ئازاد کەریمی
کابرایێکی ڕێبوار به ناو کۆڵانه‌که‌دا ئه‌ڕۆیی، به مه‌راقه‌وه سه‌یری من و دایکمی کرد... دایکم سه‌ری برده ژووه‌ره و په‌نجه‌ره‌که‌ی داخست. ده‌نگی ئه‌م داخستنه هاته گوێم... زه‌لامه‌که به ته‌نیشت مندا ده‌رباز بوو به‌ڵام به چاویه وه دیار بوو حه‌زی ئه‌کرد له من بپرسێ دایکت چ شتێکی ویستوه که بۆی بهێنی و حه‌وت دانه بێ؟!
جه‌ژنی حه‌نوکا
نووسینی: ئازاد کەریمی
ئێواره کاتێ له زانکۆ هاتمه وه ئه‌وه‌نده ماندوو بووم له‌وانه بوو ببورێمه‌وه. دایکم به په‌له به‌ره‌و ڕووم هات ووتی: کوا؟ مۆمه‌کانت هێنا؟! وه‌ڵامم داوه: نا! له بیرم نه‌بوو !دایکم زۆر پێی ناخۆش بوو، دیاره چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی نه‌ئه‌کرد وه‌ڵامێکی به‌و جۆره‌ی بده‌مه‌وه...
له پێشم ده‌رباز بوو، ڕۆییشته ژووری به‌رانبه‌ر ساڵۆنه‌که‌وه، ئه‌و ژووره‌ی که وێنه‌ی باپیره گه‌وره‌ی تێدا هه‌ڵواسراوه و له قاپێکی دارین دایه و له‌و کاته‌وه چاوم کردوه‌ته‌وه ئه‌و وێنه له ناو ئه‌و قاپە‌دایه و به دیواره‌وه هه‌ڵواسراوه. چ ئه‌و کاته‌ی که ماڵمان له سەقز بوو، چ ئێستا که له تارانین ئه‌م وێنه له‌م قاپە‌دایه و به دیواری ئه‌و ژووره‌وەیه که باوکم تێی دا ئه‌حه‌سێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت حه‌سانه‌وه‌ی باوکم ته‌نیا له کاتی نووستنی دایه، ئه‌گینا هه‌تا باوکم به خه‌به‌ر بێت هه‌ر خه‌ریکی ئه‌و کارانه‌یه که به پێویستی ئه‌زانێ، وه‌ک خوێندنه‌وه‌ی په‌رتووکی مێژوویی، ئۆتووکردنی جله‌کانی، پرواندنی قوڕی ده‌رلنگ و ته‌کاندنی پانتۆڵه‌که‌ی، ته‌له‌فوون کردن بۆ چاپخانه‌کان و کارخانه‌ی که‌رسته و که‌ل و په‌لی پێداویستییه نووسینه‌کان وه‌ک نووسینگه‌ی قه‌ڵه‌می بیک، کۆمپانیای کاغه‌زه جۆرواجۆره‌کان و ده‌فته‌ر و ئێسته‌نسێل و ده‌رزی و کاغه‌زی ڕه‌نگنامه و...
له‌و کاته‌وه مۆبایلی کڕیوه هه‌ندێ ماڵه‌وه هێور بوه‌ته‌وه، به‌ڵام قه‌یران کاتێ ڕووئه‌دا که هێڵی مۆبایل ئه‌بچڕێ و باوکم له نێوان گفت و گۆ دا تووڕه ئه‌بێت و به تووڕه‌یی یه‌وه به‌ڵام به هه‌ستیاریه‌کی دیاره‌وه مۆبایله‌که‌ی فڕه ئه‌داته سه‌ر نه‌رمایی دۆشه‌کی مۆبیلیاکه‌وه و له‌ژێر لچه‌وه ده‌س ئه‌کا به پرته و بۆڵه... هه موو كاتێکیش "دینێ"، که کچی خوشکه گه‌وره‌که‌مه و ئه‌وه بۆ دوو ساڵه له لای ئێمه‌یه و به ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵانه به په‌له ئه‌چێ و مۆبایله‌که هه‌ڵئه‌گرێته وه، به‌ڵام باوکم خێرا وریای ئه‌کاته‌وه و ئه‌ڵێ: مه‌که ڕۆڵه! ده‌ستی لێ مه‌ده! کایه‌ی مناڵان نیه!...
دینێی فه‌قیریش ته‌رێق ئه‌بێته‌وه و هه‌ندێ جار مان ئه‌کا و له سووچێک‌دا هه‌ڵئه‌تروشکێ و هه‌تا دایکم بانگی نه‌کا نایێته‌وه ناو کۆڕه‌که.... سه‌ر کۆنه به ده‌نگی دایکمه‌وه دیاره ئه بێ و ئه‌ڵێ: بۆ له‌و به‌سته‌زمانه ڕووش هه‌ڵدێی؟... ئه‌گه‌ر وه‌هات ئه‌زانی بتدایێته‌وه به ماڵی پووری....
باوکم کز ئه‌بێ و ئه‌چێته ژووره‌که‌ی و هه‌ندێ جار ده‌رکی هۆده‌که‌ی به دوای خۆیدا دائه‌خات. زۆرجار گوڵۆپه‌که ئه‌کوژێنێته‌وه و له سه‌ر ته‌خته‌که‌یدا ئه‌خه‌وێ و هه‌ندێ جاریش ده‌نگی ئه‌گاته ساڵۆنه‌که‌وه که خه‌ریکه دۆعای "مه‌زامیر" ئه‌خوێنێته وه یان په رتووكێک ئه‌خوێنێته‌وه یان خه‌وی لێ که‌وتووه و وڕینه ئه‌کا...
دایکم هه‌موو کات دینێ ئه‌دوێنێ و دەستی به‌سه‌ردا ئه‌کێشێ و ماچی ئه‌کا... زۆر جاران بینیومه فرمێسکه‌کانی سڕیوه‌ته‌وه. دایکم له‌و کاته‌وه "شادی" مردووه خه‌مۆکی تووش بوه و هه‌ندێ خه‌ڵه‌فاوه و شتی له بیر ئه‌چێته‌وه... به‌ڵام هیچ کات مه‌رگه‌ساتی "شادی" له بیر نه‌چوه‌ته‌وه. شادی خوشکی گه‌وره‌مه و پێرار له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا له ڕووداوی ئۆتۆمبێل دا گیانی له‌ده‌س دا. بنه‌ماڵه‌ی "یۆمتۆب" ی زاوامان که برێتیه له خوشکه‌که‌ی، به مه‌منوونیه‌وه مافی به‌خێوکردنی دینێ یان به باوکم دا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یۆمتۆب ته‌نیا خوشکێکی له تاران دا هه بوو، بنه‌ماڵه‌که‌ی له ئه‌مریکا ئه‌ژیان. جارجار ته‌له‌فوونیان ئه‌کرد و هه‌واڵی دینێ یان ئه‌پرسی. دایکم هه‌رکات ده‌نگی ته‌له‌فوونی ئه‌بیست دائه‌چڵه‌کا و ڕه‌نگی ئه‌بڕوسقا. ئه‌مزانی له‌وه ئه‌ترسێ ئه‌وان بێن و پێی بڵێن: دینێ مان پێ بده‌نه‌وه... یان بهێڵن بیبه‌ین بۆ ئه‌مریکا... دایکم په‌رداخێ ئاوی بۆ هێنام، ووتی: باش بوو هه‌ر به‌یانی زوو به تۆم ووت مۆمت له بیر نه‌چێ! ئه‌وه نیه چه‌نده له‌بیر ڕاسپارده‌کانی دایکت دا بووی!!!
ئاوەكه م خواردەوه... دایكم هه ر تەمەشای ئەكردم، په‌رداخه‌که‌م دایه‌وه ده‌ستی و ڕووم کرده ژووره‌که‌ی باوکم، وتم: دایه گیان! خۆت ته‌نگه‌تاو مه‌که! سبحه‌ینێ ئێواره شه‌وی یەكەمی جه‌ژنی حه‌نوکایه. مۆمت بۆ ئه‌کڕم. به‌ڵێنی شەره‌فت پێ ئه‌ده‌م! باشه؟... ده‌ستم به پێکه‌نین کرد، پێکه‌نینم به خۆم هات که به قورسی یه‌وه به‌ڵێنم به دایکم داوه! دایکم پێ نه‌که‌نی به‌ڵام ده‌نگی هاته گوێم: تۆ هه‌موو شت به فشه بگره و پێی پێبکه‌نه! ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕاسپارده‌ی دایکت بێ! کێ ئه‌زانێ به‌یانی چی دێته ئاراوه:یان دیسانه‌وه له‌بیرت ئه‌چێ یان دووکان دائه‌خرێ، یان چووزانم هه‌زار گۆڵمه‌زی تر به‌رپا ئه‌بێ... جاران شادی مۆمی هه‌نووکای ئه‌کڕی و ئه‌یهێناوه به‌ڵام دایكه كه ی بمرێ ئێستا له خاكدا یه...هاتمه‌وه ناو ساڵۆنه‌که و بینیم دایکم ئه‌گری. بەلکه‌ی ده‌سماڵه‌که‌ی سه‌ری خه‌ریکه فرمێسکه‌کانی ئه‌سڕێته‌وه. نازانم دایکم ئه‌م هه‌مووه فرمێسکه له کوێوه ئه‌هێنێت؟ شادی به‌شێکه له بیانووی فرمێسک داوه‌رانی دایکم... باوکم ناوی ناوه"مامه خه‌مێ"... گریانی دایکم هه‌موو کات له لێواری دڵ و چاوی دایه. بۆ هه‌موو شت دڵی ته‌نگ ئه‌بێ و ئه‌گری. ته‌نانه‌ت بۆ زۆر شت ئه‌گری که خه‌ڵکی تر به لایه‌وه گرینگ نیه و بیری لێ بکاته‌وه. له بیرم دێ شادی بۆ منی ئه‌گێراوه" شه‌وی نه‌ورۆزی 1988 دایکم له‌به‌ر ته‌له‌ڤیزیۆندا خۆی مراند ئه‌وه‌نده گریا"…
من ئه‌و کاته‌م له بیر نایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مناڵ بووم، به‌ڵام شادی ئه‌یووت: دایکم به بینینی چۆنیه‌تی ڕه‌وشی هه‌ڵه‌بچه‌یی یه‌کان له ته‌له‌ڤیزیۆنه‌وه ئه‌ونده خه‌فه‌تی خوارد و گریا که چاوی سوور بوو وه‌ک گۆمی خوێنی لێ هات. هه‌ر وه‌ک ئه‌و کاتانه‌ی که ئه‌چێ بۆ که‌نیسه و "ڕابی" به ده‌نگی به‌رز باسی په‌ت په‌تیه‌کانی "به‌نی ئیسرائیل" له مسر ئه‌کا و ته‌ورات ئه‌خوێنێته‌وه.
داخی گرانم! شادی نه‌ماوه تاکوو بۆی بگێڕمه‌وه دایکمان ئێستا له جاران دڵی ناسک‌تر بوه‌ته‌وه و مه‌رگی ئه‌ویش هۆکاری ئه‌م دڵته‌نگی یه بێ کۆتای یه‌ی دایکمانه... چاوم به شه‌مدانه حه‌وت لقه زێوه‌که‌مان که‌وت که دایکم هه‌ر له ئێستاوه لەڕه فه‌که ده‌ری هێناوه و له سه‌ر مێزی ئاشخانه‌که‌دا دایناوه…
له بیرم دێ کوردێکی خه ڵكی باشوور جارێکیان هات بۆ دووکانی باوکم و کاغه‌زی سپی ویست. براده‌رێکی سنه‌یی باوکم له‌وێ دانیشتبوو و له‌گه‌ڵ باوکم به کوردی قسه‌یان ئه‌کرد. ئه‌و کابرا کورده‌ش به خۆشحاڵیه‌وه ووتی منیش کوردم... باوکم کاتێ زانی که ئه‌و کابرا کورده په‌نابه‌ره و له "كه رەج" ه وه هاتوه بۆ دڵنوایی ووتی: ژنه‌که‌ی من زۆر بۆ حاڵی ئێوه گریا، شه‌وی نه‌ورۆز نه‌هات ئاگر بکاته‌وه و باز به‌سه‌ر ئاگره‌که‌دا بدا. ئه‌و له‌به‌ر دڵی ئێوه شه‌مدانی حه‌نوکای هێنا و له ژووری چێشت لێناندا مۆمی پێوه نا و دایگرساند و به دیاریه‌وه دانیشت هه‌تا مۆمه‌کان توانه‌وه. کاتێ هاتینه ناوماڵه‌وه سه‌یر ئه‌که‌ین مۆمه‌کانی ناو شه‌مدانه‌که خه‌ریکن ئه‌کوژێنه‌وه و ژنه‌که‌م سه‌ری ناوه‌ته سه‌ر ده‌ستی و به‌سه‌ر مێزه‌که‌دا خه‌وی لێ که‌وتوه. خانمه كه م سه ر كۆنه مانی كرد ووتی ئێستا كاتی پرسەیه جەژن مانای نیه…
دایکم هه‌ر ئه‌گری... دڵم ته‌نگ بوو... وتم: دایه گیان مه‌گری ئه‌وه ئه‌چم مۆمت بۆ ئه‌هێنم بۆ سبه‌ی شه‌و، بۆ شه‌وی حه‌نوکا... دایکم سه‌ری هه‌ڵێنا و تێم ڕوانی، پێی خۆش بوو ئه‌م قسه‌م کرد... کاتێ هاتمه ده‌ره‌وه دایکم له په‌نجه‌ره‌که‌وه سه‌ری هێنا ده‌ره‌وه و بانگی لێ کردم "ده‌یوید!" کاتێ سه‌رم هه ڵێنا دایکم ووتی: بڕوانه! وتم: چی؟ دایکم هیچی نه‌ووت به‌ڵام به هه‌ر دوو ده‌ستی به منی ئاماژه دا ٧! واته حه‌وت مۆم بکڕێ!.. ده‌ستم به پێکه‌نین کرد، وتم باشه! و ڕێگه‌م گرته به‌ر…
کابرایێکی ڕێبوار به ناو کۆڵانه‌که‌دا ئه‌ڕۆیی، به مه‌راقه‌وه سه‌یری من و دایکمی کرد... دایکم سه‌ری برده ژووه‌ره و په‌نجه‌ره‌که‌ی داخست. ده‌نگی ئه‌م داخستنه هاته گوێم... زه‌لامه‌که به ته‌نیشت مندا ده‌رباز بوو به‌ڵام به چاویه وه دیار بوو حه‌زی ئه‌کرد له من بپرسێ دایکت چ شتێکی ویستوه که بۆی بهێنی و حه‌وت دانه بێ؟! به‌ڵام هه‌تا باسی مۆم و حه‌نوکا و بنه‌ماڵه‌ی "حه شمونایی" و حه‌وت کوڕه‌که‌ی بکه‌م، نیوه‌شه‌وه و هیچ دوور نیه دەركی داخراوی دووكانان گاڵته‌شم پێ بکا...
پەراوێز:
ـ بنەمالەی حەشموونایی برێتی بوون له باوكێك و حەوت كوڕەكه ی كه دژ به دەسەڵاتی یۆنانیەكانی دوای ئەسكەندەری مەزن شۆڕ‌شیان كرد و هەر بەو یاده وەری یه، جوولەكەكانی كوردزمان و جیهان له سەرەتای مانگی بەفرانباری كوردی دا بۆ ماوەی حەوت شه و و ڕۆژ جه ژن ئەگرن و له شەمدانی "حەوت لك" ی تایبەتی ئەم جەژنەدا هەموو شەوێك هه تا حەوت شەو ،هەر شەوێك و مۆمێك ، دائەگرسێنن