ما 7947 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەحمەد ڕەزا 

موفیدە، لە تەکنیک و داڕشتن و وێناکردندا، جیاوازە لە شاعیرە باوەکانی عەرەب، خوێنەر بەرەو ئاسۆیەکی زۆر بەرفراوان ڕائەکێشێت و لەوێوە وەک بینەرێکی گەردوونیی بەشداریی پێ ئەکاتەوە لە داڕشتنەوەی مێژوودا. ئەو جیاواز لە گرنگیی پێدانە کۆمەڵایەتیی و دەرونییەکانی خود ئەنوسێت.

 

موفیدە بەلحودیی، شاعیرێکی یاخی

ئەحمەد ڕەزا

موفیدە بەلحودیی شاعیری تونسیی نوێخوازو یاخیی، لە ١٧ی دیسەمبەری ١٩٧٦ لە دەوروبەی شاری قەیرەوانی تونسیی لە دایک بووە. دەنگێکی دیاری جیهانی عەرەبییە، لە زۆرێک لە ڕۆژنامەو گۆڤارو ماڵپەڕو ئێزگەی عەرەبی شیعرەکانی بڵاوئەکاتەوە.. دوو نامیلکەی شیعریی هەیە با ناونیشانی:

*بهرة الضوء

*عبیر الغمام

* نامیلکەی سێیەمی ئامادەیە بۆ چاپ بە ناونیشانی " زەنوبیا"

سێ شیعری کراون بە کوردی و لە ڕۆژنامەی کوردیدا بڵاوکراونەتەوە.

موفیدە، لە تەکنیک و داڕشتن و وێناکردندا، جیاوازە لە شاعیرە باوەکانی عەرەب، خوێنەر بەرەو ئاسۆیەکی زۆر بەرفراوان ڕائەکێشێت و لەوێوە وەک بینەرێکی گەردوونیی بەشداریی پێ ئەکاتەوە لە داڕشتنەوەی مێژوودا. ئەو جیاواز لە گرنگیی پێدانە کۆمەڵایەتیی و دەرونییەکانی خود ئەنوسێت، لای موفیدە پێگەی ژن لە مێژوودا لە پلەی یەکەمدا دێت. کار لەسەر هەڵگرتنی جیاوازییە ڕەگەزییەکان ئەکات، بەڵام بە زمانێکی ڕەوان و خەیاڵێکی فراوان.

"زەنوبیا"

تۆ پەڵە هەورێکی

لە شارە کۆنەکانی خەمەوە دێیت

کە ئاو بە ڕەشۆکیی گل ئەدەیتەوە

لە تەنیاییەکداسپێدەت بەسەردا تێپەڕ ئەبێ

کە کۆترکان ئارەزووی خواردنی ئەکەن و

هەورو موچڕکی پەڕەسێلکە

 ئەیگرنە خۆ.

"زەنوبیا"ی جوان

دەی دەست بکەرە ملم

مردن لە پڕا دێت

هەروەک خۆشەویستیی

لێرە، لە لێواری "بەردیی" چاوەڕێت ئەکەم

ڕوباریش وەک خۆت سەرگەردانە

قەمبورەکان بە قامچیی لێی ئەدەن

بەهاری نیشتیمانیی ناپاکیمان لێ ئەکا

ئەی خەم وەک من مەبە

لە دوای خۆتەوە دەرگاکان دابخە " زەنوبیا" لێرەیە

شارەکان بەسەر بارانی کەنداودا ئەپرژێنێ

پاڵتۆ هاوینەکەشی

گوناهەکانی مێژوو و

هەنگاوی ئەو کاروانانەم بیرئەخاتەوە

کە وەک بروسکە بوون

جنێویان بە بیابان و

کات و

ڕووتبوونەوە ئەدا

ئەم مەرەکەبە وەک کەفی دەریا وایە

بروسکەی زستان ئەشارێتەوەو

نهێنییەکانیشت ئەمانشکێنێ

فڕێمان ئەداتە فشەڵیی

سۆزمانەوە

لەسەر بای دیمەشق

هەوری چڕ ئەکاتەوە

"زەنوبیا"

دەقیش وەک تۆ بەسەر لاپەڕەکاندا هەڵڕژاوە

زاراوەکانیش لە ئاسماندا

ماڵەکانیان چۆڵ ئەکەن، شەو و

تەمەنی مەلەوانت لە ماوەدا

پەستە، ئەوەیە خوازراو

کاتێ مانایەکی سووکی

لەسەر بازنگە لەبیرکراوەکانت بەس بێت

لە ونبووندا

لە ئاسمانی "تەدمور" دا

پەرەسێلکەی ئێواران نامێنن بفڕن

 

ئاسۆیەکیش نییە مردنمان

لە دواگۆڕدا بنێژێ

هەموومان زنوبیاین.

شەپۆل جۆگەلەکانی خۆر ئەگرێتە خۆی و

دەریاو مەمکەکانیشت

مردن ڕائەماڵن..

دەرگاکانیشت بە ڕووی بریندا کراوەیە.

__________________________________

زەنوبیا: ساڵی "٢٤٠/ ٢٧٤" شاژنی تەدمور بوو، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ڕابەرایەتیی یاخی بوونێکیان کرد دژی ڕۆمانییەکان، دەستی بەسەر زوربەی زەوی و زاری سوریادا گرت، بە مردنی مێردەکەی، بە سەرکردایەتی خۆی میسریشی داگیر کرد.. ئۆرلیانی ئیمپراتۆری ڕۆما بە دیلی گرت و بردی بۆ ڕۆمانیا.. پاش ماوەیەک بە هۆکارێکی نادیار مرد.

ـــ============================== ـــــــــــــــ

" هەندێجار"

هەندێجار گرێ دەروونییەکانم کۆئەکەمەوە

هەروەک ئەوەی گوڵ کۆبکەمەوەو

فڕێی بدەمە دەریایەک زەعفەرانەوە

ئەشزانم من ژنێکی ڕۆژهەڵاتییم

بە لەزەتێک پێکراوم

کە سۆزێکی بە تین بەدەم خۆشیی بەیانەوە ناپاکیی لێکرد.

بەڵام دەستەمۆ نەکراوم

لە سیستمی خێڵ و

لە مردن ونامۆ بوون و شێتیی یاخیم

لە ئازارێک هێشتا لاساریی ئەکا لەگەڵ کاروانی تیشکدا

ئەی چەقۆو زۆربڵێیی ئارەزوویەکی ڕاگوزەر

من هێشتا پێویستیم بە خۆشەویستیی و

بە پیتێکە تیاما بژی.

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت