ما 5717 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێشەوا کاکەیی

قەوزە، حیکایەتخوانی نێو ئاوە.
لە داخی ئەو هەموو بوهتانەی بۆق،
بۆ کیسەڵ و ماسی هەڵبەستووە:
ڕیشی بستێک هێشتۆتەوە!

 

"زیکری قەوزە"

"پێشەوا کاکەیی"

 

قەوزە، غەمگینە.

ڕاڤەی زمانلووسی بۆ مەکەن،

چلکی ئێمەیە، وا لێی نیشتووە!

*

 

قەوزە، حیکایەتخوانی نێو ئاوە.

لە داخی ئەو هەموو بوهتانەی بۆق،

بۆ کیسەڵ و ماسی هەڵبەستووە:

ڕیشی بستێک هێشتۆتەوە!

*

 

قەوزە، هێندەی زیکر بکات:

ئاگای لێ نییە، ڕیشی چەند درێژ بووە.

ماسییش نازانێت،

ئەم نوورە، لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە!

*

 

قەوزە، وەک سۆفییەک لە نێو چەمەنزارەکاندا:

خەریکی سەڵاوات لێدانە، لەسەر دڵۆپە ئاو.

کەچی دەبەنگی وەها هەیە، دەڵێت:

ئەو وشکەسۆفییە، چ دەکات لە نێو زۆنگاو!

*

 

قەوزە، ڕیشەی ناچێتەوە سەر پونگ و ڕێحانە.

بە تەنیا منداڵی ئاویش نییە:

بەرد، بە باوکی خۆی تەماشا نەکات و،

بە هەتیویی بسوڕێتەوە!.

*

 

کووزەڵە، هەمیشە دەمەقڕەیەتی لەگەڵ قەوزە

ئەوەچییە، ڕەنگی لەو نزیکە.

قەوزە، چ بکات لەدەست شوێن، کە کووزەڵە:

هاتووە، خۆی لە لای ئاو خزاندووە!

 *

 

قەوزە، حەزی لە هیچ عەترێک نییە

هێندە دڵناسکە:

هەموو ڕۆژێک دڵی دەڕەنجێت،

بە دەست بۆنی نەعناوە!

 

 Image result for kunst

 

 

گەڕان بۆ بابەت