لە حەوتی تەواودا بڕەقێ و لێی تێپەڕ نەبێت!.
دوو خولەک زەمەنێکی وا نییە بۆ تەمەنی درێژی مرۆ، رەنگە لە پاتبوونەوەی کاتەکاندا ئەسڵەن بەرچاو نەیێت، بەڵام ئەم دوو خولەکە بۆ من و پشیلەکەم، کە دوو رۆژ و بیستوسێ سەعات و پەنجاوهەشت خولەکی تەواو دۆزەخیمان بەڕێ کردووە و دەمانهەوێت بگەینە سەعات حەوتی بەختەوەری، دوو مردن و زیندووبوونەوەی تەواو بێت.
هێشتا ئەقرەبەی کاتژمێرە دیوارییەکە حەوتی تەواوی پڕ نەکردووە کە ترپەی دڵمان گەیشتۆتە لووتکە. نازانین لەم چەند چرکەی داهاتوودا، باڵەخانەی شووشەبەندی چاوەڕوانیمان دەڕمێت یان دەبێ رۆژێکی دیکە و دۆزەخێکی تر، خەریکی پێ زیادکردنی نهۆمەکان بین. دەنگێک هەردووکمان گوێقوڵاغ دەکا. خەو لە رۆح و کەللەمان دەتارێنێ و دەمانهارووژێنێت. بەنداوی خوێنی دەمارەکانمان لێکبەر دەکا و لە ناو لەشماندا سێڵاوی خوێن وەڕێ دەخات. دوودڵین لەوەی ئەم دەنگە، دەنگی ئۆتۆمبیلی بەختەوەری سەعات حەوتە یان نا. بەر لەوەی لە دەم خانووەکەمان رایبگرێت و دەرگاکەمان بڕەقێنێت، بە جووت و بە هەنگاوێک دەگەینە پشت دەرگا. لەشمان هیچ، تاڵتاڵی مووهکانیشمان دەکەونە سەما. وەک جارانی پێشوو شەوق دەرگاکە دەکاتەوە و پیاوێک، بە جلوبەرگێکی یەکدەستی یەکڕەنگەوە و ــ رەنگێک کە لە ئاسمانی شینی ساماڵی وەرگرتووە ــ بە دوو بوتڵی پڕ لە بەختەوەرییەوە بەرەو روومان دێت. هاوسێکانیشمان وەک ئێمە، لەدەم دەرگاکانیان ــ بەپەرۆشەوە ــ چاوەڕوانن. ئۆخژنێک لە لای ئۆتۆمبیلە نیشانکراوەکەی کۆمپانیای شیرەوە رادەخووشێ و گیان بە بەرماندا دەکاتەوە.
لە کاریگەرە چالاکەکەی کۆمپانیا دەپرسم:
- "سێ ڕۆژی دۆزەخیمان بەڕێ کردووە، ئایا ئەمە شەرتی عەداڵەتە؟!".
بە بزەیەکی کڕیارپەسەندانەوە دەڵێت:
- "کاتێک مانگایەکمان تەقییەوە و بووە قوربانی بەرهەمی گازە مێتانەکەی خۆی، مانگا هاوەڵەکانی تۆقان و لێچوونەوە و ویشکاییان داهات ... تا دووبارە هێوربوونەوەیان و لەبیربردنەوەی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، دوو رۆژی سەرپڕی خایاند ... دواڕۆژیش،کاتمان بە فیڕۆ نەدا و دەستبەجێ کەوتینەوە کار و ئەمەش بەرهەمەکەیەتی ... کۆمپانیاکەشمان بەڵێنی داوە لەمەودوا هەرگیز، رووداوی لەو چەشنە روونەدات و پات نەبێتەوە!".
ئۆتۆمبیلە نیشانکراوەکەی کۆمپانیای شیر لە پێچ و خەمی کۆڵانەکەماندا ون دەبێت و، من و پشیلەکەشم یەکەی بوتڵێک شیری تازەمان هەیە و، هەردووکمان بە جووت، بەختەوەری بەختەوەرین!.