نەژاد عزیز سورمێ
چی بگێڕمەوە؟ بە تەنێ بووین...
بیابانێکی بێ پایان بوو 
بێ داد ، بێ هانا...
گەردەلوول ، پەیامی نیهانیی و
خەندەی لەسێدارەدراو...

 

ئاوازە ماندووەکانى یەکتەنى

 

نەژاد عزیز سورمێ

 

بەشى دووەم

 

 

-c-

نەژاد! خود لە بارێکدا نییە

ڕەهایی دەربڕێ...

ئیتر نەما

دیدار ئاخر بوون ، جێی سەرنج بێ...

بەسەرچوون

ئەو ڕۆژگارانەی ماسک و ڕووبەند

هەر لە دوور ڕا دەردەکەوتن...

نەژاد ! پێم کەوتۆتە سەر ڕەشانگ

کەچی هێشتا

بەفر نایەڵێ

ئاسوودە سەرخەوێ بشکێنم...

بەفر نایەڵێ چاوم بپشکوێ و

شەفەق و بووڵێڵ بگەیێنمەوەیەک...

هاوسەنگیی سرووشت

دڵساردی نەدەگەیاند...

ئەندازەگیریی ،

کارێک نەبوو لە بەرامبەر هەستدا کردیان...

مێرخاسی

ئیتر ناوکۆیی (هاتیی) نییە

ختوکەی ڕەهێڵە بدا و

مەوسیمی چرۆ و نەوای هوزاران دەستەمۆ بکا...

با بە خەونەکانماندا بچینەوە...

وەختی هاتووە

بزانین چیمان لە بیر کردووە...

داوامان لێدەکەن

شەباقەی برینەکانمان کراوەتر بێ

تا خوێنمان کەژاوەی ماریینز و

یاریە خنجیلەکانی دەسەڵاتی پایتەختان

ڕەنگینتر بکا...

بۆ نا!؟

پاکدامەنی

کەی لە ئەلف و بێی سیاسەت

جێی بووەتەوە...

ئەو غەیبە

بە کام سۆز کەشف دەکرێ؟

نەژاد!

هەڵەتێکە

نازانی نە بڕۆی، نە وچانێ بدەی...

نە گیانی شەکەتت

بدەیتە بەر ئاوهەڵدێرێ

قیبلەنمایێکت پێ نییە

نازانی ڕووت لە کوێستانە

یا گەرمەسێر...

 

لەم ڕەوەزەنەوە دەیانبینم

چوارشانە

بە ڕسکان ڕسکاون...

لێزمە و گەواڵە هەورانیش ڕادەگرن.

لێ چاوغایەنن

بڕوایان پێ مەکەن...

ئەوە دەمگۆ نییە نەژاد!

ئەوە پەرتەوی نهێنیە درەوشاوەکانە...

لەم ڕەوەزەنەوە دەیانبینم...

بە شەیدابوون، شەیدای خیانەت و دەرهاوردەکانین...

ئەوە دەمگۆ نییە نەژاد!

دەمگۆ نییە...

8.7.2004

-D -

(( فڕین بە فڕین دەست پیِ ناکا.

ئەوەی دەیەوێ فڕین فێر بێ

دبێ لە پێشدا وەستان و ڕۆیشتن و هەڵاتن و سەرکەوتن فێر بێ...))

                                                  نیتچە

 

لە وەتەی هەین

هەوراز دەمانداتە دەست نشێو و

نشیێو ڕوو بە ڕووی هەورازمان دەکاتەوە...

لەو کۆستەوە بۆ ئەو کۆست...

خانەگەردان...

ماڵ بە کۆڵ...

بە ڕووباران خوێنمان داوە...

بە بڵندی چیایان کەللەسەرمان پژاوە...

ئێمە فڕینمان بە فڕین

دەست پێ نەکردووە...

 

لێرە...

 

لەسەر خاکی خۆمان هێللانەمان چێ کردووە

لەو سەرەوە هاتوون

بێ ئەوەی غەدرێکمان لێکرد بن

یا سنووری باخچەکانیانمان بەزاند بێ

لێیان تێکداوین...

 

ئێمە فڕینمان بە فڕین

دەست پێ نەکردووە...

هیچ نەما پێمان نەکەن...

ڕێگەی داهێنەرانەی وایان لە ئازاردان و

کوشتن و

ڕەشکردنەوەمان داهێنا

کەسنەکردە...

بەڵام ئێمە عاشقی چیان بووین ،

عاشقی هەتاو و خاک و باران بووین و

نەنووستین.

ئێمە فڕینمان بە فڕین

دەست پێ نەکردووە...

 

ئێمە بەرلەوەی

دەستمان بگاتە ئەو هێشووە

زۆر چڵمان لە ژێر پێدا شکاوە و

خۆمان بە هی تر گرتۆتەوە...

ئێمە فڕینمان

بە خوێن و

فرمێسک و

بە تاوی گریان و

بە تەکانی هەڵات هەڵات و

بە چاوەڕوانی زیندان و

گەردەلوولی ئەنفال و کیمیاباران و

بە زوڵمی مێژوو و جوغرافیاوە دەست پێ کردووە.

ئێمە فڕینمان بە فڕین دەست پێ نەکردەوە.

2004.3.8

 

-E -

زیندە خەونن ،

ئەو هاوکێشە ناهاوسەنگانەی

وەک ئینجانەیێکی گڵ لە دەستمان گرتوون...

زیندە خەونن.

 

ئێمە گرێژنەی دەرگا تێکشکاوەکانمان

هێشتا هەروا ماوەتەوە...

ئاهەنگێکمان بە بوونی، نەبووی

دەورو زەمانێکی زۆرمان نەداوە..

دەرچوو زۆربەمان ،

لە بەرنامەی زیندەبەچاڵکردنی خەونەکان...

لە بەدنیهادی بێ ئەندازەی

وەفا و شەرم نەگەیشتبووین

دەرچوو ئێمە سەهو بووین.

دەرچوو...(؟!)

 

زیندە خەونن

ئەو کوانووانەی

لە دووکەڵ زیاتری لێ دیار نییە

سەرسام..

حەپەساو..

 

برادەرەکەم، لە هەندەران دەژی

گرفتی گەورەی ئەوەیە

وەرزەکانی ساڵی لێ تێکچووە

برادەرەکەم ،

گەنجینەی بەردەرگای ماڵی خۆیان نابینێ!

چووە بە دوای ئەو گوڵانەدا دەگەڕێ

کە (لەوێ)

لەسەر تەرمی مردووانی دادەنێن

ئەو لەوەتەی سەری هەڵگرتووە

سەیری ئاوێنەی نەکردووە و

ئادگاری خۆی نەدیوە..

دوای ئەو هەموو ماوەیە

هاتبوو بە پەرۆشەوە

سیماو ئادگاری خۆی ببینێتەوە

ئەو تا خۆی نەدیبوو

نەیدەزانی ئەوەندە ماندووە...

ئەو تا خۆی نەدیبوو

نەیدەزانی ئەوندە ئومێد دزراوە...

ئەوەندە هیچە...

زیندەخەونن...

ئەو مامڵەت و سەروسەودایانە...

وژەی (با) ن

کاسیشی کردووین

دووکەڵی کووانویش

کە دیار نییە لە ئاگرەوەیە ، بە ڕوودا ئەدا...

بە خێر لە بەفرانباری تەمەندا...

ڕەشانگمان لێ دەرکەوتبوو.

بەخێر خەریک بوو

هەنگاو هەڵێنین..

زیندە خەونن..

زیندە..خە..و..ن..ن.

كانووني دووةم 1995

-F-

 

ڕێگاکان بەرە و کوێمان دەبەن؟

ڕەشەبا بە زمانی ڵاَلمانەوە

ئاسۆی مێژوو

ئاسۆی جوغرافیا

ئاسۆی ڕەنگ و مردن...

ئاسۆی سیاسەت و قیامەت...

هەموو ئاسۆیەکان

دەکرێن بە پێکێک و:

لە شەوە لاڵەکان

لە شەوە کوێرەکاندا هەڵدەدرێن..

 

ئەو پێکەشتان نۆش!

 

بە ئێوە چی

ژێیەکان دەپسێن ؟

بە ئێوە چی

ڕوانینەکان هەناسە سوار دەکرێن ؟

بە ئێوە چی

چیاکان خاکەشین بپۆشن ؟

بە ئێوە چی

مەرگ و

دەنگ و

کوێرایی ؟

بە ئێوە چی..؟

 

ڕێگاکان

بەرەو کوێیان بردین نیشتمانەکەم؟

ئەوە خەون بوو یا مۆتەکە ؟

ئەو پرخە بوو یا ئاوزنگ دان ؟

ئەوە چەپڵەی

گرگنە حوجەکان بوو

یا فیکەی سۆزانییەکان..؟

نیشتیمانەکەم..

چی ما نەیاندەییێ و

چی ما پێت نەکەن ؟

ئەوەی پێت نەکرابوو ، پێیان کردی...

ئەوەی نەت دیبوو ، پێیان دیتی..

ڕێگاکان ،

بەرەو کوێیان بردین ؟

زمانی

چەکی ژەنگاوی قاچاخچییان..

ڕۆژگاری

سەرەتاتکێی

هەرچی و پەرچی و

ماستاوچی و

کارخانەچی و

چی و چی.. بۆ کوێی بردین ..

نیشتیمانەکەم ،

نیشتیمانە لەت لەت و

بێ ئاسمان و

 چرا و

بێ ڕێگا و

بێ ئاسۆیەکەم..!

 

ئیتر شەوتان باش!

کە خەونی مناڵانتان

زیندە بەچاڵ کرد و

دواڕۆژتان لە پێ کرد..

شەوتان باش !

شەهیدەکانتان

جارێکی دی شەهید کردەوە...

شەوتان باش !

شەوتان با

شەوتان

شەو...

شوباتي/ 1995 

 

-G-

خەزێنە و دەوڵەت ، لە بەر درەگای خۆتە...

تۆ...

دەخوازێ هەوڵبدەی

بە هێزی دیماهینەهاتووی جوانی بچیتە مەیدان...

بۆنایێن (وەزارەتی جوانی) و

(بەڕێوبەرایەتی گشتیی جوانی) و

(کۆمپانیای سنوورداری جوانی) دابمەزرێنین ؟

کوردینە ! وڵاتەکەی خۆتان نابینن ؟

وەرن ئەمجارە

بە چاوی ناخ تەماشای کەن...

ببینن چۆن مێژووتان نەخوێندۆتەوە...

ببینن

چەند کۆڵەوار و

چاولەدەر و

بێ ئاراستەن...

نیگاتان بۆچی پەرت بووە...؟

ئەوەتا خەزێنە و دەوڵەت لە بەردەرگای خۆتانە...

ئای لە ئێوە !!

کە بە خۆشتان ناوەستن...

ئای لە ئێوە ،

هەوڵنادەن جیهانبینییەکتان هەبێ...

ئای لە ئێوەی

بە جارێ

پێتان

لە بەری خۆزگە و مرازان بڕیوە...

بۆ کوێ دەچن؟

بە دوای چیدا دەگەڕێن ؟

ئەوەتا خەزێنە و دەوڵەت

لە بەردەرگای خۆتانە...

چارێکی دیکەتان کە نەماوە...

یا دەبێ هەبن ،

یا هەبن...

( ڕۆشنایی ناخە تیشک داوێ...

نەژاد بیانبینە، هەموو شتێکیان هەیە...

بیانبینە نەژاد !

لە هەموو شتێک بوونەتەوە ،

ئیتر نازانن چی بکەن...

ئەو خەمەی یەخەی گرتوون

تووشی کەس نەبێ...

تیا ماون لەوەی

بۆچی گوڵ بۆنی جارانی نەماوە...

بۆ ناتوانن وەک جاران

گوێ بۆ خوڕەی ئاوهەڵدێران ڕادێرن ،

کە دەنگی هەندێکیان

وەک دەنگی وێککەوتنی

هێشوی ترێیان وایە...

نە تامی چا وەک خۆی ماوە ،

نە دانیشتنی چایخانە و

پیاسەی ئێواران...

هەموو شتێکیان هەیە...

نە زەردەی سەران...

نە یەکەمین بارانی پایزان

سەرنجیان ڕادەکێشێ...

تیا ماون...

هەموو شتێکیان هەیە و ،

لە هەموو شتێک بوونەتەوە..

نازانن چی بکەن...

بە ڕاستی شایانی دڵنەوایین...

شایانی بەزەیین...)

2004.7.24

 

-H -

نەژاد سەیرکە !

دەفژن

بە چ ڕوانین و جیهانبینییەک

لە مەداری کەشف و یەقیندا گیرساونەتەوە ،

کە لە من و تۆ ونە !

نەژاد !

بڵێسە هەمان بڵێسە بوو ،

تیشکی لە درەوشانەوەی جیهانئاراوە

بەناو کۆڕی غەریب و ئاشنایاندا دەپڕژاند...

ئای کە نهێنیەکی گەواهیدەر بوو ،

هاتین (پاکی) مان بە تەرازووی لاسەنگ کێشا ،

کەچی

هەڵەگۆیی بە تەرازوویەکی هاوسەنگ !

ژەهرە گوڵنار نەژاد !

بادەی دوای نیوەشەوانی دەروێشی...

غەمزەی وشکە بڕواییە...

ڕاڕەوەی یاساشکێنی...

لە نادانییان نەبوو ،

دەفژەن بەو ڕوانینە

وەهمی دادڕەسیی

بەرەو بارەگای نوور بە کۆڵدا دەدەن...

ژەهرە گوڵنار ،

شارای زەمانی(قاتیی) یە...

نەشئەی بادەنۆشی کەنارەکانە...

چ هەڵپەیەکە

نیوسەدە زیاترە، (دارا) دارێکی نەدی...؟

لێڕوانین

لە قەڵەمڕەوی سرووتە ڕسکاوەکاندا کەنارگیرە...

شاش بووە ،

بە دوای چەشەیێکدا دەگەڕێ

سەراپای لە خۆنووسانە...ونە...

دەفژەن ئاشنان... نامۆ نین

چەمی چاوان و

هۆشی مەستی و

ڕوناهی دڵان دەبینن...

وەنەوشەکان کە ڕازێکیان تێدا نەبوو...

ئەوە تەبعی هەڵبوون بوو

لە شەوێکی دەیجوور و نوتەکدا...

ئەوە...

کانی زەمەندێکە

ڕەنگ بە پەلکەگیا دەدا و

بۆن بە عەتر دەبەخشێ...

ئیتر چ بەرگرێک هەیە

دارستان لەگەڵ بوڵێڵدا نەسووتێ...؟

دەفژەن بێ پەروایە ،

دەخوێنێ و دەڕوا...

خۆشخوانی ، کە شۆخی نییە برادەر...!

برینی بێشاڵانانە ،

نیگاری سۆز

باڵندەی بەرزەفڕ و

سایەی چیلەمێو...

گەڵا

گەڵا

نەژاد بڕوانە !

گەڵا چۆن بوون بە ئاوێنەی وەرزەکان

دەفژەنیش بە گوڵی دیوان...

2004.6.26

 

-i-                   

چی بگێڕمەوە؟ بە تەنێ بووین...

بیابانێکی بێ پایان بوو ،

بێ داد ، بێ هانا...

گەردەلوول ، پەیامی نیهانیی و

خەندەی لەسێدارەدراو...

چی بگێڕمەوە؟

ڕێکەوت سرووشت بەدەر بوو

بەهانەگر ، ڕاگواستە...دڵگەرم...

تۆ بڵێ خەونی ڕەهێڵە...

ڕامانی باران...

ئاوڕدانەوەی بەفر و

فڕینی سێبەر...

چی بگێڕمەوە ، کاکە نەژاد !

کارخانەیەک بوو بۆ خۆی

لە کزەبای بەیانییان پشێوتر

سوختەی دڵڕەشان...

چی بگێڕمەوە؟

ئەو وەختی هەموو وەرزەکان

یەک وەرز بوون

بەڵام نازانم...

بەبیرم نەماوە  کام وەرز بوو...

ئەگەر بڵێم زستان بوو دڵنیا نیم...!

ئەگەر بڵێم پایز بوو... دڵنیا نیم...!

ئەگەر بڵێم بەهار بوو... هاوین بوو

دڵنیا نیم!

لە بیرەخەو ڕا چوو بووم

ئاگام لێ نەبوو

هاتبوو دڵی ماندوومی

لە جانتاکەی هاوێشتبوو و

ڕۆیشتبوو...

کە هۆشیار بوومەوە ،

دەستم لە سنگم کوتا، ئینجا زانیم...

لێ پاشی چی...؟ چی بگێڕمەوە؟

چی بگێڕمەوە.. کاکە نەژاد...!

2004.9.2

 

 Image result for kunst

بازدید: 899