ما 5876 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

"یەنس برەیڤیک" باوکی "ئاندێش برەیڤیک" کە لە بیست و دووی مانگی حەوتی ساڵی دووهەزار و یازدە، هەفتاد و حەوت کەسی لە کردەیەکی تیرۆریستیانەدا لە وڵاتی نۆروێژ کوشت، دەیەوێ کتێبێک دەربکا.

رۆژنامەی "کلارتاڵە" ی نۆروێژی هەواڵێکی سەبارەت بە باوکی تیرۆریستی نۆروێژی بڵاو کردووەتەوە کە لە ژێرەوە وەرگێڕدراوی هەواڵەکە دەخوێننەوە:

 باوکی "برەیڤیک" کتێبێک دەردەکا

"یەنس برەیڤیک" باوکی "ئاندێش برەیڤیک" کە لە بیست و دووی مانگی حەوتی ساڵی دووهەزار و یازدە، هەفتاد و حەوت کەسی لە کردەیەکی تیرۆریستیانەدا لە وڵاتی نۆروێژ کوشت، دەیەوێ کتێبێک دەربکا. باوکی ئەم بکوژە کاتێکی یەکجار کەمی لە سات و ئانی منداڵیی کوڕەکەی لە گەڵدا بەسەر بردووە و زۆر کەس پێیان وایە کە ئەمە یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی تێگەیشتن لەوەیە وا ئاندێش برەیڤیکی بەرەو ئەو کارەساتە برد.

کتێبەکە ناوی "گوناهی منە" و قەرارە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا دەربچێ. چاپخانەی "یوریسن" ئەرکی لە چاپدانەکەی بە ئەستۆ گرتووە.

نووسەری کتێبەکە لە وتووێژێکدا لە گەڵ میدیاکاندا گوتویەتی کە:

ـ "ئەم کتێبە هەوڵێکە لە پێناوی تێگەیشتن لەو شتەی وا بە سەر کوڕەکەیدا هاتووە. ئەو پێویستی بەوەیە لەم رێگایەوە بیر لەوە بکاتەوە کە داخۆ ئەو شتەی روویدا تا چ رادەیەک گوناهی ئەوی تێدا بووە."

یوریسن گوتویەتی کە کتێبەکە هەوڵێک نیە لە پێناوی پاکا کردنەوەی حیساب لە گەڵ ئەو کەسانەی یەنس بە تاوانبار لە قەڵەم دەدەن. یوریسن هەروەها دەڵێ:

ـ "کتێبەکە زیاتر هێرشێکە بۆ سەر خودی نووسەر و ئەو هەوڵانەی کە داویەتی. لە راستیدا یەنس دان بەوەدا دەنێ کە بە جۆرێک بەرپرسایەتی هەیە لە پێناوی ئەو شتەیدا کە ئەو ساڵە روویدا." یوریسن دەڵێ ئاندێش قەت نوسخەی سەرەکیی کتێبەکەی باوکی نەخوێندووتەوە، بەڵام لە گەڵ باوکی قسەی کردووە کاتێک نووسەر خەریکی نووسینی کتێبەکەی بووە.

کۆتایی هەواڵ

***

سەرنجێك:

ئەوەی لە نووسینی ئەم کتێبەدا سەرنج راکێشە، هەڵوێستی باوکێکە سەبارەت بە دۆزینەوەی شوێنی خۆی لە ناو جینایەتێکدا کە لە وڵاتەکەی رووی داوە. لە راستیدا ئەوە کوڕەکەی واتە ئاندێش برەیڤیکە بەرپرسی سەرەکی و حقوقیانەی کارەساتەکەیە، بەڵام بەو پێیەی کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و کەسایەتییەکەی لە کۆمەڵگادا شکڵ دەگرێ، دەکرێ تەواو ئەو شتانەی وا رۆڵی سەرەکی و گرنگیان لە ژیانی ئەودا بووە، هەر کامەیان بە جۆرێک گوناهێک وەربگرن کە زیاتر دەتوانرێ بە گوناهی "کەمتەر خەمی" یاخود "رانەپەڕاندنی ئەرک" پێناسە بکرێ. لە راستیدا دەکرێ ببینین کە کۆمەڵێک هۆکار بوونەتە هۆی نووسینی ئەم کتێبە. کۆمەڵێک هۆکاری شاراوە و دیار. بۆ وێنە وەک: رەنگە وەڵامدانەوەی نەیارەکان، ناوبانگ دەرکردن، عەزابی ویژدان، بەڵام ئێمە دەبێ رێزی سەرەکی بۆ خودی قسەی نووسەرەکە دابنێین کە باس لە گەڕان بە شوێن شوێنی خۆی لە ناو کۆمەڵە فاکتەرەکاندا دەکا.

کۆمەڵگای نۆروێژی، ئاندێشی لە سێدارە نەدا. وەک بۆ خۆیان گوتیان ئەوان ناچارن بەوەی ئینسانی هەڵسوکەوت بکەن تەنانەت لە گەڵ ئەو کەسانەی کە بە پێچەوانەی ئەم پرینسیپەوە دەجوڵێنەوە. بەڵام تۆ بڵێی یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم کردەیە ئەوە نەبێ کە تاکەکانیش دەیانەوێ شوێنی خۆیان لە ناو هۆکاری تاوانەکاندا بدۆزنەوە؟ ئەو تاوانانەی لە باری حقوقییەوە هیچ فڕی بە سەر ئەوانەوە نیە؟ بێ هۆ نیە ئیعدام و لە سێدارەدان لەم جۆرە وڵاتانەدا بزرن.

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت