عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

دڵ لەبن خەمان دەناڵێ
چاوى پشیلە لەبن تاریکى دەتروسکێ
تازە خەیاڵ خۆش ناکاتەوە
وەک ئەوەى بڵێم بڕوام بە هیچ نییە
خەو دەمباتەوە

 

دڵ بۆتە پشیلە

 

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

 

لە راستیدا باوەڕم بە هیچ نییە

تازە دنیا خۆش ناکاتەوە

بەڵام وا خۆم نیشان دەدەم

وازم لە خەمان هێناوە

ئەوە منم

رێک پێچەوانەى مردن دڵم چاوەڕوانى دەیبا

بەڵام باوەڕم بە هیچ نییە

دەزانم دڵ نائارامە

وەک ئەوەى کەسێ لە دەرگا بدا و بڵێ

لە خەو هەڵسە دنیا دەڕوا

قاچەکانم لە هیچ دەئاڵێن

دەرگا دەکەمەوە پشیلەیەک دەمیاوێنێ

گوێ لە پشیلە دەگرم

وەک ئەوەى گوێ لە دڵ بگرم

دەڵێم هیچ نییە

تازە دڵ خۆش ناکاتەوە

دەزانم ناتوانم واز لە خەمان بێنم

دەگەڕێمەوە وا خۆم دەردەخەم هیچ نەبووە

دڵ لەبن خەمان دەناڵێ

چاوى پشیلە لەبن تاریکى دەتروسکێ

تازە خەیاڵ خۆش ناکاتەوە

وەک ئەوەى بڵێم بڕوام بە هیچ نییە

خەو دەمباتەوە

لە خەونمدا دنیا دەڕوا

رووم لە تاریکى وەرگێڕاوە

نازى پشیلە دەکێشم

دەرگا دەکەمەوە

رێک پێچەوانەى تاریکى دڵ دەمیاوێنێ

دەڵێم هیچ نییە

دڵم بۆتە پشیلە

 

 Image result for hjerte kunst

بازدید: 790