هاوڕێ نەهرۆ

زمناکۆ، براو هاورێ یەکانی خوش دەویست، قسەکانیان بارگرانی لەسەر دەروونی جێ ئەهێشت. ئەو حەزی دەکرد ئەو ماوە کەمەی لە ژیان ماوە بێ کێشەو هاوار و دەردسەر بە ڕێی بکا و، ئەمە لەلایەک، لە لایەکی دی حەزی دەکرد دەوروبەر دان بە ئازارەکانی دا بنین!

 

تۆ نەخۆش نیت!

هاوڕێ نەهرۆ

کاک زمناکۆ سەری ماش و برنج بوو. هەندی تاڵی رەش و هەندێ تاڵی سپی تێ کەوتبوو. تەمەنی پەنجا ساڵی تێپەراندبوو. ددانی پێشەوەی کەوتبوو. نەخۆشیەک رووی تێکرد، نەخۆشییەکی نامۆ، فیزیکی نەبوو بەڵام دەروونی بوو، بە هاوار و هەلوەسەی ئەندیشە دەستی پێکرد. ئیدی لەو رۆژەوە دکتوری دەروونی دەرمانی بۆ دەنووسی، دەرمانەکان هەندی جار باش بوون و هەندی جاریش خراپ، تەنانەت ئەو دەرمانانەی چارەسەری نەخۆشی دەروونی ئەکەن کاریگەری نەگتیڤی لاوەکییان هەیە. هەندێ جار دەرمانەکان دەبەنگی ئەکرد و زۆر ئەخەوت. هەستی ئەکرد هەمیشە کۆڵێکی قورس بە پشتەوەیەو رایئەکێشی. ئەمەش وای لێ ئەکرد وزەی رۆژانەی بێتە خوارەوە! چەندین جار دکتۆر هەوڵیدابوو نەخۆشیەکەی بخاتە چوارچیوەیەکەوەو ناوێکی ستانداری بۆ بدۆزیتەوە!

سەرەتا دکتۆر پێگوتبوو (تراومایە) گوایا کارەساتی ناخۆشی بەسەر هاتووە ئێستا ئەکەوێتە بیری! تاوەکو دوای چەندین ساڵ دوای ئەزمایش کردنی دەرمان گەلێکی زۆر، دکتۆر گەیشبووە ئەو بروایە کە نەخۆشی بی پولاری هەیە! نەخۆشی بی پولاریش دوو قوناغی هەیە، یەکەمیان خەمۆکی یە، دووەمیان هەوەسە. لە قوناغی هەوەس دا نەخۆش کاری زۆر سەیرو سەمەرە ئەنجام ئەدا. بۆ نموونە بە فێڕۆدانی پارەیەکی زۆر لە پروژەی وەهمی دا، پێکەنینی بێ هۆ! هەروا قسە کردنی زۆر. لەم قوناغەدا، نەخۆش بە کەسێکی مەزن خۆی ئەژمارد ئەکا، بە هەڵە تێگەیشتن لە خود! لەقوناغی خەمۆکیش هەست بە بێهودەیی ژیان ئەکاو نەخۆش هەوڵ ئەدا بە رێگای جواروجۆر خۆی لە ناو بەرێ، بە واتایەکی تر هەوڵی خۆ کوشتن ئەدا.

زمناکۆ چەندین ساڵ لەگەڵ ئەم نەخۆشی یە رووبەروو بوەوەودەیناڵاند! تادەهات زیاتر تەریک ئەکەوتەوەو گەڵای سەوزی برادەرەکانی هەڵوەرین و بەتەواوەتی رووی لە گۆشە گیری کرد. قورسترین ساتەکانی زمناکۆ ئەوە بوو بە رۆژیش دەیویست درێژە بە خەو بدا، بەڵام خەوی لێ نە ئەکەوت کەچی نەیتوانی کاتەکەی تەرخان بکا بۆ خوێندنەوەی پەرتووک یان سەیری پروگرامی تەلەفزیون بکا. پێدەچوو ئەم حەزەی لە ناخا مردبوو، لایەنی کەم حاڵی حازر تەنانەت بە رۆژیش چاوی لەسەر تەختە خەوەکەی بوو بەمەبەستی ئەوەی لە ساتەکانی ژیانی پر مەینەت دوور بێ یان هەر بەمەبەستی هەڵهاتن پەنای بۆ خەو دەبرد، چونکە ساتەکانی قورسایی و ئازاری خۆی هەبوو، کە کەم کەس درکی پێ ئەکا! زمناکۆ برایەکی هەبوو دوو ساڵ لەخۆی گەورەتر بوو لە وڵاتێکی تر دەژیا، هەموو جارێ لە پەیوەندی تەلەفونی بە زمناکۆوەوە هەر چی شەرئەنگیزی خۆی هەبوو بەسەر زمناکۆوەوە دەیباراند. گوایا بەپەروشەوەیە و دەیەوێ براکەی لە باشترین وێنەدا ببینی نەوەکو ئێستا کە نەخۆش و بێ دەسەڵاتە. بە کورتی و کرمانجی پێدەگووت تۆ نەخۆش نیت، بەلکو تۆ لە نێو کۆمەڵی وەهەم ئەژیت ناتەوێ لێ دەرباز بیت! زمناکۆیش لە وەڵامی براکەی دەیگووت کەس هەیە لە ژیان دا حەز بە شکستی خۆی بکا یان خەڵک بە چاوی کەم تواناو نزم سەیری بکەن؟ کەچی براکەی هەر سور بوو لە سەر تیروانین و سیستەمی بیرکردنەوەی خۆی!

تەنانەت براکەی دژی ئەوە بوو زمناکۆ حەب و دەرمان بە کار بەرێ و دووپاتی کردەوە کە زمناکۆ پیویستە پشت بە خۆی ببەستێ و چاک بێتەوە. بۆیە زمناکۆ وەک رێزێک بۆ قسەکانی برا گەورەکەی پەیتا پەیتا دەرمانەکانی کەم کردەوە تا وایلێهات زمناکۆ رۆژێک دای لە هاوار و نرکە، هاوار ئاوێتە بوو لەگەڵ ژیانی دا، دەبوایە حەبی هیور کەرەوە قووت دا بۆ ساتێک دوور بێ لە هاوار. وزەی پشتەوەی هاوارەکان وەک سیگناڵی شەپۆلێکی نادیار هەڵمەتیان بۆ ئەهێنا، نە سیکۆلوژ، نە دکتوری دەروونی چارەیەک یان پێ نەبوو، لەساتە وەختی ئەم هاوارانە براکەی پەیوەندی تەلەفونی پێوە کرد یان بە ئیمایل پێکهاتەی شانەو کاریگەری چاو لەسەر مرۆڤ و هەندی بابەتی زانستی تەندروستی بۆ ئەنارد. جاروباریش بە تەلەفون دووپاتی دەکردەوە کە بابەتەکانی گەیشتوون و قەوانی ئەو قسانەی لێ ئەدایەوە کە تۆ نەخۆش نیت، تۆ پیویستت بە دکتۆر نییە، دکتوریش کابرایەکە وەک ئێمە لە بەکالوریا پلەی بەرزی بەدەست هیناوەو هیچی تر!

زمناکۆ دوو هاورێی لە تەمەنی خۆی هەبوو وەک گوێز ساغ بوون. ئەوانیش لە هەمان وڵاتی نیشتەجێ بوونی زمناکۆ بوون. ئەمانیش جارو بار سەرەزەنشتی زمناکۆ یان ئەکرد وەک بڵی گومانی لێ بکەن کە نەخۆشە، یەکێکیان دەیگووت تۆ پیویستت بە غیرەتە، غیرەت بدە بەر خۆت هیچ کێشەیەکت نامێنێ. لە وەڵام دا زمناکۆ دەیگووت، من تەنیام، ئاواتی لەبار براوم زۆرە لە ژیان، ئەوی تریان هەڵیدایە و گووتی تۆ تەنیا نیت، تۆ بێ بەرنامەیت. بە کورتی ئەوان دەنگیان لە تیری تەندروستی یەوە دەهات کە چی زمناکۆ هەڵویست و دۆخەکەی زۆر نالەبار بوو! لە ئەنجامی کێشمەکێشی نیو ئەندیشەی زمناکۆ، رۆژێکیان پەلاماری پاکەتی حەپی دا، حەفتا دانە حەپی تیا بوو، بە دوو جار قووتی دا بەمەبەستی ئەوەی ماڵئاوایی لە ژیانی سەخت بکاو رادەیەک بۆ بێزاریەکانی دابنێت، بەڵام دوای هات و هاوارێکی زۆر، دراوسێ یەک تەلەفونی بۆ ئەمبولانسی کرد بوو گەیاندیانە نەخوشخانە بەمەبەستی پاک کردنەوەی گەدەی و کونتروڵ کردنی لێدانی دڵی. ئێستا زمناکۆ لە نێوان دوو ڕێ یانێک دایە، نەخۆشی و هاوار کردن و بێ ئوقرەیی و بەکار هینانی دەرمان، لەلایەکی دیکە براکەی تارادەیەکیش هاورێ یەکانی بروای پێ ناکەن کە نەخۆشە و پێ دەڵین تۆ نەخۆش نیت، تۆ مروڤێکی هەستیاری و بەهەڵە مەسجەکان دەخوێنیەوە، هەڵە لە سیستەمی بیرکردنەوەت هەیە! زمناکۆ هەمیشە لە ململانیدا بوو. ئەو حەزی نەکرد دووچاری ئەو دوخە بێ کە براکەی و هەندی لە هاوەڵەکانی بروای پێ نەکەن، لەهەمان کات دا مرۆڤێکی ساغ نەبوو، لەکاتێ بەڕێ کردنی ساتەکان دا، زۆر بە گرانی بە رێوە دەچوو!

زمناکۆ، براو هاورێ یەکانی خوش دەویست، قسەکانیان بارگرانی لەسەر دەروونی جێ ئەهێشت. ئەو حەزی دەکرد ئەو ماوە کەمەی لە ژیان ماوە بێ کێشەو هاوار و دەردسەر بە ڕێی بکا و، ئەمە لەلایەک، لە لایەکی دی حەزی دەکرد دەوروبەر دان بە ئازارەکانی دا بنین!

 Related image

                                       

 

 

 

 

 

 

 

بازدید: 1084