ما 5817 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێشەوا کاکەیی

 

مێروولە، کتێبی ئابووری زۆر خوێندونەتەوە
بۆیە حەزی لە سیاسەتە.
ئەو باکی نییە هەر وەختێك
ڕایبگەیێنێت، کە: ببێتە پاشای دەعباکان!

 

حیکایەتەکانی مێروولە لە دەمی کیسەڵەوە

پێشەوا کاکەیی

-١-

مێروولە، بەو وردیلەیی خۆیەوە

دوو هێندەی قورسایی دڵی من و تۆ

عیشق هەڵدەگرێت

تا لە کولانەی خۆیدا زیکری پێ بکات!

-٢-

مێروولەش، لە تیرەی باڵدارەکانە

سەد هێندەی قەقنەس دەسووتێت

وەلێ مێروولە نایەوێت، وەکوو خەیاڵی شاعیر

قورسایی دڵی بکەوێت!

-٣-

مێروولە، ڕۆژێك ویستی دەغڵودان کۆ بکاتەوە

لە ڕێگا تووخنی کۆفیتە بوو،

سەڵاواتی لێ دەدا:

دەیگوت: دڵتان وەك مێروولە بێت،

ئەی نازانن دەنکە گەنم، ئایەتی قورئانی لەسەرە!

-٤-

مێروولە، بە کەس ڕانەگەزێت

تەنیا ئەوانە نەبێت،

کە عیشق لە خوێنیاندا نەبێت!

-٥-

مێروولە، قەت لەگەڵ فەلسەفەدا ناکۆك نەبووە.

ئەوە فەلسەفەکارانن... ناکۆکن، لەوەی:

هەندێ دەڵێن: خشۆکە و،

هەندێکی دیکەش دەلێن: باڵەفڕە!

بەس مێروولە لەو نێوەندەدا:

تەنیا گەمەکارێکی سروشت بووە!

-٦-

مێروولە، کتێبی ئابووری زۆر خوێندونەتەوە

بۆیە حەزی لە سیاسەتە.

ئەو باکی نییە هەر وەختێك

ڕایبگەیێنێت، کە: ببێتە پاشای دەعباکان!

-٧-

مێروولە، وەکوو شێر نییە،

بە زۆر خۆی بکاتە پاشای دارستان!

-٨-

مێروولە، بە قەد "کەرکووك" نەوتی لە دڵدایە.

بۆڕییەکانی بەستراونەتەوە بە بەندەری سروشت

وەختێك هەتاو دەپڕژێتە سەری و دەسووتێت

ئەوسا بۆنی ڕۆژەڕێیەك دەڕوات!

-٩-

مێروولە، بەینی لەگەڵ تیمساحدا خۆش نییە.

چوونکێ هەموو جارێ دەگری،

تا دەیکەنەوە بە پاشای زۆنگاوەکان!

-١٠-

مێروولە، لەگەڵ تەپۆ دەمەقاڵێ ناکات

دەزانێت تەپۆ زوو تووڕە دەبێت و

بەرگەی دوکەڵ ناگرێت!

-١١-

مێروولە، وردبینانە سەیری سروشت دەکات

وەك مانگا بەڕەڵا نییە

خودا بە ڕەش و سپی ببینێت!

-١٢-

مێروولە، لەوەتای هەیە،

پشت بە ئابووری خۆی دەبەستێت.

بێئەوەی دەست بۆ كوللة پان بکاتەوە!

-١٣-

مێروولە، بە چاوی خۆی بینیویێتی

کە شێر پەلاماری ئاسکی دەدا و

ئاسکیش لە تاوان بە مێروولەی دەگوت:

بە خودا بڵێ: بۆ هەر دەبێت شێر

پاشای دارستان بێت،

کە نەزانێت میهرەبانی چییە!

-١٤-

مێروولە، زۆر بە خودای گوت:

پیداچوونەوە بە یاسای دارستاندا بکە،

لەوەیە مەیموون گونجاو بێت!

-١٥-

بەس مێروولە، لە زمانی سیسرکە دەگات

چوونکێ زیکری عیشق دەکات!

-١٦-

مێروولە، وەکوو بۆق نییە.

لەسەر حیسابی خودا

وەرزێك بخەوێت!

-١٧-

مێروولە، بەس بە لاقی کەردا ڕادەگەزێت.

دەزانێ حیکەمتێك لە زەڕینیدا هەیە و،

شێر پەلاماری پڵینگیشی داوە!

-١٨-

مێروولە، سەرگوزەستەی چەکچەکی دەگێڕایەوە

کە زۆر میهرەبانە.

بۆیە دەیگوت:

دەروێشایەتی هەر لەگەڵ ئەودا خۆشە!

-١٩-

مێروولە، بە قەد دونیایەك سەرلەشکری هەیە.

وەکوو شێر حەز ناکات،

هێندە باسی پاشابوونی دارستان بکات!

-٢٠-

مێروولە، ڕقی لە سەرمازەڵەیە

لە خۆوە بەو دیوارانەدا هەڵدەگەڕێت.

بە حیسابی خۆی،

خەریکی ڕاوە مێشوولەیە!

-٢١-

سمۆرە، بەو جوانییەی خۆی،

بەو شەیتانییەی خۆی،

لە دانی مێروولە دەترسێت

کە دارگوێز بهاڕێت!

-٢٢-

مێروولە، لە نهێنی کەمتیار دەگات

بۆچی هێندە هەڵبەز و دابەز دەکات.

کاری ئەو سەما کردنە،

نەك داپڵۆسینی ئەوانی دی!

-٢٣-

مێروولە، بە نیازە بانگهێشتی قاژووەکان بکات

ئەوان لە خۆوە جلی ڕەشیان نەپۆشیوە

زەڕدەواڵە، هاشوهووش بکات و

بە هەمووانەوە بدات!

-٢٤-

مێروولە، گەر بزانێت:

کولانەی جاڵجالۆکە هەروا دەبێت.

پەپوولە زوو لە نێو بچێت.

سیسرکە بە ئاوازی خۆی نەخوێنێت.

بێ گێڕانەوە و گەڕانەوە بۆ لای کیسەڵ،

هێرشی سەرتاسەری ڕادەگەیەنێت!

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت