ما 4006 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ریالیزم تاک فۆڕمی نیە
 
سەردەمانێک مۆدێڕنیستەکان بە هێنانی شێوازی تری نووسینی رۆمان و چیرۆک کە جودا بوو لە شێوازی ریالیزم، هەوڵیان دا فۆڕمی تری نواندنەوە یاخود دەربڕین لە ئەدەبدا بێننە ئاراوە، کە هێناشیان. رەنگە کەس بەقەدەر ئەوان بە سووکی لە ریالیزمیان نەڕوانیبێ.
 
لەگەڵ هاتن و سەرهەڵدانی پۆستمۆدێرنیسم کە کەڵک وەرگرتن لە هەموو نەریتەکانیان بە ئەرێنی وەردەگرت، ریالیزم دیسان توانی شوێنێ بۆ خۆی بە شێوازێ لە شێوەکان بدۆزێتەوە. هەرچەند دەبێ لەسەر ئەوە جەخت بکەینەوە کە ریالیزم لە راستیدا قەت بۆ هەمیشە شوێنی خۆی چۆڵ نەکرد و بەردەوام لە قەراخ فۆڕمەکانی تردا درێژەی بە ژیان داوە.
 
رەنگە یەکێک لە شیرین ترین دەمەقاڵەکانی لەمەڕ ریالیزم، بۆچوونە جیاوازەکانی نێوان 'بریخت' ی شانۆنووس و 'لۆکاچ' فیلسووف بێت. لۆکاچ کە ئاشقی سەوداسەری رۆماننووسە ریالیستەکانی سەدەی نۆزدەهەم بوو و رۆمانەکانی بالزاکی وەک لوتکە لێکدەدایەوە، لە لایەن نووسەر و شاعیری ئەڵمانی 'بریخت' درایە بەر رەخنە (بریخت و لۆکاچ هەردووکیان لە باری ئایدیۆلۆژیاوە سەر بە بەرەی چەپ بوون و خۆیان بە مارکسیست دەزانی).
 
بریخت لە لێدوانەکانیدا تاک فۆڕمیی ریالیزمی رەد دەکردەوە و پێی وانەبوو ریالیزم (بەپێچەوانەی رای لۆکاچ) تەنیا دەتوانێ خاوەنی یەک فۆڕم و یەک شێواز بێت. ئەو دەیگوت ریالیزم هەر فۆڕمێکە کە دەتوانێ پێکهاتەی هێزە ئابووری و ئایدیۆلۆژیاکان لە ناو کۆمەڵگادا رووبخات. هەروەها دەیگوت راستییەکان بەردەوام لە ئاڵ و گۆڕدان و بۆیە شێوازی دەربڕینیشیان دەبێ گۆڕانی بەسەردا بێت.
 
کەواتە ریالیزم دەتوانێ خاوەنی فرە شێوازی بێت. ئەوەی هاوبەشە لەنێوان ئەم فۆڕمە جۆربەجۆرانەدا، رووکردنی جیاوازییە ئابوری، چینایەتی و ئایدیۆلۆژییەکانە لەناو کۆمەڵگادا.

 

سایتی قەڵەم

٢٩ نۆڤێمبری ٢٠١٦

 Bilderesultat for REALISME

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت