سەباح ڕەنجدەر

 ئەگەر دەربڕینێکیش لە فۆرمى ئاستدار و تیشکۆى خۆماڵییەوە دانەچۆڕابێتە ناو بوون و زەمینەى تەواوى دەربڕینەوە، بەهیچ شێوە و کەشوهەوایەک ناتوانێت نوێبەخش بێت و بێتە ناو پرۆژەى دۆزینەوەوە.

 

 

 

ئەزموون وەک ئاخاوتنێک لەناو ژیان

سەباح ڕەنجدەر

 

نوێبەخشى

لەناو کۆمەڵگاى کوردیدا هیچ سەرچاوە و وزەیەکى ئەدەبى بە ئاستى شیعر نەبووەتە، بنەماى پەیوەندى و مایەى بەرهەمهێنانى بیرکردنەوەى چالاک. واتە: ئەندێشەى چاک، کردارى چاک، گوتارى چاک. هەروەها بەو پایە کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرییەش پەسند نەکراوە و نەدرەوشاوەتەوە.

گیانى زمانى دەربڕینى کوردیش، تا ئێستا هەر بە تەنیا لەناو پرۆژە شیعرییەکاندا زیندووە، کوردیش ویستى شیعر نووسین و هەستیاریى شیعرى زۆر بەهێزە، تواناکانى خۆى تێدا تاقى دەکاتەوە، هەڵکەوتە کۆمەڵایەتییەکەشى وەرى دەگرێت و ڕەوایى بە بەردەوامبوون و پەرەسەندنى دەدات، داهێنان بە وەرگرتنى قووڵایییەکانى ژیان بەرهەم دآ، لەم بەرهەمهێنانەشیدا ژیان دەخاتە ناو پرۆژەى دۆزینەوەوە.

ئەگەر دەربڕینێکیش لە فۆرمى ئاستدار و تیشکۆى خۆماڵییەوە دانەچۆڕابێتە ناو بوون و زەمینەى تەواوى دەربڕینەوە، بەهیچ شێوە و کەشوهەوایەک ناتوانێت نوێبەخش بێت و بێتە ناو پرۆژەى دۆزینەوەوە.

بۆ شاعیرى نوێبەخش وەرگرتنى قووڵایییەکانى ژیان زیندووبوونەوەى زمانە، زمانى دۆزینەوەش زمانێکى یەک ئاراستەیى نییە، بەپرسیارى زۆرەوە لە ئاستە هەمەچەشنەکانى خۆى دەکۆڵێتەوە، قووڵایییەکان هێزى وشە و ئەزموونى تێدا نووستووە، لە دەربڕیندا ئەم هێزە تاقى دەکرێتەوە و دێتە ناو پرۆژەى دۆزینەوەوە.

بەشێوەیەکى سەرەتایى نوێبەخشى لە ژیان و بیر و بیرکردنەوەى کۆمەڵگا دەرکەوتووە و هەنگاوى بۆ نراوە، بنەماکانى گۆڕان بەرەو پێداویستییە هاوچەرخەکان و هۆشیارى دەبێتە پێوەرى دۆزینەوەى ئەدەبى، هەروەها نوێبەخشى هۆ و ئامانجە بۆ پەیوەندیکردن بە چالاکییەکانى ژیانەوە، بەشێکیش نییە لە ژیان. ڕاستەوخۆ ژیانە، مرۆڤ لەبارى بەختەوەریدا وەک خوداوەند دەژێنێت، ئەفسوونێکى واشى تێدایە گیان و جەستە لە بڵندى بحەوێنێتەوە.

بابەت ورووژاندن و شێوازى شاعیر هەستکردنە بە جوانییەکانى ژیان و شۆڕبوونەوە بۆ ناو ناواخنى سروشت و لەدایکبوونى وەرزەکان و گونجان و تەبایی نێوانیان. واش بەرانبەر ڕابهێنآ هەست بەم شۆڕبوونەوە و گونجان و تەبایییەى نێوانیان بکات.

هەستى نووسینیش بە ساتەوەختى زۆر ناسک، یان زۆر دژوار تێدەپەڕآ. تێڕوانینەکان ئاڵوگۆڕیان تآ دەکەوآ و دەڕسکێن.

شیعرى ڕاستەقینەى خاوەن جیهانبینى، کە خودى مرۆڤ دابڕێژێتەوە، لە ژیریی و پەند و سۆز و خەونى ڕۆمانسییانە بەدەر نییە، ئەگەر شیعریش ڕووت کرایەوە لە ژیریی و پەند و سۆز و خەونى ڕۆمانسییانە بە هیچ جۆرێک ڕاستەقینە و خاوەن جیهانبینى نییە، کە خودى مرۆڤ دابڕێژێتەوە.

شاعیرى نوێبەخش هیچ کاتێک چاوەڕوانى هاندان و ستایش ناکات، هەر کاتێکیش چاوەڕوانى هاندان و ستایشى کرد، ئەوە بڕواى بەوە نییە ئەوەى، کە نووسیویەتى خۆبوونى و داهێنان بێت. دەربڕینى نایاب بەهۆى کردارى گەیاندن و هۆشیاریى زمانەوە لە ئاستى ئاسایى دەپەڕێتەوە بۆ ئاستى ئێستێتیکا و خۆبوونى، دەبێتە خاوەن پرسیار لە نێوان وریاییى زمان و وریاییى ئاخاوتن.

زمانى ئێستێتیکا، شێواز و ئەدگارى خۆى لە دەربڕینکردن و دەربڕینەوە وەردەگرێت. لە ئەزەلەوەش گیان، گیانى جەستەیەکە شێوەیەکى دیاریکراوى بۆ ژیان و نەشونما دۆزیوەتەوە، شێوازیش ناوەند و گیانى نووسەرە، هیچ گیانێکیش بۆ جەستەیەکى دیکە وەرناگیرێت.

شێواز و شیعرییەت و زمان، ئەزموون بۆ ئایندە پێشنیازیان دەکات، ئایندەش پەیوەندى بە هەموویانەوە هەیە، بەشدارین لە چالاککردن و بەڕێوەبردنى، پەیامى هونەریى مرۆڤگەلێکە، کە هەوڵى سڕینەوە و لەبەین بردنى ئەو شتانە نادات، کە ژیان دەخەنە بارێک بەرگرى لە بە ژیانبوون و ئازارى خۆى دەکات.

ژیان و بوون و دنیاش لەناو شیعرى نایاب و ئێستێتیکى و خۆبوونیدا نوێن، لەناو ڕۆشنبیریى کوردیدا نوێبەخشى هێشتان بە ڕوونى شوێنى شیاوى بۆ نەکراوەتەوە، ئاخاوتن لەبارەیەوە دەبێتە هەرا و زەنا، پێویستە ئەو بڕیارانەى لەم بارەیەوە بوونەتە مایەى سەرنج، بە ئاستێکى دیکەوە بخرێنە ناو ئاخاوتنەوە.

ئایە ئاخاوتنەکانمان لە خودى نوێبەخشیى دەقەوە دەرچوونە، یان لە دەرەوەى دەقەوە وەرگیراون و لە جەستەى تەنک و ناسکى دەق پراوەى پآ دەکەین، کە جەستەى تەنک و ناسکى دەق هیچ پراوەیەک وەرناگرێت جگە لە پراوەى گیان نەبێت.

نووسینێک گەیشتبێت بە ئاستى دەق، پەیوەندیى ئاستدارى چارەنووسسازى بە ئێستێتیکا و خۆبوونییەوە هەیە، کە هەمیشە وەک سەرچاوەیەکى ڕوون، هێزێکە بۆ بەرهەمهێنانى سەرچاوەى دیکە، بەرەنجامى خودێکى هەژاو و هۆشمەند و وریایە. بەشێکیش لە خودى هەژاو و هۆشمەند و وریا گەیشتوون بەو هەقیقەتە، کە شیعر بگەڕێتەوە ناو سۆز و هەست و ڕوونى و ئاشکرایى لە دەربڕیندا، ئەمەش وەک دیاردەیەک پێویستە بخرێتە ناو ئاخاوتنەوە. زۆر جاران گۆڕانکارییە ڕەچاونەکراوەکان کاریگەریى ڕاستەوخۆیان لەسەر چۆنیەتیى بیرکردنەوەى کۆمەڵگا و بیر و دەربڕینى تاکى نووسەرەوە هەیە. دەبێتە بابەتى نووسینەکانیان، بەڵام نابێتە ماناى ڕوون و دیار، بگرە لە چێژدا دەبێتە سرووشى مانا و چالاکیى وێنە، سرووشى مانا و چالاکیی وێنەش شاعیر لەوە نزیک دەخەنەوە بچێتە ناو جیهانبینى تەسەوفەوە.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

جیایى

پانتایى جیاکارم لە بەرهەمەکانمدا خوڵقاندووە، لە پانتایییەکدا دەستنیشان ناکرێم. ئەرآ لە پانتایییە شیعرییەکاندا، دەچمەوە سەر چ پانتایییەکى خۆ تایبەتیکردن. تایبەتکار بۆى هەیە تەواوى هەبووەکانى، کە تواناى کاریگەرییان تێدا دەرکەوتووە، ڕاکێشێتە ناو بیرکردنەوەى چالاکى، کە بەردەوام هێما و هێماپێکراو بەرهەم دەهێنێت. لە یەک کاتیش لەناو هەموو پانتایییەکاندا کار بکات و دەستیان بۆ ببات.

بەرانبەر بە ئاگایى خۆم جەنگاوەرێکى مەشقکردوو و ئەهلى زیندووێتى دڵ و یەکێـتى ئەشقم، پانتایى ئێستێتیکا و ڕێبازى وردبوونەوەم لە ژیانمدا هەڵبژاردووە، دەمەوێت بە ڕاناوى نادیار زمانى تێدا هەستیار بکەم، هەستیاریى تەواوى زمانى کوردى لە شیعرى کلاسیکیماندا تواوەتەوە و دەرکەوتووەتەوە. کاتێک شیعرى کلاسیکى دەخوێنمەوە هەست دەکەم تەواوى زمانى کوردى ڕووبەڕووم وەستاوەتەوە. دەمباتە ناو جیهانێک، کە قسەى لەبارەى دۆزینەوە و بوون کردووە، نەک گێڕانەوە. خەون و ناوەندى وشە هەوڵدانن بۆ خۆناسین. لە ماڵى گەورەى شیعردا هەموومان پێکەوە داواى شیعرییەت دەکەین، ئەو داوایە وزەى گەشەکردنى جوانى و بەرزکردنەوەى ئاستى هەقیقەتى گیانى و دراماى ژیانە. جوانیى زمان لە جوانیی ئەو کەرەستەوە دێت، کە دەربڕینى لێ دەکات، زمان شانەیەکى زیندووى زۆر قووڵە لە جەستە و پێکهاتەى مرۆڤ لە گۆڕانى دید و پەیوەندییەکاندا.

جیاییى تاقیکردنەوەى من ئەوەیە: جیهانى پارچە پارچە دەخوڵقێنم و پەیوەندیی هێما و هێماپێکراویش دەپچڕێنم و دەستنیشانیان ناکەم. سەرچاوەکانى نووسین و ئاستەکانى دەنگ و تێبینیکردن و سەرنجدانم لە جوانیى بێگەرد و بآ هاوتاى ژیان وەردەگرم، دەگمەن و تاقانە دەبن بە هێما و هێماپێکراو.

شیعر چەند بچێـتە ناو ژیان و دنیاى خودایى و هەقیقەتى ڕۆژگار، هێندەى دیکە گیانى تا هەتایە پەروەردە دەکا و دەیپارێزێت و ئەفسانە لەخودى خۆیەوە برەو پێدەدا.

شتێک لە نووسین، کە وەک ئەزموونێک پێشکێشم کردبێـت، بەکاربردنى زمانى خەونە بۆ زمانى نووسین و ڕاچەناندن و چالاککردنى ناخى پڕ توانایى و یادەوەرى. دواجار تواندنەوەى چالاکییەکانى بیر لە هەستیاریى نووسیندا.

چامەى درێژى فرە دەنگ و ئاستدار، پڕۆژەیەکى کامڵە و لەسەر ئاستى بوون و کرانەوەى بەردەوام ڕادەوەستێت، سروشتى دایکى هەستەکانمە، ئاسۆیەکى ئەفسانە ئاسایییە، ناتوانم لێى دەربازبم بە کامڵترین فۆرمى شیعریى دەزانم و پەیڕەوى دەکەم، لە ڕایەڵى ڕستەکانیدا تواناى جووڵاندنى فرە دەنگى و فرە پەیوەندی دەڕسکێت. مانا و زمان دەگەڕێتەوە ئەو ئاستدارییەى هێزى نووسین ئاشکراى دەکات و دەیهێنێتە گۆڕآ. واتە: قووڵبوونەوە بە ناخى بیندراو و شەپۆلى شوێن و سیماى بوون.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

فرە دەنگى

ڕوانینى گەردوونى بار و بوار بۆ گەشەسەندنى شیعر دەڕەخسێنێت، ببڕای ببڕ پەیوەندیى بە شۆڕشى گەیاندن و فۆرمەکانییەوە نییە. خەیاڵ و ئەو ئاسۆیەى جیهانى بەهۆیەوە وێنا دەکەیت، لە دەرەوەى کەناڵەکانى ڕاگەیاندن کارى شیعرییەت بەڕێوە دەبەن، لە کەڵک وەرگرتن: دەست واڵا و دیموکراسین، سەرسامیى خۆشیان بە نەشونماى نوێبەخشیى گیانى ژیان ناشارنەوە.

دەتوانین لەوە دڵنیابین، کە شیعر هەموو سەنگایى ساتە وردەکانى بە تەنیا خستە سەر هەڵقوڵانى خەیاڵ، وەک بەرزایی و ناوەندى کاریگەر چووە ناوى و کرۆکى ژیانى بە هۆیەوە وێنا کرد. بێگومان لەبارێک نزیک دەبینەوە، شیعرى تاک دەنگى دەبێتە خۆنیشاندانێک و دەربڕین لەو بارە بێهێزەدا.

دەکرآ لە بچووکبوونەوەى دنیا لە بینینى شاشەدا، یان هەر فۆرمەکى گەیاندنەوە، شیعرى فرە دەنگ لە چنین و ڕایەڵى توند و تۆڵى ببێـتە جێگرەوەى خەیاڵ وەک بەرزایی و ناوەندى کاریگەر.

لە شیعرى فرە دەنگیدا خەیاڵ ڕەگەزى سوودبینینە، بەرزایی و ناوەندى کاریگەر نییە. نیشاندانى باوەڕ و گیانى کراوە و دەوڵەمەندیى ئەم شێوازە، بەئەندازەیەک لە چیرۆک و شانۆنامە و ڕۆمان و ئەدەبى پەخشاندا بە ئاشکرایى دەگاتە لووتکەى بینین و تێگەیشتنى ڕوون.

لە شیعرى درامیدا گفتوگۆ لەگەڵ هەست و ئەقڵى خوێنەر و شاکەس و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان دادەمەزرێنێت، هاوتایییەک دەدۆزێتەوە لەبارى نووسیندا پەیڕەوى دەکات. لە پێکهاتە و بنەماى منى شیعریدا پێکدێت و دەبیندرێت، خۆى لە منى تاکە کەسى شاعیر دەکشێتەوە، ڕۆڵ و ئاستى شاکەس و کەسایەتییە جۆرا و جۆرەکان و چێژێک دەگەیەنن، چێژى ئاراستەکراوى شاکەس و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان و واتاناسى.

زۆرێک لە شیعرى ئیمڕۆمان لەسەر سیستمى تاکدەنگى منى شاعیر وەک ڕەگەزێکى کارپێکەر بەڕێوە دەچێت، ئەم شێوازەش وەک هونەر هەرچى پێبوو بەخشی، چاوەڕوان ناکرێت هونەرێکى کاریگەریى پآ مابێت بۆ بەخشین و سەرسامى، چونکە هیچ شتێک ڕوونادات قسەکەر یەک قسەکەرە و پانتایى نووسینەکەى داگیرکردووە، هەروەها بوونى شیعریش وەک شێواز و شێوە دەخاتە مەترسییەوە. لە کارایى و زیندوویى و هێز دوورى دەخاتەوە، کە کارایى و زیندوویى و هێز بارێکن هەمیشە زیندوومان دەکەنەوە و سەرچاوەى سەرسوڕهێنەرن.

یەکەمین کردەى هەستیارکردنى زمانە، ڕستەکان درێژ دەکاتەوە بە مەبەستى گەیشتن بە چاوگە دەنگییەکان، چاوگە دەنگییەکانیش هەمیشە ئاگایى زمان تێیدا دەبێتە بارى ڕاستەقینەى نووسین و وزەى ترپە و ئاواز، لەم بارەیەوە ڕوو دەدات. چەند ترپە و ئاوازێکى لێ دەبێتەوە، جۆراوجۆریى ترپە و ئاواز: خەسڵەت و مۆرک و ئاماژەى ناسینى ئەم ژانرەن، پشت بە وێنەهێنانەوەى یەک لە دواى یەکیش نابەستێت، زیاتر گێڕانەوە دەکاتە خۆبووژانەوە و دەرکەوتن و ئاراستە وەرگرتن.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

دەستکاریکردن

دەقەکانم، ئەوانەى چاپم کردوون و ئەوانەى چاپیشم نەکردوون، هەمیشە لەسەر مێزى کارکردن دەستیان بۆ دەبەم، هەر چەند ڕستەیەکیان دەستکارى دەکەم و چەند لاپەڕەیەکیان دەخەمە سەر و چەند لاپەڕەیەکیشیان لێ لادەدەم. تا ئێستاش نەگەیشتووم بەدوا داڕشتنیان. ئەو هونەر و دڵەڕاوکێیەى دەستکاریکردنەش لە کارکردنى بآ وچانى کاتژمێر، گواسترایەوە ناو بارى دەروونیى شاعیریەتیى من.

کاتژمێر تەکان دەدا بەرەو ناو دەقى کات. دەقى کاتیش هەمیشە ئەو چرکەیەى جوانە تێیدا چاوەڕوانیت، کە هێز دەخاتە ئەو چرکەیەى بۆى دەڕوات، ڕۆیشتنى منیش هەمیشە بەرەو دەقى شیعرییە. هەموو شتەکانى کاریگەرییان بە نەشونماى ژیانەوە هەیە. لە زەینمدا ئامادەیان دەکەم و دەیانکەم بە بەشێک لە چالاکییەکانى بیرکردنەوەم. دەستکاریى بەردەوامیش کارێکى دروستە بۆ نووسەرى پڕ تواناى پەڕینەوە، بۆ ناو پرسیارەکانى، کە بوون بەیەک جۆر دەستنیشان ناکەن، بەرگرى و دەربڕین لە داهێنان دەکەن، چونکە هەر جارێک، کە دەستکاریى دەکات، بەو نیازە بە تەواوى ژیان لەناو دەقەکەیدا ببینێت، یان ژیان بە تەواوى بهێنێـتە ناو دەقەکەیەوە و بیگەیەنێت بە ئاستى خەونى نووسین. ئەویش یەک لە مەحاڵەکانى نووسینە، نووسین هەوڵدەدات بۆ مەحاڵ، مانەوەش لەناو ئەو مەحاڵە سووربوونى نووسەرە بۆ بینینى ژیان بە تەواوى لەناو دەقى بێگەرددا.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

شاعیر

شاعیر، سەر گەرمییەکانى خۆى لە سنوورى بیرکردنەوە و جیهانبینییەوە دەست پێدەکات و گیانى چالاکە بەگشت جوانییە هاوبەشەکان. ئاراستەى ئاڵۆزکردنى جوانییە هاوبەشەکان نییە. سادەکردنەوەیەتى، بەرپرسە بەرانبەر بەرزبوونەوە و ڕسکاندنى ڕوانینى پڕ شیعرییەت و جووڵەى ئاخاوتن لە زماندا، پەیوەستیشە بەوەى پەیوەندییەکانى نێوان جوانى و فۆرمەکانى کۆمەڵگا وەک پرۆژەیەکى پەرەپێدان وەربگرێت.

کارى گوتار دامەزراندنیش لە پەیوەندییەکانەوە بکاتە وێنەیەکى ڕاستەقینەى ئەزموونکراوى هەقیقەتى مرۆڤ. لە هەمان کاتدا لە تواناکانى دەربڕیندا بەرزیان بکاتەوە ناو ڕایەڵ و تانوپۆى ڕستە و ترپە و ئاوازى ویژدانیان، لێیەوە وەک نیشان و نیشانە پیشانیان بدات، هەروەها دەسەڵاتى هەستیاریشى بەسەر ئاشکراکردنى چارەنووسى جوانى لە شێوازى نادیاردا پاڵپشت لە بەرزبوونەوەکەى بکات.

تەوەرەکانى هەست و سۆز و خەون بخاتە گەڕ بۆ هێشتنەوەى بەردەوامیى چێژى گیانی. جوانى وەک ڕەگەزێکى چالاک و بنیادنەر لە پێکهاتەى دەقدا بکاتە ناوەندى بە یەکگەیشتنى پەیوەندییەکان و باوەڕهێنان بە هەقیقەت و تواناکانى ژیان. بۆ واتاى ڕاستەقینەى لەناو دەوروبەرێکى بآ هێز لە هۆشیاریى فیکریدا،  ئاکار دابڕێژێت. بەدواداچوونى مێژووى گیان و ئەوانى دیکە و چاونەترسیش بەرەو ڕووى ئەم ئاکار داڕشتنە بکاتە ماڵى هەر هەموومان و گەوهەر و ناوکى هونەری مانا دەرنەکەوتووەکان هەڵداتەوە.

کردەى نووسین وەک سەرەتایەکى هەمیشەیى و خاڵە یەکتربڕەکانى کات بپارێزێت. بە فراوانییەکى ئاستدار و کاریگەریش بانگەوازى لایەنداریى تەواوى ڕابگەیەنێت، دواجار بە ئاستى بەهاى مرۆڤ بیناسێنێت، بپرسێت ئەرآ ئاستدارییەکانى شیعر و مرۆڤ چین، لە واقیعدا جێبەجێیان بکات و جێى پەسندى بن. تا چەند توانیویەتى جوانى و هونەر بگەیەنێتە ئاستى ژیان و درکاندن.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

فەرهەنگ

وشە لەناو فەرهەنگدا بە یەک مانایى سنووردارە، لەسەر ئاستێکى جێگیر و نەگۆڕیش پەیوەندى بۆ دەستنیشان کراوە. واتە: لەناو ژیان و بزووتنەوەى بەرەو پێشچوون کار و چالاکیى لێ وەرگیراوەتەوە و خانەنشین و لا کەنارە.

شیعر، هێز لە خودى زمان وەردەگرێت، بەزمانى ناو ژیانیش شیعرییەتى دەڕژێتآ و پەیوەندییەکانى بە جیهان دەبەستێتەوە، کار و چالاکیی وشە گەرمەکانى ناو ژیان، وشە بآ هێزەکانى ناو فەرهەنگیان لە خەیاڵگەى نووسەرى خود وریا دەربەدەر کردووە. هەست بە نائومێدییەکى ترسناک دەکەم لەو وشانەى لەناو فەرهەنگاندا وەنەوز دەدەن. دواى گواستنەوەیان بۆ ناو ڕستەى شیعریى کتوپڕ خەوى دووبارەکردنەوەى لێ دەکەوێت. لەبارى دووبارەکردنەوەشیاندا، بچووکتر دەبنەوە. دەستەواژە لەناو فەرهەنگدا خۆشباوەڕ و بآ ئومێدە، بەیەک مانایى دڵى داکەوتووە و فۆرمەکانى کۆتایى پێهێناوە.

شاعیریش لەناو فەرهەنگدا سڕ دەبێت، نەک سەرسام. لە وشەکانى بەردەست و زەینى خۆیەوە دەست پێدەکات. ڕۆشنبیرانى ئەکادیمی و فەرهەنگنووس و زمانەوان لە وشەکانى ناو فەرهەنگدا کار و چالاکییەکانیان بەرهەم دێنن. لە فەرهەنگدا ئاستى جیاکارى زمان نییە. هەموو داهێنانێکى زمان لە ئەدەبدا لە دەرەوەى فەرهەنگ ڕوودەدات، دەقى نایابیش لە کرۆکدا لە پەیوەندیى زمانەوە سەرکەوتن وەردەگرێت.

لەناو مێژووى ئەدەبدا، ئەدەبێک نییە لە وشەکانى ناو فەرهەنگەوە سەرکەوتنى بە دەست هێنابێت، بۆیە فەرهەنگ لاى من بووە تەلیسمێکى بکوژ، زوو خۆم لە قەڵەمڕەوى دەسەڵاتى دەرهێنا. ژیان فەرهەنگى شیعرە، هەر شاعیرێکیش هانا بۆ وشەکانى ناو فەرهەنگ ببات، نامۆیی و دەستەپاچەى خۆى بە شیعر ئاشکرا دەکات. مامەڵەى لەگەڵ وشەى ئامادەکراوە، بایەخى ساتە هۆشیارییەکانى ناوەوەى خۆى لە دەست داوە، ئەگەر نووسینێکى ئەدەبیش ساتە هۆشیارییەکانى ناوەوەى نووسەر، خرۆشانى تواناکان و چالاکیى نەبووبێت. دەقێکى بەتاڵە لە ئەفسوون و هۆشیاریى نووسین.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

مانیفێست

وەک پرۆژەیەک مانیفێستى شیعریى خۆم ڕاگەیاند، بۆ ئەوەى ئەم ڕاگەیاندنە ببێتە پاڵپشت و تیشکۆ بۆ ئەزموونى شیعریم. مانیفێست و خۆڕوونکردنەوە، پەنجەمۆر و ڕوانینى تایبەتیى نووسەرن، بە کەرەستەیەکى خەمڵیو و ئەزموونێکى ڕاستەقینە بەرانبەر نووسین. بۆ نووسین و گەڵاڵەکردنى، بە قووڵى سەرجەم دەقەکانى خۆم بە تواناى گۆڕان لە ژیان و هونەر هێنایەوە ناو زەینم. لە مەوداى خاڵى لاوازى، تا خاڵە سەرسوڕهێنەکانى ئەزموونم وەرگرت، بەوپەڕى هۆشمەندى جیاکاریى هەستکردن لە مەوداکانى مامەوە و تآ فکریم، تا بووە پرۆژەى باش بیرکردنەوە و گفتوگۆیەکى ڕۆشن. بنەماکانیم لە شەوق و کاکڵە و ناخى ئەو مەودایانە دۆزییەوە، کە لە واقیعى نووسیندا هێناومەتە گۆڕآ. ئەو واقیعەى چۆنیشى بیر لێ دەکەمەوە و دەیجووڵێنم.

پێش نووسین بیر لە مانا ناکەمەوە، دواى نووسین مانا دەدۆزرێتەوە، هەروەها بیر و ڕاکانى ڕامگەیاندوون، هەموویان لە دەقەکاندا شوێنى ژیربێژى و ئەو ئاماژە و نیشانانەى تێیدا بەرهەم هاتوون، ئاشکران. چارەسەرى هەندێک لە هەستە ڕۆمانسییە سەرەتایییەکانیشم کردوون، هێڵم بە ژێر دێڕِە لاواز و سەرسوڕهێنەکانى کێشاون. خەونم کردووە بە فۆرمى دەستپێکردن و دووبارە گەڕانەوە بۆ واقیعێکى دامەزراوى خەونى.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

قۆناخ

شیعر وەک درێژبووەوەى قۆناخى پێشترى وەرناگیرێت، لە هەندێک ڕەگەز یەک دەگرنەوە، لە زۆر ڕەگەزیش تەواو ئاستیان دەکەوێـتە نێوان، دژى قۆناخ و ڕێباز و قوتابخانە و دابەشکردنم، دەقى داهێندراو بەسەر تەواوى ژیاندا دابەش دەبێت.

ژیان و خوێندنەوەى ڕووداو و دیاردەکان بەیەک ئاراستە نایەن، بە جیاکاری بیرى یاخى و کەرەستەکانى شیعرى لە کەشى شێوە گۆڕیندان، ئاستیش بەرەو گۆڕان و تێکەڵاوبوون وەردەگرن. هیچ قۆناخێکیش ناتوانێت قۆناخى پێشەخۆى تەواو لەناو خۆیدا ون بکات، داهێنانەکانى لە گۆشەیەکى تەنگەبەر گەمارۆ بدات. جیاکارییەکان سروشتین. جیاکارییەکانى ئەو قۆناخ و ئەزموونانەى لە داهاتووشدا دەبنە هۆ و مایەى گفتوگۆى گۆڕانکارى هەمدیس هەر سروشتى دەبن.

شیعر لە زماندا ڕەونەقى شیعرییەت بەدەست دەهێنێت، زمانیش بە ئاراستەى هاتنى، ئاستى گۆڕان و تێکەڵاوبوون وەردەگرێت.

ئایە زمانى قۆناخەکانى ژیان درێژەپێدەر و دووبارەکردنەوەى یەکن. بە جیاکاریى ئەو دەستکەوتە هونەرییانەى لە ئاکامى پەرەسەندنى بیر و پێویستییە کۆمەڵایەتی و شارستانییەکان ئەزموون کراون و دامەزراون، یان بابەت و مەبەستەکان شێوازیان دەگۆڕێن و نیشانەکانى هەست پێدەکرێن. زمانى شیعر، شیعرییەت لە زمانى قۆناخێکى دیاریکراو وەرناگرێت. واتە: زمانى شاعیرێک، لە زمانى شاعیرێکى ترەوە دەستپێناکان، هەموو سەردەم و مەوداکان ڕادەکێشێتە ناو بازنەى بەڕێوەچوونى خۆى، هێز دەڕژێنێتە ناو تەکانەکانى بۆ بەکاربردن و ئاماژە ژیربێژییەکان.

هیچ قۆناخێک نابیندرێت، داهێنان تاجى لەسەر هێمایەکى دلێرى نەنابێت و ئەستێرەیەکى بەرهەم نەهێنابێت. نموونە: قۆناخى کلاسیکى تاجى داهێنانى خستە سەرى (نالى). قۆناخى یەکەمى نوێبەخشى، تاجى داهێنانى خستە سەرى (گۆران). لە قۆناخى دووەمى نوێبەخشیدا، ئاستێکى تر دێتە گۆڕێ و ناتواندرێت داهێنەرێک وەک تاک و ئەستێرە دەستنیشان بکرێت و هەموو هونەرەکانى تێدا کۆببووبێتەوە.

نموونە: هەندێک فۆرم و شێواز و گوتارى شیعریی لاى: (لەتیف هەڵمەت) هەیە. لاى: (ئەنوەر قادر محەمەد) نییە. هەندێک فۆرم و شێواز و گوتارى شیعرییش لاى: (شێرکۆ بێکەس) هەیە. لاى ئەوانى تر نییە، یان هەندێک فۆرم و شێواز و گوتارى شیعریی لاى : (فەرهاد شاکەلى) هەیە. لاى هیچێکیان نییە. کەواتە: لەم قۆناغەدا فۆرم و شێواز و گوتارى شیعریی پەرەى سەندووە و ئاستى کۆى وەرگرتووە، تاک وەک ئەستێرە و هێمایەک وەرناگیرێت. فرە هێمایى هاتووەتە ناو داهێنانى شیعرى کوردییەوە، بەڵام لە قۆناخى کلاسیکى و قۆناخى یەکەمى نوێبەخشیدا، هەموو هونەرەکان لە هەریەک لە (نالى و گۆران)دا کۆببوونەوە. بۆیە تواندرا وەک تاک و ئەستێرە دەستنیشان بکرێن. لەگەڵ ئەمەش قوتابخانە و قۆناخ و ڕێباز و تەوژم.....تاد، لەناو دەچن. تەنیا شیعر، شیعرى بێگەرد. بە پلەى یەکەم دەمێنێتەوە. درێژەپێدان و مێژوویى نین. هەندآ بارى قووڵى سەرسامی تەسەوف لە شیعرى ئەمڕۆ دەبیندرێن و دەڕبڕین لە ژیان دەکەن.

سیماکانى لە قۆناخى کلاسیکى ڕەونەقیان بیندراوە، وەک پێویستییەک لەمڕۆدا ئەزموون دەکرێنەوە، ئەو پێویستییە ونبوونى نوێبەخشى نییە لەناو کلاسیکدا، ئەو شتانەى لە ڕۆژ و ڕۆژگارى خۆیاندا بەرەو بە ئەدەببوون دەچن، شتەکانى لەناو کۆمەڵگادا ئەدەبن و ئەوانى تواناشیان تێدایە ببنە ئەدەب، دەقئاوێزان بە جیاکاریى، بنیادى دامەزراندنە. هێڵى ڕوونی ڕوانینەکان بخاتە بارى قووڵبوونەوە و سیما هاوبەشەکان بناسێنێت. زمانى جیاکار، ترپە و ئاوازى جیاکارى لێ دەبێتەوە. شێوەکانى دەربڕینیش لە ترپە و ئاواز وەردەگرێت. وەک فۆرم و پێکهاتەى ڕستە بەندیش جیاکارییەکان بەرەو چەندان ئاراستەى جیاکار ڕاماندەکێشن و بە کارامەیى بە گەڕمان دەخەنەوە بۆ دوانەخستنى ژیان، کە ژیان خۆى کردەیەکى دواخراوە. خاوەن فۆرم و توانایەکى سەرسوڕهێنیشە.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

پێویستى

من چێژ لە سەردەمى خۆم. واتە: ئێستا وەردەگرم و بە ئاسۆ و دوورییەکى گەرم و ئاسوودەى دەزانم، خۆم فریو نادەم بە ڕابردوو و داهاتووەوە، ئەمە منى دوورخستەوە لەوەى شیعرى خۆسوورکردنەوە و هەڵوێستى دروستکراو بنووسم. ئەدەبێکى بە کاکڵ و زیندوو لە گومانى ناڕوونى ڕابردوو و داهاتووەوە بەرهەم نایەت. لەم لێوردبوونەوەوە هەستم بۆ ژیان و هەڵبژاردنى شتەکانى دەوروبەر هەڵوێستى وەرگرت. شەپۆلى هۆشیاری لە ناخمدا خۆى هەڵاوێشت و بەڵگەى ئەوەى پیشان دا، لە ناختدا پەیامبەرێک خوڵقاوە پێویستى بە دەربڕین و نووسینى کتێبێکە بۆ هەمووان.

لەو خرۆشانەى خەون و واقیع و ژیان داوایان لە گیانم کرد، پێویستە کۆمان بکەیتەوە، خاڵى بەیەکگەیشتنمان شیعرە. فەزاى زیندووى پەیامبەریەتى لە بوونم ڕسکا. گۆڕانێکى ڕیشەیى لە ڕوانینە سەرەتایییەکانم بەرپا بوو، بەڵام لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گیانیى یەکەمین ئامادەبوونى نووسین لە سەلیقە و چێژمدا چەخماخەى دا. خۆى وەک کاتێکى بەرجەستە لە بینین و نووسین پیشان دا. ژیان و مەرگم لەناودا کردە سەرمەشقى پایەداربوون.

سروشتى دەربڕینیش دەگۆڕێن، هەندآ جار واقیع و ژیان جێدەهێڵم و دەچمە ناو خەون. هەندآ جارى دیکەش خەون جێدەهێڵم و دەچمە ناو جوانییەکانى واقیع و ژیان. ئەم جێگۆڕکێکردنە بیرکردنەوە و گفتوگۆ و بینین و دەروونم ئازاد دەکەن و دەچمە ناو کەشى نووسین. واتە: دۆزینەوەى واقیعى نووسین. نووسینیش لە هەموو شوێنێکدا هەیە. تا لە بۆشایییەکانیش پێویستە شاعیربم، لە مردنیشدا وەڵامى پێداویستییە شیعرییەکان بدەمەوە. سوپاس بۆ خودا چارەنووسى لەدایکبوونم لە وڵاتێکدا بووە، شیعرى تێدا خۆشەویستە.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

ڕەخنە

نووسین لەبارەى دەقەکانم ڕێکخراون، ئایە بوونەتە هۆیەک لە دید و دیدگایانەوە بە خۆمدا بچمەوە، ڕەخنە ئامرازێکە بۆ باش تێگەیشتن لە ئەدەب، جۆرە سەرلێشێوانێک بۆ خوێنەر بەدى ناهێنێت. سەربەخۆیى دەق و خوێنەر گرینگە، کردەیەکى شارستانى و زانستییە، ڕۆشنبیر سەداسەد خۆشحاڵە پێى، بەڵام لەو ڕەخنانەى وەک مەبەست ڕایدەکێشمە ناو ئەو نووسینەوە یەکێکیانم بۆ دەستنیشان نەکرا پسپۆڕانە لەناو دەقێکم بە پرۆگرامێکى ئەکادیمى، یان خەیاڵێکى داهێنەرانە کارى کردبێت و بەشێک لە کردەى ڕەخنەییى لەناو خۆیدا هەڵگرتبێت. کەم ئەزموونى و کەم و کورتیى دەقى منى خستبێتە بەردەم کۆمەڵێک نیشانە، یان خوێنەرى خستبێتە خوێندنەوەیەکى تایبەتییەوە، کە پشت بە میتۆدەکانى ڕەخنەگر ببەستێت.

ئەو دیاردانە وامان لێ دەکەن بپرسین، ئەرآ ئەم نووسینانە بۆ ڕێکدەخرێن. هەقیقەت لە کوێیە. ئایە هیچ لەو نووسەرانەى، کە ڕۆشنبیریى خۆیان ئامادەیى لە نووسینە ڕێکخراوەکەدا نەبینیوە، توانیویانە پەیوەندییەکانى نێوان دەقەکانم بخوێننەوە و خۆیان تێیدا ئامادە بکەن بۆ کارێکى زانستییانە، کە تواناى مانەوەى هەبێت، خاڵێک، یان چەند خاڵێکى قەناعەت پێکەر بخاتە ناو گفتوگۆوە، کە مەترسى بێت بۆ ئەو بیروڕا هونەرییانەى من پێشکێشم کردوون، ئاراستە و بڕواى ئەدەبى منیان پێکهێناوە.

ڕەخنەگرانى ئەکادیمى و خەیاڵ ساغیش، توانیویانە پانتایییەکى هەمیشە ئامادەى ئەزموونم پیشان بدەن. هەستیارییەکى قووڵى تێدابێت لەناوى ئاسوودە بیر بکەمەوە و پەیوەست بم بە خەونى نووسین. هەمیشە بڕوایەکى پتەویشم بە جیهانى منداڵییەوە هەیە. ئەو هەستە پاکەى لە گیانى منداڵیەتى پەروەردە کراوە. هەمان هەستى پاکیش لە سروشتدا دەجووڵێت. منداڵى و سروشت ناوەندێکن لە هەموو لایەکەوە بۆیان دەچم.

لە پەیوەندییە برادەرییەکانم بە هەموو هەستەکانمەوە ڕێز لەبەرانبەر دەگرم، کەچى زوو لەوە حاڵى دەبم بەرانبەر پێویستە وەک گوێزێکى پووچ لە لێژاییدا فڕآ بدرێت. چۆلەکە پشت و پێش و تەنیشتى خۆى دەبینێت. خاوەنى بینین و مەودایەکى بێشوماریشە. بە پێچەوانەى چۆلەکە یەک ئاراستەى بینینم بۆ ژیان هەیە. ئاراستەى بینینى هەقیقەت و بەرزایی ڕۆشنبیرى و داهێنان، پەیڕەویشى دەکەم. چ زیانێکیش بەو هۆیەوە پێم بگات پێى زەرەرمەند نابم.

دیاردەى بێزراو لە ئەزموونى شاعیریەتیى من بیندراوە، هەبووە بە نووسینێک بردوومیەتە کەشکەڵان، دواى ماوەیەکى ئێجگار کورتیش هەر خودى هەمان کەسى خاوەن ئاراستەى کەشکەڵان، بوونى ئەدەبیمى ڕەت کردووەتەوە، کە ئەو ماوە ئێجگار کورتە ناتواندرێت وەک گۆڕان و ئەزموون لە دید و دیدگا تەماشا بکرێت.

ئەگەر نووسەر خۆى لە ئەنجامى ئەزموون و کارکردنى لەناو ئاماژە ئەدەبییەکاندا گەیشتبێت بەو دوو ئاراستەیەى کارکردنە و هاتبێتە سەر ڕۆشنایی باوەڕێک، وەک ئاکامى وەرچەرخانێک بیر لە ئاستەکان دەکەمەوە و پێى خۆشحاڵ دەبم. ئەگەر مایەى سوودوەرگرتن بێت، سوودیشى لێ وەردەگرم، بەڵام ئەگەر لەژێر چاوڕوونى و ڕازیکردنى دژەکانم ئەو هەڵگەڕانەوەیەى کردبێتە داو و هێڵێک و کردەى نووسینى بەدوادا ببات، لەوانەیە بتوانێت لە ماوەیەکى ئێجگار کورتدا بە چەند ئاراستەیەکى دیکەشدا کێش و نیشانە و ئاراستەکردن وەربگرێت. کارى ڕەخنەگر لەسەر ئەم پایە دەوەستێت سەنگى ئەدەب لە ڕۆشنبیریى کوردیدا دەربخات. هەندێک نووسین لە ئاستى هەرە بەرز ڕایانگرتووم. بێگومان ئەمەیان زێدەڕۆیى تێدایە. هەشە بە شێوەیەک دایپڵۆسیوم لە نزمترین ئاستى ئەدەبى دیاریکراوى کردووم. ئەمەشیان بێگومان ونکردنى ڕۆشنبیریى تێدایە.

خۆشم لەو دوو بەرەى دژ بەیەکە باش حاڵیم، داهێنان لەو پاداشتە نییە، کە لە ڕەخنەگر، یان هێزى باڵادەستى سیاسی وەردەگیرێت. خورپەى دڵ فەرمانڕەوایى بەردەوامیى داهێنانە. دیارییەکە خودا و زمان ئەو خورپەی دڵەمان دەدەنآ و ئاشکراى دەکەن.

هیچ ڕستەیەک لەبارەى نووسینێک نامدرەوشێنێتەوە، ئەگەر هەست و دەروونى نووسەرەکەى تێیدا ئازاد نەبێت تا سەر ئێسکان گیر بخوات لە خوڵقاندنى دوو دیوى و کلکایەتى، لەگەڵ هەموو نووسینێکدام، تەنیا لەگەڵ ئەو نووسینەدا نیم ڕک و بوغز و تاکتیکى سیاسەت تێیدا دەستەڵاتدار بێت. ئەو نووسینانە هۆشیاریى ڕەخنەیان تێدا بەکار نایەت. زیاتر چاودێرى نووسین و هەڵکووتانە سەر و پەلاماردانن. ئەمجۆرە ڕەتکردنەوانەش تەنیا شکست بۆ خاوەنەکەى تۆمار دەکەن. شکستییەکەش دەبێتە بابەتى لادانى ڕەخنە لە میتۆدە ڕەخنەیییەکان و ئەم و ئەو ڕازیکردن لەسەر ڕەنجى ئەو دەقانەى خاوەنى هەقیقیترین بنەماى شیعرییەتن.

هەندێک لە نووسینى بێزراو بە شێوەیەکى گاڵتەجاڕانە ئاماژەیان بەو وێنە شیعرییە: (شەمەندەفەر گوڵەبەڕۆژەى مێژوو دەکرتێنێت) داوە.

لە ئایندەشدا گاڵتەکردن بە ئەزموونى سەرکێشان بەردەوام دەبێت. پێش منیش گاڵتە بە ئەزموونى سەرکێشانى دى کراون، دواتریش بوونەتە هێمایەکى ڕوون و زۆر درەوشاوە. نموونە: گۆران، کە توانیویەتى سیماى داهێنانى تاقانەى خۆى دەربخات، چووەتە ناو هەندێک کۆڕ و کۆمەڵ، نیمچە ڕۆشنبیرى کەم ئەزموون و ناڕۆشن بە: (هەلوور بەلوور تەکامە- زەرد و سوور و شەمامە) تانەیان لێداوە. لەبەر ئەوەى شیعرى لە دەرەوەى ژیان دەرهێنا و کردى بە ژیان، ئاسۆ و دوورى و پانتاییەکیشى بۆ خوێنەرى نموونەیى جێهێتشت. ئەم دەربڕینەیان وەک بەهانەیەک دەهێنایەوە، کە لەسەر ئەم کێشە خۆماڵییە سیماکانى شیعرى کوردى دەرخستووە و بە کارامەیی و وردى هەوڵى تێگەیشتنى کێشە خۆماڵییەکانى داوە، من لێرەدا سەرنجەکانم دەرخستووە و لێم نەکۆڵیوەتەوە. واتە: ئەم دەڕبڕینەم تەنیا بۆ ڕوونکردنەوەیە . بەهەرحاڵ ئەرآ ئەو ڕێزدارانە کآ بوون و لە مێژوودا چییان پآ کرا. لەمڕۆدا ئێمەمانان چەندیان دەناسین، وەک ڕەگ و سەرچاوەى چێژبەخش پەیوەندییە نادیارەکانى خەیاڵکردن و بیرکردنەوەمان لێک ئاشکرا بکەن. لە لێکجیابوونەوە و پێکەوەبوونیانیش هاوگونجانێک نیشان بدەن، یان لە پانۆراماى داهێنان لە کوێندەر دەستنیشانیان بکەین. ئەوانەى هەقیقەتى داهێنانى مەزنیان زانیوە ئەوە دەزانن، کە (گۆران) توانى دیوانى نوێبەخشى شیعرى کوردى بنووسێت، لەگەڵ تێپەڕینى ڕۆژگار پێگە و ناوبانگ و شاعیرییەتى زیاتر بدرەوشێتەوە لەوەى، کە خۆى لە ژیاندا مابوو، هەیبوو. کەواتە: بەرهەمهێنانى شیعرى بێگەرد ئەفسوونى هەموو سەردەمەکان و بەگەڕخەرى هێزى ژیانە. لێکدانەوەى شیعر، یەک لەو گوناهانەیە، کە لێخۆشبوونى بۆ نییە، لە لەدەستدانى ئەزموونى ئێستێتیکاى بەشێک لە نووسینى کوردى، لە لێکدانەوەى ئەم وێنە شیعرییەم داواى بووردن لە گیانى بەهێزى ئەم گوناهە دەکەم، ڕەنگە خوێنەر هەندێک جار تێگەیشتنى بۆ دەق بگاتە ئاستى تێگەیشتنى نووسەرەکە و قووڵتریش بچێت.

دەقى من کەم تا زۆرێک هۆشیارییەکى جیاکارى هێناوەتە گۆڕآ و لەناو کولتوورى کوردییەوە هاتووەتە بەرهەم، ڕەنگە هۆیەکەشى ئەوەبێت ویستبێتم لەناو ئەم کولتوورەدا هەوڵ بۆ خۆبوونى خۆم بدەم. ئەم وێنەیەش بەرهەمى بیرى گەرمى منە، خەیاڵى شاعیرییەتیم لە هێنانە پێشەوەى منداڵى تاقى کردووەتەوە.

یەک لە جەژنەکانى هەفتایەکان، جەژنانەکانم پەنجا فلس بوو، لەگەڵ یەک لە کوڕەکانى مامم چووین پەنجا فلسەکەمان خستە سەر هێڵى ئاسنینى شەمەندەفەر بەو نیازەى، کە بەسەریدا بڕوات پەنجا فلسەکە گەورە دەبێت و فۆرمى سەد فلسى وەردەگرێت. بە ئەنجامى ئەو کردارە دەتوانین چێژ زیاتر لە جەژن وەربگرین. کەچى بە شێوەیەکى وا هەردوو دیوى پەنجا فلسەکەى سڕییەوە شوێنەوارى پارەى پێوە دیار نەما. جا شەمەندەفەر لە چێژى جەژنێک بێبەشى کردووم و چێژى ساتێک لە منداڵیى کوشتووم و نەفەسبڕ دنیاى ئەفسووناوى دەستکارى کردم.

لەم وێنەیەدا سڕینەوەکەم وەک کاردانەوەیەک کار پێکردووە و جووڵاندوومە. بەلاى زۆرێک شەمەندەفەر هۆى گەیاندن و گەشت و خۆشحاڵیی و بڵاچەى ئاواتە، بەڵام لە دید و دیدگاى ئەو کاتى من وەک دڕندەیەکى ترسناک تەماشا دەکرا، هەروەها وەک وێنەیەکى ڕووبەڕووبوونەوە و گرژبوون بەکار براوە. شەمەندەفەر هاوتا کراوە بە کەسایەتیى دیکتاتۆر و جووڵێندراوە، کە هۆى نەشونماکردنى ژیان و زمان و نیشانە دەسڕێتەوە و دەوروبەرێکى نالەبار و بەربەستە بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن.

هێزى خود لەم وێنەیەدا دەسەڵاتدارە، دەقئاوێزانییەکى نیشانە ناسیشم لە نێوان هێزى نووسین و هۆشمەندیى کۆمەڵگادا دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەى ئەم دەقئاوێزانییە لە کێشى ڕەخنەنووسێک نییە، کە خاوەنى پرۆژەى دۆزینەوە نەبێت.

شوێن و هێما و هێزى خودی چالاک لە دەربڕینەکانمدا وێنەیان زۆرە، بەڵام تا بڵێى پڕ سرووشى هەمەچەشنى مرۆڤ و شێوە و شێوازى تەقینەوەى خێرا.

لەبارخراپیى کێشە و گرفتى ڕەخنەى ئەدەبى کوردیدا، هەندێک لە نەوەى پێش خۆم و نەوەى دواى خۆمى گوێڕایەڵیان، بەهەوڵى گرووپێکى لێک نزیک، نووسینم لەبارە ڕێکدەخەن. بە ئاشکراش کار بۆ ئەم هاوکارییەیان دەکەن. گرووپ دووبارەکردنەوەى ڕەفتارى خێڵایەتییە، بەهەمان جۆر و دەستوورى سەلەفییانە بەڕێوە دەچێت. هەر خەوندیدەیەک ئەفسانە و ناوەندێکى زاڵ و کاریگەرە لە نووسیندا، ئەو ئەقڵییەتە کۆنخوازانەى بڕوایان بە بیرکردنەوەى ئەوى دى نییە. ترسى هەڵوەشانەوە وەک عەلیشیشى گیڤبووەوە دەیانباتەوە ناو قەبارەى سروشتیى خۆیان. کەواتە: دژایەتیکردنەکە بە سروشتى و تۆمارکردنى ناکۆکیى ئەوى دى وەردەگرم. نووسەر بینینى ژیان و سەیرى دنیاکردنى، بووە کۆنترۆڵکردنى ئەوى دى، لەگەڵ دەروون و بیرکردنەوەى خۆى گەییوەتە کۆتایییەکى بێزراو. نووسەرێکیش لەگەڵ خودى خۆى گەیشتە کۆتایى، گوڕنەتەڵە و مردۆخە، پێویستە بچێت داوا بکات لە خانەى پیر و پەککەوتووەکان ناونووس بکرێت. بگرەوبەردەم لەگەڵ ئەوى دى نییە، بینینى ژیان و سەیرى دنیاکردنم لەگەڵ دەروون و بیرکردنەوەى خۆمدا، هەمیشە لە ئەزموون و نیشانە ناسیدایە. گرووپ دەستکردى دەسەڵات و هێزى باڵا دەستى سیاسییە. کار پێکردنیشى بە نیازى ڕآ پآ بزرکردن و دووچارى گرفتکردنى ئەوى دى، خۆى ترسێکى کەمەرشکێنە لە ئەزموونى پڕ شایەن بە ئاماژە، باوەڕ پتەویشم بەهێزى خەونبینیم بۆ نوێبەخشى، وا دەبینم یەک یەک دەگلێن و ڕووبەڕووى داهێنان شەرمەزار و چاو بەرەوژێر دەبن. خاوەن پرۆژەش دەبێت بە خاوەنى ئەو سەروەرییە بێدەنگەى کە دەقە، هەروەها جیاکاریى نەوە جیاکارەکانیش بە دیاردەیەکى تەندروست دەزانم و ڕێزى لێ دەنێم، بەڵام بێز لەو بارە ناسروشتییە دەکەمەوە لەسەر بنیادى ڕوانین دروستى ناکەن و ئیرەیى و حوکمى پێشینەى بآ سوود بەڕێوەى دەبات. بە هیچ جۆرێکیش بیرم لەوە نەکردووەتەوە هێڵى هاوبەشى خۆم لە شیعرى کوردیدا جیا بکەمەوە، بەڵام هەردەم ئەو بیرکردنەوەیە دەمخواتەوە، کە هەنگاوێکى چوست و بنچینەیى دیکەبم لە ئەزموونى قەناعەت پێهاتووى خۆم. لە هەموو ناوەندێکى بە گێچەڵیش دوور دەکەومەوە، سەرگەرمى بەدیهێنانى خەونى نووسین دەبم، جۆشێکى خۆڕسک و لەخۆوە و باشم بۆ خوێندنەوە و نووسین لا پەیدا بووە. لەگەڵ ئەمەش: سەرجەم ئەزموونى هیچ شاعیرێکى کوردم بەدڵ نەبووە، بەڵام شیعرى تاک تاک و هەڵبژاردەم بەدڵ بووە و ماچم کردووە. ئەم بارەى خۆم بۆ ئەزموونى ئەوانى دى، بەهەمان چەشنیش لای ئەوانى دى بۆ ئەزموونى خۆم بە ڕەوا دەزانم.

لە سەرجەم دەقەکانیشدا ئاراستەیەکى خەونیم دەربڕیوە، خەون سرووش و سروشتی پێغەمبەرانە خودا دەیدات بە کەسی پەیامدار. من وەک کەسایەتى، خەونێکم لە شیعرەوە بەرهەمهاتووم، خەونیش ڕادەگەیەنم. نادیارییەک لە خەوندا هەموو گەمارۆکانى شکاندووە، نووسین ڕاوى ئەو نادیارییەیە. خەون درەوشانەوەى واقیعە، زمان لە دەقى خەونیدا ئامرازى گەیاندن نییە، ئامرازى سرووش و چالاکیى وێنە و ناسینى ڕەنگەکانە. ئاسانە بگەیت بە ئەوى دى، بەڵام ئاسان نییە بگەیت بە خودى وریاى خۆت، کە گەیشتی بە خودى وریاى خۆت، دەرەوە و ئەوى دى بەلاتەوە دەبنە شتێکى لاوەکى، یان زۆر لاوەکى. گەیشتووم بەو قەناعەتە ڕەهایە،  تەمەن و کات هەر هێندە بار و بوار و ماوەم دەدەن بزانم من چیم لە ژیان دەوێت، بە گرینگیشى نازانم، بزانم دەرەوە و ئەوى دى چییان لە من دەوێت.

ئیلتیزامم بە بڕوا هونەرییەکانى خۆمەوە هەیە، کولتوورى تایبەت بە خۆشم هەڵبژاردووە و کارى پێدەکەم. هەستیش دەکەم کۆمەڵگاى ئێمە چووەتە ناو نەریت و ڕابردوووەوە، پێویستە دەربهێندرێت، مانەوەى تواناى هەڵدەبزڕکێنێت و زیان بە گەشەسەندنى دەگەیەنێ و خەمڵینى دوا دەخات.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

خوێندنەوە

شێوازى خوێندنەوە بەشێک لە بەهاى چێژى لەناو خۆیدا هەڵگرتووە، سەرەنجام ئەم گواستنەوەى چێژەش دەبێتە بەشێک لە ڕۆشنبیریى گوێگر.

شیعر وەک دەق، شیعر وەک شێوازى خوێندنەوە. دوو یەکەن لە یەک سەرچاوەوە پەرەیان نەگرتووە.

وەک دەق دەسەڵاتى جوانى و بیرکردنەوە لە چێژدا دروست دەکات.

وەک شێوازى خوێندنەوەش، دەنگ و جووڵە و هێماکانى دەست و ڕوخسار ڕۆڵى جوانى و بیرکردنەوە دەگێڕن و دروستى دەکەن.

ئەزموونى شیعر خوێندنەوەى ناو هۆڵ و بەر میکرۆفۆنم هەیە، بەڵام شێوازى خوێندنەوە و دەنگ و جووڵە و هێماکانى دەست و ڕوخسارم پەیوەندیى خۆى لەگەڵ گوێگر نادۆزێتەوە، نەتوانینى گواستنەوەى مانا و جوانى لە نائاگاییم دەجووڵێت و مەوداکانى بیرکردنەوەى خۆم لەگەڵ مەوداکانى چێژى گوێگر سەرچاوەکانیان تا ڕادە و ئاستى ڕژانە ناویەک لێک نزیک نابێتەوە.

شیعر شوێنى ڕاستەقینەى گرتووە. چڕبوونەوەى چێژى کۆمەڵگاى کوردیش لە شیعردا بووەتە ناوەند. هیچ هونەرێکى دى هێندەى ئەم بەشە پەروەردەى چێژى کۆمەڵگاى نەکردووە. هەندێک خورپەى بزربووى ناخ هەن، ڕەگەزەکانى دیکەى ئەدەبى نایدۆزنەوە. تەنیا شیعر لەبارى درەوشانەوەیدا دەتوانێت بیاندۆزێتەوە. نووسین و هونەر ئاراستەیان بەرەو ژیان و چێژە، بەڵام کردەى داهێنانى پەتى، ستایشى ژیان نییە لە پێناوى چێژدا، تێڕوانینى نوآ لەبارەى ژیان و چێژ دەخوڵقێنآ و دەیکاتە قەناعەتى مرۆڤ، مرۆڤى نوێبەخش و بەخشندەش ڕازەکان دەدۆزێتەوە.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

تێپەڕاندن

بە هیچ شێوەیەک بڕوام بە تێپەڕاندن نییە، بگرە بڕوام بەگۆڕان و جیهانبینیى جیاکار هەیە. تا ئێستاش نەمتوانیوە بڕوا بەوە بهێنم (نالى)، (باباتاهیر)ى تێپەڕ کردووە، هەروەها (گۆران) جەستەى شیعرى کلاسیکى بەتەواوى جآ هێڵاوە. ئێمەمانانیش خاڵى جیابوونەوەى ڕەهامان لەگەڵ نەوەى پێش خۆماندا نابێت. دەقئاوێزانییەکى بەهێز لە نێوان هەموو نەوەکاندا ئاشکرایە و لەوانەى دواى ئێمەمانانیش بەردەوامى دەمێنێت. وا دەبینم هەر ڕۆژ و ڕۆژگارێک جیهانبینیى خۆى بەسەر کەسى خاوەن جیهانبینیى ڕۆشنکەر و هێماى هەمەچەشن دەسەپێنآ. وەک چۆن هەموو وەرزێک بە فراوانى سەیرى ئاو و هەواى تایبەت بەخۆى دەکات و دەیسەپێنێتیش، ئەم ئاو و هەوایەش کەم و زۆرێک کاریگەری بە بارستى خۆى بەسەر نەشونماى درەختەکان جآ دەهێڵێت. ئەوەى تێبینیم کردووە نەوەى پێش ئێمە ستوونى ژیانیان هێنایە ناو شیعر و ئەزموونیان کرد. ئێمە ستوونى و ئاسۆیى و بازنەیى ژیان و خەیاڵ و خەونمان هێنایە ناو شیعر و فراوانتر ئەزموونمان کرد و درەوشاوە و دەوڵەمەندتر ناساندمان.

نەوەى دواى ئێمەش کۆمەڵێک جیهانبینیى زیاد دەکەنە سەر قۆناخى شیعرى ئێمە. ئەمە یاساى ژیانە و دەبێت قبووڵمان بێت. قبووڵکردنى ئەم هەقیقەتە ناوەندێکى چەسپاوە لە بڕوابەخۆبوون و هەقیقەت بینین و دیاردەکانى پەیوەندیدار بە چییەتى بوونەوە.

پرۆژەى تێپەڕاندنم نییە، زیاتر خەوندیدەى پێکهێنانى هێڵ و هێماکانى خۆمم، شیعرییەت سیماى ڕوونى گشت نەوەکانە و شانەیەکى زیندووى زۆر قووڵە لە جەستە و پێکهاتەى مرۆڤدا.

دەقئاوێزانى دەتگەیەنێت بە فۆرمى ڕۆشنبیری و بیرکردنەوەى چالاک و دەتدرەوشێنێتەوە. ئەگەر ڕۆشنبیرییەک دەقئاوێزانى لەگەڵ گیانى بەهێزى ڕۆشنبیریى دنیا نەهێنێتە ئاستى هەست پێکردن، نەیتوانیوە لە پەیوەندی و گفتوگۆ و بیرکردنەوەى ئەوانى دیکەدا، ببێتە کەسایەتییەک بتوانێت زانستى ژیان کۆ بکاتەوە. ڕۆشنبیرییەکیش نەتوانێت ببێتە کەسایەتییەک. زانستى ژیان کۆ بکاتەوە، لەناو ڕۆشنبیریى دنیا خەیاڵى باش بەڕێوە نەچووە.

لە بەرزبوونەوەى هێڵى هونەرى دەتوانێت لەناو ڕۆشنبیریى دنیا نیشتەجآ بێت و لە گەڕان بۆ بنەڕەتیش چالاک و بەرهەمدار بێت، خەسڵەت و ئاسۆى خۆبوونى بدۆزێتەوە. چرکەساتى ئاسۆى خۆبوونیش، چرکەساتێکى گەرم و ئاسوودە و چڕە لە ژیاندا.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

بەهرە

لە دامێنى هەر دەقێکم، مێژوویەک تۆمارکراوە، بڵێى بڕوام بەوە هەبێت نووسین هەڵچوون و کاتى تایبەتییە، یان بەهرە و سرووش ماوەیەکى دوور و درێژ بەردەوام بەشدار و هاوکارم بن لە نووسینى بەشە پێکهێنەرەکانى دەق. لەو تەمەنەى نووسینمدا، کە نزیکە چارەگە سەدەیەکە بەکامى دڵ لەناو سنوورەکانى لە هاتوچۆدام. ڕاوى چەند دەقێکم کردوون، ئەوانەى نووسیویشمن هێشتان لە نووسینیان تەواو نەبوویمە و نەگەیشتووم بەدوا داڕشتنیان. بڕواشم وایە بەهرە و سرووش کار لە ئامادەبوونى نووسەر دەکەن بۆ کەشى خرۆشان، بەڵام وەک هاندەر و خورپەیەکى شاراوە نەک شتێکى بنەڕەتى و تەواوکەرى بنیادى بەردەوامیى نووسین، لە نووسیندا زیاتر تێڕامان و خەون و ئێستێتیکاى ویژدانى بە پلەى یەکەم کاریگەرى و بەشداریى بەردەوامیم دەدەنآ. ناخى وریام ئامادەى بنیادى بەردەوامیى نووسین دەکەن.

سەرەتاکانى نووسین لە هۆشیارى و یاداشت و خەونمدا ئامادە دەبێت. چاوەڕوانى کەشى نووسین دەکات. لەوانەیە ئەم کەشە چێژبەخشە شکۆ و بەهرە و سرووشى نووسین بێت و بنەماکانى بەڕێوە ببات. تا ڕادەیەکى زۆر باش نووسین پێویستى بە ژیرى هەیە، تا دەستت بەسەر ئامرازە هونەرییەکاندا بشکێت و ئەفسوونى نووسین بەهۆى بەهرەیەکى پەروەردەکراودا بەجآ بهێنێت.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

خوێنەر

لەناوەوەى خۆم بە بۆچوون و تێگەیشتنى زاهیدێک ژیانم هەڵبژاردووە و بە چاوى دەمار و خوێن و پشت سەیرى شیعرى کوردى دەکەم و شیعرى: زمان و ئێستێتیکى و مرۆڤدۆستانەشم خۆشدەوێت، شیعر هەڵگرى وزەى ژیانە. لەناو شیعریشدا ژیان دووچارى نەسرەوتن و هەندێک جەنگى پێویستى کردووم. بوێرییەکانى ڕووبەڕووبوونەوە بەرانبەر ئەو مەترسییانەى لە لەناوچووندا دەبن بە هەست، کتێبى دەگمەنن هەوڵ دەدەم تێیان بگەم، دواجاریش بیاننووسمەوە، ئەو ژیانەم لا جوان و پەسندە، هەست و خەون لەناو دەقى شیعریدا دەیکەنە ئاماژە و ئاخاوتن. لە ئاخاوتندا لە خاڵى هاوبەش نزیک دەبینەوە، یان دەگەین بە وەڵامێک بۆ ئاخاوتن. خەون و یادەوەرى لە سێبەریدا بە یەکترى دەگەن و دەبن بە واقیعێک لە واقیعەکانى بوون. لە نێوان پەسندکردن و ڕەتکردنەوەى خوێنەرانى هۆشیار و خوێنەرانى ئاساییدا نووسین لەکوآ خۆى دەدۆزێتەوە. جیاکاریى نێوان خوێنەرى زۆر و جەماوەر ئاشکرایە. قۆناخى شیعرى کلاسیکى کوردى پڕ خوێنەرە، بەڵام جەماوەرى نییە.

ئەو مشتومڕە لە نهێنیى ئەو دەقانەدا بە دەست دەکەوێت، وەک سەرچاوەى چێژبەخش پێویستمان بە خوێندنەوەیانە. پەیوەندییەکى دڵخۆشکەریان لەگەڵ مووچڕک و تەزوو و خورپەى شاراوەى ناخ پێکهێناوە.

من یەک بەبارى خۆم، کە پەستى دامدەگرێت و لە هەموو دنیا بآ ئومێد دەبم پەنا بۆ دیوانى: مەحوى، یان دیوانى: حاجى قادرى کۆیی، یان دیوانی: گۆران، یان دیوانی: دیلان.....تاد، دەبەم، ئامادەم دەکەنەوە بۆ گرینگیدان بە هەموو بوارەکانى ژیان،  یان دەگەمە فۆرمى گەیشتن بە هەموو شتەکان و ناخى خۆم. هەر هەموو ئاستێکیش ڕێز لە ژیان دەنێـت و هەوڵى بەرەو پێشەوەى و ئایندەى باشتر دەدات، هەریەکیش بە تێگەیشتنى خۆى چێژى لێ وەردەگرێت. نووسەریش لەسەر بنەما و فراوانبوونى مەوداکانى زمان و هێشتنەوەى بە زیندووێتى ئەو متمانەیەى دەبێتە خەونێکى بەدیهاتوو، لە خەونەوەش دەست پێدەکاتەوە. من خەونم هەیە، لە خەونەکانمدا دەست پێدەکەمەوە و دەچمە ناو مەوداکانى بیرکردنەوە و نووسین.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

وشە

وشەى: خەون و منداڵى و مردن، بێئاگاییم دەجووڵێنن و لام دووبارە دەبنەوە، دەبێت لە پەرەسەندنى خۆیاندا قسەم لەبارەیانەوە هەبێت و چوارچێوەیەکیان بۆ بگرم، فەزا و ڕەگەزى ئەم وشانە دیدگاى منیان دیل نەکردووە، زیاتر بەلاى خۆیاندا بەکێشیان کردووم. لەناو مندا ڕەگیان وریایە و بەگەشەکردنم ناساندوون، کەشوهەوان بۆ ئەزموونى خەونیم، لە شیعردا ئیلتیزامم بە فەزاى بوونەوە هەیە، نەک فەزا و ڕەگەزى وشە. بوون لە دەقدا دەبێتە شەپۆلى مانا و جوانی و شیعرییەت. شیعرى من مەبەستى مێژوویى تێدا نییە. داڕشتنێکى بوونى و خەونییە. کار لەناو خەون دەکەم بۆ دروستکردنى جیهانبینى، خەون و منداڵى و مردن پرسیارى ئەزەلین، نەکراوە وەڵامێکى ڕەها بۆ پرسیارەکانى ئەزەلییەت بدرێنەوە، هەر وەڵامێکى دەبێتەوە کۆمەڵێک پرسیارى دیکە. دووبارە نیاز و کەڵکەڵەى گەڕان و دۆزینەوە گەرم دەکەنەوە، دەمانخاتە بەردەم ئازادیى دەربڕین، خەون و خەیاڵمان دەجووڵێنێت، دەکرێت ئەم پرسیارە دوابخرێت بۆ دواى کۆتایى زەوى، یان دواى دۆزینەوەى بزەى مۆنالیزا و بەختیارى تا هەتایى، بڕوا بە بەختیارى تا هەتایە، کاریگەرترین و بەپیتترین ناوەرۆکى مێژووى گیانى پێکهێناوە.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

لایەنگر

بەلامەوە گرینگە هەموو ئاستێک ببێتە لایەنگرى دەقەکانم، یان نا. بەهاى سەربەستى شوێنى نووسینى لە جیهان دۆزیوەتەوە، بە تەواوى ماناى سەربەستى، سەربەستیم لە جۆرى بیرکردنەوە و هونەرە جوانەکان و چێژى نووسین بۆ خۆم دابین کردووە، سەربەستى لەناو هەستیاریى نووسین دەتوێنمەوە، کەسى دووەمیش بەهەمان سەربەستى بەڕێوە دەچێت. منى وەک نووسین بەلاوە گرینگە، یان نا. ئەو قەناعەتەشى لا وێنا دەکەم بە هەموو تواناى گیانى و هێزى ئەقڵیمەوە ئاماژەکان بە دەربڕین و ناوەندى بەرهەمهێنان دەگەیەنم، بارێکى گیانیش لەناوەندى نووسین چێژى هاندانم دەگەیەنێتە پلەى توانەوە و تێکەڵاوبوون بە زۆرێک لە شتەکان. هەوڵیش دەدەم ژیانی چێژدار و بەجوانى پەیوەست بخزێنمە گیانى ئادەمیزادەوە. ئادەمیزادیش بگەڕێنمەوە بارى یەکەمین فڕین. ئێستێتیکاى هاوبەش و ڕۆشنایییەکانى ناو دەق دەکەمە هونەرى لێکدانەوە و تێگەیشتن بۆ پەخشکردنەوەى ڕۆشنایییەکانى خەیاڵ و ئەندێشەى وەرگر. وابەستەى کولتوورى پڕ چالاکیى کوردیم، ئەو کولتوورەى پەیوەندیى بەهەر هەموو کۆمەڵگاوە هەیە. بەرهەمى هۆشمەندییەتى، کەواتە ئێمە ناوەرۆکى گشتیى کولتوورین. تێکۆشانێکى سەخت دەکەم، ناوەرۆکێکى دەوڵەمەند و بە پیت و فەڕ بم.

کولتوور بەو بارە زیندووەى خوڵقاندوویەتى، بەناوبانگترین جۆرى دەربڕینى ڕۆشنبیرییە. تا پاشەڕۆژێکى دووریش هەر بەو شێوە چالاکەى دەمێنێتەوە. مامەڵەى من لەگەڵ نووسیندا مامەڵەى ئیماندارە لەگەڵ خودا و سەرچاوە. خودا و سەرچاوەش دەبنە پرسیار و گفتوگۆ، پرسیار لە چییەتى بوون و نەبوون و شوێنەزا. دواجاریش دەمەوێت بزانم ئەو دۆزینەوانە چین، کە پێیان گەیشتووم، پرسیار و گفتوگۆمان چۆن بوونەتە یەکانگیربوونەوەى ئاسۆکانى ناوەند و نووسینیان لێوە درێژ بووەتەوە.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

شێواز

جوانى لە سادەیى و قووڵبینییەوە دەخوڵقێت. لێڵیش شتە سادەکان لەناو دەبا و دڵى جوانى تێدا هێور ناکرێتەوە. لە بەشێک لە بەرهەمى هەشتایەکانم لە بنیادى قووڵى تەمومژدا کارم کردووە، تەمومژ لە ئەنجامى جوانیى زمان دروست دەبێت، لێڵیش لە ئەنجامى بنیادى ڕووکەش و هەڵەى زمانەوە.

نموونە: بێزمانێک دەچێتە لاى مرۆڤێک، داوایەک دەخاتە ڕوو. بێزمانەکە لاى خۆى مانا و لێکدانەوەیەکى بۆ داواکەى هەیە و دەزانێت چى دەوێت، بەڵام لەبەر ئەوەى ڕوونیى زمانى نییە. ناتوانێت داواکەى لە بەرانبەر بگەیەنێت.

شاعیر هەن ڕوونیى زمان و جیهانبینییان نییە. لە دەروون و هەستى یەکئاستیى خۆیان مانایەکیان بۆ نووسینەکەیان داناوە، بەڵام ناتوانن ئەم مانایەیان بە شێوازێکى ڕوون لە بەرانبەر بگەیەنن، لێڵى ئەم نەگەیشتنەیە. ژیان خۆى پڕە لە شێوازی گۆڕان و جموجووڵ، تەنانەت ڕەنگى سروشتیش گۆڕان لە خودى خۆى پەروەردە دەکات. درەخت لە پارچە زەوییەکى بچووکدا کەشوهەواى نەشونما وەردەگرێت، هەموو ساڵێکیش گەڵاکانى خۆى لەناو دەدا و هێماى ڕوون و شێوازى گەڵا نوێیەکانى دەکاتە کردەیەکى ڕاست. یەک شێوازیش لە ئەزموونى خەوندیدە و وێڵى دۆزینەوەى ژیانى بە پیت و دەسەڵاتدار نابێت. مانەوە و کارکردنیش لەناو شێوازێک ڕایەڵ و تانوپۆى داهێنان هەڵدەوەشێنێتەوە، هەموو سەربەخۆیى و دەسەڵاتێکى کەلکێشیش زەوت دەکات، گیانى بەردەوامبوونیش دادەڕزێنێت. ئەو شێوازەى لەناوەڕاستى هەشتایەکانەوە ئەزموونم کرد، هەوڵم دا لەو ئەزموونەدا کار لەناو ماناى زمان بکەم و ماناى بابەت بمرێنم.

ئەزموونێک بوو، ویستە هونەرى و کەلکێشییە زمانەوانییەکانم تێیدا پێشکێش کرد. دواى ئەم پێشکێشکردنەش خواستى گۆڕان لەناوەوە هەژاندمى، هەستم کرد کارێکى دیکە هەیە بۆ کردن، دنیایەکى دیکە هەیە بۆ بینین و شێوازى ژیان. کاتێک ڕێگا بەخۆم دەدەم ئەزموونێک واز لێ بێنم و سەرگەرمى ئەزموونێکى دیکە بم، دیارە وەک ئەزموون گەیشتوومەتە دوا ئاستى و لام تەواو بووە، ئەگەر لەناویشیدا بمێنمەوە دووچارى خۆدووبارەکردنەوە و پێکوتە دێم، خۆدووبارەکردنەوە و پێکوتەش کەشى نووسینم لەبەرچاو دادەخەن، لەو بار و بوارەدا هێزى خود و ڕستە کاریگەرەکانى مرۆڤى نوێبەخشیش بۆ جوانى و ژیان بآ کاریگەر دەبن.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

ڕاگەیاندن

ڕاگەیاندن کەناڵ و ناوەندێکى خزمەتگوزارە بۆ کردەى ڕۆشنبیرى. لەناو ڕۆژنامەوانیى کوردیدا گەیشتووم بە ئەزموونى بەپیتى زۆرێک لە نووسەرانى کورد و سوودمەند بوویمە بە بیر و بۆچوون و فۆرمەکانیان. لەلایەکى دیکەشەوە هێندەى لە بەشێک لە ڕۆژنامەوانى بە ناهەق لەبارەى منەوە نووسراوە، هێندە بەهەق لەبارەى ئەهریمەنەوە نەنووسراوە. سەرەڕاى ئەمانەش بەبآ هیچ هۆیەک بە مەبەست و هەڵەى ئەنقەست ناوم لە لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتنە ئەدەبییەکان دەسڕنەوە. بەشێک لە ڕۆژنامەوانیى کوردى هەوڵى تێدا دراوە هەقیقەتى شیعرى من بشێوێنێت. لە ڕۆژگارى ژیاندا ئەوانەى لە چێژى باوخوازەوە تەماشاى ڕستە کاریگەرییەکانى ژیان دەکەن تاوانکارن، نوێبەخشەکانیش قوربانیى ئەو هێزە باڵادەستانەن، کە تاوانکاران دەجووڵێنن و ئامادەیان دەکەن بۆ بەجێهێنانى مەرام و تاکتیکە سیاسی و شکستە ئەدەبییەکانیان، دیمەنە سادە و کاریگەرەکانى ژیان وەردەگرم بە تێکەڵاوکردنى فۆرمەکانى گەیاندن چەند ئاستێکى زمانەوانیى شیعرییەتى تێدا دەکەمە ستوونى تایبەتکردن و درەوشانەوە. وەک دەقى بە ئەدەببوو دەیخەمە بەردەم کۆمەڵێک نیشان و پرسیار، شتە سادەکانیش بەردەوام لە سرووتى تایبەتى و دانایى لەناو خوڵقاندنى نووسین زانیاریى ویژدانى و گەرمایى هەستەکانن. بوونمان لەناو خۆیاندا لەپێناو ژیان و جیهانبینییەکى باشتر بەرجەستە دەکەن، تا لە ژیان کاریگەرى و کردەوەى خۆیان نیشان بدەن.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

تێڕامان

بێدەنگى لە قووڵایى نەزاندراودا پەیوەندیى دیکە لەگەڵ ژیان دەدۆزێتەوە، پەیوەندییە ساردبووەکانیشى لەگەڵ واقیع زیندوو دەکاتەوە. هەندێک شت لە واقیع وەردەگرێت، لە بیرکردنەوەى ڕێکى دەخاتەوە و ئامادەى گوتنى دەکات. پێکهاتەى سرووتى کەسایەتیم لە نیشتەجێبوون لەسەر زەمین بۆ خۆ گونجاندن لەناو سەرچاوەکانى ژیان وا هەڵکەوتووە. ئاخاوتن لەناو دەق دروست دەکەم. لە قسەکردن خودى ئامادەکراو دێتە پێشەوە، لە ئاخاوتنى ناو دەقیش ئەفسوونى خودى وریا و هۆشمەند. ئەگەر زۆر بدوێم، تێڕامانى ناوەوەم دەکوژێت و بنیادى ئامادەبوونى بەردەوامیى نووسینم دەشڵەژآ، ئەفسوونى خودیشم بەتاڵ دەبێت. زۆر دوان تەنیا بۆ کەسى سیاسی گونجاوە، بار و بوار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەوى دى دروست بکات، نووسەریش بار و بوار بۆ تێڕامانى تاکییەتى و هەستەکانى خۆى دەستەبەر دەکات. خۆم بە تێگەیشتن لە کرۆکى ڕۆژگار و بێباکى گرتووە، پرۆژەکانم بەهۆى زمانەوە پەرە پێدەدەم، نازانم ئەوەى نووسیومە باشە، یان نا. بەڵام بەو ڕاستییە گەیشتووم پێویستە لە هەوڵى تێڕامان و بێدەنگى بەردەوامبم.

بێدەنگى لاى من مانا قووڵەکانى خەون ئاگادار دەکاتەوە و پرسیارى ژیان و بوونى هەیە.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 

گفتوگۆ

هەمیشە خۆم لە گفتوگۆ و دیمانە ڕۆژنامەوانییەکان بەدوور گرتووە، ئەو دەسکەوتانەى لە بار و بوارى شیعرەوە بە دەستم هێناون، دەکرآ بکرێـنە جێگرەوەى هەموو گوتن و نووسینێکى دیکە. هیچ نیازێکى گوتنیشم نییە لە دیمانە ڕۆژنامەوانییەکان بیکەم بە ناوەندى دەربڕین و درکاندن. هەموو ساتە هۆشیارى و نهێنى و هەستکردنەکانى ڕایەڵ و تانوپۆى نووسینیان چنیوم لە هەناوم خۆیان ڕاپسکاندووەتە دەرەوە و لە دەقەکانم درکاندوومن. خۆ تەرخانکردنیشم بۆ بەرهەمهێنانی دەق بەلاوە گرینگ و ناوەندە. دەق بنەماى پەیوەندییەکان جوان و فراوان دەکات، فۆرمەکانى دەروونیش دەگۆڕێت. سەرەتا شتە گشتییەکان دەدۆزمەوە. دواتر گیانى بزێوى شتەکان دەنووسمەوە و هەستى تێدا دەخوڵقێنم.

نووسین و قسەکردن لەبارەى شیعر بە کردەى دۆزینەوە تآ ناگەم، زیاتر گواستنەوە و گەیاندنە. هەوڵ دەدەم خۆمى لێ بپارێزم، لەگەڵ ئەوەش لە هەموو بابەتێک پتر، تامەزرۆى خوێندنەوەى دیمانە ڕۆژنامەوانییەکانى شاعیرانى بە ئەزموون و ژیننامەى کەسایەتییانم.

تێڕوانین و زۆر وردبوونەوەش لە شیعر دەمانباتەوە بۆ سەردەمى لەدایکبوونى یەکەمین مرۆڤ. نووسین ناتوانێت لەبارەى یەکەمین مرۆڤ ڕستەیەک، تەنیا ڕستەیەک بەهێز بکات، تەنیا لەرزەى گیان دەتوانێت لەناویدا وردبێتەوە و بگات بەبارى تێڕامانى یەکەمین مرۆڤ.

زەبرێک هەیە ناوى مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆى دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.

 Image result for erfaring kunst

 

 

بازدید: 739