فەڕۆخ نێعمەتپوور

بێگومان ژیان خۆی لەخۆیدا، بە بێ وردبوونەوە و رۆچوون لە دیاردە وردەکاندا، جوانی و شکۆیەکی مەزنە. ژیان ئەوەندە دێنێ کە بۆی ببینە شاعیر و لەپێناویدا بژین. مرۆڤی ئەم سەردەمە پێویستیی بە رۆحێکی دادائیستی و ریلکەییە. دادائیستی بۆ رەدی هەموو ئەو شتانەی وا ئەم جۆرە سەردەمەیان خوڵقاندووە و، ریلکەیی بۆ ئەوەیکە لەناو ئەم شتانەیش دا ئەو جوانی و شکۆ شاردراوەیەیش ببینین وا پێویستمانە بۆ بەردەوامی.

لە بەرزەخدا

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەسەردەمێکدا دەژین کە تێیدا هەموو هاوارمانە. هەر لە دەوڵەمەندەوە بگرە هەتا هەژار دەڵێی وەک یەک گلەیی لە رۆژگار دەکەن. ئاغا و سەپان وەک یەک هەست بە نامۆیی و غەمگینی دەکەن. وا دەنوێنێ کە خاوەن دەسەڵات و بێدەسەڵات لە ئاست رووداوەکاندا وەک یەک هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەن! دەڵێی چیتر شادی نەماوە و، ئەوەی هەیە نەهامەتی و بەدبەختییە کە بەرۆکی بە تاک بە تاکی مرۆڤەکان گرتووە.

دەستنیشانکردنی هۆکار یاخود هۆکارەکانی ئەم دۆخەیش زۆر دژوار نیە. هەر ئەوەندەی کەمێک چاو هەڵبێنین و لە دەورووبەری خۆمان بڕوانین زۆر شتی ناحەز و ناڕەوا هەیە کە ئازارمان دەدا. چاومان لە گرانییە، لە بێکاری، لە شەڕ، لە داڕمانی بەها ئەخلاقییەکان، لە دەسەڵاتدارێک کە هەموو شتێک دەکات جگە لە دەسەڵاتداری، لە دەسەڵاتدارێک کە دەڵێی دەسەڵات لەدەستی ئەویشدا نیە، لە ترازانی مرۆڤەکان لەیەکتری و نەمانی پێوەندییەکان، لە دەسەڵاتی ماددە و پارە بەسەر کرداری مرۆڤەکانەوە، لە من من و بزربوونی تۆ و، ... .

لە لێکدانەوە و شرۆڤەی وەها سەردەمێکدا، ئەوەی کە بۆچی وەهامان لێ بەسەرهاتووە، قسەوباس زۆرە. یەک هۆکاری ئەمە بە جیهانی بوونی نەزمی سەرمایە لە قاڵبی نیولیبرالیزم دەزانێ، نەزمێک کە تێیدا پارە زاڵە و بەرژەوەندی بووەتە بەهای سەرەکی بۆ مرۆڤ. ئەوی دی هۆکار بۆ پۆستمۆدێرنیزم دەگێڕێتەوە. پۆستمۆدێرنیزمێک کە بەزاڵکردنی رێژەگەرایی و نکۆڵی کردن لە حەقیقەتی موتڵەق، رێگای بۆ پشێوی و جۆرێک لە ئانارشی مانا کردووەتەوە. رەنگە ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە وەک نیچە دەیگوت خودا تێیدا مردووە و، وەک داستایفسکی هوشداری دەدا بە هۆی مردنی خواوە هەموو شتێ رەوا بووە.

بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە لە مانایەکی سەمبولیکدا خوا (واتە چەمکی کۆکرەوە)، مردووە. چیتر هیچ ئۆتۆریتەیەکی ناوەندی نەماوە بتوانێ مرۆڤەکان لە مانای کۆنی خۆیدا بە دەوری یەکترەوە کۆبکاتەوە. مرۆڤ بە گشتی نەیتوانیوە لە جیاتی خوا و بەهاکانی کۆن، خوای تازە و بەهای تازە بخوڵقێنێ وەها کە بتوانێ بەسەر ئەو قەیرانەی وا بەسەریدا هاتووە، زاڵ بێ. هەڵبەت مەبەست ئەوە نیە کە لە هەمان قاڵبی کۆندا، خوا و بەهاکان بخوڵقێنینەوە. نا، رەنگە چیتر ئەو دەرفەتە نەمابێ و، مرۆڤ پێویستی بەوە نەبێ کە وەک کۆن بژی. راستییەکەی ئەوەیە بەهۆی سەرهەڵدانی مانای تاک و چالاکبوونەوەی زۆر دەستە و گروپ ئیتر توانای ئەوە نەماوە هەموو وەک یەک بن. پێویستیش نیە وەک یەک بین. ئەوەی مرۆڤ پێویستییەتی پەیداکردنی سیستمێکە کە بتوانێ تێیدا هەموو ئەم پلۆرالیزم و فرەییە پێکەوە بحەوێنەوە. سیستمێک هەموو تێیدا بەشێوەیەکی گونجاو بژین. بەڵام هەیهۆ تا ئەو کاتە!

رەنگە بتوانین بڵێین کە ئەم ئەزمەیەی وا مرۆڤی سەردەم تێی کەوتووە، قۆناغی راگوزارە و پێویستیی پەڕینەوەیە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر. قۆناغێکی راگوزار کە تێیدا چیتر ناتوانین وەک رابردوو بژین و، لەهەمان کاتدا هێشتا چۆنیەتیی قۆناغی نۆی خۆی نەخەمڵاندووە و خۆی دانەڕشتووە. قۆناغێکی بەرزەخ ئاسا کە نە جەهەننەمە و نە بەهەشت! رەنگە وێنای ئێمە سەبارەت بە جەهەننەم و بەهەشتیش وێنایەکی کۆنە و، چیتر مرۆڤی ئەم سەردەمە پێویستی بەوەها چەمکگەلێک بۆ پێناسەکردن و وەسفی ژیانی خۆی نەبێ. بەڵام داخۆ ئەو چەمکە جێگرەوانە چین؟ کامە وشە و دەستەواژەن وا دەتوانن تەعبیر لە داهاتووی ئێمە بکەن؟

وەڵام گەلێک دژوارە. رەنگە دۆزینەوەی وەڵامیش بەگوێرەی نەریتێکی مارکسی کە چاوەڕوانی رووداوە بەرهەستییەکان دەمایەوە، دەبێ لەوەها لۆژیکێکدا خۆی بخەمڵێنێ. بە واتایەکی دیکە، ژیان دەبێ خۆی ئامراز و پێویستییەکانی وەها تیۆرێکی نوێ و نیگایەکی نوێ فەراهەم بکا و، ئەوجا مرۆڤ بتوانێ لە قەوارەی تیۆر و بیردا دایبڕێژێتەوە.

'راینر ماریا ریلکە' شاعیری ئاڵمانی لەیەکێک لەو نامانەی وا بۆ شاعیرێکی گەنجی نووسیوە، دەڵێ ئەگەر ژیانی رۆژانە لەبەر چاوتدا سووک دەنوێنێ، تۆمەتی ئاراستە مەکە کە تۆمەتەکە لەڕاستیدا ئاراستەکەی بەرەو خۆتە لەبەر ئەوەی ئەوەندە شاعیر نیت تا جوانی و شکۆی ژیان ببینی!

ریلکە لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیشدا ژیا. ئەو شەڕەی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی بۆ وێنە هونەری دادائیزم کە کاردانەوەیەک بوو لەبەرامبەر شەڕ و وێرانکارییەکانیدا. هونەرێک کە دژی هەموو شتێک بوو و لە نکۆڵیکردن negation پەیڕەوی دەکرد.

هەڵبەت رەنگە هەموومان نەتوانین شاعیر بین، بۆ ئەوەی بتوانین بە جۆرێک جوانی و شکۆی جیهانیش ببینین. بەڵام گەر دەمانەوێ بژین، گەر بە گوێری یاسایەکی سروشتی ملکەجی ژیان و بەردەوامبوونین تێیدا، ئەوا ناچارین جوانی و شکۆکەیشی ببینین. مرۆڤ ناتوانێ بە بێ جۆرێک لە باوەڕمەندی بە جوانی و هەبوونی هومێد لە ناخۆشترین ساتەکانیشدا بژی. بۆیە لێرەوە دەتوانین هەموومان بەجۆرێک شاعیر بین.

بێگومان ژیان خۆی لەخۆیدا، بە بێ وردبوونەوە و رۆچوون لە دیاردە وردەکاندا، جوانی و شکۆیەکی مەزنە. ژیان ئەوەندە دێنێ کە بۆی ببینە شاعیر و لەپێناویدا بژین. مرۆڤی ئەم سەردەمە پێویستیی بە رۆحێکی دادائیستی و ریلکەییە. دادائیستی بۆ رەدی هەموو ئەو شتانەی وا ئەم جۆرە سەردەمەیان خوڵقاندووە و، ریلکەیی بۆ ئەوەیکە لەناو ئەم شتانەیش دا ئەو جوانی و شکۆ شاردراوەیەیش ببینین وا پێویستمانە بۆ بەردەوامی.

سەرچاوە: گۆڤاری نما ٥٧

گەڕان بۆ بابەت