دیمانە
گەڕانەوە بۆ ماركس شان بە شانی لووكاچ
و؛ هاوڕێ یوسفیزۆرینەی خەڵك دەبارەی ستالیزم لە مەجارستاندا شتێكی ئەوتۆ نازانن. تا ڕادەیەك زۆربەی كتێبەكانی ماركس دەست نەدەكەوتن. ئەو ماركسیزمە فەرمییەی كە لەوێدا فێر بووین، لە ڕێگەی برۆشۆری نووسەرانی شۆڕەوی دەوترانەوە. ئێوە هیچكات ماركسیزم و ماركس لەۆی فێر نەدەبوون. گەڕانەوە بۆ ماركس شان بە شانی لووكاچ وتووێژ لەگەڵ ئەگنێش هلێر و؛ هاوڕێ یوسفی پێشەكی وەرگێڕی كوردی: ئەنگێش هلێر لە1929 لە بوداپێسدا لە دایك بوو، لە 1947دا بوو بە یەكێك لە باشترین و سەركەوتووترین قوتابییەكانی لووكاچ، لە دواجاردا بووە جێگری ئەو لە بەشی پەروەرداو لە1959 بەهۆی پشتوانی كردن لە بیر كردنەوەی هەڵە و ڕۆیزیۆنیستیەكانی لووكاچ، لەئەنجامدا لە حێزبی كۆمۆنیستی مەجارستان دەركرا. لە درێژەی دەیەی 1950دا بووە یەكێك لە دۆستان و هاوڕێیانی نزیكی لووكاچ و ئەندامێكی گرنگی قۆتابخانەی بوداپێست. لە1973دا لە ژیانی سیاسی و كولتووری مەجارستاندا دەركراو چووە ئۆستۆڕالێا. لە كاتی دەركردنی لە مەجارستان بەملاوە بە شێوەیەكی چالاكانە كاری خۆی لە پانتای فەلسەفەی ئەخلاق و مێژوودا دەست پێكرد. بۆ نموونە دەتوانین لە گرنگترین بەرهەمەكانی ئاماژە بدەین بە"ژیانی ڕۆژانە" 1970، "فەلسەفەی ڕادیكاڵیزمی چەپ" 1978 "تیۆرەی مێژوو" 1982. ئەم وتووێژەی خوارەوە ڕامین جەهانبەگلوو بە بۆنەی هاتنی هلێر بۆ ئێران لەگەڵی ئەنجام داوە. پرسیار: ئەگەر ڕێگەم پێبدەن لە سەرەتای كارەكانتانەوە دەست پێ بكەین. دەمهەوێت بزانم چۆن لەگەڵ لووكاچ ئاشنا بوون و كارتان كردو لە ساڵی 1947 وەك ئۆستادیار هاوڕێی لووكاچ بوون. لووكاچ چۆن كەسێك بوو؟ وڵام: من دەمویست شیمی و فیزیا بخوێنم. بەم هۆیەوە كاتێك كە 18 ساڵ تەمەنم بوو، لە وانەكانی فیزیایی زانستگادا ناوم نووسی. هاوسەری یەكەمم كە لە بوداپێستدا بوو، فەلسەفەی دەخوێند و لە وانەكانی لووكاچدا بەشداری دەكرد، بەڵام ئەو داوای لێكردم تا لەم وانانەدا هاوڕێی بم. سەرەتا (پێشنیارەكەیم) ڕەتكردەوە، چونكوو حەزم لە فەلسەفە نەدەكرد، بەڵام كاتێك ئەو پێداگری كرد لە وانەكانی لووكاچدا بەشداریم كرد. لە بیرمە لە یەكەم ڕۆژی وانەكەدا، لووكاچ دەربارەی ((پێكهێنانی فەلسەفەی مێژوو لە هێردێرەوە تا هێگل )) قسەی دەكرد. من لەوێ دانیشتبووم شتێك تێنەگەیشتم، بەڵام ئەوەی لێی تێگەیشتم ئەوە بوو كە سادەترین و هاسانترین شتەكان، گرنگترین پرسەكانی ژیانن، منیش دەبا لێیان تێبگەم، لێرەوە بوو وانەكانی شیمی و فیزیام وەلاناو وەك خوێندكاری لووكاچ دەستم پێكردو بە شێوەیەكی ڕێكەوتانە ڕوومكردە فەلسەفە. لە دوو ساڵی هاونشینی لە گەڵ فەلسەفەدا، بە تەواوەتی سەرنجی ڕٍاكێشام و ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی لووكاچەوە بوو. ئینجا دوای ماوەیەك، ڕێك ئەو كاتەی خوێندنم تەواو كردو نامێلكەم پێشكەشكرد، لووكاچ بە توندی لە لایەن حیزبی كۆمۆنیستەوە هێرشی كرایە سەرو بە ڕوێزیۆنیست و لە لادان بەرەو ڕاستگەرایی تۆمەتبار كراو بۆ ماوەی ساڵێك بە ناچاری زانستگەی بە جێهێشێت. پێش ئەم هێرشە، زیاد لە دووسەد كەس لە وانەكانیدا بەشداریان دەكرد، بەڵام پاش ئەو رووداوە، تەنیا من و حەوت هەشت كەسی دیكە بوون¬و لووكاچ هیچكات ئەمەی لە بیر نەكرد. ئەو جۆرێك هەستی باوەڕپێكردنی لەو كەسانەی پەیوەندی نزیكیان لەگەڵیدا بوو درووستكرد، زۆر سەرنجڕاكێش بوو، لەبەر ئەوەی لووكاچ خۆی بە خزمەتگوازو گرێدراوی كۆمۆنیزم دەزانی، بەڵام چاوەڕێشی لە خەڵك دەكرد لە نێوان ئەوو حێزبدا یەكێك هەڵبژێرین¬و ئەوانیش دەبوا وەفاداری خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردابا.ئەوەی لە لووكاچدا سەرنجڕاكێش بوو، ئەو لە ڕاستیدا دوو ڕۆحی هەبوو، ڕۆحێك بە كاركردێكی كۆمۆنیستیەوە، ئەوەی دیكەیان رۆحی نەجیب زادەیەك بوو، لەو خولە كورتەی ڵیبراڵیزە بوونەوەی مەجارستاندا كە لە نێوان ساڵانی1956و 1957دا ڕوویدا، لووكاچ وەك مامۆستای زانكۆ سەر لە نۆی چالاكی خۆی دەستپێكردو منیش وانەكەم لەگەڵ ئەودا تەواو كردو پاش ئەوەش من بوومە هاوكارو دەستیاری ئەو لە فەلسەفەدا. لە ڕاپەڕینی 1956دا من لەگەڵ لووكاچدا بووم. پرسیار: ئایا لەو خولەدا ئێوە لە بەستێنی فەلسەفەی ماركسیزمدا كارتان دەكرد؟ وڵام: من دەبارەی فەلسەفەی ماركسیزم كارم نەدەكرد.لەو كاتەدا كۆمەڵێك لە پانتای ماركسیزم- لنینیزمدا پێكهاتبوون. من جوانیناسم دەوتەوە، بەڵام بۆم نەبوو ماركسیزم بڵێم. ئێمە لە وانەكانی ماركسیزمدا بەشداریمان نەدەكرد، مەگەر ئەوەی كە مامۆستاكانیان ماركسیست لنینیست بوونایەو ئەم دەستە لە مامۆستایانیش زۆر نەزان بوون و ئێمەش بە هیچ شێوەیەك نەچووینە ژێر كاریگەی دۆكتۆرینی ماركسیزمەوە. من خۆم لەم ڕووەوە خۆم بە ماركسیست دەزانم كە قوتابی لووكاچ بووم. بۆ ئەوەی كە لووكاچ خۆی بە ماركسیست دەزانی. بەڵام دەتوانم پێتان بڵێَم تاپێش 1956،جیگە لە بەرگی یەكەمی ((سەرمایە))، هیچم لە ماركس نەخوێندبووەوە، ئەوەیش بەم هۆیە كە لە لقی ئابووری سیاسی (زانستگادا)،((سەرمایە)) كتێبی دەرسی بوو، تاقە كتێبێكیش بوو كە لە ماركس خوێندبوومەوە. پرسیار: ئێوە لەگەڵ بەرهەمەكانی ماركس لە چ ساڵێكدا ئاشنا بوون؟ وڵام: زۆرینەی خەڵك دەبارەی ستالیزم لە مەجارستاندا شتێكی ئەوتۆ نازانن. تا ڕادەیەك زۆربەی كتێبەكانی ماركس دەست نەدەكەوتن. ئەو ماركسیزمە فەرمییەی كە لەوێدا فێر بووین، لە ڕێگەی برۆشۆری نووسەرانی شۆڕەوی دەوترانەوە. ئێوە هیچكات ماركسیزم و ماركس لەۆی فێر نەدەبوون. ئەو دۆكتۆرینانەش كاریگەریان لەسەر دانەنام. من خوێندنەوەی ماركسم لە1956بە دواوە دەستپێكرد، واتە كاتێك كتێبەكانی ماركس لە بەردەستماندا بوون و لە كتێبخانەكاندا دەكرا هەندێكیان بدۆزیتەوە، بۆ نموونە دەسنووسەكانی پاریس ونووسیە فەلسەفییەكانی ماركس. بەكورتی ماركسیسمم لە 1956بەملاوە خوێندەوە. پرسیار: بەڵام لە 1956 بەدواوە بە (هۆی) دوور خستنەوەی لووكاچەوە ژیانی ئێوەش گۆڕا؟ وڵام: بەڵێ لووكاچ لە كار دوور خرایەوەو منیش لە دوای 1956كارەكەم لەدەستدا. بە پێی یاساكان لە كاری زانستگایی دوور خرامەوە، لەو كاتەدا بوو ڕووم كردە خوێندنەوەی ماركس. چونكوو كتێبەكانی بە هاسانی دەدۆزرانەوە.پرسیار: بەم وەسفەوە ئێوە لە دوای 1956، خولێكی ئەستەمتان تێپەڕاندو پێموابێت سەر قاڵبوون بە ڕاهێنان لەمدەرسەدا. چونكوو ئێوە لە دەورەی زانكو بوون¬و كارێكتان نەبوو نەتاندەتوانی بابەتێك لە چاپ بدەن و ئەم ڕەوتە تا ساڵی 1973درێژەی كێشا.وڵام: من لە مەدرەسەدا ئەدەبی لەهێستانم دەوتەوەو زۆرم حەز لێدەكرد. لە بەر قۆرسی ڕاهێنانەكەم مەجالێكم بۆ نەمابووەوە كارەكانی خۆم ڕاپەڕێنم، هەڵبەت نەمدەتوانی شتێك چاپ بكەم، چونكوو دۆخەكە بە جۆرێك بووكە هەر چركەسات ئەگەری دەستبەسەركردن و لێپێچینەوەمان لەبەردەمدا بوو، ئەو ترس¬و فۆبیار وەحشەتەی كە كۆمۆنیستەكان هێنابوویانە ئاراوە لە ناوەندەكانی ڕاهێناندا هەستپێكرابوو. لە دێپارتمانی جواناسیشدا دەیانویست بیانوویەكیان دەست كەوێت بەڵام لە خێری گوزەران! چونكو من پەیوەندییەكی زۆرم لەگەڵ حیزبی كۆمۆنیستی فەرانسە¬و ئیتالیادا هەبوو. ئەوان ئەم ڕێبازو نەریتە تێرۆریستییەیان وەلاناو خۆشبەختانە ڕووداوێكی تایبەتی ڕووی نەدا. ئەوان توانیان لە كار دوورم بخەنەوە بەڵام لە ئازادی نا . پرسیار: ئیوە لەگەڵ ڕۆشنبیرانی دەرەوە كۆبوونەوە، لەگەڵ كۆمۆنیستیەكانیشدا پەیوەندیتان هەبوو، بۆ نموونە لەگەڵ رۆشنبیرانی ئیتالی، ئەڵمانی وفەڕانسی؟ وڵام: بەڵێ لە دەرەوەی مەجارستان كتێبەكەی من دەبارەی ماركس كە لە مەجارستان نووسیبووم، وەرگێڕدرا بووە سەر زمانی ئەڵمانی و ئیتالیاییەكانیش لە ئەڵمانیەوە وەریانگێڕابووە سەر زمانی خۆیان. كتێبەكەش شەش جار لە چاپ درایەوە، ئەمە سەركەوتنێكی گەورە بۆ من و چەپی نوێ بوو. بەڵام "ئەم كتێبە" بە زمانە سەرەكییەكەی ئیدی نەمابوو، لە دواجاردا لە زمانی ئیتالییەوە سەر لە نۆی بە زمانی مەجاری وەرگێڕدرا. ئەو كتێبە هەمووان خوێندیانەوە.تەنانەت لە كاتێكدا كە چیتر لە مەجارستاندا نەدەژیام. هەروەها لە ئیتالیاو ئاڵماندا خەڵك كتێبەكانی منیان دەخوێندەوە، لە هەمان كاتدا بۆ سەر زمانەكانی دیكەش وەرگێڕدرا، بەڵام لەو كاتدا لە مەجارستان دەست نەدەكەوتن. كتێبی ((تیۆری بەهاری ماركس))و نووسینەكانی دیكە لە ئاڵمان و ئیتالیادا دەخوێندرانەوە. تاكوو ساڵەكانی 1960 هیچ پەیوەندییەك لەگەڵ جیهانی دەرەوە بوونی نەبوو. لەم ساڵانەدا لەگەڵ ڕۆژنامەوانانی بیانی وتووێژمان كرد. بەم هۆیەوە ئەوان لە دونیای ڕۆژئاوادا دەیانەویست دەربارەی ئێمە بزانن و بەرهەمەكانی من لە ڕۆژئاوادا لە چاپ درا. پرسیار: ئایا ئێوە لەگەڵ دیكەی ڕۆشنبیرانی بلووكی ڕۆژهەڵاتدا بۆنموونە لەهێستان و چێكسلۆڤاكی پەیوەندیەكی نزیكتان هەبوو؟ وڵام: هەڵبەت "هاول و ئادام میشنێكێم" چاك دەناسی و زۆر نزیك بووین ماوەیەك كە ئێمە نەماندەتوانی بچینە لەهێستان، بەڵام ئەوان دەیانتوانی بێنە مەجارستان . لە بیرمە بۆ نموونە دوای1956 ، "لێشك كوولاكۆفسكی" یەكێك لە دۆستەكانی نارد بۆ بوداپێست و ئەو لەگەڵ من وتووێژی كردو لە لەهێستاندا بە ناوێكی دیكەوە لە چاپدرا. ناوی من گۆڕابوو، بەم هۆیەوە كە ئەوان دەترسان كێشەیەك درووست بێت. لە دوای ئەوەی سیستمی كۆمۆنیستی لە ساڵی 1989دا هەڵوەشایەوە، هەمان وتووێژ بەناوی خۆم لە چاپدرایەوە. ئەمە چیرۆكێكی سەرنجڕاكێشە. ئەو وتووێژە لەو كاتدا بێگۆمان گرژییەكی درووست دەكرد. بەهاری پراگ لە ساڵی 1968دا بۆ هەموومان هیوابەخش بوو. هیوایەكی گەورە بۆ ئێمە كە بووە تراژدییەكی گەورە، لە كۆتاییەكانی 1968دا، كەم كەم باوەڕمان بەوە هێنابوو كۆی هیواكانمان بۆ رێفۆرم لە كیس داوە، بەڵام دوابەدوای 1968ئیدی ئێمە باوەڕمان بە چاكسازی سۆسیالیزم نەمابوو. دەمانزانی چاكسازی لە سۆسیالیزمدا مومكین نییەو سیستم دەبێت بە تەواوەتی لەناو بچێت¬و جێگەی خۆی بداتە لیبڕاڵ دێمۆكراسی. پرسیار: ئێوە لە چ ساڵانێكەوە دەستان دایە دەربڕین و وێناكردنی دێمۆكراسی لە مەجارستاندا؟ وڵام: لە 1956بە دواوە. 1956ساڵی ڕاپەڕینی دێمۆكراسی لە مەجارستاندا بوو. بیرتان نەچێت كە 1956 ڕاپەڕینێكی كرێكاریش بوو، كڕێكارانی بوداپێستی یا كرێكارانی لەهێستانی بە تووندی سۆسیالیست بوون. پڕۆسەی ئەوان بۆ داهاتووی لەهێستان تاڕادەیەكی زۆر لە ژێر كاریگەی چەمكسازی سۆسیالیستدا بوون. بەم پێیە ڕاپەڕین، ڵیبڕاڵ دێموكراسی و سۆسیالیزم كۆ نەدەكرانەوە. من لەو كاتەدا وتارێكم نووسی كە دەستپێكەكەی وێناكردنی مۆدێلێك بۆ لێبڕاڵ دێمۆكراسی و دەوڵەتی پارلمانی و جۆرێك دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ بوو، هەروەها ئەوەی كە چۆن دەكرێت ئەمانە لەگەڵ یەك تێكەڵ بكەیت. هەڵبەت ئەمە هەم یۆتۆپیك و هەم ئایدیۆلۆژیك بوو. من ناڵێم ئەم پڕۆسەیە بە تەواوی نامومكینە، بەڵكوو لە ئێستادا ئەگەری مسۆگەر بوونی لە ئارادا نییە. بەڵام لەو كاتدا ئێمە لەو باوەڕەدا بووین كە دەكرێت مسۆگەر ببێت. پرسیار: خوێندنەوە فەلسەفییەكانی ئێوە لە چ كاتێكدا دەستی پێكرد؟ وڵام: تا پێش ساڵی 1956 دەربارەی بیرمەندانی هاوچەرخ زۆر كەمم دەزانی، (لەوانەیە گرفتی زۆربەی ڕۆشنبیرانی ئەو خولە بووبێت ) چونكوو لە ئورووپای ڕۆژهەڵاتدا، لە فۆیرباخ بەملاوە قەدەغەكرا بوو.دوایین فیلسوفێك كە دەستمان دەگەیشتێ و دەمانتوانی بەرهەمەكانی بخوێنینەوە، فۆیر باخ بوو. سووننەت و نەریتی ماركسی بۆئێمە نەریتێكی نوێ بوو، ئێمە ئەم سوننەتە فێر بوویین . شتێك جگە لەم سوننەتە لە بەردەستماندا نەبوو. پاش 1956فەراهەمكردنی كتێبەكانی فەلسەفەی هاوچەرخ دژوار بوو، كۆمەلێك كتێب لە ڕۆژئاواوە دەگەیشتە دەست لووكاچ، ئەو هەروەها دەیتوانی ڕۆژنامەی ((فرانكفۆرت ئاڵگمانێ)) دابین بكات. لە ڕێگەی لووكاچەوە منیش توانیم ڕۆژنامەی ئاڵمانی و كتێبەكانی فەلسەفە كە لەو كاتەدا چاپ كرابوون بخوێنمەوە. لووكاچ كتێبەكانی نەدەخوێندەوە، زۆر جاران دەیپرسی كام { كتێبم بۆ} خوێندنەوە هەڵبژاردووە و لە بیرمە ئەو كتێبانەم هەڵدەبژارد كە پێیان نائاشنا بووم. جارێكیان كتێبێكم هەڵبژاردو ئەویش كتێبی یۆرگن هابێرماس بوو. كتێبێكی دیكەم هەڵبژارد لە ژێر ناوی"پڕۆسەی شارستانی بوونەوە" كە ( نووسەرەكەی) نۆربێرت ئێلیاس بوو. من ناوەكان لە كتێبەكانەوە فێربووم و بە پێچەوانە. لە دوای ئەوانە كاتێك توانیمان سەفەر بكەین و ئەگەری سەفەركردن بۆ دەرەوەمان بۆ فەراهەم بوو، واتە لە نیۆان ساڵەكانی 1966و1968دا، من زۆر دەچوومە دەرەوە و دەمتوانی كتێبەكان بخوێنمەوە، وتار بنووسم و لەگەڵ ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاواییدا موناقەشە بكەم و ئەمە رووداوێكی گەورەو شكۆدار بوو. من بۆ سێ جار لە كۆنفرانسە كولتوورییكاندا بەشداریم كرد و بووم بە یەكێك لە تیۆرداڕێژەكانی تیۆری پڕاكسیس. گرۆیەتیم بەرەو رێفۆرمیزم، پلۆڕالیزمیشم هەبوو، هەڵبەت من بە توندی حەزم لە چەپی نۆی دەكرد. پرسیار: لەو كاتەدا بوو قوتابخانەی بووداپێستان پێكهێنا؟ وڵام: ئێمە ئەندامی گروپێك بووین كە لووكاچ ناوی قوتابخانەی بووداپێستی لەسەر دانابوو. ئەمە بۆ خۆی بوو بە هۆی دوورخستنەوەی چەند كەسێك لە دۆستانی لووكاچ و ئێمەش لە كاركانمان. پرسیار: ئامانجی سەرەكی ئەم قۆتابخانە چی بوو؟ وڵام: رێنێسانس و پێداچوونەوە"فیكری" ماركسیزم" ئەو" شتە بوو كە لووكاچ شرۆڤەی كردبوو و بۆی دەربڕیبووین نەك وەك ئامانج بەڵكوو وەك بابەتی ناسین. ئێمە دەبوا هەموو شتێك دەربارەی پرسی ماركسیزم پاش ماركسمان فەرامۆش بكردبایە، بەم پێیە پرسی سەرەكی بۆ ئێمە گەڕانەوە بۆ بنەما واتە گەڕانەوە بوو بۆ ماركس نەك ماركسیزمی ئۆرتۆدۆكس، بەڵكوو ماركسیزمی ڕەسەن. ئێمە گەڕاینەوە بۆ ماركس. هەڵبەت ئەم ماركسە لووكاچی بوو، هەمووشمان لە ژێر كاریگەی كتێَبەكانی لووكاچدا بووین. ئەم ئایدیا لووكاچییە قانعی دەكردین و بە قەناعتی دەگەیاندین. ئێمە ئۆپۆزسیۆنمان پێكدەهینا و لە ڕێبازی ماركسیستدا بە تەواوەتی سێكۆلار بووین. ئەندامانی حیزب سەلماندیان ئایدیۆلۆژییەكان بێناوەرۆكە، لەبەر ئەوەی باوەڕیان پێی نەبوو. ئەوان جگە لە دەسەڵاتەكەیان باوەڕیان بە هیچ نەبوو.ئەمە خولێكی هێكجار گرینگ لە میژووی مەجارستاندا بوو. پرسیار: خوێندنەوەی فەلسەفەی ماركس چۆن دەستی پێكرد؟ وڵام: بەڕای من هەر ئەوەندە پێویست بوو لە كانت و هێگل نزیك ببیتەوە. لەو كاتەدا لە مەجارستان چەند كەسێكت دەدی ماركسیان دەكردە بتێك و لەم ڕووەوە، گەڕانەوە بۆ ماركس لە ڕیگەی هێگێلەوە كارێكی ئەستەم بوو. پرسیار: ئایا ئەم خوێندنەوە لە ئەمڕۆدا بۆ ئێوە واتادارە؟ وڵام: بەڕای من ماركس ئاوازەیەكی گەورەیە. ئەو لە فیلسوف وبیرمەندانی گرینگی سەدەی نوزدەهەمە. كیركەگاردو نیچە و فڕۆیدیش لە بیرەمەندانی ڕادیكاڵی سەدەی نوزدەهەمن، بەڵام ماركس ڕۆڵێكی بەرجەستەی هەیەو ئێمە لەهەر كاتێكدا دەتوانین بۆی بگەڕێینەوە،بەڵام نابێت بوتی لێدرووست بكەین. لەو باوەڕەدام چیتر ناكرێت مۆنۆپۆلخوازانە بەرەو ماركس ئاراستە"گیری" بكەین بەم هۆیەوە، لەو باوەڕەدام هەموو"ئیزمەكان " كۆتاییان پێهاتووە وڕۆیشتوون. "ئیزمەكان " هێماكانی رابردوون. وای بۆ دەچم ئێمە چیتر لە سەردەمی ئیزمەكاندا ناژین. پرسیار: ئەگەر لەو قسەی ئێوە باش تێگەیشتبێتم، ئێوە دەڵێن ماركسیزم ئایدیۆلۆژییە بەڵام ماركس فیلسووفێكە هاوئاستی هێگڵ؟ وڵام: بەڵێ، ڕێك وایە ولەو باوەڕەدام هەر ئایدیۆلۆژیایەك ئەنجامەكەی فەندەمەنتاڵیزم و لەم ڕووەوە ئایدۆلۆژیای بونیادگەرا دەبێتە هۆی درووستبوونی حكوومەتی تۆتالیتارو تێكدەر و هەر حكوومەتێكی تووتالیتار ئەنجامەكەی تێرۆرو و وەحشەتە، ئەم ئەڵقە زنجیرەی ئایدیۆلۆژیا تا بۆنیادگەرایی وتۆتالیتاریزم و تاكوو تێرۆر درێژەی هەیە. لە ئایدیۆلۆژیادا، هیتلێڕ و ستالین بەرهەم دێت، بەڵام فەلسەفە لە هەر جۆرە ئیزمێك جودایە. پرسیار: مەجارستانی ئەوڕۆ چۆن وەسف دەكەن؟ بەڕای ئێوە ئایا كۆمەڵگایەكی دێمۆكراتیكە؟ وڵام: ئەمڕۆكە مەجارستان كۆمەڵگایەكی بەرخۆرییە، چوونكوو كۆمەڵگایەكی سەرمایەدارانەیە. لە كۆمەڵگایەكی سەرمایەداریدا دەبێت ئاستی بەرخۆری بەرز بێتەوە تاكوو بتوانێت كۆمەڵگا بەرهەم بهێنێت. بەڵام مەجارستان كۆمەڵگایەكی دێمۆكراتیكە هاورێ لەگەڵ سیستەمێكی چەند حێزبیدا. وشیارییەكی كۆمەڵایەتیی زۆر كەمیش لە حیزبی سۆسیالیستی مەجارستاندا بوونی هەیە، بەڵام تەنانەت ئەوانیش بە نیسبەتی خەڵكەوە كەمتر بەرخۆر نین. هۆكاری هەرە زۆری هەژاریش دەگەرێتەوە بۆ ڕەگەز پەرەستییەكی نوێ كە لە مەجارستاندا فۆڕمی گرتووە. ئەمانە كۆمەڵێك گرفتی گەورەن. ئێوە ناتوانن كۆمەڵگایەك گەشە پێبدەن¬و ئاگاتان لە عەداڵەتی كۆمەڵایەتی نەبێت. من كۆمەڵگای بەرخۆریم خۆش ناوێت ئەگەر مەبەست لە جێژنی كریسمەس كڕینی ماشینێكی چاكترە، من حەز لە شتێكی وا ناكەم. پرسیار: ئایا حەز لە سیاسەتێكی تایبەت دەكەن؟ وڵام: لە كۆی ژیانمدا ویستوومە لە سیاسەت تێبگەم. هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی كە منی پەلكێش دەكرد بەرەو فەلسەفە ئەخلاق و فەلسەفەی سیاسی. ئەوەشی دەبارەی فەلسەفەی سیاسی و فەلسەفەی ئەخلاق نووسیومە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم" خاَلە " پرسیار: ئایا لە رژیمی تۆتالیتاردا لەگەڵ مەرگدا ڕووبەڕووبوونەتەوە؟ وڵام: جارێكیان ڕژیمی كۆمۆنیستی دەیویست بمكوژێت و منیش دڵنیا بووم دەمكووژن، هەستم بە مەرگ كردبوو. كاتێك مەرگ نزیكە هەستی پێناكەن كاتێك هەست بە مەرگ دەكەن كە لێتان دوورە. لە منداڵیدا لە مەرگ دەترسام. ئەم هەستكردن بە مەرگە ئەو كاتەی بە تەواوەتی لەگەڵ مەرگدا ڕووبەڕوو بوومەوە بە جێی هێشتم.