هاوڕێ یوسفی
به‌رهه‌م هێنان لای مارکس، ئیگلتۆن گۆته‌نی بیرهێنه‌ره‌وه‌ی هه‌یکه‌له ماسۆلکهییهکان و پیاوانی شه‌ڕاشۆ و شه‌ڕکه‌ر نییه. کاتێک مارکس له‌به‌رهه‌م هێنان وه‌ک جه‌وهه‌ری مرۆڤ ده‌دوێت به ته‌نها مه‌به‌ستی له قاڵبدانی گوشت و به‌سته‌به‌ندی کردنی نان به ده‌ستی کرێکارێک نییه.
ده‌رباره‌ی ماتریالیزم
چاوخشاندنێک به‌سه‌ر دووچه‌مکی کار و به‌رهه‌مهێنان له‌بۆچوونه‌کانی کارل مارکسدا
به‌رهه‌می هونه‌ری ته‌نیا ده‌سکه‌وتی کاری مرۆڤه و
له‌سه‌ر ڕوانینی مرۆڤ ڕاوه‌ستاوه و په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی ئه‌وه. (هێگل)
له‌هه‌وڵی بێوچاندا،
ئه‌وه هه‌نگه پێش تۆ ده‌که‌وێت،
لهکارامهییدا، کرمێک ده‌بێته مامۆستات،
له بوێری و زانست‌دا، له‌گه‌ڵیاندا به‌رابه‌ری،
به‌ڵام، هۆ مرۆڤ، ئه‌مه ته‌نیا تۆیت، که هونه‌رمه‌ندی. (شیللێر)
کارل مارکس له کتێبی ئایدیۆلۆژیای ئه‌ڵمانی دا ده‌ڵێت: یه‌که‌م کرداری مێژوویی[ئێمه] به‌رهه‌مهێنان و که‌ره‌سته پێویسته‌کانه بۆ به‌دیهێنانی پێویستییه مادییهکانمان. ته‌نیا پاش ئه‌مه دتوانین فێربین بانجۆ لێبده‌ین[ جۆرێک ئامێری مۆسیقایی ئه‌فریقییه]، شیعر بڵێین و به‌سه‌ر دیواردا شێوه‌کاری بکه‌ین.[که‌واته] ژێرخانی کو‌لتوور کاره. به‌بێ به‌رهه‌مهێنانی مادی هیچ شارستانییه‌تێک بوونی نییه. ئه‌م گوته‌یه‌ی مارکس، له‌خۆیدا، ده‌توانێت کۆمه‌ڵێک شت/ بابه‌تی جۆراوجۆرمان بۆ ڕوونبکاته‌وه و سه‌رنجمان به‌ره‌و گه‌له‌ک لایه‌نی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا و مێژوو و... ڕابکێشێت و له‌هه‌مانکاتیشدا ڕنگه به‌ڕواڵه‌ت له بابه‌ته کولتووری و ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌کان دوورمانبخاته‌وه و ئه‌وان بکاته پاشکۆی به‌رهه‌مهێنان و که‌ره‌سته پێویسته‌کانی به‌رهه‌مهێنان و پاشان بگاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی بڵێت به‌بێ به‌رهه‌مهێنانی مادی هیچ شارستانییه‌تێک بوونی نابێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه و ده‌بێت له‌سه‌ری ڕامێنین ئه‌وه‌یه به‌ته‌نیا مارکس نییه له‌و باوه‌ڕه‌دایه. بۆنموونه زیگمۆند فرۆید به‌توندی باوه‌ڕی به‌م خاڵه هه‌یه. به‌ڕای فرۆید گه‌ر پێویستییه‌ک بۆ کارکردن نه‌بووبایه ئه‌وا مرۆڤ به درێژایی ڕۆژ به شه‌رمه‌زاری و ویقاحهتێکی ته‌واوه‌وه به به‌تاڵییه‌وه ڕۆژی ده‌برده سه‌ر و تێده‌په‌ڕاند و هیچ نه‌بوو بیکات جگه له جێبه‌جێ کردنی غه‌ریزه‌ی ژیان و ئاره‌زووه شه‌هوانی و نه‌فسییه‌کانی. که‌واته، ئه‌وه کار و پێویستی ئابوورییه ئێمه له ته‌مه‌ڵی و بێ‌کاری سرووشتیمان جیاده‌کاته‌وه و ناچارمان ده‌کات ده‌ست بده‌ینه چالاکییه فره‌جۆره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان.
به‌ڵام به‌لای مارکسیزمه‌وه ئه‌م بابه‌ته جۆرێکی دیکه ته‌ماشای ده‌کرێت و ئه‌وان به‌رزتر و بانتر له‌مه، واته له مارکس، چاو له‌م بابه‌ته ده‌که‌ن. بانگه‌شه‌ی مارکسیزم شتێکه زیاد له بۆچوونه‌کانی مارکس. مارکسیزم ده‌یه‌وێت ئه‌و خاڵه ده‌ربخات که به‌رهه‌مهێنانی مادی ته‌نیا به‌م مانایه بنچینه‌یی نییه که به‌بێ به‌رهه‌مهێنان هیچ شارستانییه‌تێک بوونی نابێت، چونکوو له‌کۆتایدا ئه‌وه به‌رهه‌مهێنانی مادییه سرووشتی ئه‌و شارستانییه‌ته دیاریده‌کات. هه‌ڵبه‌ت زۆرێک له ڕه‌خنه‌گرانی مارکس له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌م بۆچوونه‌ی مارکس به جۆرێک له دابه‌زاندن و پهلوپۆکردن ده‌زانن و لایان وایه چۆن ده‌کرێت هه‌موو شتێک بۆ هۆکار و بکه‌رێکی یه‌که بگه‌ڕێنینه‌وه. مارکس دیسان له هه‌مان کتێب‌دا ده‌ڵێت: "به‌رهه‌مهێنانی ئایدیاکان، به‌رهه‌مهێنانی وێناکردنه‌کان و به‌رهه‌مهێنانی ووشیاری، به‌پله‌ی یه‌که‌م، ڕاسته‌خۆ به چالاکییه مادی و دانوستاندنی مادی مرۆڤه‌کانه‌وه، واته زمانی ژیانی ڕۆژانه‌وه، گرێدراوه". که‌واته، سه‌رتا و به‌پله‌ی یه‌که‌م، جێبه‌جێکردنی پێداویستییه فیزیکی و جه‌سته‌ییه‌کانمان فۆرم ده‌به‌خشنه شێوازی بیرکردنه‌وه‌مان و دونیابینیمان له په‌یوه‌ندیدا به جیهانه‌وه بێچم ده‌ده‌ن و له‌م ڕووه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌وی له‌پێشدا و پێشوه‌خت پێویسته، نه‌ک بیرکردنه‌وه، به‌ڵکوو فه‌راهه‌مکردنی پێویستییه فیزیکییه‌کانه بۆ به‌رهه‌مهێنانی ژیان. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا نابێت ئه‌وه له‌یاد بکه‌ین ئه‌و کاته‌ی مارکس قسه له ووشیاری ده‌کات به‌رده‌وام مه‌به‌ستی ئه‌و به‌ها و ئایدیایانه نییه که له چالاکییه ڕۆژانه‌کانی ئێمه‌دا ئاماده‌ن. لای مارکس چه‌مکی ووشیاری گه‌له‌ک جار به‌مانای ئاماژه‌دانه به‌و سیسته‌مانه‌ی که له هه‌ندێک چه‌مکی وه‌ک یاسا، زانست، سیاسه‌ت و له‌م نموونانه‌دا کۆده‌بنه‌وه و چۆنییه‌تی ئه‌م چوارچێوه فیزیکیانه‌یه له‌کۆتاییدا دیاریکه‌ری واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تین. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، ئه‌مه هه‌مان دۆکترین و ئامۆژه گرینگه‌که‌ی ژێرخان و سه‌رخانی مارکسه، واته: مرۆڤه کان له به‌رهه‌مهێنانی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیاندا دەچنه نێو هەندێک په‌یوه‌ندی دیاریکراوەوه که ناچارەکییە و له دەرەوەی ئیرادەی ئهوانەوەیه، و ئەمه هەمان پەیوەندی بەرهەمەێنانه که لەگەڵ قۆناغێکی دیاریکراو له پێشکه‌وتنی هێزه بەرهەمەێنەره ماددییەکەیاندا دێتەوه. کۆی ئهەم پەیوەندییه بەرهەمەێنەرانه پێکهاتی ئابووری کۆمەڵگا، واته بنچینەیەکی واقێعی پێکده‌هێنێت که لە سەر ئەو بنەمایه سەرخانێکی سیاسی و مافەکی دەوەستێت و ئەم سەرخانه لەگەڵ فۆرمه دیاریکراوەکانی ووشیاری کۆمەڵایەتیدا هاوتهکن. بەگشتی شێوەی بەرهەمهێنانی ژیانی مادی، ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فیکری مەرجدار دەکاتەوه. ووشیاری مرۆڤەکان نییه که هەستی [بوونی]ئەوان دیاری دەکات، بەڵکوو بەپێچهوانهوه، هه‌ستی[بوونی]کۆمه‌ڵایه‌تی ئەوانه ووشیارییان دیاری دەکات.
به‌لای مارکسه‌وه "ژێرخان" یان "بونیادی ئابووری" هێزه‌کان و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه و مه‌به‌ستیشی له‌سه‌رخان کۆمه‌ڵێک داموده‌زگای وه‌ک ده‌وڵه‌ت، یاسا، سیاسه‌ت، ئایین و کولتووره و هه‌روه‌ها کارکردی ئه‌م داموده‌زگایانه پشتیوانیکردنه له ژێرخان، واته سیسته‌می چینایه‌تی باڵاده‌ست. هه‌ندێک له‌م داموده‌زگایانه، بۆ نموونه کو‌لتوور و ئایین پتر ئه‌رکیان به‌رهه‌مهێنانی ئایدیاگهلێکن که ڕه‌وایه‌تی و شه‌رعیه‌ت ده‌به‌خشنه سیسته‌می حاکم و باڵاده‌ست. لێره‌وه‌یه مارکس له کتێبی ئایدیۆلۆژیای ئه‌ڵمانیدا دیسان پێمان ده‌ڵێت: ئایدیاکانی چینی باڵاده‌ست له ههرسهردهمێکدا ئایدیا باڵاده‌سته‌کانن: واته چینێک که هێزی مادی کۆمه‌ڵگایه، له هه‌مان کاتدا، هێزی مینۆکی باڵادهستیشه.
به‌م پێیه، مارکس پێیوایه ئه‌و هێز و چینه که ده‌سه‌ڵاتدار و باڵاده‌سته، کۆنترۆڵی به‌رهه‌مهێنانی مادی به‌ده‌سته‌وه‌یه و به‌ره و ئه‌وه ده‌چن کۆنترۆڵی به‌رهه‌مهێنانی زه‌ینیش بکه‌ن و جڵه‌وی بگرن. به‌باوه‌ڕی زۆرێک له ماتریالیسته‌کان، ئایدیاکان ته‌نیا له‌کاتێکدا ده‌توانن هێزێکی مێژوویی بۆخۆیان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن که له‌گه‌ڵ هۆگری و به‌رژه‌وه‌ندی به‌هێزی مادیدا یه‌کبگرن. به‌ڵام، له‌ڕاستیدا، ئایا ده‌توانین کۆی بوون/هه‌ستی و ژیانی مرۆڤایه‌تی به وردی له نێوان دوو پانتای ژێرخان و سه‌رخاندا دابه‌شبکه‌ین؟ وه‌ک تێری ئیگلتۆن ده‌ڵێت نا.
ده‌گێڕنه‌وه که‌له ژووری هه‌واڵی ڕۆژنامه‌ی دیلی وێرکێردا، ڕۆژنامه‌ی کۆنی حیزبی کۆمۆنیستی بریتانیا، کاتێک هه‌واڵی پێکدادانی دووماشین له‌سه‌ر جاده گه‌یشته ده‌ست ڕۆژنامه‌که ئه‌م فه‌رمانه له‌لایه‌ن هه‌یئه‌تی سه‌ر پهرشتیارییهوه بۆ ڕۆژنامه‌که هاتبوو:"له گۆشه نیکای چینایه‌تییه‌وه، هاوڕێیان". به‌م پێیه، ڕاگه‌یاندنی ئه‌مه‌ی که قوتابخانه‌کان، کلێسه‌کان، یان که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنیه‌کان سه‌ربه سه‌رخانن، زۆر جاران سه‌رمان لێ ده‌شێوێنێت. سه‌رخان زیاد له‌وه‌ی شوێنێک بێت کۆمه‌ڵێک ڕه‌وتی کرده‌کی و پڕاکتیکاڵه. بۆنموونه، ئیگلتۆن ده‌ڵێت: ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌که‌وه پۆلیسه تایبه‌ته‌کان بۆ سه‌رکوتی مانگرتنی ناڕازیان ده‌نێرێت به‌ڵام له‌لایه‌کی دیکه‌وه هه‌مان ئه‌و هێزه بۆ ئه‌و منداڵانه‌ش ده‌گه‌ڕێن که له شه‌قام و خیابان و کوچه و کۆڵانه‌کاندا وونبوونه. ڕه‌نگه مارکس بۆخۆی به‌م جۆره له سه‌رخانی نه‌ده‌ڕوانی به‌ڵام ده‌شێت ئه‌مه ڕێگه‌یه‌کی که‌ڵکدار بێت بۆ چاکترکردن و قایمکردنی بنه‌ڕه‌تی به‌ڵگاندنه‌که‌ی. بۆ ئه‌وه‌ی گۆمانمان لانهمێنێت با بگه‌ڕینه‌وه بۆ نامه‌یه‌کی ئێنگێلس که له 1890 دا بۆ ژۆزێف بلۆخ، سۆسیال دێمکراتی ئه‌ڵمانی، نووسیبوو: به‌پێی تێگەیشتنی ماتریالیستی مێژوو توخمی دیاریکەر له مێژوودا، له کۆتاییدا، بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی ژیانی واقیعیه. نه من و نه مارکس هیچکات زیاد لەمەمان نەگوتووه. بەم پێیه، ئەگەر کەسێک ئەم قسەیه بەم شێوەیه چەواشه بکات که توخمێکی ئابووری یەکه و تاقانه هۆکاری دیاریکه‌ره، ئەم ڕستەیه دەکاته[شتێکی] بێ‌مانا، ده‌رهه‌ست و بەتاڵ. باری ئابووری بنەمایه بەڵام توخمه جۆربەجۆرەکانی سه‌رخان_فۆرمه سیاسیه‌کانی خەباتی چینایەتی و بەدواهاتەکانی، ڕێکخراوێک که چینی سه‌رکوتوو پاش خەباتێکی سەرکەوتوانه دایدەمەزرێنێت و لەم نموونانه-[بۆنموونه]فۆرمه مافەکییەکان-و پاشان تەنانەت ڕەنگدانەوەکانی ئەم خەباته واقیعیانه له زەینی خەباتکارەکاندا: تێوره سیاسی، مافەکی و فەلسەفییەکان، ئایدیا ئاینییەکان و گۆڕینیان بۆ سیستمی دۆگماکانیش، کاریگه‌رییان دەبێت لەسەر ڕەوتی خەباته مێژووییەکان و له زۆربەی بابەتەکان و دیاری کردنی فۆرمەکانیاندا گرینگیەکی بنەڕەتیان هەیه.
ئه‌م پاراگرافه بۆ خۆی یه‌کێک له بنهڕته گرینگه‌کانی ماتریالیزم و هه‌ر جۆره ڕه‌خنه‌یه‌کی ماتریالیستییه. به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رجه‌می ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی پێیانوایه ماتریالیسته‌کان کۆمه‌ڵێک مرۆڤی بێ‌ڕۆح و گیانن و خاوه‌ن هیچ جۆره هه‌ست و سۆزدارییه‌ک نین، مارکس بۆ خۆی، پیاوێکی لێزان و شاره‌زا بوو که له ڕووی فیکرییه‌وه سه‌ر به نه‌ریتی گه‌وره‌ی ئه‌ورووپای ناوه‌ندی بوو و له‌ناو ئه‌و نه‌ریته‌دا باڵای کرد و حه‌زی له‌وه بوو هه‌رچی زووتر ئه‌وه‌ی خۆی به زمانێکی تیژ و زبره‌وه ناوی نابوو "زبڵه ئابوورییه‌کان"ی سه‌رمایه کۆتای‌یان پێ بهێنێت و کتێبێکی گه‌وره ده‌رباره‌ی باڵزاک و هه‌ر وه‌ها کتێبێک ده‌رباره‌ی ئه‌خلاق بنووسێت. مارکس له شوێنێکدا ده‌ڵێت: ته‌ندورستی و خۆشبه‌ختی و بنه‌ماڵه‌که‌ی کرده قوربانی بۆ نووسینی سه‌رمایه و نه‌یده‌توانی له هه‌مبه‌ر کێشه‌کانی مرۆڤ سه‌ر دانه‌وێنێت و بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت و له ئاست ڕه‌نجه‌کانی مرۆڤ ملی کهچکات. وه‌ک ئیگلتۆن ده‌ڵێت: ئه‌سته‌مه بتوانین پیاوێکی وا به ئهخلاقبێز و بێ‌ڕۆح بزانین که ده‌نووسێت کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری "سه‌رجه‌می په‌یوه‌ندییه ڕه‌سه‌نه‌کانی نێوان مرۆڤه‌کانی پارچه پارچه کردووه و له جیات ئه‌وانه خۆپه‌رستی و پێداویستییه لووت بهرزانهکانی له شوێنیان‌دا داناوه و جیهانی مرۆڤه‌کانی کردۆته جیهانی که‌سانێک که وه‌ک ئه‌تۆمه‌کان لێكدی جیا و دوژمنی یه‌کدین.
به هه‌رحاڵ، ئه‌وه‌ی ویستمان تیشکی بهاوینه سه‌ر وته‌زا یاخود چه‌مکی به‌رهه‌مهێنانه و مانا و ده‌رکه‌وته ماناییه‌کانی ئه‌م چه‌مکه‌یه له لای مارکس. به‌ڵام به‌گشتی مه‌به‌ستی ئێمه له نووسینی ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه بوو که به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی که له جیهانی ئێمه‌دا (بۆنموونه له‌سه‌ر چه‌مکی به‌رهه‌مهێنان) و کۆی چه‌مک و قوتابخانه‌کانی دیکه ئاماده‌ن و بوونیان هه‌یه، ویستمان خۆمان له به‌رفراوانی و فره‌مانایی چه‌مکی به‌رهه‌مهێنان ئاگادار بکه‌ینه‌وه و ئه‌م چه‌مکه وه‌ک زۆربه‌ی ئه‌و چه‌پ و مارکسیانه‌ی کوردستان، که پێیانوایه به‌رهه‌م هێنان به‌ته‌نها چه‌مکێکی ئابوورییه و پتر په‌یوه‌ندی به بازاڕ و کارگه و کارخانه‌کانه‌وه هه‌یه، نییه به‌ڵکوو، چه‌مکێکی ئانتروپۆلۆژیکه و ده‌بێت له گشتێتییه مانایی و چهمکییهکهیدا ڕه‌چاوی بکه‌ین نه‌ک وه‌ک چه‌مکێکی ئابووری و بازاڕی ڕووت. کار[و به‌رهه‌مهێنان]بۆ مارکس شتێکه زیاد له چالاکییه‌کی مرۆیی، تێگه‌یشتن له کار پابه‌نده به تێگه‌یشتنێکی ئانتروپۆلۆژیکی ته‌واو و کامڵ له کار واته، تیۆرێک ده‌رباره‌ی سوبژێکتیڤیته‌ی مرۆیی و سرووشتی، جسته و پێداویستییه‌کانی، هه‌سته‌کان، کۆمه‌ڵێک ئایدیای وه‌ک هاوکاری و هاریکاری کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌پێدان و ئافراندنی به‌هره‌کانی تاک. کار، بۆ نموونه، کۆمه‌ڵێک مانای جۆراوجۆر و فره ڕه‌هه‌ندی دیکه‌شی له‌خۆ گرتووه، هه‌ر له پرسه ڕه‌گه‌زی و جنسییه‌کانه‌وه تا ده‌گاته خزمایه‌تی و دانوستاندن و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. له‌په‌یوه‌ندیدا به به‌رهه‌م هێنانیشهوه ده‌شێت ئاماژه به‌وه بده‌ین که به‌رهه‌مهێنان له ناو فۆرم گه‌لێکی تایبه‌ت له ژیاندا ئه‌نجام ده‌درێن و به‌رده‌وام ده‌بن که‌واته ته‌ژی و سه‌ر پڕن له مانا و ڕه‌هه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. چه‌مکی به‌رهه‌م هێنان لای مارکس و ئێنگێڵس، وه‌ک له سه‌روه ئاماژه‌مان پێدا، چه‌مکێکی تاک ڕه‌هه‌ند نییه و ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌ژیانی جه‌سته‌یی و پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤه‌وه نییه به‌ڵکوو مه‌به‌ستیان له‌به‌رهه‌م هێنانی ژیان، به‌رهه‌م هێنانی ڕۆحی و مینۆکی و به‌رهه‌م هێنانی ماکی و مادیشه. ئه‌وه‌ی مارکس له سه‌ری ده‌دوێت و ههوڵدهدهات شیبکاته‌وه، شێوازکانی به‌رهه‌مهێنانه؛ پێویست بوون و ناپێویست بوونی به‌رهه‌م هێنانه له جیهانی سه‌رمایه‌داریدا. ئه‌و پێیوایه ژنان و پیاوان له یه‌ک کاتدا ده‌توانن له مانا واقعی و ڕاسته‌قینه‌که‌یدا[به‌رهه‌م ده‌هێنن] یان ده‌که‌ونه ناو پڕۆژه‌ی به‌رهه‌م هێنانه‌وه که به ڕه‌زامه‌ندی خۆیان ده‌ست بده‌نه به‌رهه‌م هێنان، واته، به‌رهه‌مهێنان له پێناو به‌رهه‌م هێناندا.
لێره‌وه، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌م یاددشتهوه هه‌یه ئه‌م خاڵه گرینگه‌یه که تاقه چرکه ساتێک ئێمه ده‌توانین چێژ له وا خهڵاقییهت و داهێنانێک ببه‌ین، له‌پانتای فۆرمێکی تایبه‌ت یان شێوازێکی نایابه له به‌رهه‌م هێناندا که ئه‌ویش پانتای هونه‌ره. مارکس ده‌ڵێت: "جان میلتۆن به‌هه‌شتی وونبووی له‌به‌ر هه‌مان هۆکار به‌رهه‌م هێنا که کرمی ئاوریشم ئاوریشم به‌رهه‌مده‌هێنێت". هونه‌ر وێنه‌ی کاری بهخۆنامۆ نییه. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، مارکس‌یش، بۆ خۆی، پێی خۆش بوو نووسینه‌کانی بچنه هه‌مان ئه‌و خانه‌وه. مارکس ده‌ڵێت نووسینه‌کانی من "گشتیهتیێکی هونه‌ری"پێک ده‌هێنن. وه‌ک ئیگلتۆن ده‌ڵێت مارکس گه‌له‌ک به وه‌سواس و هه‌ستیارییه‌وه(به پێچه‌وانه‌ی قوتابییه‌کانی) له په‌یوه‌ندیدا به ستایلی نووسینه‌وه هه‌ستیار بوو، چ بۆ خۆی و چ بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌م و کاری خه‌ڵکی دیکه‌ش. هه‌روه‌ها ئه‌و بۆ خۆی غه‌زه‌ڵ و شیعر و په‌خشانی ده‌هۆنیه‌وه، ڕۆمانێکی کۆمیکی ناته‌واوی هه‌یه، پارچه درامایه‌کی شیعری و دنیایه‌ک ده‌ستنووسی بڵاو نه‌کراوه‌ی له مه‌ڕ هونه‌ر و ئاینی لێ به‌جێماوه. وه‌ک ئیگلتۆن ئاماژه‌ی بۆ ده‌کات به‌نیاز بوو گۆڤارێک له‌بورای ڕه‌خنه‌ی شانۆ و نامیلکه‌یه‌ک ده‌رباره‌ی جوانیناسی بڵاوبکاته‌وه و به‌گشتی به‌ر به‌رینی و به‌ر فراوانی زانیارییه‌کانی مارکس له بواری ئه‌ده‌بیاتی جیهانیدا به‌ڕاستی سه‌ر سووڕ هێنه‌ره.
به‌م پێیه، به‌ڕای مارکس به‌رهه‌مهێنان(ماکی و مادی، مینۆکی و ڕۆحی) به‌مانای خولقاندن و بهواقعکردنی هێزه جه‌وهه‌رییه‌کانی مرۆڤه له ڕه‌وتی گۆڕانی پراکتیکاڵیی و واقعدا. هه‌ر وه‌ها له گرۆندریسێدا ده‌ڵێت که: سامان و سروه‌تی ڕاسته‌قینه و حه‌قیقی شتێک نییه جگه له "به‌کارهێنانی ڕه‌های کۆی به‌هره‌کانی خه‌لاقییه‌ت و داهێنانی مرۆڤایه‌تی" واته " ده‌رخستن و وه‌گه‌ڕخستنی کۆی هێزه مرۆییه‌کان وه‌ک ئامانجێک له خۆیدا، به بێ ئه‌وه‌ی به پێوه‌رێکی پێشوه‌خت و پێشتر دیاریکراو هه‌ڵ بسه‌نگێندرێت" هه‌روه‌ها له‌کتێبی داس کاپیتاڵ یان هه‌مان سه‌رمایه‌دا ده‌ڵێت: "پاش کۆتایی هاتنی مێژووی کۆمه‌ڵگا چینایه‌تییه‌کان، ئه‌و جۆره له پێشکه‌وتن و پێگه‌یشتنی هێزه مرۆییه‌کان ده‌توانێت ده‌ست پێ‌بکات که ئه‌نجامێکی [هه‌بێت] له خۆیدا، یان[به‌واتایه‌کی دیکه] هه‌مان پانتای ڕاسته‌قینه‌ی ئازادی ده‌بێت". وشه‌ی به‌رهه‌م هێنان له به‌رهه‌مه‌کانی مارکسدا به هه‌موو ئه‌و چالاکییه گهشهدهرانه ده‌گوترێت که مرۆڤه‌کان له ژیانی ڕۆژانه‌یاندا ده‌یکه‌ن و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن بۆنموونه: لێدانی فلووت و نه‌ی، چێژبردن له تامی هه‌رمێیه‌ک، چه‌له‌حانێ و ده‌مه تهقێکردن له‌سه‌ر ئه‌فلاتوون، سه‌ماکردن وه‌ک سکاتله‌ندییه‌کان، ئاخافتن و وتاردان، چالاکی سیاسی، شیعر، ڕۆمان، چیرۆک نووسین و کێشانی تابلۆیه‌کی شێوه‌کاری.
به‌رهه‌م هێنان لای مارکس، ئیگلتۆن گۆته‌نی بیرهێنه‌ره‌وه‌ی هه‌یکه‌له ماسۆلکهییهکان و پیاوانی شه‌ڕاشۆ و شه‌ڕکه‌ر نییه. کاتێک مارکس له‌به‌رهه‌م هێنان وه‌ک جه‌وهه‌ری مرۆڤ ده‌دوێت به ته‌نها مه‌به‌ستی له قاڵبدانی گوشت و به‌سته‌به‌ندی کردنی نان به ده‌ستی کرێکارێک نییه. بۆ نموونه، ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆکه ئێمه وه‌ک کار ده‌یناسین فۆرمێکی بهخۆنامۆیه له‌و شته‌ی مارکس ناوی نابوو "پراکسیس" (پراکسیس له مانا کۆن و گریکییه‌که‌یدا به مانای ئه‌و جۆره چالاکییه ئازاد و گهشهدهر و گهشهکهرهی به‌هره‌کانه که له ڕێگه‌یه‌وه جیهان ده‌گۆڕین). ڕاستیەکەی تاقه هۆکارێک وایکرد، هه‌رچه‌ند که‌میش، تیشک بهاوینه سه‌رئه‌م بابه‌ته، گرینگی دوو چه‌مکی کار و به‌رهه‌م هێنانه له بیر کردنه‌وه‌کانی مارکس و ئێنگێڵسدا و هه‌ر وه‌ها کاریگه‌ری قووڵی ئه‌م چه‌مکانه‌یه له ڕخنه‌ی ئه‌ده‌بی مارکسیستی و ئه‌ده‌بیاتی مارکسیتیدا.
سەرچاوەکان:
1- لودویگ فوئرباخ و ایدئولوژی ێ‌لمانی، مترجم پرویز بابایی،چشمه.
2- اهمیت نڤریه، تری ایگلتون، امیر احمدی ێریان و... ، حرفه هنرمند.
3- پرسش هایی از مارکس، تری ایگلتون، صالح نجفی و... ، مین‌و خرد.