ما 7841 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رێزی تاک و رۆمان
یەكیک لە دیاردەکانی دونیای مودێڕن، تاکایەتی Individvalism واتە (فردیت)ە. ئەگەر لە ژیانی پێش مودێڕندا تاک هەمیشە لە پێناوی 'کۆ' دا و لە 'کۆ' وە پێناسە دەکرا، ئەوا بە سەرهەڵدانی مودێڕنیسم، تاک دەبێ بە خاوەنی شوێنی دیکە. تاک بە نۆرەی خۆی بۆ خۆی دەبێ بە شوێنێ بۆ جوڵەی رەوتی پێناسەکردن.
 
یەکێک لەو شتانەی بەشداریی چالاکانەی لەم رەوتەدا کرد، رۆمانە. بە دەستپێکردنی سەدەی ١٨ و رۆمان، ئیتر 'ئەوی تر' وەک جاران خۆبەخۆ وەک دوژمن و نەیار سەیری نەکرا. 'لین هانت' ی مێژووناس دەڵێ کە بیری مافەکانی مرۆڤ بە هۆی رۆمانەوە بە شێوەیەکی سادەتر گەشەی کرد، چونکە رۆمان لە رێگای کەسایەتییە دروستکراوەکانی خۆییەوە کارێکی کرد مرۆڤەکانی تر بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان لەم کەسایەتییانەدا ببیننەوە، ئەو مرۆڤانەی لەوان دەچوون.
 
بەم شێوەیە هەستی هاوسۆزی و تێگەیشتنی نێوان مرۆڤەکان گەشەی کرد و مرۆ زیاتر دەرکی بەوە کرد کە 'ئەوی تر'یش مرۆڤێکە وەک ئەو بە هەمان پێناسە بنەڕەتییانەوە. رۆمان بەشداری کرد لە دۆزینەوەی 'ئەوی تر' لە رێگای بەرجەستەکردنی تاکەوە.
 
وەک دەبینین، هونەر و ئەدەب وەک هەمیشە رۆڵی کاریگەریی خۆی دەبینێ لە دۆزینەوە و دەرکی 'ئەوی تر' لە رێگای بەرهەمەکانی خۆیەوە. جا بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە رێگای بەرجەستەبوونی تاکەوە، ئەوی تر و خۆمان بدۆزینەوە، با زیاتر و زیاتر رۆمان بخوێنینەوە!
 

سایتی قەڵەم

٨ یانواری ٢٠١٧

 

 Bilderesultat for INDIVIDUALISME

گەڕان بۆ بابەت