ما 934 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور
کە گەیشتمەوە ماڵ، سەیرم کرد ناو زەمبیلەکەم هیچی تیا نەمابوو. بە بێ ئەوەی ئاگام لێ بێ زەمبیلەکە لە بنەوە دڕابوو و هەرچی شتی تیا بوو بە دەم رێگاوە وەریبوونە خوارەوە و کەوتبوون. بە خۆشییەوە پاکەتە جگەرەکەی باوکمم پێ مابوو. ئاخر من هەمیشە پاکەتەکە دەخەمە گیرفانمەوە. 
 
هەڵبژێرە!
 
فەڕۆخ نێعمەتپوور
 
لەبیرم نایێ چ ساڵێ بوو. رەنگە ساڵی ٧٩ بوو، ٨١، ٨٨، ٩١ یان... ساڵی زایین،... نا، لە بیرم نایێ. لەبیریشم نایێ چ وەرزێ بوو، هاوین، پاییز، زستان یان بەهار (هەڵبەت خەڵکی دەڵێن وەرزێکی تریش هەبوو، ئەو وەرزەی کە من دیسان لەبیرم نایێ)، دایکم وەک هەمیشە پارەی دامێ، لە گەڵ زەمبیلێک و گوتی بڕۆ بۆ بازاڕ بۆ کڕینی شمەک. منیش چووم. بە دەم رێگاوە لە بیری گۆشت، پەتاتە، تەماتە، پیاز، نان، خەیار، سێو، دۆشاوی تەماتە و سەرئەنجام پاکەتێک جگەرە بۆ باوکم بووم کە کتوپڕ لەناو شەقامی سەرەکیی شار کەوتمە ناو گۆڵمەزێکی سەیرەوە. رێک لە بەینی ئەو دوو دووکانەدا کە من شتم لێدەکڕین، تەقە تفەنگێکی سەیر بوو. جەماعەتێک لەمبەر شەقامەوە (رێک وەک جەماعەتەکەی ئەوبەر) بەرامبەر کۆمەڵەکەسێکی تر لەو بەر شەقام لە پشت سندوقی ئەو تەماتەو میوە و شمەکانەی وا من هەموو هەفتەیەک بەرپرسیار بووم شتیان لێ بچنمەوە، سەنگەریان گرتبوو و بەگەرمی تەقەیان لەیەکتر دەکرد. شەقام چۆڵ و هۆڵ بوو. جگە لە من و لە ئەوان، کەسی تری لێ نەبوو. فیشەک وەک بارانی بەهار لەم بەرەوە بۆ ئەو بەر و، لە ئەو بەرەوە بۆ ئەم بەر دەباری. من کە لەو دوو دووکانە زیاتر شوێنی ترم نەبوو بچم و وەک هەمیشە لەسەرم بوو لەوێکانە زەمبیلەکەم پڕ کەم و بەرەو ماڵەوە دیسان خلۆر ببمەوە، بە واق وڕماوییەوە سەیری دوو گرووپەکەم کرد. دەنگی جوێن و هەراهەرایان وەها شەقام و شۆستەکەی پڕکردبوو، نەبێتەوە. دیسان لەبیرم نایێ چەندە راوەستام کە لەناکاو یەک لەم لا هاواری کرد: زوو وەرە ئێرە، دەی زوو وەرە، ئێرە شوێنی تۆیە! من هێشتا بە تەواوی فریا نەکەوتم تەواوی وشە و رستەکان وەرگرم و قووتیان دەم کە دەنگێکی تر رێک لە دووکانەکەی ئەو بەرەوە، ئەو دووکانەی وا من نیوەی تری زەمبیلەکەم لێ پڕ دەکرد، هاواری لێ بەرزبووەوە و گوتی: زوو وەرە ئێرە، دەی زوو وەرە، ئێرە شوێنی تۆیە! سەیری زەمبیەلەکەم کرد. ئەگەرچی بۆم دژوار بوو لە یەک کاتدا روو لە هەر دووکیان بکەم، بەڵام  هەر چۆنێک بوو سەر و روخسارم وەها راگرت (نیوەی لەم لا و نیوەکەی تری لەو لا) رووم لە هەردووکیان کرد و هاوارم کرد وایە ئەوێ شوێنی منە و هەر ئیستا دێم.
 
لەو ماوەیەدا لە دووکانەکەی ئەمبەر شمەکەم دەچنییەوە، ئەوانەی ئەوبەر بەردەوام تەقەیان دەکرد و تەماتە و خەیار و میوەیان بە ئاسماندا دەکردو، لەو کاتەیشدا خەریکی پڕکردنی زەمبیلەکە لەوبەر بووم، ئەوانەی ئەوبەر تەقەیان دەکرد و پەتاتە و پیاز و دۆشاوی تەماتەیان بە فیشەکەکانیان بە ئاسماندا پرژ و بڵاو دەکردەوە.
 
بە خۆشییەوە هەر چۆنێک بێ، من شتی خۆم کڕی و پارەکەم دایە دەست ئەو دوو خاوەن دووکانانەی وا لە پشت شایەنەکەنیانەوە خۆیان شاردبووەوە و بە ترسەترس شتەکانیان دەکێشا.
 
کە گەیشتمەوە ماڵ، سەیرم کرد ناو زەمبیلەکەم هیچی تیا نەمابوو. بە بێ ئەوەی ئاگام لێ بێ زەمبیلەکە لە بنەوە دڕابوو و هەرچی شتی تیا بوو بە دەم رێگاوە وەریبوونە خوارەوە و کەوتبوون. بە خۆشییەوە پاکەتە جگەرەکەی باوکمم پێ مابوو. ئاخر من هەمیشە پاکەتەکە دەخەمە گیرفانمەوە. 
 
زەمبیلە خاڵییەکەم دایە دەست دایکم و جگەرەکە دەست باوکم. دایکم وەک هەمیشە لە ئاشپەزخانە خەریکی ئاە هەڵکێشان بوو و باوکیشم وەک هەمیشە لە دەرەوە لە حەوشە، لە کاتێکا چاوە بێ نیگاکانی لە دونیای دەڕوانی، خەریکی جگەرە کێشان.
 
من نازانم هەفتەی داهاتوو شەڕەکە بەردەوام دەبێ یان نا،... نازانم.  
 
 
Image result for røyker kunst

گەڕان بۆ بابەت