خەم و شادی
شادی و خەم کە بەشێک لە هەستەکانی مرۆڤە وەک هەموو هەستەکانی تر دیاردەیەکی دەروونییە و شتێک نییە لە دەروەی کەسەکەوە ببیندرێت. ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنیا نیشانەکانی هەستەکەیە و خودی هەستەکە بەتەواوەتی نادیارە و لەدەرووندایە.
 
شادی و خەم لە کەسەوە بۆ کەسی تر جیاوازە و  لە لای هەر مرۆڤێک خاوەن ئاست و هێزێکی جیاوازە. هەر چەند دونیای دەوروبەر دەتوانن کاریگەرییان لەسەر دروستکردن و بنیاتنان، یان کەم و زیادکرنی ئەو هەستە لەلای ئینسان بێت، بەڵام لە بنەڕەتدا ئاستی دەرونی ئینسان و شێوازی روانینی بۆ ژیان بونیاتنەری سەرەکی ئەو هەستانەن. کەواتە دەکرێت هۆکانی شادی و خەم لە ئینساندا بکەینە دوو بەش: یەکەمیان هۆ دەرونییەکان و، دووەمیشیان هۆ دەرەکییەکانن. هەر چەند هۆ دەرەکییەکان زۆرن و بە ڕواڵەتیش وەک هۆی سەرەکی خۆشی و ناخۆشییەکانی ئینسان ناوزەد دەکرێن، بەڵام لە ئەساسدا هۆ دەروونییەکانن کە بونیاتنەری ئەو هەستانەن و لە دەرەوەش تەنیا نیشانەکانی دەبیندرێت.
 
ئەوەی کە ئینسان چۆن بۆ ژیان و جیهان بڕوانێت و ئاستی زانیاری و تێگەیشتن و چاوەڕوانییەکانی لە ژیان و دەوروبەری چەندە بێت، دەتوانێت وەک کەرەسە و ئەبزارێک لە کۆنترۆڵکردن و کارلەسەرکردنی ئەو هەستانەدا کاریگەرییان ببێت. ئەمانە و زایدی تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکانی ئینسان وا دەکەن کە دوو کەس لە بەرانبەر یەک سەرچاوەی خەم یا شادیدا بە دوو شێوەی جیاواز لە دوو ئاستی بە تەواوەتی جیاوازدا کاردانەوە پیشان بدەن و نیشانەکانی ئەو دوو حاڵەتە هەستییە تێایاندا بە تەواوەتی جیاواز بێت.
 
شوێنی ژیان، جۆری کلتور، بڕوا و تەنانەت تەمەن و ئەزموونەکانی ژیانی ئینسانیش دەتوانن لە کەم و زیادکردنی ئاگری ئەم هەستانەدا دەخیل بن. هەر وەها جۆری ژیان دەتوانێت دیاریکەری ئاست و جۆری شادی و خەمی ئینسان بێت. زۆر شت کە لەلای کەسێک دەبێتە هۆی خەم، لەلای کەسانی تر دەتوانێت سەرچاوەی خۆشی بێت. یان سەرچاوە و هۆی خەم و ناخۆشی زۆرکەس بۆ کەسانی تر هەر بەرچاویش نەکەوێت و هەستیشی پێنەکرێت. هەر وەک ئاماژەمان پێدا شادی و خەم دوو هەستن و شتیک نین وەک گەرما و سەرما لەدەرەوە هەمووان بیبینن و هەستی پێبەکەن، بەڵکو تەنیا لەدەرونی کەسەکەدا دروست دەبێت و بەس.
 
 
ستێڤ چاندلێر دەڵێت: "کاتێ کە من خۆشحاڵم، هەموو کەسێک شاد دەبینم. کاتێک کە توشی خەمۆکیم، خەم لە چاوی کەسانی تردا دەبینم. لە کاتی ماندوییشدا، دونیا ماندوو و بێتاقەت دەبینم!"
 
سایتی قەڵەم
١١ ئۆکتۆبەری ٢٠١٦
Image result for happy and sad kunst
بازدید: 1140