ناڵە حەسەن

هەر کەسێک ڕۆمانی (خانەقای میرزا)ی میران ئەبراهام بخوێنێتەوە و لەنێو گێڕانەوەی یادەوەریەکاندا، بە شێوەیەکی ڕۆشن جەلالی میرزا کەریم لە سێ وێستگەدا دەبینێت، جەلالی میرزا کەریم وەک شاعیرێکی نوێخواز، وەک ئاکتیڤێستێکی سیاسی و کەسایەتییەکی چەپ و سۆشیالیست، وەک میدیاکارێک و ڕۆژنامەنووسێک. جەلالی میرزا کەریم لە ساڵی ١٩٣٥ لە خێزانێکی دیار و خوێندەواری شاری سلێمانی لە دایک دەبێت، باوکی و براکانی بەتایبەت غەفووری برای لە کەسە دیارەکانی ئەو شارەن و وەک کەسانی چەپ و لایەنگر لە خەڵکی هەژار و بەشمەینەت و کرێکاران و کاسبکاران هاوکات، ئەندامی حیزبی شیوعی عێڕاقین.

یادەوەرییەکانی شاعیرێکی نوێخواز و ڕۆمانی خانەقای میرزای میران ئەبراهام

ناڵە حەسەن

بەشی یەکەم

سەرەتایەک

ڕۆمانی خانەقای میرزا کە لە نووسینی (میران ئەبراهام)، یەکێکە لەو ڕۆمانە نایابانەی کە داهێنانێکی گەورەی تیاکراوە، یەکێک لە بەرچاوترین تایبەتمەندی و جیاوازییەکانی ئەم ڕۆمانە لە یەک کاتدا / دەتوانین وەک کتێبێکی نووسینەوەی یادەوەریەکانی شاعیرێک، یان کتێبێکی مێژوویی، لەهەمانکاتیش وەک ڕۆمانێکیش چ لە ڕووی زمان و گێڕانەوە چ لە ڕووی ئیستاتیکاوەش چێژ و ئارامییەکی دەروونی بە خوێنەر دەبەخشێت. میران ئەبراهام وەک ڕۆماننووسێک بەوە ناسراوە بە وردی ئیش لەسەر مێژوو دەکات، لەم لایەنەش تا ئەندازەیەکی زۆرباش سەرکەوتوو بووە، واتە لەنێو ئەدەبی گێڕانەوە خاوەن فۆرم و شێواز و ستایلێکی تایبەت بەخۆیەتی. ئەم ڕۆمانەش (خانەقای میرزا) گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی شاعیری نوێخواز (جەلالی میرزا کەریم )ە و هاوکات، تیشک خستنە سەر بزووتنەوەی ئەدەب و شیعری کوردییە، بە تایبەت لە شاری سلێمانی لە چلەکانەوە تا حەفتاکان و گرووپی ڕوانگە و چەند ساڵێک دوای ئەوەش، بەرچاو ڕۆشنیەکی زۆرباش دەخاتە بەردەم خوێنەر بۆ تێگەیشتن لە بزووتنەوەی شیعری و ئەدەبی ئەو سەردەمە و ناسینی شاعیر و ڕۆشنبیر و کەسە ناسرا و دیارەکانی، هاوکات ڕەوشی سیاسی شاری سلێمانی و ئاستی وشیاری خەڵکەکە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و باری ڕۆژنامەگەری و تەنانەت ڕەوشی سیاسی عێڕاق و دەورانی مەلەکیەت و پاشایەتی و کۆماریەکان و جموجۆلی خەبات و تێکۆشانی کورد بە دژی ڕژێمی عێڕاق بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی و ژیانێکی باشتر، هەموو ئەمانە لەم ڕۆمانە بە سەلیقەیەکی ورد و نایاب بەرجەستە کراوە. هاوکات گێڕانەوەی یادەوەریەکانی جەلالی میرزا کەریم لە ڕۆژی لە دایکبوونیەوە تا ئەوکاتەی ماڵئاوایی لە ژیان دەکات، هەڵوێستەکردن لە زۆرێک لە وێستگە گرینگەکانی ژیان و یادەوەریەکانی ئەم شاعیرە و لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاتی و پەیوەندی خۆشەویستی و سیاسەت و شیعر و شاعیریەت و نائومێدبوون لە سیاسەت و قۆناغی نوێگەری و ژیانی دوورە وڵاتی و تەنیایی و غوربەت و گەڕانەوەی بۆ نیشتیمان و  تا کۆتایی ژیان. خالێکیتر لەم ڕۆمانە کە خوێنەر سەرسام دەکات لە زۆرشوێن دەستەواژەی وای تیایە کە پڕە لە حیکمەت و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و هاوکات فەلسەفیش، یان ناساندنی کەسانێکی وشیار و بیرمەند کە وەک سەربازێکی ون چ لە سەردەمی ئەوکات بە ئێستایشەوە، مێژوونووسان و ڕۆشنبیران کەمترین ئاگاییان لەبارەی توانا مەعریفی و ڕۆشنبیریەکانی ئەو کەسانە نییە، یەکێک لەوانە (مام زامن )ی بەقاڵە کە گەورەترین کاریگەری لەسەر ژیان و بیرکردنەوەکانی جەلالی میرزا کەریم و زۆرێک لە لاوەکانی ئەو سەردەمەدا هەبوو، تا ئاستی ئەوەی جەلالی میرزا کەریم لەنێو بیرەوەریەکانی بڵێت (بەڵام،، ئەو هەموومانی بۆ ژیاندۆستی پەروەردەکرد، لە ڕۆژانێک دا مەرگدۆستی باڵی ڕەشی بەسەر ڕۆحی هەموو خەڵکی ئەو شارەدا کێشابوو، بە جۆرێک ترس لە مردن توانای هەستی لاواز کردبووین...!). چەند نموونەیەکیش لە دەستەواژە گرینگ و نایابەکانی نێو ئەم کتێبە، کە هەر دەستەواژەیەک وەک ئیدیۆمێک کۆمەڵێک خوێندنەوەو بیرکردنەوەی قووڵیان لە پشتەوە هەست پێدەکرێت لەوانە، لە شوێنێک جەلالی میرزا کەریم لەبارەی مام زامنەوە دەڵێت ( فێری کردین کە خۆ بەدەستەوەدان هەڵبژاردەی خۆمانە، بەڵام هیواو ئامانج نییە...!)، یان لە شوێنێکی تر هەمدیسان قسەیەکی مام زامنمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت (وەک ڕۆحلەبەرێک هیچ پاساوێکمان لە پێش نییە تاوەکوو لە پڕۆسەی مردن بترسین...!)، لە شوێنێکیتر لە نائومێدبوون و بێزاربوون لە ژیانی غوربەت و تەنیایی و دوورە نیشتیمان دەڵێت ( سەگ لە قەسابخانە نەمرێت عومری بە فیڕۆ چووە..! )، ئەمانە و چەندین دەستەواژە و قسەو باسیتر کە هەریەکێکیان چەندین خوێندنەوە و هاوکات بیرکردنەوەی قووڵی رەخنەییان لە پشتە، لێرە بەدوا هەوڵدەدەین لە چەندین وێستەگە و گۆشەی جیاوازەوە درێژە بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەک و یادەوەرییەکانی جەلالی میرزا کەریم بدەین.

_ مێژووی سێ دەیەی شاری سلێمانی

وەکو گوتم بەهۆی ئەم ڕۆمانە و یادەوەرییەکانی جەلالی میرزا کەریمەوە، بەرچاو ڕۆشنیەکی زۆرباشمان دەبێت لایەنیکەم بۆ سێ دەیەی مێژووی شاری سلێمانی، لە ڕووی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ژیانی سیاسی ئەم شارە و هاوکات دەسەڵاتی ئەوسای ڕژێمی عێڕاق و دەورانی مەلەکییەت و پاشایەتی و هاتنی ڕژێمی بەعس و ململانێی نێوان حیزبە کوردییەکانی ئەوکات ( پارتی و حیزبی شیوعی عێڕاق ) و، لەلایەکیتر ناسینی شاعیر و نووسەر و کەسە ڕۆشنبیر و ناودارەکانی ئەو سەردەمانە و لەپاڵ داهێنانە ئەدەبی و شیعرییەکانیان جموجۆڵی سیاسی و کارو چاڵاکییەکانییان، لەم نووسەر و سیما دیارانەی ئەو سەردەمانە ( دڵداری شاعیر و فایەق بێکەس و قانیع و گۆران و ئەحمەد هەردی و پیرەمێرد و عەلائەدین سەجادی و کاکەی فەلاح و حوسێن عارف و جەلالی میرزا کەریم و کامەران موکری و شێرکۆ بێکەس و زۆرانیتر،  کەسانی سیاسیش وەک فەهد سکرتێری حیزبی شیوعی و کەریم ئەحمەد و ئیبراهیم ئەحمەد و میرزا کەریم و کوڕەکانی میرزا کەریم و مام زامن و کەسانیتریش ) زۆرێک لە شاعیر و نووسەر و کەسایەتیتر کە ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە ڕەوشی ئەدەبی و سیاسی و ڕۆشنبیری ئەو سەردەمانەی شاری سلێمانی و تەواوی ژیانی کوردەواری ئەو سەردەمە. میران ئەبراهام بە سەلیقە و توانایەکی گەورەوە هەوڵی داوە لەنێو ئەم ڕۆمانەدا ڕەوشی ئەو شارەمان لایەنیکەم بۆ سێ دەیە وەک هێڵکەیەکی سپیکراو بۆ بخاتە بەردەم. هەوڵدەدەین لە خوارەوە بەشێک لەو ڕووداوە گرینگانە بخەینە بەردەم خوێنەر، هەروەک لە ڕۆمانەکەدا هاتووە، لە تەموزی ساڵی ١٩٤٦، مانگرتنی کرێکارانی نەوت لە گۆڕەپانی گاورباخی لە شاری کەرکووک کە لە زۆربەی شارەکانی عێڕاقەوە خەڵک بۆی هاتبوون، جەلالی میرزا کەریم لەوکاتەدا تەمەنی یانزە ساڵ دەبێت، بە دەنگێکی بڵند و دڵێرانەوە لەسەر سەکۆ و لەبەردەم ئاپۆڕای مانگرتووان وتارێک دەخوێنێتەوە. لە گۆشەیەکیتری ئەم ڕۆمانە باس لە هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ پەرلەمانی عێڕاق دەکرێت کە ڕژێمی پاشایەتی ئەو سەردەمە گرینگییەکی زۆر بە شاری سلێمانی دەدات، لە سلێمانی ( حیزبی شیوعی و پارتی دیموکراتی کوردستان "پارتی")  نوێنەریان دەبێت و چەند لایەنێکیتریش لەوانە بەرژەوەندیخوازەکان کە زێتر پێکهاتبوون لە دەرەبەگ و شێخ و مەلاکان، یان لایەنگرانی یەکێتی دەستوور و چەند لایەنێکیتر. لە ساڵی ١٩٤٨ حکومەت بە سیاسەت و هاوکاری بەرژەوەند خوازەکان لە تەواوی عێڕاق و بەتایبەت لە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی زوڵم و زۆری هەڵبژاردن لە بیری خەڵک بەرێتەوە سیاسەتی برسی کردنی خەڵک پەیڕەو دەکات، کە بە ئەندازەیەک هەموو شەوێ لە گەڕەکەکانی سلێمانی دزیکردن پەرە دەسەنێت و یان ( سواڵکەر لەناو بازاڕ و کۆڵانەکان ژمارەیان لە ڕێبواران زیاتر دەبێت!)، هاتنی جوتیارەکانی عەربەت، زیاتر پەنجا لە ژن و پیاوان بە پێ لە عەربەتەوە دێن بۆ سلێمانی و بۆ بەر دەرکی سەرا و تا دەنگی نارەزاییەتی خۆیان بگەینن بە کاربەدەستتان کە بە هۆکاری لەتیفی شێخ مەحمود دوو هەفتە ئاو لە کێڵگەکانیان دەبڕدرێت. پاڵپشتیکردنی ڕێپێوان و خۆپێشاندانەکانی خەڵک لەلایەن (حیزبی شیوعی و پارتی) و بەشداری کردنی کارای ئەم دوو حیزبە، بۆ نموونە ( حەمە سالح دیلان و ئەحمەد هەردی و گۆران) وەک سێ کەسایەتی چەپ و ئەندامی حیزبی شیوعی لەسەر پارچە کازێک دەنووسن ( ئێمە پارێزگاری لە چینی هەژاران دەکەین، ئێمە داوای مافی رەوای خەڵک دەکەین)، ئەم دروشمە بەنێو ئاپۆڕای خەڵک بڵاودەکرێتەوە. لەنێو خۆپێشاندانەکان جگە لە لایەنگران و ئەندامانی حیزبی شیوعی و پارتی، زۆرێک لە چین و توێژەکان و پیشەگەرانی ئەم شارە نوینەری خۆیان دەبێت لەوانە، کۆمەڵەی شۆفێرەکان و کۆمەڵەی نانەواخانەکان و کۆمەڵەی سەرتاشەکان و هەتادوایی، بەشداری کردنی ژنانیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەروەک لە ڕۆمانەکەدا هاتووە لە شوێنێک دەڵێت ( ئەوە بۆ یەکەمجار بوو ژنان بەو ڕێژەوەیە بەشداری خۆپێشاندان بکەن و پێشڕەوبن و بێنە بەر دەرکی سەرا)، دەرکردنی بڕیارێک لەلایەن نووری سەعید بە سەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێڕاقی لە شەست هەزار جووی دانیشتووی کوردستان و سێسەد هەزار و بگرە زیاتریش لە تەواوی عێراقدا، لە بەرواری ٩/٤/١٩٥٤ بڕیاردرا بۆ دەورەیەکیتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، لە تەواوی عێراق بەرەی نیشتیمانی دروست کران، لە سلێمانیش (پارتی و حیزبی شیوعی) لە یەک بەرە بە یەکگرتووی خۆیان ڕاگەیاند و بەیاننامەی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.. دامەزراندن و تەعینکردنی شەقاوە و لۆتییە بێکارەکان لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئازاردان و سووکایەتیکردن بە کەسانی ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕانی شاری سلێمانی، ئەم شەقاوانەش لەلایەن خەڵکەوە بە جاش پۆلیس بانگدەکران. شۆڕشی چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ و کۆتایی هاتن بە ڕژێمی پاشایەتی کە بۆ ماوەیەک بێزاری و دوودڵی باڵی کێشابوو بە سەر ڕۆح و دەروونی خەڵک، کۆنفرانسی " یەکێتی قوتابیان " لە بەغدا کە لەدەمی قادری میرزا کەریم وەک کادیرێکی پارتی ئەوە دەڵێت (ئێمە بەو مەرجە بەشداریمان کرد کە لە پەیڕەو و پرۆگرامی قوتابیان گۆڕانکاری بکرێت)، کە مەبەستیان بوو بالێکی چەپ لەناو ڕیزەکانی پارتیدا ڕێک بخەن یان هەر هیچ نەبێت ڕیز لە بیروبۆچوونەکانی چەپەکان بگیرێت، بەڵام دیاربوو ئەو خەونەیان نەهاتبووە دی، ئەو ڕۆژە هەموو گلەییان لە (مام جەلال و مەحموود عەلی عوسمان) دەکرد، کە ئەو ڕۆژە ئەوان سەرپەرشتی کۆنفراسەکەیان دەکرد. چیڕۆکی حازم بەگ و کوڕەکانی، حازم بەگ خەڵکی سلێمان دەبێت و کەسێکە وەک ڕاوێژکار و سەر بە ڕژێمە یەکبەدوای یەکەکان دەبێت، لە ساڵی ١٩٣٠ سلێمانی جێدەهێڵێ و دەڕوات لە بەغدا نیشتەجێ دەبێت، دوو کوڕی دەبێت بەناوی کەمال و سەردار، لەدوای ساڵی ١٩٦٣ و لە ڕۆژی هاتنەسەر حوکمی قەومیەکان کورەکانی تووشی خۆشاردنەوە دەبن و حازم بەگ ڕەوانەی سلێمانیان دەکەتاوە بە تایبەت کەمال کە دەورێکی نێگەتیڤ دەگێڕێت لەسەرەوە لەگەڵ پارتی ئیش دەکات و لە ژێرەوەش لەگەڵ حکومەت پەیوەندی دەبێت و کار بۆ ڕژێم دەکات. لە پاییزی ساڵی ١٩٦٣ ئەو ڕۆژەی گۆڕی بە کۆمەڵ دەدۆزنەوە لە دەوروبەری شاری سلێمانی، هەر لەوساڵەدا مەنعەتە جەولێکی گشتگیر و سەرتاپایی لە شاری سلێمانی کە بووە هۆی گرتن و ئازاردانی زۆرێک لە خەڵکی ئەو شارە و هاوکات بەهۆی هەڵکوتانە سەرماڵی غالب عەربەت، کە دەبێتە هۆی ڕوودانی تراژیدیای خۆ سووتاندنی (بەهار و حەلیمە)ی دایکی بەهار، کە دەکاتە کچ و خێزانی غالب عەربەت کە کەسایەتیەکی چەپەو هاوڕێی کوڕەکانی میرزا کەریمە، کە ئەوکاتە لە زیندانە و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە، هاوکات بەهاری کچی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ جەلالی میرزا کەریمدا هەیە و بەهۆی ئەم خۆسووتاندنە بەهار گیانی لەدەست دەدات. لە ساڵی ١٩٤٨ بە شێوەیەکی سیستەماتیک عەرەبی شۆڤێنیست خەریکی سڕینەوەی کوردانی فەیلی بوون ئەم سیاسەتەی ڕژێمی پاشایەتی تا ئەمڕۆش بەردەوامە و تەنانەت ئەو چەند ساڵەی عەبدولکەریم قاسمیش لەسەر حوکم بوو. ئەمانە و چەندین ڕووداوی کارەساتبار و تراژیدی کە لەنێو ئەم ڕۆمانەی خانەقای میرزا ی میران ئەبراهام وەک مێژووی شاری سلێمانی دەیخوێنینەوە.

_ جەلالی میرزا کەریم و شیعر

هەر کەسێک ڕۆمانی ( خانەقای میرزا )ی میران ئەبراهام بخوێنێتەوە و لەنێو گێڕانەوەی یادەوەریەکاندا، بە شێوەیەکی ڕۆشن جەلالی میرزا کەریم لە سێ وێستگەدا دەبینێت، جەلالی میرزا کەریم وەک شاعیرێکی نوێخواز، وەک ئاکتیڤێستێکی سیاسی و کەسایەتییەکی چەپ و سۆشیالیست، وەک میدیاکارێک و ڕۆژنامەنووسێک. جەلالی میرزا کەریم لە ساڵی ١٩٣٥ لە خێزانێکی دیار و خوێندەواری شاری سلێمانی لە دایک دەبێت، باوکی و براکانی بەتایبەت غەفووری برای لە کەسە دیارەکانی ئەو شارەن و وەک کەسانی چەپ و لایەنگر لە خەڵکی هەژار و بەشمەینەت و کرێکاران و کاسبکاران هاوکات، ئەندامی حیزبی شیوعی عێڕاقین، میرزا کەریم کەسێکە پەیوەندییەکی بەربڵاوی هەیە لەگەڵ کەسانی سیاسی و نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئەو شارە، ماڵەکەی هەمیشە شوێنی کۆبوونەوە و پلاندانان و بڕیاردان بووە، جەلالی میرزا کەریم لەو ماڵە لەگەڵ کتێب و کۆبوونەوەو گفتوگۆی سیاسی و ئەدەبی گەورە دەبێت، بەر لە چوونە قوتابخانە لە ڕێگەی کتێبی ( ئەلف و بێی کوردی ) هەوڵدەدات خۆی فێرە خوێندنەوە بکات. لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی بەبێ پرسکردن بە فەراشی قوتابخانەکەیان  کە لە ژێرزەمینەکە کتێبخانەیەکی بچکۆڵانەی دەبێت، ڕۆژنامەی ( کوردستان ) دەهێنێتە ماڵەوە و لە ڕێگەی لێکدانەوەی پیتەکان ناونیشانی بابەتەکان بۆ باوکی دەخوێنێتەوە، ئەوەش  هێمایە کە منداڵێکی زیرەک و وریا بووە، لەو تەمەنەوە عەشقی بۆ خوێندنەوە و فێربوون هەبوو، میرزا کەریمی باوکی دەفتەرێکی دەبێت، هەرچی شاعیرێک دەچێتە ماڵیان بە دەستخەتی خۆی لە دەفتەرەکە شیعرێکی پێ تۆمار دەکات، دوا لاپەرەی ئەو دەفتەرە شیعری ( ئەی ڕەقیب )ی دڵداری تیا دەنووسریتەوە، ئەو دەفتەرەش کە بە دەستی جەلال خۆی دەگەیەنرێتە لای عەلائەدین سەجادی، جەلال هەر بەو  زیرەکییەوە تەمەنی منداڵی خۆی لەگەڵ رووداوەکان و لە ناوەندێکی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی بە ڕێدەکات، لە سەرەتای مێرد منداڵێ و گەنجێتی لەژێر کاریگەری باوکی و ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆ سیاسیانەی ماڵەوەیان، دەبێت بە کەسێکی چەپ و دواتر  بە ئەندام و کادیرێکی حیزبی شیوعی، وە تێگەیشتنیش لە کێشە چینایەتیەکان جگە لە خوێندنەوەی کتێب، زێتر لە ڕیگەی ئەو نامانەوە بوو کە غەفووری برای دەینووسین و جەلالیش وەک تەتەرێک نامەکانی دەگەیاندن و بەر لە گەیاندنیش بە دزییەوە هەمووی دەخوێندنەوە. کتێبخانەیەک هەبوو لە ماڵەکەیان کە گۆران ناوی نابوو کتێبخانەی ( بیری نوێ )، جەلال زۆربەی کتێبەکانی ئەو کتێبخانەیەی خوێندبوویەوە. لە تەمەنی یانزە ساڵی لەگەڵ باوک و غەفووری برای دەچێت بۆ کەرکووک بۆ بەشداریکردن لە مانگرتنی کرێکارانی نەوت هەرلەوێدا بەو تەمەنەوە وتارێکی پێ دەدەن ئەمیش دەیخوێنێتەوە، لە ساڵی ١٩٤٨ لە تەمەنی سیانزە ساڵی لەگەڵ باوکی دەچیت بۆ بەغدا و باوکی کامیرایەکی بە دیاری بۆ دەکڕێت. کە یەکێک دەبێت لە جوانترین دیاری تەمەنی، ئەمەش هێمایە بۆ وشیاری و مۆدێرنی میرزا کەریم، ئەگەرنا لەو ساڵانە هەموو باوکێک ئەوجۆرە دیاریانە بۆ کورەکانیان نەدەکڕی.. جەلال بەجۆرێک دڵی بەو کامیرایە خۆش دەبێت کە هەمیشە بە سینگییەوە دەبێت و لەگەڵیا دەبێت. یەکەم وێنە، وێنەی بەهاری خۆشەویستی پێدەگرێت، دووەم وێنە، وێنەی جوتیارانی عەربەت، ئەو ژن و پیاوە جوتیارانەی بە پێ لە عەربەتەوە هاتبوون بۆ بەردەرکی سەرا. دواتر ڕۆژێک ئەو شەقاوانەی لەلایەن میرییەوە دامەزرابوون لەوانە، ( مچەی بابە گەورە و سالە پیر و سالەی قالە حەلاو ) هێرشی دەکەنە سەر و کامیراکەی لێی دەسەنن و بە بەرچاویەوە دەیشکێنن، دوای نەمانی کامیراکە هەوڵدەدات لە ڕێگەی نووسینی شیعرەوە هەستەکانی خۆی دەرببڕیت، بۆیە لە شوێنێکی ڕۆمانەکە دەڵێت، ( پێموایە ئەوە هۆکاربوو، بۆ دەربڕینی هەستەکانم پەنام بردە بەر شیعر نووسین ). جەلالی میرزا کەریم لە تەمەنی گەنجێتی شانزە حەڤدە ساڵییەوە دەست بە نووسینی شیعر دەکات، لەپاڵ بیروباوەرە سیاسی و نیشتیمان پەروەری و مرۆڤدۆستییەکەی، دەربڕینی هەستەکانی ناوەوەی خۆی  پاڵنەرێکیتر بوو بۆ نووسینی شیعر، ئەویش ئەو عەشقە گەورەیەی بوو بۆ ( بەهار )ی شۆخ کە یەکێک دەبێت لە کچە جوانەکانی گەرەک و شاری سلێمانی، کە هەموو کوڕان و گەنجانی ئەمشارە خەونیان بەو دەڵبەرەوە دەبینی. جەلال خۆی لە شوێنێک دەڵێت ( شیعرم دەنووسی لە بری چەک بۆ دەستەبەرکردنی نان و ئازادی، شیعر و شانامەی بەرگری، دواتر تێگەیشتم و ئەو پرسیارەم لەخۆم کرد، ئایا شیعر جێگەی ئازاری ئێمەی تیا دەبێتەوە ؟ یان زمانی شیعر دەتوانێ بەرگری لە شوناسی ئێمە بکات ؟ ئەمانە  و چەندین پرسیار و لێکدانەوەی تر، وایان لەو شاعیرەمان کردبوو، بە مەعریفەیەکی قوڵەوە شیعر بنووسێت و هەر لەسەرەتاوە هەوڵی دەدا وەک دەنگێک و شاعیرێکی جیاواز دەرکەوێت. کاتێک یەکەمین شیعر بڵاو دەکاتەوە لای بەهاری دوڵبەری باسی دەکات، بەهار بۆ هاندانی ماچێکی دەکات و دڵخۆشی خۆی بەو ماچە بۆ دەردەبڕێت و بەڵێنی پێدەدات، هەرکاتێک شیعرێک لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکان بڵاوکاتەوە ئەمیش ماچێکی پێ بدات، جەلالیش بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ماچ هەوڵدەدات زۆرترین شیعر بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە بنێرێت، هەر لەو سەردەمانە، جەلالی میرزا کەریم لە درێژەی گێڕانەوەی یادەوەریەکانی لە شوێنێک دەڵێت ( تەمەنم حەڤدە ساڵ بوو، یەکەم شیعرم بۆ مام زامن خوێندەوە، ئەو پێی گوتم ( تۆ و هاوڕێکانت ماڵ و نیشتیمان بۆ هەژاران لە کاغەز دروست دەکەن، واتان لە خەڵک کردووە، بە چاوی کراوەوە خەون بە نان و ئازادییەوە ببینن !، ئێوە بەو خەڵکە دەڵێن لەو پێناوەدا بمرن تا لە پاشەڕۆژدا نەوەکانتان ئاسوودە و سەرفراز بن..! ). مام زامن پیاوێکی بە تەمەن بوو دوکانی بەقاڵی هەبوو، کەسێکی سیاسی و خاوەن وشیاری و مەعریفەیەکی گەورە بووە. جەلال لە منداڵییەوە هات و چۆی مام زامنی دەکرد،، پارەی هەبا یان نا مام زامن نوقڵی پێدەدا، هەمیشە ئامۆژگاری دەکرد و قسەی بۆ دەکرد. مام زامن وەک بیرمەندێک کاریگەری بەسەر جەلال هەبوو، تا کۆتایی ژیانی ئەم کاریگەریەی مام زامنی بەسەرەوە دەمێنێت. نەک هەر جەلال بەڵکو زۆربەی نووسەر و شاعیر و ڕۆشنبیرەکان هاتوچۆی دوکانەکەی مام زامن دەکەن و دەبێتە لانە و شوێنی هەموو ڕۆژەیان بۆ نموونە گۆران هاوڕییەکی نزیکی مام زامن دەبێت لە سەفەرێک بۆ ڕووسیاش بەیەوە دەبن. جەلالی میرزا کەریم تەواو تێکەڵ بە دونیای نووسینی شیعر دەبێت و هاوکات وەک ئاکتیڤیستێکیش لە کاری سیاسی بەردەوام دەبێت، بەشداری لە زۆربەی کاروچاڵاکیی و گردبوونەوە و خۆپێشاندانی ئەوشارە دەکات. بۆ نموونە شاعیر و کەسە سیاسیەکان و گۆرانیبێژەکان و بەردەوام چاڵاکییان لە لەسەر سەکۆیەکی نێو باخەکەی فەرەج ئەنجام دەدەن، ڕۆژێک جەلالی میرزا کەریمیش لە دەفتەرەکەی باوکی شیعرێکی ( ئەحمەد موختار جاف ) دەردەهێنێ و لەویادا دەیخوێنێتەوە، جەلالی میرزا کەریم بەهۆی ناوداربوونی باوکی و غەفووری برای، بەرکەوتەی لەگەڵ زۆرێک لە شاعیرەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە دەبێت، هەروەک لە ڕۆمانەکەشدا هاتووە و دەڵێت ( ئەو کەسایەتیانەی خۆم لەو تەمەنەمدا لە نزیکەوە بەریان کەوتم و هەندێکیانم بە عەقڵی منداڵیم بە هاوڕی دەزانی ) لەوانە( ئەمین زەکی، ڕەفیق حیلمی، فایەق بێکەس، تۆفیق وەهبی، عەبدولا گۆران، ڕەئیس مستەفای کوڕی حاجی عەبدوڵڵا بانەیی سەرشەقام، زێوەر خاڵی میرزا کەریمی باوکم بوو، کوڕانی ئەحمەدی تەها، حەمە سالح دیلان، پیرەمێرد، مەلا عەبدوڵکەریمی مودەڕیس و عەلائەدین سەجادی و.. )، ئەمانە و چەندانیتر وەک ( قانیع و کاکەی فەلاح و کامەران موکری و حوسێن عارف.... ) کەسانی سیاسیش بۆ نموونە هاوڕێ فەهد دامەزرێنەری حیزبی شیوعی، کەریم ئەحمەد، شێع مەحموود و تۆفیق وەهبی، ئیبراهیم ئەحمەد، لە شوێنێک دەڵێت ( لە پۆلی شەشی سەرەتایی بووم کە شێخ مەحموود و تۆفیق وەهبی بۆ کێشەی جوتیارانی عەربەت بەشەو لە قەرەداخەوە هاتنە ماڵی ئێمە )، لە منداڵی لە مەجلیسێک بووە کە عەلی مەردان و حەسەن زیرەک گۆرانییان تیا گوتوە. لەنێو شاعیر و نووسەرەکانیش جەلال خۆی سەرسام بووە بە ( فایەق بێکەس و قانیع و گۆران و ئەحمەد هەردی )، لە گۆران زۆر نزیک دەبێت و زۆرجاران دەڕوات لەماڵەوە سەردانی دەکات و گۆرانیش شیعرە نوێکانی خۆی بۆ دەخوێنێتەوە و باسی شیعر و بیری سۆشیالیستی بۆ دەکات. جەلالی میرزا کەریم هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت وەک شاعیرێکی نوێخواز ڕێچکە و زمان و فۆرمی تایبەت بەخۆی هەبێت. ئەم هەوڵەشی لێرەوە ڕۆشنتر هەست پێدەکرێت کە وەک چاڵاکوانێکی سیاسی زۆرجاران تووشی گیران و دوور خرانەوە دەبێتەوە، جارێکیان لە ساڵی ١٩٥٤ دوور دەخرێتەوە بۆ ساربازگە یان سجنی شوعەیبەی بەسرە لەگەڵ قادری برایی و سەدان گەنجیتری سلێمانی، میرزا کەریمی باوکی لەگەڵ نەبوونی هەژاری ئەوکاتی جارجارە سەردانیان دەکات خواردن و شتی پێویست و بڕێک پارەیان بۆ دەبات، جارێکیان دینارێکی بە جەلال و قادری برای دەدات. جەلال لەو پارەیە سێ کتابی شیعر دەکرێت. کتێبەکان ( کتێبی یەکەم، بەدر شاکر سەیاب.. کەناری گۆڕ،، کتێبی دووەم، نازیکە مەلائیکە،، پریشک و خۆڵەمێش، کتێبی سێیەم، عەبدولوەهاب بەیاتی، شەیتان و مەلائیکە..) سێ شاعیری نوێخوازی عێڕاقی ئەو سەردەمە. دواتر سێ دەفتەریش دەکرێت،، هەر دەفتەرێک بۆ کتێبێک کە هەوڵدەدات بە فۆرمی ئەوان شیعری کوردی بنووسێت، واتە لاسایی شێواز و فۆرمی ئەوان دەکاتەوە و دوای ئەو هەوڵانە خۆیشی بە داهێنان و هەوڵەکانی خۆی وەک شاعیرێکی نوێخواز دەبێت بە خاوەن فۆرم و ستایلی تایبەت بەخۆی، لەدوای نەوەی گۆران وەک شاعیرێکی نوێخواز دەردەکەوێت و کاریگەری تەواوی دەبێت بەسەر ناوەندە ئەدەبیەکەی سەردەمی خۆی. دواتر لە بەغدا ئەو سێ شاعیرە نوێخوازە عێڕاقییە لە سێ کاتی جیاواز و لە شوێنی جیاواز دەیانبینێت و قسەوباسیان لەگەڵ دەکات و دەبێت بە هاوڕێی هەرسێکیان. لە ساڵی ١٩٦٣ جارێکیتر دەگیرێت و لەگەڵ غەفووری برای شوێن بزر دەبن، لەوکاتەیا حەلاوە خانی دایکییان نەخۆش دەکەوێت، عەزیزی برای دەیباتە بەغدا بە مەبەستی بردنی بۆ لای دکتۆر بەڵام لە داخی گیرانی جەلال و غەقوور لە هۆتێل بە خەم و حەسرەتەوە گیان لەدەست دەدات و دەمرێت، لە بازگەکان ڕێگە نادەن لاشەکەی بگەڕیتەوە بۆ سلێمانی بۆیە لە بەغدا لە گۆڕستانی ( شێخ مارفی کەرخی ) دەینێژن، کاتێک جەلال ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە سلێمانی، مردنی حەلاوەخانی دایکی بە ئەندازەیەک کاری تێدەکات کە وەک تراژیدیایەک تا مردن کاریگەری بەسەرەوە دەمێنێت، هەر لەو ماوەی گیرانی دەفتەرە شیعرەکەی لای مامۆستا یاسینی هاوڕیی دەبێت، کە بیدات بە بەهار و تا لە فەوتان ڕزگاری بێت بەڵام، دواجار نەک دەفتەرە شیعرییەکەی بەڵکو بەهار خۆیشی لە کردارێکی خۆسووتاندن گیانی لەدەست دەدات.. ئیتر دوای ئەم کارەساتانە شاری سلێمانی ڕووناکییەک و مانایەکی تیا نامێنێ بۆ ئەو کە بتوانێ ژیانی تیا بەسەر ببات، دوای ئەوە واز لە کاری  حیزی و چاڵاکی سیاسی دەهێنێت و خۆی تەرخان دەکات بۆ شیعر و کاری میدیایی، سلێمانی جێدەهێڵێت و دەچێتە بەغدا، لەوێ لە پاڵ نووسینی شیعر و لە بەشی کوردی ڕادیۆی بەغدا وەک بێژەرێک دەست بەکار دەکات و لەگەڵ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیش وەک بەیان و هاوکاری و ڕزگاری و سەروکاری دەبێت. بێگومان ئەو بڕیارەی وازهێنان لە حیزی شیوعی و کاری سیاسی و خۆ تەرخانکردن بۆ شیعر و کاری میدیایی، بڕیارێک نەبوو وا کتوپڕ و بەبێ هۆکار پێی گەیشت بێت. لە ساڵی ١٩٥٨ لە ژێر بیرکردنەوە و هەلومەرجی ئەوکات جەلال شیعری ( چاوی شەقام ) دەنووسێت، کە یەکێکە لە شیعرە ناوازەکانیەتی، شیعرەکە ڕەنگدانەوەی نائومێدی و دوو دڵی و بێزاریەکە کە لەنێو بیرکردنەوە و هەلومەرج و ژیانی واقیعی ئەوکاتیان بوونی هەبوو، جەلال بە شیعر تەعبیری لەو بێزاری و نائومێدییەی خۆیی و واقیعی ئەو سەردەمە کردبوو. شیعرەکە بەم کۆپلەیە دەست پێدەکات..

چاوی شەقام

هۆن هۆن نیگای ئاگری بالی کاروانمان

مەرگی بەهاری ئاسۆ دائەبارێنێ

هۆنراوەی زام

تاڵ تاڵ چڵی خوێنی وشەی سەربڕاومان

لە ڕێژنە و تاوی هەناسەی ژالە و بیدا دائەچینێ

لێوی پەیام

گەڵا گەڵا تریفەی بزەی هاوارمان

بەناو ناخی ڕێگای قوڕپێوان و شیندا ئەوەرێنێ..!

لەبارەی ئەم شیعرەوە جەلالی میرزا کەریم لە بیرەوەریەکانی لەنیو ڕۆمانی ( خانەقای میرزا ) دا دەڵێت ( بۆ هاوڕێکانم خوێندەوە، هەندێکیان پێیان گوتم، کە من لەم شۆڕشە بە گومانم بیرم دێت، کاتێک بە عەرەبی هەمان شیعرم بۆ نازک مەلائیکە خوێندەوە، ماچی کردم، بەڵام لەسەر ئەم شیعرەم، لە قوتابیان و ڕیزەکانی حیزبی شیوعی دەرکرام، دواتر و ساڵی ١٩٦١ بە گرتیان دام و دووساڵ لە ژوورێکی تاکە کەسیدا دەست بەسەربووم )، لە شوێنێکی تر، جەلال خۆی ئەمە دەگێڕێتەوە، هەفتەیەک پێش مردنی گۆران، جەلال  سەردانی دەکات بەو مەبەستەی قسەکانی بنووسێتەوە، لەوکاتەیا گۆران نەخۆش دەبێت و لەبەر کۆکە بە پچڕ پچڕی قسەکانی دەکات، هاوکات کۆمەکی حیزبی بۆ دەبات لە یەک مانگا بیست دینار لە حیزی شیوعی بۆی بڕاوەتەوە بەڵام، جەلال بیست و پێنج دیناری پێدەدات، پێنج دینار لە گیرفانی خۆی دەخاتە سەر وە ناشهێڵی بەمە بزانێت، چونکە دەزانێت بیست دینارەکەی حیزب بەشی پێداویستیەکان و کرێی خانووەکەی ناکات. گۆران لە درێژەی قسەکانی لە شوێنێک دەڵێت ( ئەی تۆ پێتوایە لە قەدەرمدا نووسرابێت، ئەو ڕۆژەی لە مۆسکۆ هاوڕێکانم لەسەر نووسینی شیعرێک لێیان کردمە هەراو بە گرتیان دام، ئەوە بوو بەو نەخۆشییە باڵبەستیان کردم و بۆ بەغدایان ناردمەوە، مام زامن هاوەڵم بوو،

کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگە شەو

لە بنیا بلەرزێ مرواری زیخ و چەو

جوانترە لەلای من لە دەریای بێ سنوور

بەڵێ ئەو دێرەیان گۆڕیبوو بە. جوانترە لەلای من لە مۆسکۆ هەر ئەوە نەبوو، بەڵکو زۆربەی شیعرەکانمیان شەن و کەو کردبوو ! ). لەسەر ناوهێنانی کوردستان لە شیعرەکانماندا لەلایەن سەرکردایەتی حیزبی شیوعییەوە سزامان ئەخوارد، تەنانەت ئەوەندە بێویژدان بوون بە گرتیشیان ئەداین.  هەر لە پەیوەند بە ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) یان ( حیزب و سیاسەت و شیعر و ئەدەب )ەوە لە شوێنێکیتر، جەلالی میرزا کەریم کە لەگەڵ بەدر شاکر سەیاب یەکتری دەبینن، هەرچەندە سەیاب جەلال دەناسێتەوە و پێشتر لە شوێنێک بینیویەتی بەڵام، لە درێژەی قسەوباسەکانییان و لەنێو یادەوەریەکانی جەلالی میرزا کەریم دەڵێت ( ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام هەمان گلەیی لە حیزبی شیوعی هەبوو، چونکە ئەویش ئەندامی حیزبی شیوعی بوو، باسی لە شاعیر و ئازادی شیعر نووسین کرد، ڕەخنە و قسەکانی زۆر سەرنجیان ڕاکێشام، هەر ئەوەش بوو بووە هەوێنی بیری بزووتنەوەی ڕوانگە ! بەدر شاکر سەیاب پێی گوتم، کاتێک شاعیرێک تەوقی ئایدیۆلۆژیایەک دەکاتە مل، ئیدی دەبێت بە چاوی حیزب ببینێت، بە عەقلی حیزب بیربکاتەوە..! کوێرانە هەموو ئەو خوار و خێچییانەی دونیای ڕیاڵی پێ باش بێت کە ئایدیۆلۆژیای حیزب پەسەندیان دەکات ! ). لەو سێ نموونەی سەرەوە لە بەرخود و مامەلەی حیزبی شیوعی لەگەڵ گۆران و بەدر شاکر سەیاب و جەلالی میرزا کەریم،، لەوە تێدەگەین، حیزب و ئایدیۆلۆژیا چەندە کاریگەری نێگەتیفیان هەیە بەسەر ئازادی نووسین و ئازادی نووسەر، پەیرەو و پرۆگرامی حیزب و ئایدیۆلۆژیاکان دەبن بە چوارچێوە و بازنەیەک کە شاعیر و نووسەرەکان بۆیان نییە لەو چورچێوە و بازنەیە دەربچن. کە ئەمەش بچووککردنەوەی ڕووبەری نووسین و سنووردارکردنی ئازادی نووسەر و شاعیرە. ئێمە لە کتێبی ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا )، بە ڕۆشنی باسمان لەو پەیوەندییە نێگەتیفەی ئایدیۆلۆژیا کردووە بەسەر ڕووبەری شیعر و ئازادی نووسەر، ئەوەمان باس کردووە کە شیعر و ئەدەب بوونێکی گەردوونییان هەیە و ناچنە ناو هیچ چوارچێوە و بازنەیەکەوە، چونکە ئەدەب و شیعر ئیش لەسەر مرۆڤ و بەها مرۆڤایەتییەکان دەکەن، شاعیر و نووسەریش دەبێ لەنێو رووبەری نووسین ئازاد بن و نەکەونە ژێر کاریگەری هیچ ئایدیۆلۆژیایەک و ئاینێک و هیچ هێزێکی دەرەکی کە ئاراستەی جووڵەکانیان دیاری ئەکات. ئەگەرنا دەبن بە نووسەرانێکی کۆیلە نامۆ، کەسانی نامۆش داهێنانەکانیان دەکەونە ژێر پرسیارەوە، هاوکات لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر )یش لە پەیوەندی چەمکەکانی یاخیبوون و نوێگەری باسمان لەوە کردووە کە شاعیری نوێگەر و یاخی ناچنە نێو هیچ چوارچێوەو بازنەیەکەوە. بۆیە جەلالی میرزا کەریمیش لەسەر ئەو بیرکردنەوانەی باسمان کرد وەک شاعیرێکی یاخی و نوێگەر تەوقی ئایدیپلۆژیا و حیزب لە گەردنی خۆی دەکاتەوە و وەک شاعیرێکی ئازاد درێژە بە کاری نووسینی شیعر دەدات و لە ئایدیۆلۆژیا و حیزب دوور دەکەوێتەوە و واز لە سیاسەتکردن دەهێنێت و خۆی تەرخان دەکات بۆ شیعر نووسین و کاری میدیایی، کە لەو کاتەدا بۆ کۆمەڵگەی کوردی شۆڕشێکی کلتووری و فەرهەنگی زێتر بە پێویست دەزانێت ، هەر ئەوەش دەکات. لە بەغداش لە ژێر چاودێری پۆلیس دەبێت و ڕۆژێکیان دێن بۆ دەستگیرکردنی بەڵام لە ماڵەوە نابێت، شەو کە دەگەڕێتەوە بۆ ئاپارتمانەکەی لەلایەن سەبیحە خەڵدونی دراوسێی کە ژنێکی بەختگرەوەیە و مێردەکەی ئەندامی حیزبی شیوعی عێڕاقە و لەوکاتە لە زینداندان دا دەبێت. جەلال شەو لە ماڵەکەی و لەنێو جێگای سەبیحە دەمێنێتەوە بەیانی ئەو شوێنە جێدەهێڵیت، بە هۆی ئەم ڕووداوەوە دیسان دەفتەرە شیعرەکانی دەفەوتێن بە شیعرە عەرەبیەکانیشەوە، دوای ماوەیەک ڕەشنووسێک لە شیعرەکانی دەباتە چاپخانەیەک بە مەبەستی چاپکردنیان وەک کتێبێک بەڵام، دوای نائومێدبوونی لەچاپکردنی کتێبەکەی ڕەشنووسی شیعرەکانی لە چاپخانەکە بەجێدەهێڵێت و لە بەغدا هەڵدێ و دەگەڕیتەوە سلێمانی. بە فەوتانی ئەو رەشنووسەی ئەوە دەبێتە سێهەمجار شیعرەکانی بفەوتێن. دواجار تەنها ئەو شیعرانەی بۆ دەمێنێتەوە کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوی کردوونەتەوە و لەگەڵ ئەوانەیش کە دوای ئەو قۆناغە دەیاننووسێت. ئیتر دوای ئەوە لە خەمی پێکهێنانی گرووپێکی نوێگەری دەبن بەناوی ڕوانگە، کە دواتر لە بەشێکی سەربەخۆ و بە جیا باس لە گرووپی ڕوانگە و ڕۆل و گاریگەری جەلالی میرزا کەریم دەکەین لە پێکهێنان و سەرهەڵدانی ئەم گرووپە. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول جەلالی میرزا کەریم دەچێتە شاخ و دەبێت بە پێشمەرگە. لەو سەردەمانەش لە ڕادیۆی شۆڕش کاری دەکرد و بۆ ڕۆژنامەی برایەتیش دەنووسێت و کتێبخانەیەکیش بۆ پێشمەرگە دادەنێت. دوای بە شکست گەیشتن و کۆتایی هاتنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٦ کوردستان جێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە ئەمریکا. سەرەتای گەیشتنی بە ئەمریکا هەفتانە شیعر و وتاری لە گۆڤارەکانی ئەسوات و دەنگی یەکگرتندا بڵاودەکاتەوە، ئەندامێکی چاڵاکی یەکێتی دیموکراتخوازانی عێڕاق دەبێت لە ئەوروپا، هاوکات سەرپەرشتی کۆمەڵەی نیشتیمانی دەکات لە ئەمریکا و کەنەدا.، هەر لە ئەمریکا کۆرسێکی کۆمپیوتەر وەردەگرێت و هەوڵدەدات لە زانکۆی ولایەتی تەکساس دەست بەخوێند بکات چونکە، ئەوەی بیستبوو کە بە نیازن بەشی زمان و مێژووی کوردی بکەنەوە لەو زانکۆیەدا. بەڵام لە ئەمریکا و لەم ژیانی غوربەت و تەنیاییەی بە ڕووداوێکی هاتوچۆ کەوتنە ژێر ئۆتۆمبێلێکەوە کە تەوای ژیان و خەونەکانی دەشێوێت و تا کۆتایی ژیانی وەک کەسێکی پەککەوتە دەمێنێتەوە تەنانەت، ناتوانێ هاوسەرگیریش لەگەڵ کەسێکیتردا بکات. دوای ئەو کارەساتە غوربەت دۆزەخێکیتر دەبێت بۆ ئەو، لەگەڵ تەنیایی و خەم و نائومێدییەکانی ژیان بەسەر دەبات. لەگەڵ ئەم ژیانە سەخت و تەنیاییەش لە ئەمریکا چەند کتێبێکی شیعری بەچاپ دەگەیەنێت، لەوانە کۆمەڵە شیعرێک بە زمانی عەرەبی بەناوی ( الولادە ) لە ساڵی ١٩٨٢، لە هەمان ساڵ شانۆنامەی ( سەنگەر )، لە ساڵی ١٩٩١ ( چرپەی ژانێکی نقووم بوو )،، لە ئەمریکا بیرکردنەوە لە دایک و باوکی و خوشک و براکانی و بەهاری دوڵبەری و مام زامن و بەشیک لە هاوڕیکانی سەرچاوەی بیرکردنەوەو خەیاڵەکانی دەبن. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لە هەولێر دەمێنێتەوە، بەسەردان دەگەڕێتەوە بۆسلێمانی و ماڵە کۆنەکەیان و گەرەکی سەرشەقام و یادەوەریەکانی بەسەردەکاتەوە و کۆڕێکی شیعری بۆ ساز دەدەن بەڵام، خۆی شیعرەکان ناخوێنێتەوە، لە کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دیوانی ( ڕێگا دوورەکانی چاومان ) بە چاپ دەگەیەنێت، لە بەرواری ١٤/ ١١ / ١٩٩٣ بە نەخۆشی دڵ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی دەکات.

_ ( چەپبوون و ژنبوون ) و شیعر

دوای ڕوودانی کەوتنە ژێر ئوتۆمبێلەکە، کاتێک لە نەخۆشخانە دەردەچێک بە جەلالی میرزا کەریم دەڵێن، باوکی ئەو کەسەی کە بە ئوتۆمبێل لێی داوی هەموو خەرجی نەخۆشخانەکەی داوە، دوای ساڵێک ئەوەی بیردەکەویتەوە، کە ئەو کچە گەنجە ( سپرینگ ) بوو. کە هەر ئەو شەوی ڕووداوەکە لە بارەکە یەکتریان ناسی، ئەوەیشیان پێ گوتبوو کە کچەکە ئامادەنەبووە بێت بەم شێوەیە بە تێشکاوی و بە زەلیلی چاوی پێی بکەوێت. بەو وەزعەوە لە ماڵەوە دەبێت. ڕێکخراوێک پەیوەندی پێوە دەکەن، دێن و عەرەبانەیەکی بۆ دێنن، جەلال دوای سوپاس کردنیان، باسی خۆی بۆیان دەکات کە تەنیایە و هاوڕی و کەسوکاری لێیەوە نزیک نین تا بازاڕی و خواردن و پێداویستییەکانی بۆ بکڕن، پاشان کە جارێکیتر دێنەوە لەگەڵ خۆیان بە عەرەبانەکەوە دەیبەن بۆ گەران، بە ڕووباری ( میسۆری ) بە بەلەم دەچن بۆ پارکی ( دەروازەی ئەبراهام لینکن ) لەوێدا جەلال شاعیرێکی گەنج دەبینێت شیعر دەخوێنێتەوە،  خۆی لە شاعیرەکە نزیک دەکاتەوە و داوای شیعرەکانی لێدەکات، گەنجەکەش لەناو پشتەکۆڵەکەیدا کتێبێکی بەرگ سوور دەردەهێنێت و پێی دەدات و دەڵێت ( ئەگەر ڕۆحت چەپ نەبێت لە شیعر ناگەیت، بە تایبەتی لە شیعرەکانی من..! ). جەلال دەڵێت ( قسەکانی ڕایچلەکاندم ویستم وەڵامی بدەمەوە، ئەوەم بە خەیاڵدا هات ئینجا چەپبوون هەقی چییە بە تێگەیشتنی شیعرەوە، کە لە ڕاستیدا وەڵامێکی خێرا بوو، بێ ئەوەی بیرم لێی کردبێتەوە..!؟ ). لەوکاتە ژنێک لە نێوانیان دا دەبێت و ژنەکە پێدەکەنێت و دەست دەخاتە سەرشانی جەلال و پێی دەڵێت ( بۆ ئەوەی لە شیعر بگەیت دەبێت ژن بیت..! )، قسەکەی هەردووکیان وەک دەرزییەک دەچەقێ بە دڵیا، ئەوەی بیر دەکەوێتەوە،  جارێکیان شیعرێک بۆ بەهار دەخوێنێتەوە بەهاریش ئەوەی پێ دەڵێت ( جەلال گیان کە شیعرێکم بۆ دەخوێنیتەوە لێم مەپرسە، لێی تێگەیشتووم یان نا ؟ چونکە بۆ ئەوەی لە شیعر بگەیت دەبێت ژن بیت ! )، لە هەمانکاتیش ئەوەی بیر دەکەوێتەوە کە ئەویش بە بەهاری دەگوت ( بۆ ئەوەی لە شیعر بگەیت دەبێ بە ڕۆح چەپ بیت..! )، چ دنیایەکی سەیر و ڕێکەوتێکی سەیر و بەریەککەوتنێکی سەیرە ! وەک ئەوەی ئەو ڕۆژانەی دوێنێی لەگەڵ بەهاردا وا بە بەرچاوییەوە دووبارە دەبنەوە !، ژنبوون و چەپبوون و شیعر ! هەمان بیرکردنەوە. بەڵام لە لایەن کەسانی جیاواز و دوو کیشوەری جیاواز و دوو مرۆڤەها و کلتووری جیاوازەوە.. جەلالیش بە سەرسووڕمانەوە لێیان دەپرسێت، بەڕای ئێوە بۆ ئەوەی لە شیعر بگەم پێویستە ببم بە چەپ یان ئەبێت ژن بم ؟ )، ئەوانیش بە پێکەنینەوە دەڵێن بەڵێ. جەلالیش دەڵێت ( کەواتە من ئەمڕۆ شتێکی نوێ فێربووم، لەبەر تێگەیشتن لە شیعر و هونەر، من لەمڕۆ بەدواوە دەبم بە چەپ ! )، دواتر ڕوو لە ژنەکە دەکات و پێی دەڵێت ( بەڵام ببوورە خانم بە داخەوەم ئەم نۆبەتی ژیانەم بەختی ئەوەم بەر نەکەوت، کە ژن بم ! ). ژنەکەش بە پێکەنینەوە پێی دەڵێت، ( تەنها بۆ خۆشی ئەمەم پێ گوتی، زۆر ببوورە ! )، جەلالیش دەمودەست پێی دەڵێت ( ئەوە یەکەم جار نییە ئەو قسەیە ئەبیستم. ژنێک پێشتر ئەو قسەیەی پێ گتووم ! )، ژنەکەش پێی دەڵێت ( چاوت لێیە، کەواتە من بە هەڵەدا نەچووم و ئەو ژنەی ئەوەی پێگوتی، لە گەڵت زۆر ڕاستگۆ بووە..! )، ئیتر دوای ئەوە ژنە قژ زەردە چاو سەوزەکە کە ناوی ئاننا بوو و لە تەمەنی جەلال خۆیدا بوو، کە تا ئیوارە پاڵی بە عەرەبانەکە دەنا و پیاسەی بە جەلال دەکرد جەلالیش لەژێر لێوەوە دەیگوت ( بەهار لەگەڵم ڕاستگۆ بوو ! )، شاعیرە گەنجەکە هەر ئەوکات لەگەڵ کتێبە شیعرییەکەی، کتێبێکی تریشی پێ دەدات بە ناوی ( بەڵێ هونەر شوناسی چەپگەرایە ! )، هەروەها پێی دەڵێت ( ئەو کتێبە لە وەڵامی قسەیەکی لیبرالەکاندا نووسراوە، کە گوتوویانە هونەر هیوایەتی چەپەکانە لە کاتی بێکاریدا ! )، جەلال کە دەگاتە ماڵەوە دەست بە خوێندنەوەی کتابە شیعرییەکەی شاعیرە گەنجەکە دەکات، کە شاعیرەکە ناوی ( کۆڵن براندن ) و کتێبەکەش بەناوی ( بەخشندەیت ؟! ). با لێرەدا بوەستین و واز لە گێرانەوەی یادەوەریەکانی جەلالی میرزا کەریم و ڕۆمانی ( خانەقای میرزا )ی میران ئەبراهام بهێنین و هەندێک قسە لە پەیوەندییەکانی نێو چەمکەکانی ( چەپبوون و ژنبوون و شیعر ) بکەین، ئەوەش پێشان بدەین لە کوێ ئەم چەمکانە هاوتەریب و لە کوێ ناتەبا و دژ دێنەوە، یان چ خاڵێک و ئامانجێکی هاوبەش لە نیوانیاندا هەیە ؟.. ئەگەر چەپبوون و تێگەیشتنمان بۆ سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم و مارکسیزم لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیایەکی ڕووت بێت، بەمانایەک ئەگەر تێگەیشتن و خوێندنەوەمان بۆ مارکس و کۆمۆنیزم لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیا بیبینین هاوکات، بیکەین بە چوارچێوەیەکی دیاریکرا و لە مانا گەردوونیەکە و مرۆڤ و بەها مرۆڤایەتییەکان دایبڕین، وە بە پێی تێگەیشتنی ئێمەش هەموو ئایدیۆلۆژیایەکێش کە لەنێو چوارچێوەیەک و بازنەیەکی دیاریکراو خۆی پێناسە بکات، ئەوا دواجار دەگات بە خاڵێ دۆگما واتە خاڵی وەستان،، لێرەوە هیچ پەیوەندییەکی بە شیعر نییە، چەپبوون ناتەبا و دژ دێتەوە لەگەڵ شیعر، چونکە ئێمە گوتمان ئەدەب بە گشتی و شیعریش بەتایبەتی بە هۆی بوونە گەردوونیەکەیانەوە ناچنە نێو هیچ چوارچێوە و بازنەیەکەوە، شاعیریش لەنێو شیعر و نووسینەکانی لەژێر هەیمەنە و کۆنتڕۆلی هیچ هێزێکی دەرەکی نابێت، شیعریش بەو پێیەی جووڵەیەکی بەردەوامە لە نێو ڕووبەری ئیستاتیکادا بۆیە ناگات بە خاڵی دۆگما و وەستان، بۆیە لەنێو ڕووبەرێکی کراوە دەمێنێتەوە و ناچێتە نێو هیچ چوارچێوە و بازنەیەکەوە. بەڵام، ئەگەر چەپبوون بەمانای تێگەیشتن و خوێندنەوەی مارکس وەک بیرمەند و فەیلەسووفێکی مرۆیی، تێگەیشتن لەسەر بنەمای مرۆڤبوون و بەها مرۆڤایەتییەکان، یان لەسەر بنەمای عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و نەمانی چینەکان و هەڵوەشاندنەوەی مالیکیەتی تایبەت و گۆڕانی بە مالیکیەتی گشتی، کەدواتر هەڵوێستەی زێتر لە شۆڕشی کۆمۆنیستی و تەحویل بوون و ڕۆیشتنی بەرەو کۆمۆنیزم و چینەکان و پەیوەندییە ئابووریەکان دەکەین، واتە چەپبوون و تێگەیشتن و خوێندنەوەی مارکس بەم ڕوانگە مرۆڤبوون و بەها مرۆڤایەتیانە و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە، هاوکات بەرز ڕاگرتنی مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەکان ئەوە لێرەدا، چەپبوون هاوتەریب و تەبا دێتەوە لەگەڵ شیعر، چونکە شیعریش ئیش لەسەر جوانیەکان و مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەکان دەکات، لێرەدا چەپبوون دەبێتە ڕوانگەیەک و زوومێک بۆ تێگەیشتن لە شیعر و بینینی شیعر وەک پێکهاتەیەک و بوونێکی گەردوونی، لێرەدا هاوتەریب و هاوتەبا دینەوە، بۆ چەمکی ژنبوونیش بە هەمانشێوە، ئەگەر سەیری مێژوو بکەین بە تایبەت بگەڕێینەوە بۆ قۆناغە سەرەتاییەکان ئەوکاتەی بە کۆمۆنەی سەرەتایی ناویان دەبرد، لەو سەردەمانە، پەیوەندییە ئابووریەکان و ئامرازەکانی بەرهەم هێنان هی گشت بوون واتە، موڵکدارێتی تایبەت نەهاتبووە کایە، ئەوکات کۆمەڵگە دابەش نەببوو بەسەر چینەکان و موڵکدارێتی گشتی بوو نەک تایبەتی. ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیش هی گشت بوون. بەڵام لەوکاتەی بە هۆکاری کەڵەکە بوونی بەرهەم و گۆڕانی ئەمرازەکانی بەرهەمهێنان لە گشتییەوە بۆ تاک و هاتنە کایەی موڵکدارێتی تایبەتی، لێرەوە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە دەست پێدەکات و یەکەم قوربانیانی ئەو چەوساندنەوەیە ژنان دەبن و پیاوان دەبن بە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەم هێنان و دەسەڵات و هێز دەکەوێتە دەست پیاوان و کۆمەڵگەی پیاو سالاری دێتە کایەوە، لەوێوە چینەکان دروست دەبن و بەرەی چەوساوەو چەوسێنەر دەردەکەون و دواتر قۆناغە یەکبەدوای یەکەکان، کۆیڵایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری بەدوای یەکدا دێن و کە چەوساندنەوەو بوونی چینەکان و موڵکدارێتی تایبەتی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامە،  لەم پێشەکی و سەردە مێژووییە ژیانی مرۆڤایەتی بە چەندین قۆناغ و جەنگ و کاوڵکاری و کۆچ و مردن دا تێپەڕیوە، واتە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ڕووبەری جوانیەکان دوور کەوتۆتەوەو بە ئاراستەی ناشیرینیەکاندا ڕۆیشتووە، سەرچاوەی ئەم دڕندەیی و ناشیرینی و چەوساندنەوە و جەنگ و کاولکاریانە پیاوان بوونە نەک ژنان، چونکە لەو ڕۆژەوەی چەوساندنەوە دەستی پێکردووە کۆمەڵگە گۆڕاوە بە کۆمەڵگەیەکی پاتریاکی واتە پیاوسالاری، ژنان کەمتر دەستیان هەیە لەو ناشیرینی و جەنگ و کاوڵکاریانەی کە تا ئیستا ڕوویان داوە، ژنان هێمنتر و بەسۆزتر و مرۆڤدۆستر و ژیان دۆسترن. مەبەستمە بڵێم، تا ئیستا بەپێی مێژوویەک کە مرۆڤایەتی هێناویەتی، مرۆڤبوون و بەها مرۆڤایەتییەکان زێتر لە نێو ڕووبەر و خەون و بیرکردنەوەی ژنان دایە، واتە تا ئیستا ژنان وەک پیاوان دەستییان پیس نەبووە بە ڕەنگە تۆخەکان و ناشیرینکردنی تابلۆ جوانەکانی ژیان، بۆیە ژنان لە چەمکەکانی مرۆڤ و بەها مرۆڤایەتییەکان نزیکتر و ئاوێزانترن، بۆیە لێرەدا دەڵێین ئەوە دروستە گەر بتەوێت لە شیعر بگەیت پیویستە ژن بیت !، شیعر زێتر هاوتەریبە لەگەڵ چەمکی ژنبوون نەک پیاوبوون، چونکە لە پشتی چەمکی ژنبوون هەست بە جوانی و مرۆڤایەتی و سۆز و عەشق و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی دەکەین، بەو پێیەش ئامانجی شیعر بەرهەمهێنانی جوانییە بۆیە هاوتەریب و تەبا دێتەوە لەگەڵ ئەم چەمکە جوانانەی کە لە پشتی ژنبوونەوە دەبندرێن!

 

گەڕان بۆ بابەت