سێڵفی، لە دونیای ئەدەبییاتدا
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و تویتر و... رۆژانە بە دانانی وێنە لە خۆمان و لە کەسە نزیکەکانمان و بە دابەشکردنی بیرو ڕا و هەست و نەستمان لەگەڵ خەڵکی، زیاتر لە جاران (هەڵبەت رەنگە هەر بۆ بەراوردکردنیش نەبێ)، ژیانی پریڤات و خۆیی دەخەینە بەر دیدەی ئەوانی تر. رەنگە ئەمە لە سەرەتادا بۆمان ئاسان نەبووبێ، بەڵام لۆژیک و مەنتقی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەوەیکە زۆرینە خەریکی ئەم شتەن، بەرەبەرە متمانەی پێ بەخشیوین و ئیتر بێ ترس و لەرز ئامادەین بەشێک لە لایەنە دەروونییەکانی ژیانی خۆمان بخەینە روو.
 
ئەم دیاردەیە تەنیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نابینرێ، بەڵکو پەلی هاویشتووەتە ناو ئەدەبییاتیش. بۆ وێنە لە نۆروێژ لێکۆڵەران باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی دووهەزارەوە، دیاردەیەک بە ناوی 'سێڵفی' یان وێنە گرتن لە خۆ لە ئەدەبییات دا سەری هەڵداوە کە تێیدا نووسەر ژیانی خۆی یان کەسەکانی نێزیک لە خۆی دەکا بە بابەتی نووسین، جا دەکرێ ئەم بابەتە وەک خۆی باس بکرێ، یان بە دەوریا شتی تر ‌هەڵچنرێ. کاڕل ئوڤە کناوگۆر  Karl Ove Knausgård یەکێک لەو نووسەرانەیە کە ئەم کارەی کردووە و لەو کتێبەی نووسیویەتی، باسی نزیکترین کەسەکانی خۆی کردووە کە ئەمە دوواتر ئەو پرسیارە ئەخلاقییەی جوڵاندووە کە داخۆ نووسەر تا چەندە مافی ئەوەی هەیە بێ پرسی ئەوانی تر، ئەوان بکا بە بابەتی نووسینەکانی.
 
بەڵام هۆکاری سێڵفی چییە؟ 
 
وەک دەزانن بە درێژایی مێژووی نووسینی ئەدەبی، نووسەران زۆربەی کات ئەزموونەکانی ژیانی خۆیانیان کردووە بە هەوێنی بەرهەمەکانیان. کەواتە سێڵڤی دیاردەیەکی زۆر نوێ نیە، بەڵام کاتێک کتێب وای لێدێ کە کەسەکان زۆر بە ئاسانی خۆیانی تیا دەناسنەوە، ئەمە ئیتر جیاوازە لە ئەزموونەکانی پێشوو. 
داخۆ هۆکاری سەرەکیی سێڵفی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەریی ئەوان لە سەر ئەدەبییات نییە؟ 
 
سایتی قەڵەم
١ سێپتامبری ٢٠١٦
 
Image result for selfie kunst
بازدید: 1158