ما 922 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەسەر پردەکە رێک لە ناوەڕاستیدا رادەوەستێ و لە دوواوەی خۆی دەڕوانێ. رەنگە گەر ئاشەکۆنەکە لەوێ نەبایە، دەگەڕایەوە. ئەوسا هەستی دەچێتە سەر دەنگی ئاوی چەمەکە. چەند وشە و یەک رستە. چەم ئەوەتەی هەبووە هەر بەوەندە دوواوە. رستەیەک هێشتاکە کەس تێی نەگەیشتووە. 

 

دڵنیا هەنگاو هەڵبێنە!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

قرپۆکەکان دوو جۆرن: سەوز و خۆڵەمێشی. خۆڵەمێشییەکان زۆرترن. هەتا دەشیانکوژی زیاد دەکەن، کەچی سەوزەکان وانین، هەتا دەیانکوژێ کەم دەکەن! بۆیە ئەو ئێوارەیە ئەو هەتا توانی لە خۆڵەمیشییەکانی کوشت لە کاتێکدا بەردەوام بەلاچاوێکیش بە شوێن سەوزەکاندا دەگەڕا.

هەڵبەت لەخوێنا فەرقیان نیە. وەک یەک سوور سوور،... سورێکی لینج کە دەستبەجێ لەگەڵ قوڕ و لیتاو و خۆڵی سەر عەرز تیكەڵ دەبێ. بەردەکانیش وەها نین کە یەکجێ هەموو جەستەیان بتەپێنێ. یاسا وەهایە کە هەمیشە لایەکیان بەردەکەوێ. بۆیە سەیرکردنی کەلاکیان سەرنجڕاکێشە. قرپۆکەکان هەمیشە بە چاوی کراوەوە دەمرن. 

باوکی چی پێگوتبوو هەر ئەوەی کرد. لەهەر شوێنێ دەنگی هلیکۆپتەرەکان بهاتایە ئەو رەپ رادەوەستا، بە بێ جوڵە. باوکی پێی گوتبوو گەر راوەستی و نەجوڵێی، ناتبینن و وەک هەموو دارودرەختەکانی ترت لێ دێت، ئیتر بۆیان زەحمەت دەبێ لەناو ئەو دەیان هەزار دار و درەختەدا کە لە حەواوە دەیانبینن، تۆی تیا بدۆزنەوە، جگە لەمە پێت وانەبێ تۆ تەنیا ئادەمیزادێکی کە لە ناو ئەو دارستان و شیو و کێو و دۆڵانەدا دێی و دەچی، رەنگە بە سەدانی تریشی تیابێ، بۆیە خەم مەخۆ و مەترسە و، بە دڵنیاییەوە هەنگاو هەڵبێنە!

ئەویش هەوڵی دەدا نەترسێ و، بە دڵنیاییەوە هەنگاو هەڵێنێ.

کە دەنگی هلیکۆپترەکان نەدەهات، دونیا چەند جوان و سەرنجڕاکێش دەبووەوە، هەموو شتێ چەند خێرا بەرگێکی تری لەبەر دەکرد، بەڵام کێشە ئەوە بوو ئەوەندەی نەدەخایاند دیسان پەیدا دەبوونەوە. لە جوڵە نەدەکەوتن. دەنگەکان خۆیان لە خۆیاندا چەندە تۆقێنەر و ترسناک بوون، کاتێکیش نزیک دەکەوتنەوە ئیتر ئەوەندەی تر دونیایان لێدەکردە چەرمی چۆلەکە. لە لای خۆی لێکی دابووەوە هەر کە گرمە بێت ئەوا دەڕوا، بەڵام هەر کە لە گرمە ترازا و دەنگەکە روونتر هەڵگەڕا و شیو و دۆڵ کەوتنە چەپڵەلێدان، ئەوا دەبێ دەستبەجێ راوەستێ، بە بێ جوڵە. بەڵام مەگەر دەکرا راوەستێ؟ نەک تەنیا ترس کە جەستەی وەک لکی تەنکی بەر با دەهێنا و دەبرد، بەڵکو دەنگی هلیکۆپتەرکەیش خۆی لە خۆیدا ئەگەر هەموو ورە و وزەی دونیایشت کۆبکردایەتەوە، جەستەی مێرمنداڵیانەی دەخستەوە شەپڵە. پیاوی دەویست خۆی لەبەرا رابگرێت!

ئەو زۆر جار وەک دارێکی لەرزۆک راوەستابوو. دارێکی روواوی ناو بوومەلەرزە.

جاری وایە بەردت دەست ناکەوێ. دونیات لێ عاسی دەبێ. یانی باشتر وایە بڵێین دەستت بەردەکان ناگرێ، لەسەریان هەڵدێ و هەڵدەخلیسکێ. دەست، بەشوێن لەبارەکانیانەوە نیە، نا، تەنیا ئەوەیکە ناتوانێ بیانبینێتەوە. قرپۆکەکانیش قەت پەلەیان نیە. یانی ئەوەیکە لە ئاوەکە دوور ناکەونەوە. ئاوەکەیش قەت ئەوەندە قوڵ نیە بتوانێ ونیان بکا و گیانیان بپارێزێ. بۆیە لەهەر شوێنێکی سەرکانیەکان خۆیان بشارنەوە، دیسان دۆزینەوەیان ئاسانە. ئەوسا بەردەکەیان تێبگرە و ئیتر تەواو!

رێگای ئاواییەکە زۆر دوور نەبوو. تەنیا رۆژەڕێیەک. پێی هەڵگرتایە تا ئێوارە دەگەیشتێ، بەڵام راوەستانە زۆرەکان زیاتر کاتی لێ دەکوشت. زۆر جار ناچار بوو لە پێدەشتەکانی قەراخ جادەکەیش لابدا تەنیا لەبەر ئەوەی بە ناو دارستاندا رێ بکا، ئەمەیش دیسان ئەوەندەی تر دووری دەخستەوە. لەبەرخۆیەوە حسێبی کرد کە شەوانی هاوین زۆریش تاریک نین، ئەمە ئومێدێکی زیاتری خستە دڵییەوە.

رێگاکە تا رادەیەک بۆی ئاشنا بوو. دوو مانگێک لەوە پێش رێک پێش ئەوەی شەڕەکە دەست پێبکا، بێرەدا رۆیشتبوون. بۆ سەردان چووبوون. هەڵبەت بە ماشین. جگە لەوە ئەو رۆژە جەماعەت هەموو پێکەوە بوون و بۆیە زۆر دڵی نەدابووە چۆنیەتی رێگاکە. باوکی پێی گوتبوو زۆر ئاسانە، ئەم رێگا خاکییە بگرە هەتا دەگەیتە بەر کێوێکی بڵێند، لەوێ رێگاکە دەبێ بە دوو، تۆ ئەوسا دەبێ رێگای دەستی چەپ بگری و پاشان لە دووای کیلۆمترێک دەگەیتە ئاشەکۆنێک، لەوێدا کۆنەڕێگایەک بەبەردەم ئاشەکەدا تێدەپەڕێ، ئەو رێگایە بگرە و ئیتر رێک و ڕەوان دەتگەیەنێتە ئاواییەکە. بەڵام کێشە ئەوە بوو کە نەدەبووایە رێک بە سەر رێگا خۆڵەکەدا بڕوا، بەڵکو دەبا بە تەنیشتیدا بە ناو دارەکاندا بڕۆشتایە. خودی رێگاکە یەکجار مەترسیدار بوو.

جەستەی لینجی قرپۆکەکان هەڵخرێنەرن، هانی دەدەن زیاتریان لێ بکوژێ، تەنانەت جۆرێ لە نەفرەتی تیا دروست دەکا. قرپۆکەکانیش جەستەی لینجاویی خۆیان خۆش دەوێ، بۆیە ناهێڵن وشک بێتەوە و هەر خێراخێرا خۆیان بە ئاوەکەدا دەکەنەوە. بیستوشیەتی کە مار حەزی لێیانە و بۆیە دەورووبەری کانییەکان هەمیشە پڕی ئەوانن. جا بۆ ئەوەی خۆی و ئەوانی تر لە مارەکان بپارێزێ تا دەتوانێ قرپۆک دەکوژێ. گۆلاوی بەرکانییەکە سووردەکاتەوە.

کات بەلای نیوەڕۆدا دەشکایەوە و دونیا گەرم گەرم هەڵگەڕابوو. چەند کتوپڕ هەموو دونیا بە لایەکی تردا کەوتبوو. باوەڕی نەدەکرد. ساڵە ئارامەکان چەند خێرا کۆتاییان پێ هاتبوو. نەنکی گوتبووی غەزەبی خودا وەهایە! لەیەک چرکەدا بەهەشتت لێدەکا بە جەهەننەم! باوکی کە هەمیشە هەوڵی دەدا پیاوێکی بەورە بێت و هێز و ئومێد ببەخشێت، هەڵیدابوویە و گوتبووی یەکجار وایش نا، خوا قەت بە نیاز نەبووە و نیە دونیا نە وەک بەهەشت لێبکا و نە وەک جەهەننەم، بەهەشت و جەهەننەم لە شوێنی ترن!

هەوڵدەدا زیاتر بیر لە باوکی بکاتەوە. لە دونیای جەهەننەم ئاسادا (بە قەولی نەنکی)، روویەکی تری کەسایەتییەکەی دەرکەوتبوو. هەستت دەکرد مەرگ بەلایەوە مانای نیە، هەروەها نەبوونی و دەستەنگی، جۆرێک لە بێ خەمی لە نیگاکانیدا دەخوێندرایەوە. دەنگی هەمیشە ئازایانە و بەورە بوو. بەڕاست باوکی بۆ وای لێهاتبوو؟ باوکێک کە هەمیشە توڕە و گرژ و لەخۆیابوو، بۆچی ببوو بە کەسێکی تر؟ ئەمڕۆیش بەیانی زوو تا قەراخ شار لەگەڵی هاتبوو و بەڕێی کردبوو. کاتێک بەناو کۆڵانە چۆڵ و بێدەنگەکاندا تێپەڕیبوون، پێی گوتبوو جاری وایە مرۆڤ تەنیا دەکەوێتەوە، بەڵام گرینگ نیە، گرینگ پاراستنی گیانە، گوتبووی ئێمە گرینگ نین، ئەوپەڕی دەمانگرن و دوواتر ئازادمان دەکەن، بەڵام تۆ رەنگە نا، رەنگە بەڵایەکت بەسەردا بێینن. ئیستا قین لەدڵن. تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنن. ئەوسا بەبزەوە گوتبووی ئیتر خەریکی دەبی بە پیاو! بۆیە دەبێ بڕۆی! خەم مەخۆ، رۆژێک هەر دەگەڕێیتەوە!

دەستی بۆ بوخچەنانەکەی پشتی برد. لەجێی خۆی بوو. رێگایش پڕبوو لە کانی. پەکی ئاوخواردنەوە نەدەکەوت.

دەنگیان ئیتر لە هەموو شتێکی تریان خراپتر و ناخۆشتر! قوڕڕڕڕ قوڕڕڕڕ،... بەو ژێرملەیانەوە کە وەک هەمانە دەماسێ. کەس نازانێ ئاژەڵی وەها بۆ دەبێ هەبێ! ژیان ئەوانی بۆچییە؟ هەم ئاوی کانی پیس دەکەن و هەم سەرنجی مارەکانی بۆ رادەکێشن و هەم بەدەنگیان سەر دەهێننە ژان. تا دەتوانێ بەردەکان بە هێز و گوڕی زیاترەوە دەهاوێ. شڵپەی ئاو، خاکی وشکی دەورووبەری کانییەکەی تەڕتەڕ کردووە.

رێگابڕینی ناو دارستان زۆر ئاسان نەبوو. بەرزو نزمیی رێ، قۆزینگەکانی هێنابووە ژان. جگە لەوە، هەموو دەرەلنگی پانتۆڵەکەیشی بە چقڵە وشکە داپۆشرابوو. ئەوەندەیش لە درەختەکان رامابوو کە جاری وابوو لەبەرچاوی ون دەبوون! ئەم بوونەوەرە بێ رۆحانە چەند ئاسان لێی ببوونە پەریی نەجات. تەواوی ژیانی ئەو ئەمڕۆ لە دەستی وشک و رەقی ئەواندا بوو. لە باوەشی رەقی ئەواندا.

دەورووبەری سەعاتی دوو گەیشتە بەر کێوەبەرزەکە، رێک ئەو شوێنەی وا جادەکە دەبوو بە دوو. جادەی دەستی چەپی گرت و رۆیشت. لەبیری دێ لە چیرۆکەکاندا هەمیشە پاڵەوانەکە رێگای راستی هەڵدەبژارد. ترسێک نیشتە دڵییەوە. هێشتا سەد هەنگاوێک دوور نەکەوتبووەوە کە دەنگی هلیکۆپترەکە پەیدا بووەوە. نزیک و نزیکتر. کێوەکان کەوتنە چەپڵەلێدان. بەپەلە خۆی بە درەختێکەوە نووساند و بێ جوڵە راوەستا. بەلای چەپی خۆیدا هەستی بە سێبەرێکی گەورە و قورس کرد. دەنگ، گوێی کەڕدەکرد، پەیکەری کەوتە لەرزین، 'با'یەکی بەهێز دەرو دەشتی هێنایە جوڵە. نەیوێرا سەر بەرزبکاتەوە. بەڵام بە لاچاو ئاگای لەهەموو شتێ بوو. هلیکۆپترەکە وەک بڵێی نەک بە ئاسماندا بەڵکو بەسەر جادەکەدا لێدەخوڕێ!... چەندە خێرایش! نازانێ قیژاندی یان نا، هەر ئەوەندەی لەبیردێ دەنگێکی بەهێزی هاوار لەگەڵ کۆپترەکە هات و رۆیشت. هلیکۆپترەکە لەوسەری جادەکە خەریک بوو ون دەبوو کە ئەم دانەوییە سەر چۆکەکانی بۆ ئەوەی هەناسەی بژیێنێتەوە. تەپ و تۆز گاڵەی دەکرد!

قۆل و مەچەکی دێشێ. سەری لەگێژەوە دێت. لاشەی قرپۆکەکان لە هەموو شوێنێ کەوتوون. هەندێکیان هێشتا هەر خەریکی گیاندانن. بە چاوە بۆق و هەڵماسیوەکانیانەوە دەڵێی دونیا هەڵدەمژن. ئەم تاقەتی نیە هەستێ و بەردێکی تریان تێبگرێ. ژانەکە دەگاتە ناو پشتی و بروسکەی پیادێنێ. قوڕگی وشکە. سەیری ئاوەکە دەکاتەوە. دێتەوە بیری لە بەیانییەوە، لەوکاتەوە بەڕێ کەوتووە دەمی لە ئاو نەداوە. تینوویەتی،... تینوو تینوو!

ئاشەکۆنەکە، ئاشێکی کۆنە! ئەمەو هیچی تر. لەناو ئەو دارستانەدا و لە تەنیشت ئەو چەمە کەمئاوەی بەتەنیشتیدا تێدەپەڕێ، ترسناک دێتە بەرچاو. با، بە ناویدا دەفیکێنێ. وردەخۆڵ هێشتا لە دیوارەکانییەوە دەوەرنە خوارەوە. هەنگاوەکانی خێراتر دەکاتەوە. دەگاتە ئەو پردەیەی وا بە سەر چەمەکدا دەپەڕێتەوە. هێشتا گوند دیار نیە. بیری دێتەوە بە درێژایی رێگا نە کەسی بینیبوو و نە تارمایی گوندێک لە دوورەوە سەرنجی راکێشابوو. پێی سەیرە! جاران چەند جوانتر هەموو ئەمانە دەبینران. هەتاو، خوار بووەتەوە. سێبەری دارەکان کشاون. ئاسمان لای چەندە خەمگین دەنوێنێ. دڵی تەنگ دەبێ. تاسەی ماڵەوە دەکا. لەسەر پردەکە رێک لە ناوەڕاستیدا رادەوەستێ و لە دوواوەی خۆی دەڕوانێ. رەنگە گەر ئاشەکۆنەکە لەوێ نەبایە، دەگەڕایەوە. ئەوسا هەستی دەچێتە سەر دەنگی ئاوی چەمەکە. چەند وشە و یەک رستە. چەم ئەوەتەی هەبووە هەر بەوەندە دوواوە. رستەیەک هێشتاکە کەس تێی نەگەیشتووە. دەنگی کۆپتەرەکان دیسان نزیک و نزیکتر دەکەونەوە. لەسەر جادەوە دەنگی قەرەباڵغییەک دەگاتە گوێ. دەنگی پیاوانە و وڕەوڕی ماشین و ئەو ئاسنە سارد و رەقانەی بەریەک دەکەون. بە راکردن لەسەر پردەکە دەپەرێتەوە و خۆی بە ناو درەختەکاندا دەکاتەوە. ئەوەندە رادەکا هەتا ماندووماندوو لە شوێنێکدا دەکەوێ. هەناسە، سوارسوار. بیردەکاتەوە کە دەبێ هەرچی زووتر بگاتە شوێنەکە،... بگاتە ئاواییەکە. رادەبێتە سەرپێ و بەنیازی بینینەوەی رێگا. شێتانە چاودەگێڕێ. جادە،... ون بووە. 

هەڵدەستێتەوە سەرپێ. دەست دەبا و بەردێکی تر دەدۆزێتەوە و سوڕێک بە دەوری کانییەکە و گۆلاوەکەی بەردەمیدا دەداتەوە. جوان جوان چاو دەگێڕێ. تاقە قرپۆک چییە بەدەرەوە نیە. وەک بڵێی ئەوانەی مابوون، کۆچیان کردبێ. بەڵام بۆ کوێ؟ بیردەکاتەوە کە بێگومان لەم دەورووبەرە کانی تریش هەن. بزیەکە دەنیشێتە سەر لێوەکانی. ئەوەیکە قرپۆکەکان ئەوەندە گێژ و گەمژەن کە پێیان وایە ئەو ناتوانێ بیاندۆزێتەوە، توڕەی دەکا. بەڵام ئەمجارە پێش ئەوەی دەست بکا بە کوشتنەوەیان، دەبێ سەرەتا کەمێ لە ئاوی کانییەکە بخواتەوە. ئا، ئەوەندەی کە تینوویەتی بشکێ.

***

هەتاو لەمێژە لە پشت کێوەکانەوە خۆی شاردووەتەوە و دەنگی کۆپترەکانیش نایەنە گوێ. دونیا ئەوەندە بێدەنگ و ئارامە کە قرپۆکە مردووکانیش سەریان سوڕماوە. تەنیا دەنگێک دێتە گوێ، دەنگی ناوەناوەی شڵپەی ئاوە گوێی شەو دەزرینگێنێتەوە. کەسێک بەو شەوە تاریکە هەر خەریکی کوشتنی قرپۆکەکانە.    

 

 

  Bilderesultat for frosk kunst

گەڕان بۆ بابەت