ما 2357 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەعیدە سائێب

هەر هونەرمەندێک شێواز و زمانی هونەری تایبەت بەخۆی هەیە، لهەندێ جار لە شێوازە باوەکانی وەک ڕیالیزم، ڕۆمانتیزم، ئێکسپێرسیۆنیزم، کانسپچواڵیزم و... کەڵک وەردەگرێت هەندێ جاریش بەپێچەوانەوە، خۆی شێوازی نوێ دەخولقێنێت و هەستەکانی پێدەردەبڕێت. 

 

ژیانه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌کان

دەربارەی بەرهەمە شێوەکاریەکانی حاجی خانم

سەعیدە سائێب

 

من لێرە تەنیا نیوەی نوێنەرانی خەڵکی میسر دەبینم، ئەکرێ پێم بڵێن نیوەکەی ترتان لە کوێن؟

کوڕان و کچانی میسر لە کوێن؟ دایکان و خوشکان، هاوسەرەکان و کچەکانتان لە کوێن؟

بهیکاجی کامای هیندستانی لە کۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی میسر لە بروکسێل1901

 

لەهەموو چاخە مێژووییەکاندا تاکەکان بۆ دۆزینەوەی خۆیان و مانادارکردنی ژیانیان و گەیشتن بە شۆناسێکی تایبەت، ڕێگەگەلی جیاوازیان تاقی کردووەتەوە. هونەری شێوەکاری یەکێک لەو ڕێگانە بووە کە مڕۆڤ لەسەرەتای پێکهاتن و درووستبوونییەوە لە ژیانی ناو ئەشکەوتەکانەوە بگەرە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت کەڵکی لێوەرگرتووە و کردووەیەتی بە زمانحاڵی خۆی و لەڕێگەیەوە هەست و سۆزی خۆی پێ دەربڕیوە و خۆشی و ئازار و کولتووری ئەوە سەردەم و نەتەوەی تیایدا ژیاوە  لە چاخێکەوە بۆ چاخێکی دیکە و لە جیلێکەوە بۆ جیلێکی  دیکە، پێگواستووەتەوە. هونەر لە کاتی پێکهاتنییەوە تا ئێستا گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە و لە شێواز و ستایلی جیاوازدا خۆی نواندۆتەوە و لە هەموو کات و ساتەکاندا لە پەیوەندیەکی بەردەوام و بەرامبەردا بووە لەگەڵ ئەو ژینگە و جوگرافیا و کانتێکسە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویەی کە بەرهەمەکان تیایاندا سەرهەڵدەدەن. هونەرمەندان بەپێی سەردەم و شوێنی تایبەت بە ژیانیان لەڕێگەی ئەم شێوازە هونەریانەوە هەست و سۆز و تەنانەت گیروگرفتەکانی کۆمەڵگایان گواستوەتەوە بۆ ئێمە و خەڵکانی شوێنەکانی دیکەی جیهان. لەنێوان هەموو نەتەوەکانی جیهاندا هونەر  بەتایبەت موسیقی و شێوەکاری، وەک زمانێکی جیهانی و یەکگرتوو وان بەچەشنێک کە هەرکات بتەوێت کولتووری شوێنێک، وڵات یان قارەیەک بناسن ڕێگەکان هەموو بۆ لای هونەر ئاراستە و ڕێنماییمان دەکەن و لەڕێگەی هونەرەکەیەوە دەتوانین کولتووری ئەو شوێنە بناسین و بە مێژوویی هەر وڵاتێکدا ڕۆبچین، ئەوا هونەر دەبێتە زمانی خامۆش بووەکانی مێژوو.

 هەر هونەرمەندێک شێواز و زمانی هونەری تایبەت بەخۆی هەیە, هەندێ جار لە شێوازە باوەکانی وەک ڕیالیزم، ڕۆمانتیزم، ئێکسپێرسیۆنیزم، کانسپچواڵیزم و... کەڵک وەردەگرێت هەندێ جاریش بەپێچەوانەوە، خۆی شێوازی نوێ دەخولقێنێت و هەستەکانی پێدەردەبڕێت. یەکێک لەو شێوازانەی کە بەرباسی منە زاراوەیەکە بە ناوی فۆڵک ئارت(folk art) یان هونەری نەتەوەیی. ئەم زاراوە وەسفی کۆمەڵێک چەشت و جوانکاری دەکات کە بەشێوەی سوننەتی لەڕێگەی وەستاکارانی ئاسایی و بەبێ فێرکاری و قوتابخانەوە بۆ ڕێوڕەسمی جیاوازی وەک زەماوەن و سەرەخۆشی، درووستدەکرێن. بەرهەمەکانی دارتاشین،  هەڵکەندنی سەر دار، گوڵدۆزی، تۆڕدوری، حەسیرچنین و گۆزەگەری دەچنە خانەی فۆڵک ئارتەوە. هونەری نەتەوەیی کەمتر لە شێواز و سەلیقەکانی دیکە بەهرە وەردەگرێت و شێوازی درووستکردنی بەرهەمەکانی بەشێوەی سوننەتی لە جیلێکەوە بۆ جیلێکی دیکە دەگوازرێنەوە.

ئەوەی بووە هۆی ئەوەی لەسەر چەمکی فۆڵک ئارت بدوێم و سەرنجی پێبدەم، دەگەڕێتەوە بۆ دیدارێکم لەپێشانگای هونەرمەندێکی شێوەکار. بەپلەی یەکەم ئەو شتەی زۆرترین سەرنجی ڕاکێشام ئەم خاڵەیە کە بەڕێوەبەری ئەم پێشانگایە خاتوونێکی تەمەن 80 ساڵان بەڕێوەبەری بوو. بینی بەرهەمەکانی ئەم خاتوونە هونەرمەندە جگە لە وەبیرهێنانەوەی ئەم شێوازە  هونەرییە_واتە فۆڵک ئارت_ کۆمەڵێک بەرهەمی هونەری دیکە، کە بەرهەمی ژنانی دەست ڕەنگینی ئەم کۆمەڵگایەن، هێنایە پێش چاوم و بۆی وێنا کردم کە هیچکات بایەخیان پێنەدراوە و بە هونەریش دانەندران و نەیاندەخستنە ناو ئەو پۆلێنبەندیەوە. ئەم پیشانگایە پرسیاری زۆری لا درووست کردم. چۆن دەبێت مرۆڤێک لەو تەمەنەدا پەنا ببات بۆ هونەر و هونەر بکات بە هاوڕێی ژیانی؟ چۆن بووە ژنێکی ئاسایی کە هیچ بەڵگەنامەیەێكی زانستی نییە، پیشانگای بۆ دەکرێتەوە و لەسەری  قسە دەکرێت؟ ئەمە لەم وڵاتانەی ئێمەدا کارێکی دەگمەنە و هەزار و یەک پرسیاری دیکە.  

خانم محەمەد ئەمین، ناسراو بە حاجی خانم لە تەمەنی 65 ساڵەییەوە دەستی داوەتە کاری شێوەکاری، خاوەنی بەرهەمگەلێکی زۆرە و چەندین پێشانگای لە دەرەوە و ناوەی وڵات بەڕێوە بردووە.  ئەم بەڕێزە خوێنەوار نین و لە بواری شێوەکاریشدا قوتابی هیچ مامۆستاییەک نەبووە و هیچ خولێکی فێربوونی تینەپەڕانددووە ئەو بەرهەمانەش کە خولقاندوویەتی بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشان و ئەزموونی ژیانی تاکیی خۆیەتی. حاجی خانم، بەرهەمی کۆمەڵگایەکە  کە پیاوان، ئایین و نەریتە دۆگم و چەقبەستووەکان تێدا سەروەر و باڵادەست بوون و هەن. ئەم هۆکارانە دەبنە هۆی نەخوێنەواری و پاشان بەزۆر بە مێرد دانی و قەبووڵکردنی ژیانێک کە بە زۆر بەسەریدا سەپاوە و پاشان بەخێوکردنی منداڵ و بەڕێوە بردنی ژیانی ئاسایی. دواتر، بە هۆی کەش و هەوای سەردەم و شەڕ و بشێوی ناچار دەبێت وڵات بە جێبهێڵێت و ڕەوانەی هەندەران دەبێت. وەک خۆیان لە وتووێژەکاندا باسیان کردووە، پاش ئەوەی منداڵەکانی دادەمەزرێن و هەرکامیان دەکەونە دوای ژیانی خۆیان هەست بە تەنیایەکی زۆر دەکات بەڵام ئەو بەرانبەر ئەو نەریتە کۆن و سواوەی کە لای زۆربەی ژنان و پیاوانی بەتەمەنی خۆمان باوە ئەویش ناهۆمێد بوون لە ژیان و  دەستەوەستان وەستانەوە، دەوەستێتەوە و هونەر دەکاتە ڕێگەی ڕزگاربوون و ڕۆحی پێدەسپێرێت، دەیکاتە مەکۆی خەمەکان و ئازار و ئەشکەنجەکانی ژیانی.  بە فلچە و ڕەنگەکانی قەڵەم دەگێڕی بە زامەکانی مێژوودا  و ڕابردوو و هەنووکە گرێدەدا بەیەکەوە و لە پێش چاومان ڕۆمانێکی نوێ دەخولقێنێتەوە. پاش کار کردن  و زۆر بوونی بەرهەمەکانی دەکەوێتە بەرچاوی هونەر دۆستانی وڵاتی هۆڵانداوە و لەوێ پیشانگای بۆ دەکرێتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا دەبێتە خۆشەویستی خەڵک و لەلایەن هونەر دۆستانەوە نازناوی خاتوونی ڕەنگەکانی پێدەبەخشرێت. پاش بایەخپێدانی لەلایەن شوێنە هۆنەریەکانی دەرەوەی وڵات و کردنەوەی چەندین پیشانگا لە شوێن و وڵاتە جیاوازەکانی ئەورووپا، لەلایەن هەرێمی کوردستانیشەوە پیشانگای لە هەولێر و سلێمانی بۆ دەکرێتەوە و لە تێلێڤیزیۆن و ڕۆژنامەکانەوە وتووێژی لەگەڵدا دەکرێت.

بێگۆمان مرۆڤ لە هەر شوێن و جوگرافیا و کۆمەڵگایەکدا بژیت هیچکات ناتوانێت خۆی لە کولتوور و شێوەی پەروەردە بوونی لەو شوێنەدا کە لەوێ چاوی بە ژین هەڵێناوە ببوێرێت و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کولتووری ئەو شوێنە لە سەری کاریگەری ئەبێت و تا گەورە بوونیشی لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. حاجی خانمیش بەرهەم و پەروەردەکراوی کۆمەڵگایەکە کە ئایین،  نەریت و یاسا کۆنەکان تیایدا سەروەر و باڵادەستن و بە چاوێکی کەم سەیری ڕەگەزی مێ دەکەن و هەموو مافێکیان لێ سەندراوەتەوە. لە کۆمەڵگایەکدا کە پیاوان هێزی سەرەکین و جگە لەمەش ئایین و یاسا کۆن و سواوەکان ئەو شەرعیەتەیان پێداون کە تا کوێ پیانخۆش بێت ئەسپی خۆیان تاو بدەن، ئەستەمە ژنان بتوانن بەئاسانی ئەم بەربەستانە ببڕن و خۆڕاگر بن لە هەمبەریدا. بەگوتەیەکی دیکە،  کۆمەڵگا تەواو کۆمەڵگایەکی پیاوسالارە و یاسا و ئایین و شەریعەت دەبنە باڵی پیاوان و توانایی هەڵفڕینیان پێدەبخشن. لێرەوە، ژنان لە ڕێگەی جیاوازەوە دەچەوسێنەوە و دەبنە بوونەوەرێک کە هیچ دەسەڵاتێکی سەربەخۆیان نییە و تەنانەت ناتوانن بۆ بچووکترین شتەکانی خۆشیان بڕیاردەر بن و بە تەواوی ژنان دەبنە کۆیلەی کۆمەڵگا و لە هەمان کاتدا پیاوانیش بەجۆرێکی دیکە و لە شێوازێکی تردا دەبنە قوربانی. حاجی خانم و هاوڕەگەزەکانی دەبنە قوربانی ئەم دۆخە نەگونجاوە؛ بەجێهێشتنی وڵات بۆ حاجی خانم دەبێتە هەوێنی گۆڕانێکی گەورە و دەرفەتێکی گەورەی بۆ دەڕەخسێت کە لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانییەوە بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو و ئاوات، خولیا و حەزە سەرکوت کراوەکانی منداڵی و گەنجێتی ئاوێتەی چیرۆکە کۆنەکان و بیرەوەریەکانی بکات و بیکاتە تابلۆیەکی ڕەنگین و جوان. ئەم کۆچە دنیایەکی گەورەتر دەخاتە پێش چاو و بەردەستی هونەرمەندەوە و ڕووبەڕووی کەشێک دەبێتەوە کە  لە ڕوانگەی کولتوورییەوە زۆر لە وڵاتەکەی خۆی جیاوازە و لەوێ نەک وەک ژنێک بەڵکوو وەک مرۆڤێک دەتوانێت هەستی خۆی دەربڕێت و کار و چالاکی خۆی بە ئەنجام بگەیێنێت.

 هونەرمەند هەر لە سەرەتاوەوە خولیایی نه خش و نیگار، سێرامیک، فەرشچنین و بەرگ دروون بووە، بەڵام بارودۆخی ژیان نەیهێشتووە درێژە بەکارەکەی بدات و بووتە لەمپەر لە بەرامبەر گەشەسەندیدا. هەڵبەت خاڵی گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە لە هۆڵاندا ئەو پانتا و زمینە بۆ ژنان ڕەخساوە و ڕێز لە کار و چالاکی ژنان دەگیرێت و لاشم وایە گەر حاجی خانم لەوێ بایەخی پێندەرایەت و پێشانگای بۆ دانەنرایەت، لە میدیاکانی ئەو وڵاتانەدا دەرنەکەوتایەت ئەوا ناسینی ئەستەم بوو چ بگات بەوەی لێرە پێشانگای بۆ دابنرێت و ڕێزی لێبگیرێت بەتایبەت ئەگەر ژنیش بێت ئەوە کارەکە ئەستەمتر دەبێتەوە.

بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندە لە نەوعی خۆیدا زۆر سەرنجڕاکێشن و جگە لەوە ئەم تابلۆیانە بەرهەمێکی ئاسایی نین، بەڵکوو ڕەوایەت و گێڕانەوەیەکن لە مێژوو و هەنووکەی ئەو ژنانەی کە بەجۆرێک پەیڕەوی لەم ستایلەی ژیان دەکەن و ملکەچی ئەو کەشە ڕۆحی و سۆزداری و ووشیاریەن کە کابان و ژنی ناوماڵ بەرجەستەترین دەستەواژەوە و چەمکیەتی. ئەوەی لە ڕووی تەکنیکی و ناوەڕۆکەوە زۆر بەرچاوە و من دەمەوێت لە ڕێگەی شیکردنەوەی ئەم بەشانەوە لێی ڕامێنم و بە ناخی ئەم بەرهەمانەدا ڕۆبچم بریتین لە 1- فیگوور و سیمای مرۆڤەکان 2- ڕەنگ 3- هێڵ 4- زەمان 5- فۆلک ئارت، کە لە خوارەوە زیاتر لە سەریان دەدوێین. ئەو فیگۆر و سیمایانەی هونەرمەند هێناویەتە سەر لەوحەکەی زۆربەیان ژنن و کەمتر پیاوانی تێدا بەدیدەکرێت تەنیا لە چەند تابلۆیەکدا نەبێت ئەوەش بە سیمایەکی تووڕەوە کێشراونەتەوە. مرۆڤی ناو تابلۆکان جگە لە پۆشینی جل و بەرگی کوردی، کە یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی زۆربەی فۆڵک ئارتەکانە، کاریگەری دنیای مۆدێرنیان پێوە دیار نییە و هەر لەو بازنەیەدا دەسووڕێتەوە. خاڵی هاوبەش لە نێوان کۆی ئەم مرۆڤانەی ناو تابلۆکانیدا ئەمەیە گشتیان بۆ شوێنێکی تایبەت دەڕوانن و بەتەمای ڕوودانی ڕووداوێک یان کارەساتێکن و ترسێکی مێژوویی لە قووڵایی ڕوانینی هەموویاندا بوونی هەیە، بەتایبەتە لە سیمای خودی ژنەکاندا. سیمای ئەو ژنانەی کە لە تابلۆکاندان زۆر شێوەی سیمایی هونەرمەند دەدەن و دەتوانن بڵێن کە خۆدی هونەرمەندە لە وێنەکاندا ئامادەیە و تەنیا ڕۆڵەکەی جار و بار دەگۆڕێت؛ بێگومان ئەمە هێمای سەفەری هونەرمەنده بۆ زیاتر ناسینی خۆی یان نواندنەوەی سیما و ڕووخساری خۆییەتی وەک یەکێک لە سەرچەشنەکانی ئەم تیپە ژنە لە کوردستاندا. کەواتە، لەم ڕێگەوەیە هونەرمەند لایەنە تاریک و شاراوەکانی خۆی و کۆمەڵگا دەدۆزێتەوە و لەسەر لەوحەکەی نیگاری دەکات. دەم و چاوەکان هەموویان ڕووبەڕوو و بەرامبەرمانن بەڵام نیگایان بۆ دوور دەڕوانێت بەجۆرێک کە سەرنجیان نەداوەتە شتێکی تایبەت.

ڕەنگ لەم بەرهەمانەدا ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێت و پێموایە سەرچاوەی ئیلهامی هونەرمەند بۆ هەڵبژاردنی ئەم ڕەنگانە، بەپلەی یەکەم، دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی کوردستان و پاشان بۆ ئەو خشڵ و خاو و جلە ڕەنگا و ڕەنگانەی کە ژنانی کورد لەبەری دەکەن و بەکاری دەهێنن. ڕەنگ لای حاجی خانم ئەکتەری سەرەکییە و لەم ڕێگەوەیە گیان دەکات بە ڕۆحی بەرهەمەکانیدا. جگە لەمانە شێوەی ڕەنگ لێدان و هەڵبژاردنی ڕەنگەکانی زۆر نزیکە لە بەرهەمی شێوەکارانی شێوازی فوویزم بە تایبەت ماتیز. ئەم کاریگەرییە لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ سەردانی هونەرمەند لە مۆزەخانەکان و شێوەنە هونەرییەکان و بینی بەرهەمەمی شێوەکارانی بیانی. بەڵام هونەرمەند تەنیا لە باری تەکنیکیەوە کەڵک و ئیلهامی وەرگرتووە و لەڕووی کولتوورییە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ_ کاریگەری بەمانای ترازاندنی ئەو کەشەی کە شێوەکارەکە ناچار بکات سنوورە نەتەوەییەکان و بەها بەرتەسکە ساختەکانی کۆمەڵگاکەی ببەزێنێت و کەڵکەڵەکانی لە کەڵکەڵەی فۆڵک ئارتەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵێک بەهای گەردوونی و یوونیڤێرساڵ_ لە ناو بەرهەمەکانیدا بەدیناکرێت.

حاجی خانم  بەپێچەوانەی ئەو هونەرمەندانەی کە ڕەنگ بەپێی ئۆسلووبە دیاریکراوەکان بەکار دەهێنن ئازادانە و بەپێی هەست و سۆزی خۆی و بوێرانە ڕەنگەکان بەکار دەهێنێت. هەرچەن ئەم ڕەنگانە بەشێوەیەکی زەینی بەکار دەهێنێت بەڵام بە شێوەیەک سامانیان دەدات و لە تنیشت یەکە دایان دەنێت کە هەر ڕەنگەو دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ڕەنگی تەنیشتییەوە و ڕەنگەکان یەکتر بەرجەستە دەکەنەوە. هێل لەم بەرهەمانەدا تۆخ و پڕڕەنگ بەکار هێنراون و لە ڕێگەی هێڵەوەویە سنووری نێوان نیگارەکان لێکدی جیا دەکرێتەوە. ئەم شێوازی کەڵک وەرگرتن لە هێڵ وەبیرهێنەرەوەی هێڵە لە شێوەکاری منداڵان و پاشان شێوازی فوویزم. زەمان لەم بەرهەمانەدا ڕۆڵی گرینگی هەیە و دەورێکی قووڵ بە نیگارەکان و شێوازی جل و بەرگی مرۆڤەکان دەگێڕن و تەنانەت جوانکاری سیما و ڕووخساری ژنەکان سەر بە سەردەمێکی تایبەتن و هونەرمەند لەو سەردەمە تایبەتەوە وەستاوە و لەوێوە سەیری جیهانی دەرووبەر و داهاتوویەک دەکات؛ لە هەندێک شوێندا دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی منداڵی و چیرۆکەکانی ئەودەم وێنا دەکات و بۆمان دەگێڕێتەوە بەشێوەیەک کە ئاڵووگۆڕی زەمەنی گۆڕینی شوێنی ژیان و تەنانەت هاتنە ئارای تەکنۆلۆژیا نەیتوانیوە لەسەر بیرۆکە و بەرهەمەکانی هونەرمەند کاریگەری هەبێت و ئایدیاکانی بەپێی کەڵکەڵە ڕۆژانەکان ڕێکبخات. ئەمە، لەلایەکەوە دەرخەری ئەو ڕاستییە کە هیچ شتێک نەیتوانییەوە لەسەر ئیرادەی پۆڵاینی ئەم هونەرمەندە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و نواندنەوەی ئەم تیپ ژنە لە کۆمەڵگادا کاریگەری دابنێت و ڕێگری لێبکات و لەلایەکی دیکەشەوە هەر ئەم ئیرادە پۆڵاینەش ڕێگەی لێ دەگرێت کێشەکانی دیکەی ژنان و تیپە جۆراوجۆرەکانی دیکەی هەر ئەو کۆمەڵگایە نەبینێت. حاجی خانم بەبێ ئەوەی بەخۆی نامۆ بێت و خۆلیایی بریق و باقی ئەورووپا بێت کارێک دەکات کولتووری خۆی و کۆمەڵگاکەی بەفۆڵک ئارتێکەوە بناسێنێت کە تەنیا دەتوانێت کێشە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی پێ نیگار بکات و بە بەها نەتەوەییەکانی خۆییەوە بچێتە نێو جیهانی جیهانی کراوەوە.

هەموو نەتەوە و دوڵەتەکانی جیهان خاوەن هونەری تایبەت بە خۆیانن و لەم نێوانەشدا فۆلک ئارت وەک قۆناغێکی سەرەتایی هاوبەشە لە نێوان هەموویاندا. هەروەها کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد فۆلک ئارت بەرهەمی هزر و هەوڵی سەربەخۆی تاکی هونەرمەند_ حاجی خانم_ی کۆمەڵگایەکە کە پەروەدەی هیچ قوتابخانەیەک نییە و لەبەردەست هیچ مامۆستایەکدا فێری ئەم هونەرە نەبووە. ئەرکی هونەرمەندی ئەم شێوازە هونەریە ئەوەیە کە پێداگرانە و بێخەوش و ڕاستەوخو دەبێتە کاناڵێک بۆ گواستنەوەی چیرۆک و ڕەوایەتە مێژوویەکان و سەربوردەکانی خۆی و هاو تیپەکانی.

فۆڵک ئارت بۆ ماوەیەک پشت گوێ خرا بەڵام بەرەبەرە بووە جێگەی سەرەنجی هونەرمەندانی مۆدێرن و لە خولقاندنی بەرهەمە هونەریەکانیاندا کەڵکیان لێوەرگرت. جگە ئەمە کەڵکێکی دیکە کە لە دنیای مۆدێرندا لە فۆلک ئارت وەردەگیرێت خۆش کردنی بازاڕی فرۆش و بەرهەمهاتنی کۆمەڵێک بەرهەمی بێمانیە کە بە هونەر کیچ پێناسە و دیاری دەکرێن کە لە ڕستیدا سیمای ئەم شێوازە هونەریەیان خەوشدار کردووە. گەر بمانەوێت بەرهەمەکانی حاجی خانم بەرینە خانەی فۆڵک ئارتەوە، ئەوا ئەو خۆی بەری کردووە لەم بەشە چەپەڵەی بازاڕ و هەموو کاتێک بە دڵی خۆی کاری کردوە و ناچێتە ئەم خانەوە لە تەفسیر و ڕوونکردنەوەوە.  

بەگشتی بەرهەمەکانی حاجی خانم هەرکامیان کەسایەتی تایبەت بەخۆیان هەیە؛ هەرکامیان  بەرهەمی کات و ساتە ئەستەمەکان و ژیانی دژواەی ئەم خاتوونە هونەرمەندن. ئەگەر تەواو جیهان ببێتە لەوحی شێوەکاری و هونەرمەند وەک ژنێك بیەوێت ژیان و بەسەرهاتی خۆی و هاوڕەگەزەکانی تێدا وێنا بکات و بیگێڕێتەوە بەدڵنیاییەوە نەڕەنگ، نە لەوح و نە فڵچەش  بەرگەی ئەو گشتە زۆڵم و ستەمە ناگرن و لە ئاستیدا چاو، دەست و زمان کوێر و فەلەج و لاڵ دەبن و زەمەن و بەسەرهاتی هۆنەرمەندمان بۆ دەگێڕنەوە.

 

لەم سۆنگەیەوە، هونەرمەند دەبێتە ئاوێنەیەکی باڵانوێن و ئێمە لەوەوە ڕووداو و ئەوە زەوڵم و ستەمانەی لە خۆی و هاو ڕەگەزەکانی کراوە دەیبینین. لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆرن ئەو ژنانەی وەک حاجی خانم دەست ڕەنگین بوون و بەرهەمی هونەریان خوڵقاندووە بەڵام ئەوان ئەو هەلەی حاجی خانمیان بۆ نەڕەخساوە و شوێن و کولتووری ئایینی و کۆمەڵایەتی سەرکوتی کردوون و ڕێگەی گشەکردنیانی لێ سەندۆتەوە و لە  قوژبنەکانی مێژوودا نێژراون.

Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت