سەباح رەنجدەر

هێند لەسەر بەرماڵى ئەستێرە بەسەرداڕژاودا
بە دەورى شەرابى بێدەنگیدا سووڕامەوە
سەرم سووڕا و سەرم بە ناولەپى جوانێکى بێ ڕوخساردا کرد.

 

 لە ئاستانەى فریودا دێمە خوارێ

سەباح رەنجدەر

پێى یەکەمم لەسەر ژیان

زوو زوو ڕەنگى دەگۆڕێ و ئەشقیش دەست پێ دەکاتەوە

بەڵام نازانێ لەچى و بەچى دەست پێ دەکاتەوە

پێى دووەمم لەسەر مردن

هەزار و یەک پەیژەى شکاوت لە پێش دادەنێ

ناشزانم پێى سێیەمم لە کوێ دانێم

هێند لەسەر بەرماڵى ئەستێرە بەسەرداڕژاودا

بە دەورى شەرابى بێدەنگیدا سووڕامەوە

سەرم سووڕا و سەرم بە ناولەپى جوانێکى بێ ڕوخساردا کرد

هەقیقەت وەک چەقۆى بەجێماوى دواى کوشتنێک

هەردوو دیوى فریومان دەدا

 

               حوزەیرانى 2016 هەولێر

بەرزەخ

 

بەو ئاگرە دەسووتێم

کە لە بینینى دەترسێم

شکۆ و شانازیى من ئاگرە

لە ڕازى ڕاماوم و دڵیم لە خۆمدا هەڵگرتووە

لە سووتاندا دەمامک و پەردە نییە و هیچ شتێکش ناشاردرێتەوە

سووتان سەد گیانە

ڕێگاى هاتن و ڕۆیشتن دەزانێت

پێڵاوى لە لۆکەی یەکەم بەرى کێڵگەیە

هات و ترپە و تەپەم گوێ لێ نەبوو

کە ڕۆیشت بە چاومدا هاتەخوارێ

چووە ڕیشاڵى ڕووناکییەکى خاکییەوە و زەوى ترووکا

                                                                       تەممووزى 2016 هەولێر

کرانەوەى ناوچەوان

لەو چۆڵایییەى تەنیا ڕەگى درەخت لەناو خۆڵ ى بەهێزدا ئارامى گرتووە  بەبێ ڕاسپاردە و وەسیەت دەمرم  سەرم لەناو شکۆى تەشتێک ئاو کە بە منداڵى تێیدا دەشۆرام دەحەسێنمەوە ئاگر داوات لێ دەکەم ڕاسپاردە و وەسیەتم بنووسی بەخشراوێک بووم بە ئاگرى دڵ و ناوچەوانم بۆ با کردبووەوە هێند گەورەبووم چاوى چاودێرەکانم داپۆشت با لەسەر برۆى لالە مەست و پیاڵە لەدەست دڵى گەرم دەبێت و هەر لەخۆوە دەبێتە باى پاڵە و لە کێڵگەکانمان دەمێنێتەوە  ڕەگى ناو خۆڵى بەهێز ڕۆشنایى گەشە بەناو خۆیدا دەگێڕێ    دڵ ڕێ دەکات و دەچێتە ناو جیلوەى ڕوخسارى خۆڵ و ئاو و ئاگر و با چۆنم بیرکردەوە گەشتەکەم وابوو لە چیاى پارێزراودا دڵ پێش ڕووکار هاتە لام ئامان بەلاى جیلوەى ڕوخساردا بڕۆ دەگەى بە نەرمایی دڵ و دەپشکوێى وا لە ئەستێرەکان دەکەیت بەسەر ڕوخسارەکاندا بڵاوببنەوە کێو جەستەى یارى بێڕەنگە ناتوانم گوێ لە ئاواز و دەنگى ناو کێو نەگرم کە لە ڕوونترین تاسە دەدوێ

 

                                                                 ئابى 2016 هەولێر

تێکەڵبوونى ئاو و ئاگر

تەنیا منداڵانى خوداوەند دەزانن باڵندە لەناو قەفەس یان لە ئاسمان دەنگى زوڵاڵ و خۆشگۆ ترە و دەڵێت تۆ پێشکەوە و ئومێد دەبینیت    قەفەسەوانیش باوەشێنەى دەور دووراو لەدەست هەڵدەسووڕێنێت و باى سەرباڵى باڵندە بۆ خۆفێنک کردنەوە دەدزێت یەکەمین هێلانە یەکەمین بەرزبوونەوە بۆ فڕین ڕەگى دەفژەنى و دەست خستنە سەردڵى کپى زەوییە مانگ هێلانەى باڵندەیە هەموو شەوێ هێلکەى دەترووکێ و ئەستێرە بەرزدەبنەوە لە ماوەى بەرزبوونەوەیان ئاو و ئاگر تێکەڵ دەبن شاى زەمین لاسایى یەکەمین بەرزبوونەوى باڵندەى کردەوە و کەوت گیانێکى هارى تێدا ڕسکا و بووە قەفەسەوان ڕووناکى لەناوەوەى حەشار داوە و چرایەکیشى لەبەردەمى قەفەس پێ داناگیرسێ

                                                                      ئەیلوولى 2016 هەولێر

 

 

 

 

بازدید: 1150