نەژاد عزیز سورمێ

بڕوانە! لێومان بە لێوى بورکانەوە ناوە
قاسیدى هەتاویش لە قامیشەڵانى سۆزدا
ئاوازى جادووگەرانى تاریکى دەچڕێ

 

خەونێک لەنیوەڕۆدا

 

نەژاد عزیز سورمێ

ئەو بەرهەڵە هەبێ و نەبێ چییە؟

ئاوازى جادووگەرانى تاریکى

بەئێمە لێ نەدرا...

بەفر،

لە دەرەوەى بازنەى وەرزەکاندا

چرۆى دەرکردبوو.

ڕووبار،

پیریەتى یۆتۆبیاى لە کۆڵ نابوو،

بە نەزمى کولانەوەى برینەکانمان

دۆڵاو دۆڵ دەهات.

 

بەهارێکى پۆشتە بوو

درەخت گەڵایان هەڵوەراند.

ئەستێرە لە هەوران نقوم بوون.

بەڵام ئاخ.. کلیلى عومریان شکاندین

چەخماخەى نەوایان بە زریان سپارد.

 

بەم جۆرە

(مەرگ)یش جیاوازى تێکەوت!

 

بڕوانە! لێومان بە لێوى بورکانەوە ناوە

قاسیدى هەتاویش لە قامیشەڵانى سۆزدا

ئاوازى جادووگەرانى تاریکى دەچڕێ...

 

بەختەوەر بوون ئەوانەى ڕۆیشتن 

بەختەوەر بوون ئەوانەى نوێژیان بۆ ئایندەى بەفر دەکرد

                                                 بەختەوەر بوون.

ئەوانەى (با) یان لە چاو کرد و

دڵیان لە باران پڕ کرد بوو

بەسەر پردى – نۆ هەشت شەش – دا پەڕینەوە

                                      بەختەوەر بوون.

 

پرۆفاید کۆمفۆرت، بادەى نەشئەبەخش

شازادەى کسپەدار

لەبەر ڕەشماڵى لەعنەتیى شیعردا

کینەوەر

لە شەقامى گریان

لە جوغرافیاى داخراو

لە دڵى سەر تیشە

سەمفۆنیاى ئاگرى

کەنار و کەنار

بنار وبنار

ئاسمان و ئاسمان

        هەڵدەفڕاند...

 

بەدنمەکى

تەنى لەرزۆکى

بۆ برووسکە ناکاتەوە.

ئیتر بەسەرچوون ،

ساتەکانى نمایشى پاکیزەیى بەسەرچوون...

ئەستێرە پۆل پۆل ڕایان کرد

تێیاندا بوو

لە لەزەتى جەستەى شەڵاڵدا دەتوانەوە ،

تاک تاکیش

بەسەر ڕەخشى ئومێدەوە مابوونەوە

دەڕژانە گیرفانە زلەکانى ئایدیۆلۆژیا...

 

ئەو بەرهەڵە هەبێ ونەبێ چییە؟

ئەبەدییەت...

کوێرایی مێژوو...

تەکنیکى داتەپین...

گۆزەیەکى خەت خەتى سۆمەر و

شەقامى بە ژاوەژاوى

مەیخانەکانى (ئور) دەرچوو...

لێم دیارە... با بڕوات

گەردوونێکى سۆزانى ،

لە سوێند و شادى و

خەم و درۆدا هەڵکێشراو...

با بڕوات

مۆمێکى هەڵایساو

بەسەر پەنجەکانییەوە دزە دەکا

تەلیسمى کازیوەیە...

شەفەقى ڕسکان...

دەنگەکان پچڕپچڕ

باران پچڕپچڕ

زیندانەکانى ناخ دەکوتێ...

 

ئەى خوداى تاک و تەنیا

تەنیا

تەنیا

ئێمە سوختەى ئەو هەڵەتەین

لە خاکى لەعنەتیى شیعر،

نە سیپارەیەکمان پێیە

نە تیشوویەک...

 

ڕۆژگار،

بە تراکسوتێکى بریقەدارەوە

لە باخچە ئەفسانەییەکانى شەودا

دەخولێتەوە...

لەگەڵ ئەوەشدا

خەنجەرێک نەپشکوى ،

چرۆیەک دانەوەشێنرا...

ئەى ڕووبارى سەرشێت،

ڕووبارى پیرییەتى یۆتۆبیا

ئەى ترسى نزیک

کوێرایى با

لە دوورگەى شەختەڕا

دەتکەم بە کۆلارەیەک

دوور دوور

بەرز بەرز هەڵتئەدەم

 

تا لە چاوى هەمووانت ون دەکەم.

 

گەڕان بۆ بابەت