نەژاد عزیز سورمێ

ڕەخنە لەمیدیاى کوردیدا، ئەوەى تا ئێستا بینراوە و خوێندراوەتەوە، زۆربەى لەپەرچەکردار و خوولانەوە لەبازنەى بەتاڵى گرینگى دان بە ڕوخسار، دوورلە فیکر و هەل و مەرجى بابەتى و ڕەچاوکردنى قۆناخى کۆمەڵگەوە تاک و تەرا نەبێ، ڕەتى نەکردەوە. 

 

میدیاى کوردى لە بازنەى گەمەکانى سیاسەتدا (دوابەش)  

نەژاد عزیز سورمێ

 

ڕۆژنامەنووس و میدیاکارى کورد

لەنێوان خوێندنى ئەکادیمى و بەهرە و شارەزایی تاقیکراوەدا

 

ڕۆژنامەنووس و میدیاکارى سەرکەوتوو دەخوازێ ڕۆشنبیرى و بەهرەى هەمە لایەنەى هەبێ ، ئەمە هەمیشە لە پەسن کردن و نەکردنى لەبەرچاو دەگیرێ ، بە واتایەکى دى بەهرە و شارەزایی تاقیکراوە لە پێش خوێندنى ئەکادیمیدا دێ.

لە مێژووى ڕۆژنامەگەریی و میدیای کوردیدا هەمیشە وا کەوتووەتەوە ئەوانەى ماکینەى میدیایان بەگەڕخستووە ئەوانە بوون کە حەز و ئارەزوو و بەهرەیان تێدا بووە ، کەم وا ڕێککەوتووە بەتایبەتیش لەدەسپێکى ئەوەى بە ڕۆژنامەگەریی کوردى دەناسرێ ، لەو بوارەدا خاوەنى بڕوانامەى ئەکادیمیى بوو بن ، تەنانەت زۆرجار دەرچوویەکى بەشى ڕاگەیاندن بە هۆى بێ بەهرەیی وا ڕیک کەوتووە  کارى دیکەى کردووە .

لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە ناکاتە ئەوەى خوێندنى ئەکادیمی بەهەند وەرنەگیرێ بەتایبەتى بۆ ئەوانەى تێیاندا بووە کار لە بوارى ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسیدا بکەن ، چونکە خوێندنى ئەکادیمى دیارە دەبێتە ڕێ ڕوونییەکى دى بۆ کارى ڕۆژنامەنووس و هۆیەک بۆ داهێنان و وروژاندنى بەهرە شاراوەکانى.

خوێندنى ئەکادیمى مشت وماڵى ئەو حەز و ئارەزوو و بەهرەیە دەکا ڕۆژنامەنووس و میدیاکارى ڕاکێشاوەتە ئەو مەیدانە.

مەسەلەکە بەداخەوە لاى ئێمە لەڕووى چەندایەتییەوە ڕەنگە زۆرجار بەپێچەوانە کەوتبێتەوە ، بەتایبەتى لەم یەک دوو دەیەى دووایدا ، ئەوەى لە ڕێى خوێندنى ئەکادیمیەوە ڕاستەوخۆ دەسبەکار دەبێ، سەیر دەکەى ئەو بەهرە و شارەزاییە تاقیکراوەیەى نییە.

لە هەمان کات ددانیش بەوەدا نانێنێ لاى شارەزایەک ڕێنوینى بکرێ ، لەبەرابەریشدا شارەزایانى ئەو بوارە بە هۆى ئەزموونى چەندان ساڵەیان ، ئەوانیش بەرامبەر بەتازە دەست پێ کردووان و نەشارەزایانى کارى ڕۆژانە و خۆهەڵواسى بە زانیارى تیۆرى کە ڕەنگە زۆرجار لەگەڵ هەل و مەرج و ئاراستەى ئەم کەناڵ یا ئەو کەناڵ یەکیان نەگرتبێتەوە نەهاتبنەوە.

لەو ڕاستەشدا نە کادیرە ئەکادیمیە تازە دەست پێکردووەکە هەوڵى فێربوون دەدا، ئەزمنووندارەکانیش لەو سەرەوە پلانەکانیان لێ تێک دەچێ، بەمەش زەرەرمەندى سەرەکى خودى کەناڵەکە دەبێ ، ئینجا ڕۆژنامە یا ڕادیۆ یا تەلەفزیۆن یاخود سایتێکى ئەلکترۆنى بێ.

ڕۆژنامەگەریی کوردى تا ئێستاش لەو جوغزەدایە و ئەگەر ڕۆژنامەنووسى بەرپرسیارى تێیدا نەبێ بڕیارى بوێرانە لە بەرژەوەندى کەناڵەکە و سیاسەتە پەیڕەوکراوەکانى بدا. چونکە نووسین با لە ڕۆژنامەشدا بێ هەرگیز بارێک نییە بە چەند وشەیەکى ئینشائی بێ ناوەرۆکى دوور لە خوێندنەوەى ڕەخنەگرانە و پێشبینیکراو پێک بێ.

بەڕوویەکى دى ناشێ شارەزایانى ئەو بوارە خوێندنى ئەکادیمی نەخوێننەوە و حساب بۆ کادیرانى تازە دەستبەکار بوو نەکەن ، کە پێم وایە لە حاڵەتى هەندێ کەناڵى تایبەتمەندى وەک بوارى پەروەردە و تەندروستى و کشتوکاڵ و پیشەسازى و کولتوورى (ئەگەر ئێستاش جێى باس نەبووبن)، بەڵام ئەمانە و هى دیش پێویستن و ڕۆژێ دەبێ خەمیان لێ بخورێ.

دەڵێم لە حاڵەتى ئەو کەناڵەدا دەخوازێ ئەوانەى کار لەو چەشنە کەناڵانەدا دەکەن سەرەڕاى شارەزاییان لە کارى میدیایی پێویستە لەو بوارانەشدا شارەزایی و ئەزموونى پێویستیان هەبێ. کەواتە هیچ تایبەتمەندییەک لە کارى میدیایدا لە دەرەوەى داهێنان و شارەزایی لە بوارى کولتووردا نییە.

هەر لێرەدا تەماشا دەکەین لێک ڕاستبوونەوەیەک لە نێوان خوێندکارانى ئەو بوارە ، کە دەیەوێ تەنیا بە هێزى تیۆرى دوور لە ئەزموون و کارکردنى کارا شوێنێ بگرێ شایانى نییە لەبەرابەر ئەزمووندار و شارەزایاندا کە بەکردار تەمەنێکیان لەو بوارەدا بەسەربردووە.

ئەمەش بەئاشکرا لە ڕووپەڕى ڕۆژنامە و سایت و ڕادیۆ و شاشەى تیڤیەکانەوە هەستى پێ دەکرێ و بەمەش وردە وردە کەناڵەکە ڕوو لەپاشەکشە دەکا و تواناى خۆ نوێکردنەوەى نامێنێ نەخاسمە ئەگەر کادیرە تازە دەست پێ کردووەکان بە هۆى بڕوانامەکانیانەوە بێ یا هەر هۆیەکى دیکە ببن بە کارمەندى کاراى ئەو کەناڵانە .

هەواڵ لە میدیاى کوردیدا

چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ هەواڵ لە وەختى شەڕ و قەیراناندا

نامەوێ لێرەدا جارێکى دى بچمەوە سەر ئەو سیفەت و پرسیارانەى هەواڵ (هەر هەواڵێک)ى لەسەر هەڵدەنرێ وەک (کێ) و (چى) و (کەى)و (لەکوێ) و (بۆ) و (بۆچى). ئەگەرچى من خۆم واى دەبینم لەگەڵ بەهەند گرتنى ئەو پرسیارانەشدا لە هەواڵدا بەڵام لە بارى ئەو پێشکەوتنەى میدیا و تەکنەلۆژیاى گەیاندن بەخۆیەوەى دیوە ، بڵاوکردنەوەى هەواڵ ڕەهەندێکى دیکەى وەرگرتووە ، بەڕادەیەک پرسیارەکانى سەرەوەى ڕۆژنامەگەریی سپاردووە کاتێ میدیا لە میدیاى کاغەز (نووسراو) و درەنگتریش (بیستراو) زیاتر لەمەیداندا نەبوون.

ئەوێ ڕۆژێ میدیا هەم پەیام بوو ، هەم بەرپرسیارییەتى و تاڕادەیەکى نکۆڵیلێنەکراویش ڕاستبێژى بەتایبەتى لە هەندێ کەناڵى بەناوبانگى وەک ڕادیۆى (BBCى ئەوسا) کە حسابیان بۆ ناو وناوبانگى خۆیان دەکرد و ڕێزى گوێگریان لا گرینگ بوو..

میدیاى کوردى وەک لە پێشدا ئاماژەمان پێدا لە ئەساسدا لە ڕۆژنامەگەریی نووسراوەوە دەستى پێکردوە، پاشان هەوڵەکانى ڕۆژنامەگەریی (بیستراو)یشى هاتۆتەسەر هەردوو جۆریش بە هەژارى و یا لەسەر دەستى ڕۆشنبیر و نووسەرانى بووە، کە لە هەمان کاتدا بایەخیشیان بە سیاسەت داوە ، لەوەى دەهاتەوە ناو خەباتى قەومایەتى یا چینایەتى،  یان سیاسیەکان بوون، ئەوانەى چ بە سەربەخۆ هەڵگرى بیرو بۆچوونێک بوون یا لە ڕیزى حزبێکى سیاسیدا بوون.

ئەو کەناڵانەش وەک وتمان هەژاربوون و مانگانە یا ناوەناوە، ، یا زۆر زۆر هەفتانە بوون بەوانەیشەوە کە دەزگا پەیوەندارەکانى ئەو حکوومەتانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە کوردى بڵاویان کردوونەتەوە. تۆ هەرئەوەندە بێنە بەرچاو، ساڵى 1974 بیر لەوە کراوەتەوە ڕۆژنامەیەکى ڕۆژانە دەربچوێندرێ ! کە زۆر درەنگ بوو.. بەهەرحاڵ لە هەواڵدا لەپێشترین سیفەت خۆى فەڕز دەکا، خێرایی گەیاندنە ئەگەر لەپاشاندا باسى چلۆنایەتى هەواڵ بکەین ، ئەمەش دیارە بۆ ئەوسا لە تواناى حەفتنامە و مانگنامە و درەنگتر نەبووە کە ئێستا تەنانەت بۆ ڕۆژنامەى ڕۆژانەش (ناڵێم ئەستەمە، پێم وایە دەکرێ) بەڵام ئاسان نییە لە بڵاوکردنەوەى هەواڵ دا ڕۆژنامە بتوانێ کێبەرکێ لەگەڵ کەناڵەکانى تەلەفزیۆنى و سایتە ئەلکترۆنى و ئەوەى پێى دەگوترێ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکا. بەڵام با بزانین داخۆ دەنگوباسى (هەواڵ) بەگشتى حاڵى حازر لە میدیاى کوردیدا چۆنە.

واى دەبینم ئەمڕۆ میدیا بەگشتى؛ بە میدیاى کوردیشەوە لەگەڵ ڕیکلام و دەرهاوێشتە و نەخشە بۆ دانراوەکانى بوون بە دوو ڕووى یەک دراو ، هەندێ جار ئەگەر دراوەکە هەڵدەى زیاتر بەدیوى ڕیکلامدا دەکەوێ و دەچێتەوە ئەو خانەیە. ڕیکلام کە ئێستا بە شێوەیەک لە شێوەکان تێکەڵى نەک هەواڵ بەڵکو بەرنامەکانیش کراوە ، بەمەش بەناچارى بێ (ڕازى کردنى سپۆنسەر) یا هەر نیازێکى دى جگە لەوەى هەر کەناڵێک لە بەرژەوەندى ڕاکێشانى بینەر (کە من لەگەڵ پارێز وەرگرتنمدا ئەوە بەمافێکى ڕەوا دەزانم) بەڵام زۆرجار دوور لە ڕەچاوکردنى لە بەرامبەر ئەوەى پێى دەگوترێ ئاراستەیەکى ساغڵەم و بەرپرسیارى ڕاى گشتى لەوەى نا چاوپۆشى لە بەرامبەر هەڵەکان بکرێ بەڵکو لەوەى ئینتیما و خۆشەویستى خاک و وڵات و بەرژەوەندیە ستراتیژییەکانى لەبەرچاو بگیرێ.

هەواڵ لەمیدیاى کوردیدا لەچەند سەرێکەوە جێى لەسەر ڕاوەستانە ، لەلایەک کەم وا ڕێککەوتووە هەواڵ ڕاى نەک هەر داڕێژەرى هەواڵ بەڵکو هەندێ جار باربووکەریشى پێوە دیارنەبێ بەتایبەتیش لەو کەناڵانەى خۆیان. (بەئیستلاحى خۆیان) بە (ئەهلى) و (سەربەخۆ) و (بێلایەن) ناساندووە.

لەو سەریشەوە سەیر دەکەى ڕووپەڕى لاسایی کردنەوە لە داڕشتنى هەواڵێکى ناوخۆ یان دەرەوە دەگاتە ڕادەى کۆپی کردن ئەمەش لە زۆربەى کەناڵە (بیستراو) و (بینراو)ـەکاندا هەستى پێ دەکرێ.

دیسان داڕشتنى هەواڵ زۆرجار مەرجە کلاسیکیەکەیشى پێوە دیار نییە ، سەرەڕاى ئەوەى پێشینەى خودى هەواڵەکەش دیار نییە لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە.

من سەیرم بە هەندێ قسە دێت کە لەم لاو ئەو لادا دەکرێت بەوەى هەندێ پێیان وایە ، نەک هەر پێیان وایە ، بەڵکو بە فەتحى قەڵاى خەیبەریشى دەزانن کە دەڵێن ئێمە جاران هەواڵمان لە خەڵک وەردەگرت ئێستا خەڵک هەواڵ لە ئێمە وەردەگرێت.

جارێ تا ئێستا ( مەگەر لە سایتەکان) گوێم لێ نەبووە کەناڵێکى باوەڕپێکراوى دونیا یەکێک لە کەناڵە کوردیەکانى کردبێتە سەرچاوەى سەرەکى هەواڵێکى خۆى ، مەگەر ئەو کەناڵە بە زمانێکى زیندووى وەکو ئینگلیزى لە ماڵپەڕى تایبەت بە خۆیان بڵاویان کردبێتەوە.

پاشان زۆرجار وەرگرتنى هەواڵ لە ئاژانسێکى بەناوبانگ و خاوەن متمانە (بۆ دەرەوە) ڕەنگە خەرجى کەمترى بوێ و باوەڕپێکراوتریش بێ ، لەوەى لە تۆڕى پەیامنێرانیدا خەرجى دەکا کە زیاتر هەندێ جار نەبێ کە ئەویش پەیوەندى بەخودى هەواڵەکەوە هەیە ، دەنا وەرگرتنى هەواڵ لە ئاژانسە متمانە پێکراوەکان ئەوەندە لەسەر کەناڵەکە ناکەوێ . جگە لە هەموو ئەمانەش، ئەوانەى دەڵێن ئێستا خەڵک هەواڵ لە ئێمە وەردەگرێ ، با گریمان بەو جۆرەش بێ ، لەبیریان دەچێتەوە کە لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا کوردستان دەمێکە بووە بە ناوچەیەکى هەڵایساو ، بەتایبەتیش دواى هاتنى مێردەزمەى (داعش) وەک دەبینین دونیاى تەنیوەتەوە و پەلى بۆ ئەوروپا و ئەمریکاش هاوێشتووە بەڕادەیەک لەبەرەنگاربوونەوەیدا خەریکن لە ڕووى ناچارییەوە کلتوورى دیموکراسیشیان بخەنە ژێر پرسیارەوە.

سیمایەکى دیکەى میدیاى ئێمە کە خەریکە ڕەنگى پێوە دەگرێ ئەوەیە میدیاى هەواڵ و بیروڕا تێکەڵ کراوە یاخود لێک هەڵنەوێردراوە ، لێرەشدا هەواڵ و دەرهاوێشتەکانى پاشترى لە ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژ و شرۆڤەى پەیوەندار لە میدیاى کوردى دا بە قوربانى نووسینى جیاجیا و هەندێ جار ئینشائیش کراوە، لە ڕووى (بایەخى هەواڵ)یشەوە، دەبینى هەر کەناڵە و بەنەغمەى خۆى دەخوێنێ و بڵاودەکاتەوە کەناڵە حزبیە ڕەسمیەکانى لێ بترازێ کە ڕوانینى خۆیانى تێدا ڕەنگ دەداتەوە و باروبووکاریشى دیارە.

لەو ڕاستەدا سەیر دەکەى هەواڵێک ڕەنگە زۆر بەلاى خەڵکیشەوە گرینگ بێ بەڵام کەناڵێکى دیاریکراو یان هەر بڵاوى ناکاتەوە ، یا ئەگەر بڵاویشى بکاتەوە لە چوارچێوەى ڕێنمایی سنوور بۆ دانراوى خاوەنەکەى تێناپەڕێ، بەمەش نیوەى یا چاریەکى ڕاستینەى هەواڵەکەت پێدەگا.

پێچەوانەکەیشى هەر ڕاستە ، هەواڵى بێ بایەخ هەیە ، کەناڵێکى دى زیاد لە سنوورى خۆى گرینگى پێ دەدا و تەنانەت ئەگەر هەندێ ڕەگەزى ناڕاست یا هەڵبەستراویشى تێدا بێ.

جار هەیە ڕەنگە بە هەواڵى کەناڵێک (کە هەندێ جار نەخشە بۆ کێشراویشە) ئەوەى پێى دەگوترێ ئاسایشى کۆمەڵایەتى تێک بچى ، یاخود بچێتە خانەى دەمگۆ (اشاعە) بۆ کەسێک یا لایەنێک، یاخود بە پێچەوانەوە لە پەسنى کەسێک یا لایەنێکدا بێ.

واى دەبینم بەتایبەتیش لە ڕووى بڵاوکردنەوەى هەواڵدا هێشتا زۆرى ماوە (میدیاى ئەهلى، سەربەخۆ، بێلایەن) لەناو دووکەوانەدا دەربهێنرێن ، چونکە میدیاى کوردى پێم وایە ماویەتى بەتایبەتیش لە مامەڵەکردنى لەگەڵ هەواڵدا، نەک هەر لە کاتە ئاساییەکاندا بەڵکو لە وەختى شەڕ و قەیرانیشدا بێجگە لەوەى پیشەییایەتى نەپاراستووە هەندێ جار وەک بینیمان و خوێندمانەوە لە وەختى شەڕ و قەیرانیشدا لە نەزانى بێ یاخود بە پێشینە لە بڵاوکردنەوەى هەندێ هەواڵدا بەتایبەتى لە میدیاى بینراو گەیشتووە بەو ڕادەیەى بەچاوساغى کردن بۆ دژمن تۆمەتبار بکرێن.

هەندێ لە هۆیەکانى لاسەنگى میدیاى کوردى

ئەگەر دوێنێ هەندێ لە نەخۆشیەکانى میدیاى کوردى کە تا سەردەمانێک لە دەرەوەى ئیرادەى خۆیدا بوو ، یا لە ژێر هەژموونى ئیرادەى خۆیدا بوو بێ (میدیاى پێشمەرگایەتى) ئەویش ئیستگەکانى ڕادیۆى لێ هەڵبوێرى کە بەخێراییەکى پێوانەیی پەیامى خۆى دەگەیاند ، دەنا میدیاى نووسراو لە ڕووى خێرایی گەیاندنەوە ئەو ڕۆڵەى نەبووە.

لەگەڵ ئەوەشدا میدیاى ئەوان ڕۆژانیش خاڵى نەبوو لە کەم وکورتى و ئەو نەخۆشیانەى پاش ڕاپەڕین (1991) ، لە باتى ئەوەى چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە ، تەشەنەیان سەندو و بڵاوتر بوونەوە!

لێ بە بەراورد لەگەڵ ئەمڕۆ، کەم تا کورت ، باوەکو ڕۆژنامەنووسانى کورد، ئەوسا لە بوارێکى بەرتەسک و هەندێ جار تەنگ و تاریک کاریان کردووە ، بەڵام پاراستنى ئیتیکى ڕۆژنامەنووسیى و هەواڵدان بۆ بەرقەرارکردنى جۆرێک لە پڕۆفیشناڵیەتى لە کاردا و تێپەڕاندنى هەندێ بابەتى فەرهەنگیى لە بارودۆخێکى ئەستەمدا کە سانسۆر بەسەر هەموو بڵاوکراوەیەکدا لەوپەڕى دابوو. دیسان تاڕادەیەک دوورتر بوو لەو نەخۆشیانە.

ڕەنگە هۆیەکى دیکەش ئەوە بێت کە وا کەوتبێتەوە میدیاى ئەوسا دیاریکراو و لە هەموو حاڵەتێک و بە هەموو باران بڵاوکراوەکان ژمارەیان نەدەگەیشتە ژمارەى پەنجەکانى دەست، سەرەڕاى ئەوەش ئەوەى هەبووە هەمیشە بە سانسۆرى دەوڵەتدا تێپەڕیوە ، بۆیە کەمى ژمارەى بڵاوکراوەکان ڕەنگە ئەگەرێک بێ لە دیاریکراوییەتى نەخۆشیەکانیشى.

بێگومان لێرەدا ئێمە باسى ئەو میدیایە دەکەین کە لە عێراقدا بووە ، ڕاستى نەخۆشیەکانى میدیاى کوردى زیاتر دواى ڕاپەڕین دەرکەوتن و تەشەنەیان سەند ، دواى ئەوەى لە لایەک ڕۆژنامەنووسان کە سەرەتا ئەگەر بشێ بگوترێ تووشى (شوکى ئازادى) بوون ، لە دوایشدا کۆبوونەوەى دەتوانین بڵێین لەشکرێک لە ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامە و کەناڵگەلێک زۆر زیاتر لەو سنوورە جوغرافیایەى لە قەڵەمڕەوى دەسەڵاتى کوردیدا ، بەڕادەیەک واى لێ هات پیشەى ڕۆژنامەنووسیى لە پیشەى بانگخوازى بۆ ئازادى و بەرپرسیاریەتى مێژوویی و پاراستنى ئیتیکى پیشەکە ، بوو بە هۆیەک بۆ بژێوى ، هەر لێرەشڕا چاک و خراپ، زانا و نەزان تێکەڵ بوون و لە دیمەنێکى لە پێشدا نەدیتراودا میدیایەک بێتە کایێ ڕووکەش، دوور لە فەرهەنگ، ماندوو، متمانە پێنەکراو – تەنانەت نەخۆشیەکان بە جۆرێک ، بەتایبەتش بەم دوادواییانە پەرەیان سەند کە زۆر لە کەناڵەکان (خوێنراو – بیستراو – بینراو) ڕاشکاوانە هاتنە ناو ململانێ سیاسیەکان کە ئەمە کارى میدیا نییە.

لەم بارەدا دەکرێ (هەندێ) لەو نەخۆشیانەى لە میدیاى ئەمڕۆى کوردیدا دەبیندرێن لەخوارەوەدا کۆبکەینەوە:

- ئەوەندەى شێوەى وانەدانى وەرگرتووە ، ئەوەندە حسابى بۆ ڕاى گشتى نەکردووە ، تەنانەت هەندێ جار گەیشتووە بەوەى هەندێ کەناڵ ڕێگایان بەخۆیان داوە جێى داواکارى گشتیش بگرنەوە و دەست لە کاروبارى دادوەریشەوە وەربدەن ، بەمەیش لە چەندان لاوە کار بکەنە سەر ڕاى گشتى و بەربەستێک پێکەوە بنێن (بەهەر مەبەستێک بێ) بۆ بەلاڕێدا بردن یا شێواندنى ئەو دەرهاوێشتانەى لە هەواڵێکى دیاریکراوەوە دروست دەبن.

- زۆرجار لەچوارچێوەى (ئازادى)دا ، میدیاى کوردى غەدرى لەو وشەیە کردووە و زۆر جار (ئازادى) بێ (بەرپرسیاریەتى) خوێندۆتەوە ، ئەم دیاردەیەش (کە بەڕاستیش بووە بە دیاردە) گەلێک جار پشێوى کۆمەڵایەتى یا سیاسی لێ کەوتووەتەوە ، وەک ئەوەى لە وەختى شەڕى ناوخۆدا بەرپا بوو.

- بە گشتى میدیاى کوردى هەڵسوکەوتێکى دروست و هاوسەنگى لە کاتى قەیرانەکاندا نەبووە ، یا 100% لەگەڵ هەڵوێستێکدا بووە یاخود 100% دژى بووە ! کە ئەمەش لە هەموو حاڵەتێکدا هەڵسوکەوتى پەسەند نییە و لەو ناوەشدا ڕۆڵ و کاریگەریی خودى کەناڵەکە لاواز دەکا و متمانەى خوێنەر و گوێگر و بینەرانیشى بە تێپەڕبوونى وەخت لەدەست دەدا، وەک ئێستا دەیبینین کە هەندێ کەناڵ هەواڵێک یا وتارێکى ڕۆژنامەنووسیى بە ڕادەیەک قەبە دەکەن تەنانەت خوێنەرى ئاسایش دەرکى پێ دەکا، دیارە پێچەوانەکەیشى هەر ڕاستە.... سەیرایەتیەکەیش لەوەدایە هەموو ئەو کەناڵانە ، بە کەناڵى (سەربەخۆ) و (بێلایەن)و چى و چى خۆیان دەناسێنن !! سەیرتریش ئەوەیە زۆربەى کەناڵەکان بێلایەنى لە وەرگرتنى ڕاى دوو لایەن یا زیاتر لە هەواڵێکى دیاریکراودا کورت دەکەنەوە ، لە کاتێکدا ڕەنگە هەندێ جار لە بنەڕەتدا هەواڵەکە تەنانەت شایانى بڵاوکردنەوەیش نەبێ!

- لەداڕشتنى هەواڵدا، ئەمڕۆ زۆربەى میدیاى کوردى (گوایە بۆ سەرنج ڕاکێشانە)، ناونیشانێک بۆ هەواڵەکە دادەنێ، کە زۆرجار هەواڵەکە دوور و نزیک پەیوەندى بە ناونیشانەکەوە نییە، یا ئەگەر هەیشیبێ پەیوەندییەکى دوور بەدوورە.

- لەڕووى زمانەوە، واى لێ هاتووە هەر کەناڵە و بەکەیفى خۆى نەک بە پێى دەستوور و ڕێساى زمان وشە و زاراوە دادەتاشێ!

دیارە مەسەلەى زمان لە کەناڵەکانى میدیادا دەخوازێ بە هەستیارییەوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێ بەوەى کەناڵەکانى میدیا بەتایبەتیش کەناڵە بینراوەکان پەیوەندى ڕاستەوخۆیان بە یەک بەیەکى کۆمەڵگەوە هەیە کە کەناڵەکان ئاوەهایان وەرنەگرتووە.

زمانى کوردى جارێ بە ناوى نوێ کردنەوە و جارێ لە ژێر ناونیشانى ئەوەى پێى دەگوترێ (مۆدرێنایەتى)، کە نە ژێرخانێکى لە کوردستاندا هەیە و نە لە هەموو ئەو ماوەیەشدا کە بەماوەى خۆبەڕێوەبەرى دەناسرێتەوە توانراوە (دابڕان)ێک ڕووبدا وەک ئەوەى لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا بووە کە ئەمەش دیارە پرۆسەیەکى هەمەلایەنایە ئەگەرچى پرۆسەى پەروەردە لە ڕیزى پێشەوەشدا بێ ئەویش لە کوردستان نە بایەخى پێویستى پێدراوە ، نە پێوەى دیارە وەکو پێویست گرینگى و هەستیاریی ئەو پرۆسەیە لە پێگەیشتن و بەرەو پێشچوونى کۆمەڵگەدا بەهەند وەرگیرا بێ.

- زۆربەى کەناڵەکان (دەڵێم زۆربەى) هەرچەندە سەتلایتن و بە هۆى مانگە دەسکردەکانەوە پەخش دەکەن ، یان لە ڕادەبەدەر خۆماڵییەتیان پێوە دەبینرێ، یاخود ئەگەر بایەخیش بەدەرەوە و هەواڵ و ڕاپۆرتى دەرەوە بدەن ، ئەو فلیمە بەڵگەنامەییانە بڵاودەکەنەوە کە لە دەرەوە بەرهەم هێنراون، ئەمە لە ڕووى چلۆنایەتییەوە ، لە ڕووى چەندایەتیشەوە، ژمارەى کەناڵەکانى میدیاى کوردى خوێنراو – بیستراو – بینراو- لەو سنوورە دەرچووە کە پێى بڵێن (زۆر) بێگومان پێشم وانییە ئەو ژمارە ڕۆژنامەنووسەمان (بەپێى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان لەشەش هەزار ڕەت دەکا بێجگە لەوانەیشى ئەندامى سەندیکانین). هەبێ بتوانن ئەو مەکینە زەبەللاحە ئیش پێ بکەن کە خۆى لە سەتان ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوە و دەیان ڕادیۆ و دەیانى دیکەى کەناڵى ئاسمانى و ناوخۆیى و سایت و ماڵپەڕدا دەبینێتەوە ، ئەگەرچى پێ دەچێ هەندێکیان سەبارەت بە قەیرانى دارایی، یا لێگرتنەوەى سپۆنسەرەکانیان ڕاگیراون .

- ئەمڕۆ (باس لە ئەمڕۆ دەکەم) زۆربەى کەناڵەکانى میدیاى کوردى لایەنى کلتووریان پەڕاوێزخستووە ئەوەى هەشبووە پێشتر زیاتر بۆ (اسقاگ فرچ)بووە، تەنانەت لە هەموو ئەو کەناڵانە، بیر لە کەناڵێکى تایبەت بە کولتوور نەکراوەتەوە ، هەمووى سیاسەت، سیاسەت بە خاوى ، بە کوڵاوى ، بە برژاوى، واى لێ هاتووە تێکڕاى میللەت بووە بە (سیاسی) و (چاودێرى سیاسی) و (شارەزاى سیاسی) !! ئەوەى هەبووە لە میدیاى کوردیدا کە بچێتەوە ناو میدیاى کولتووری لە چەند لاپەڕەیەکى هەژارى ڕۆژنامە و ماوەیەکى کورت لە هەندێ لە کەناڵەکانى تەلەفزیۆن ، ڕەنگە لەم بارەیەوە ڕادیۆ و ماڵپەڕەکانى ئەنتەرنێت باشتر بووبن.

- کار بەوە گەیشتووە ، زۆرجار کەناڵەکان بۆ پڕکردنەوەى وەخت بەرنامە هەبووە و ئامادە و پێشکەش کراوە وەکو یەک، بەمەش پەڕاوێز جێى جیددیەت دەگرێتەوە و کێبەرکێى نێوان کەناڵەکانیش نامێنێ کە داینەمۆى پێشکەوتنى کەناڵەکە خۆشیەتى.

- تا ئێستا میدیاى کوردى لەڕووى هەلى کارەوە ڕۆژنامەنووس و خەباتکارى حزبی لێک جیانەکردووەتەوە ، کە هەر ئەمەیشە ژمارەى ڕۆژنامەنووسانى گەیاندووەتە ئەو ڕادەیەى ڕۆژنامەنووسى پڕۆفیشینال و کارا لە ناو ئاپۆراى ئەو لەشکرەدا ون بێت.

- لەمیدیاى کوردیدا، نە مافى تاک پارێزراوە وەکو تاک نە مافى خودى ئەو ڕۆژنامەنووسانەى کارى تێدا دەکەن. ئەو قانوونەى کە بەناوى قانوونى ڕۆژنامەنووسیش دەرچووە، جگە لەوەى پڕە لە کەلێن و کەم و کوڕى لە هەمان کاتدا لە بنەڕەتدا تەنیا بۆ (میدیاى نووسراو) دانراوە ، کە ئەمە یەکێکە لە کەلێنە هەرە دیارەکانى.

- ڕەخنە لەمیدیاى کوردیدا، ئەوەى تا ئێستا بینراوە و خوێندراوەتەوە، زۆربەى لەپەرچەکردار و خوولانەوە لەبازنەى بەتاڵى گرینگى دان بە ڕوخسار، دوورلە فیکر و هەل و مەرجى بابەتى و ڕەچاوکردنى قۆناخى کۆمەڵگەوە تاک و تەرا نەبێ ڕەتى نەکردەوە. بەمەش زۆرجار ئەو بابەتە ڕەخنەییانەى بڵاودەکرێنەوە و ئەو زاراوە و ئیدیومانەى تیێدا بەکار دەبرێن سەیر دەکەین لە زاراوە و ئیدیۆمى هەواڵگرییەوە نزیکترن تا زاراوەى فیکرى و ئەوەى دەچێتەوە ئەو قاڵبە.

- (جاڕدان ) یان (ڕیکلام ) لە میدیاى کوردیدا بەبێ هیچ بنەمایەک یاخود حساب بۆ کردنێک کە هەندێکیان چ کاریگەریی پاشڤەبڕ دروست دەکا بڵاودەکرێتەوە، تەنانەت تێناپەڕێنین ئەگەر بڵێین زۆرى نەماوە میدیاى کوردى و ڕیکلام ببن بەدوو ڕووى یەک دراو.

ڕاستە ڕیکلام بۆ هەر کەناڵێکى میدیا پێویستە تا بتوانێ گەشە بە خۆى و بە بەردەوامى پرۆژەکانى ئایندەى  بدا ، بەڵام زۆربەى  بۆ ڕازى کردنى باروبووکارە کە لێرەدا وەک وەبەرهێن دەردەکەوێ.

کەناڵى میدیایی لە پاڵ قازانجیش دەخوازێ وەک دامەزراوەیەکى کاریگەر لەسەر ڕاى گشتى بجوولێتەوە و ئیتیکى ڕۆژنامەوانى بەو ڕادەیە ون نەکا بەوەى کێ زیاتر بدا ئەو لە پێشتر بێ.

هەندێ لەو ڕیکلامانەى بڵاودەکرێنەوە نەک هەر کاریگەرى نێگەتیڤى هەیە بەڵکو دەبێتە هۆى ئەوەى هەندێ لەو کۆمپانیا و کاڵایانەى ڕیکلامیان بۆ دەکرێ، لەڕووى سوود و کوالیتیەوە زۆرجار دوور دەبن لەناوەرۆکى ڕیکلامەکە، بەمەش بێجگە لە زیان گەیاندن بە بینەر جۆرێک لە چەواشەکارى (حەق دراوى)ى خودى کەناڵەکەیشى تێدایە.

لە هەمووى مەترسیدارتر، ڕیکلامى ناڕاستەوخۆیە، ڕیکلامى ناڕاستەوخۆ هەموو ئەو گرینگى و بایەخەدانانە دەگرێتەوە بە کۆمپانیایەکى دیاریکراو ، یا کەسێک لە شێوەى بایەخدان و ڕیپۆرتاژى تایبەتیەوە کە شێوەى هەواڵ و ڕیپۆرتاژى ئاسایی دەدرێتێ (ئەمە لە میدیا پێشکەوتووەکانیشدا بە ڕێژەیەک بە پێى ئاستى کۆمەڵگەوە هەیە).

لە میدیاى کوردیدا ئەم جۆرە ڕیکلامە ناڕاستەوخۆیانە ، زیاتر لە ڕێگاى هەندێ لە پەیامنێر و ڕپۆرتەرەوە دەبێ. هەندێ جاریش بە ڕێنمای باروبووکار یا با لێرەدا بڵێین وەبەرهێنەوە دەبێ کە بڕیار بە دەستى سەرەکى کەناڵەکەیە. ئەم دیاردەیە بەم دواییە زیاتر لەوەى پێى دەگوترێ میدیاى سێبەر دەرکەوت و برەوەى سەند.

- میدیاى کوردى (ناڵێم هەمووى) ئەوەندەى بایەخ وگرینگى لە سیاسەت و تونێڵە مارپێچەکانى سیاسەتدا چڕ کردووەتەوە لە بەرابەردا گەلێک لایەنى پێویست و گرینگى پەڕاوێز خستووە، وەک ئەو مەسەلانەى پەیوەندیان بە پەرەسەندنى کۆمەڵ و ماددە هۆشبەرەکان کە کاریگەریی زۆرى بەتایبەتى بەسەر گەنجانەوە هەیە، هەروەها مەسەلەى کۆچى گەنج و شارەزا و بەهرەداران بۆ هەندەران کە سامانێکى گرینگى وڵاتن و بێکارى و بێکارى داپۆشراو وپرسى ئینتیما و پرسگەلێکى دى بایەخدارى وەکو گەندەڵى و چینى ناوەڕاست کە داینەمۆى پێشکەوتنى کۆمەڵگەیە و خەریکە لاى ئێمە ڕەش دەبێتەوە ، هەروەها پەروەردە و تەندروستى و ئەمنیەتى بژێوى و ژینگە و کارکردن و برەودان بە کولتوورى خوێندنەوە و...تاد

- میدیاى کوردیش بەتایبەتى لەم بەشەى کوردستان کە جێى باسە، لە باتى پرسە جیددیەکان، لە بڵاوکردنەوەى هەواڵى وروژێنەرى بێ ئامانج و لاسایی کردنەوەى هەندێ میدیاى سەقەت یان ڕووى سەقەتى هەندێ میدیا نەک هەر دوانەکەوتووە، بەڵکو بایەخى تایبەتیشى پێ داوە، وەک ژیانى تایبەتى، (زۆر تایبەتى) هەندێ لە هونەرکار و سەماکار و ئەو یاریزان، ئەمیان چەند جوانە و ئەویان چۆن خۆى ڕووت دەکاتەوە و ئەویدیان چۆن لەپاڵ دەریادا ئاوێزانى دەنکەکەى دەبێ ، هەموویشى لەسەر حسابی هونەرمەندانى بەڕاستى و جیددى لە مۆسیقازان و شێوەکار و تەلارساز و نووسەر و بیرمەندى ڕاستەینە و گرینگى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.

- زۆربەى ئەو زنجیرە دراما و فلیمانەى یا بەدۆبلاژ و بەژێرنووسى کوردى لە  کەناڵە ئاسمانى و ناوخۆییەکان پێشان دەدرێ یا جیددى نین، یان تەنانەت هەندێکیان تاڕادەیەک ڕووکەشن کە شتێک بە بینەرى کوردى نادەن و هەستێکى هونەرى باڵاى لا ناوروژێنن کار بکاتە تێگەیشتن و دونیابینى و ڕوانینى لە بەرامبەر دەوروبەر.

دراما خۆماڵیەکانیش لە ڕووى هونەریەوە خراپتر نەبن باشترنین بەتایبەتى ئەوانەى لە کەناڵە ناوخۆییەکان پیشان دەدرێن.

- زۆرجار کەناڵەکان ، بە لێ حاڵى نەبوون بێ یا بە مەبەست بە بڵاوکردنەوەى هەندێ هەواڵ یا بابەت یان دراما، بەبێ خوێندنەوەى ئایندە تەنانەت ئێستاى ئەتەمى کۆمەڵ و چین و توێژەکان  بوونەتە ئەگەر بۆ هاندانى ئەوەى بە (توندوتیژى)یەوە ناسێنراوە، کار بەوە گەیشتووە، هەندێ جار، هەندێ کەناڵ جێى دەسەڵاتى دادوەریش دەگرنەوە و بەپێش بڕیارى دادگاکان دەکەون لە بڵاوکردنەوەى هەواڵى پەیوەندیدار بە هەندێ تاوان، کەجارى وا بووە کارى لە خودى ڕێڕەوى لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونى دادگا کردووە.

- واى دەبینم میدیا ئەرکى ڕۆشنکردنەوەى لە ئەستۆدا بێ، نەک پەرەپێدانى ڕووکەشایەتى و داتاشینى هەواڵ بە مەبەستى تایبەت، تەنانەت پەیامنێر و پێشکەشکارى بەرنامە لە ئاستێکدا بن بتوانن وەڵامى ئەو پرسیارانە بدەنەوە لاى خوێنەر و گوێگر و بینەر دروست دەبن.

لێرەوە ئەگەر پەیامنێر و پێشکەشکار مافى ئەوەى هەبێ هەر پرسیارێکى بیەوێ لەبەرامبەرەکەى بکا، نابێ بگاتە ئەو ڕادەیەى وەکو لێکۆڵەرى دادگا کە لەبەرابەر تاوانبارێک دانیشتووە هەڵسوکەوت بکا. پێم خۆشە خوێنەر خۆى سەرپشک بێ لەوەى میدیاى کوردى بەو ئاراستەیە چۆن بووە؟

- لە لایەنى هونەریدا باوەکو میدیاى کوردى هەندێ هەنگاوى نکۆڵیلێنەکراوى بە هۆى پێشکەوتنى تەکنەلۆژیاى ئەم بوارە هاوێشتبێ، بەڵام دیسان نەیتوانیوە سیمایەکى ئەوتۆى پێ بدا تایبەتایەتى ئەو میدیایەى دەرخستبێ، دوور لە لاسایکردنەوەى میدیاى ناوچەکە، کە ئەوانیش کەم تا زۆر دوورنین لەلاسایی کردنەوەى میدیا پێشکەوتووەکانى جیهان.

ڕاستە هەندێ لەکەناڵەکانى تەلەفزیۆنى توانیویانە ڕاستەوخۆ سوود لەمیدیاى وڵاتە پێشکەوتووەکان وەربگرن ، بەڵام لەمیدیاى خوێنراودا هەوڵێکى لەو ڕەنگە نەدراوە ئەو تایبەتایەتیەى پێشان دابێ، لەدیزاینەوە بگرە تا دابەشکردنى وێنە و بابەت و تایپۆگرافیا بەسەر ڕووپەڕى ڕۆژنامە و گۆڤارەکان ، هەروەها لاپەڕەبەندى و ستایل وخێرایی لە بڵاوکردنەوەدا.

سیاسەتى دەرهێنانى هونەریش لەمیدیاى خوێنراودا بەجۆرێک نەبووە لەگەڵ سیاسەتى بڵاوکراوەکەدا هاتبێتەوە، لەپاش وپێش خستنى هەواڵ یا بابەت، یا بەکارهێنانى تایتڵى سەرەکى و لاوەکیدا، تەنانەت لەڕووى بەکارهێنانى ڕەنگیشەوە وەک دەلێن هەمیشە (شەش تەقەڵ و مانگەشەو) بووە.

کار بەوە گەیشتووە هەندێ جار لەیەک بابەت یا هەواڵێکدا دوو تا سێ ڕەنگ بەکارهاتووە ، سەرەڕاى ئەوەى هەواڵەکە وێنەى ڕەنگاو ڕەنگیشى لەگەڵدا بووە ، کە ئەمە نەک هەر ڕوخسارى دیزاینى لاپەڕە دەشێوێنێ خودى بابەتەکەش دەکوژێ ، بەتایبەتى کە سیستەمى ستوون لەڕۆژنامەدا بەکاردەبرێ.

بەشێوەیەکى گشتیش بڵاوکراوە کوردییەکان هەر لەدێرەوە کاریگەرى ئەو کولتوورە هونەریەى بەسەرەوە بووە کە پارچەکانى کوردستانى پێوە گرێدراوە لێرە لە کوردستانى بە عیراقەوە بەستراو بە کولتوورى هونەرى عەرەبى ، لە ئێران و تورکیایش ئەوەندەى هەبووبێ بەو جۆرە بووە.

ڕاستە لە دوادواى نەوەتەکانى سەدەى ڕابردووە بەتایبەتى دواى ئەوەى خوێندنى ئەکادیمى ڕاگەیاندن لەزانکۆکانى کوردستان بەکارکەوت بزاڤێکى هونەرى دیزاین و دەرهێنانى هونەرى لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا هەستى پێ دەکرێ بەڵام دیسان ئەویش خاڵى نییە لەچەشنێک لاسایی کردنەوە ، ئەمجارە هەندێ لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بە هەندێ دەسکارییەوە لەپاڵ عەرەبیەکان لاسایی ڕۆژنامە و بڵاوکراوە فارسییەکانیان کردەوە ، ئەمەش لە خوێنەرى بەدواداچوودا شاراوە نییە.

ڕادیۆکانیش، دەکرێ لەدوو شێوەدا بیانبینین، بەشێکیان هەر لەسەر هەمان ڕیچکە کۆنەکەدا مانەوە تەنیا ئەوەیە خۆیان خستەسەر شەپۆلى  FM ، دواى ئەوەى شەپۆلى ناوەندى MW و کورت SW ئەو بازاڕەیان نەما لە ڕووى گەیاندن و کوالیتى دەنگەوە.

بەشى دیکەیان ، نەخێر بەڕێکخستن و بەرنامەڕێژى و هەڵبژاردنى بابەت و مۆسیقا و گونجانیان لەگەڵ کاتى پەخشدا ، هەروەها بایەخ دان بە دەنگى ڕادیۆیی هەردوو ڕەگەز و خێرایی گەیاندن (بەتایبەتى لەهەواڵ دا) و بڵاوەپێکردنى پەیامنێران و بەرنامەى ڕاستەوخۆ ، کە هەندێکیان ئێستاش بەردەوامن و توانیویانە ڕەنگ و ڕوویەک بە میدیاى بیستراو بدەن.

ئیستگەکانى تەلەفزیۆنیش لەزۆر لایەنەوە لەحاڵى میدیاى خوێنراو وبیستراو جیاناکرێنەوە ، بەتایبەتى ئەو کەناڵانەى سەر بەلایەنە سیاسیەکانن ، ئەوانى دى ڕەنگە وەک وتمان لەڕووى هونەرى گەیاندن و خێرایی و ستافى بەڕێوەبردنەوە توانیویانە هەریەکە و بەپێى سیاسەتى خۆى ، یان ڕاستتر سیاسەتى باروبووکارەوە ، لە ژێر هەر مانشێت و بانگڕاهێشتنێک بێ بینەر بۆ خۆیان پەیدا بکەن ، بەڵام ئەو کەناڵانەیش سەبارەت بەوەى لەبنەڕەتدا بە شارەزا و پسپۆڕى دەرەوە دامەزرێنراون و ڕاهێنراون ، تەماشا دەکەى هەمان ئاراستەى ئەوانیان وەرگرتووە.

کەناڵە ناوخۆییەکانیش کە واى دەبینم زۆربەیان زیاتر بە مەبەستى وەبەرهێنانەوە دامەزرێنراون ، هەمان ڕێگەیان گرتووە و(بەهەر مەبەستێکە) بینەرى زیاتر بە واتا ڕیکلامى زیاتر.

میدیاى کوردى

لەبازنەى گەمەکانى سیاسەتدا

نیشانە بەو دەرهاوێشتانەوە ، میدیاى ئێستاى کوردى لە هەموو مێژووى خۆیدا ، ئەوەندەى ئەمڕۆ ، لەناو بازنەى گەمەکانى سیاسەتدا گیرى نەخواردووە. ئەوەش وا لێک دەدرێتەوە لە ڕەهەندى ئابوورییەوە سەرچاوەى گرتبێ، بەوەى زیاتر وەک سەرچاوەى بژێوى سەیر کراوە بەپێچەوانەى حەفتا و هەشتاکان کە لەگەڵ بارى ناهەموارى ئەوان ڕۆژانیش عەشق و خولیایەکى دڵسۆزانەى تێدا دەبینرا، بەتایبەتى لەوەى پەیوەندى بەزمان و کولتوورەوە هەبوو.

دیارە خولانەوەى میدیایش لەبازنەى ئەو گەمە و یاریانەى سیاسەتى ڕووت بەرپایان دەکا ، هەمیشە بەو لایەیدا دەشکێنێتەوە کە لەبابەتایەتى و بەرپرسیاریەتى لە بەرابەر ئەوەى پێى دەگوترێ ڕاى گشتى  شەرمنانە و جێوەڕێ لە دروستکردنى متمانەى بەرامبەر دەربکەوێ ، کە ئەمەشیان لەکۆمەڵگەیەکى دواکەوتووى وەکو کۆمەڵى ئێمە کە تا ئێستاش شوناسێکى مەحکەمى لەڕووى چینایەتى و قۆناخەکانى پەرەسەندنى مێژووییەوە بەبەرناگیرێ ، ئەوەندەى کاریگەریی نێگەتیڤ بەدواى خۆیدا دەهێنێ ، چاریەکى ئەوەندە نابێتە هۆ و ئەگەرێک بۆ گەیاندنى پەیامێکى ئینسانى دوور لەوەى واى لێ بێ  بە چەواشەکارى لێک بدرێتەوە ، هەرگیزیش نایەتە ڕیزى ئەو ئامرازە مەعریفیانەى واقیع و دیاردە و ئیشکالیاتەکانى پێ شى بکرێتەوە ، تەنانەت هەندێ جار نەک هەر توندوتیژى ، بەڵکو هەندێ کەناڵى میدیایی لە هەندێ حاڵەتدا بە ئاراستەیەکدا دەچن دژمنایەتى لەنێوان ئەم لایەن و ئەو لایەنى لێ بکەوێتەوە بەڕادەیەک ئەوەى دوێنێ ڕەخنەمان لێ دەگرت ، ئەمڕۆ لە ڕێى چەند کەناڵێکى میدیایی ئاراستەکراوەوە خۆمان لە ژێر سایەى دەسەڵاتى نیشتیمانیدا ، ئینجا بە هەر ناوێک بێت جێبەجێى دەکەین.

هەندێ جار میدیاى ئاسایی تێکەڵ بەوەش دەکرێ کە بە (سۆشیال میدیا)ناسراوە و لە دونیایەک بەڕێوە دەچێ دوورە لەمیدیا و پرەنسیپە دیارەکانى.

بەم جۆرە ئەمڕۆ میدیاى کوردى ، لەگەڵ بوونى چەندان ڕۆژنامەنووسى پڕۆفیشناڵ، هەرچەندە ژمارەشیان کەم بێ لەبازنەى گەمەکانى سیاسەتدا، تا دێ لە پیشەییایەتى دوور دەکەوێتەوە و پەیامى جیددى خۆى وەک پێویستى سەردەم و بۆ ڕێڕوونی بەهۆى تەکنۆ ئابوورییەوە، بە قوربانى تەکنۆ ئابوورى کردووە و سەیر دەکەین بەرنامەڕێژى کەناڵەکان (خوێنراو وبیستراو وبینراو) لەسەر ئەو بنیاتەدا نەخشەى بۆ کێشراوە و دەکێشرێ ، بەمەش شتە جیددیە پێویستەکانى سەردەم و لەگەڵ هاتنەوەى لە ئاکامى ئەو بەرنامە ڕێژیەدا لەخۆیاندا دەچنە پەڕاوێز.

دیارە ئەگەر بەو ڕەنگەش بڕوا و بەردەوام ئەگەر بشێ بگوترێ مەنتیقى ( لێخوڕە دەشتە ) ى بەسەردا زاڵ بێ و میدیاى کوردى هەوڵێک بە ئاراستەى خۆ دەربازکردن لەو بازنە بەرتەسکە نەدا.    

ڕەنگە لە ئایندەیەکى زۆر دوور نا ڕەنگڕێژییەکى دى بە خۆیەوە ببینێ ، یا خودى باروبووکار مەرج نییە تا سەر ڕێ بدا چواریەکى ئەمڕۆ حەقیقەت و ڕاستیەکان بگەن ، کە ئەگەر تا ئەوسا ، بە هۆى زۆر ئەگەرەوە شتێک بمێنێ بەناوى حەقیقەت.

 

 Image result for media

 

 

گەڕان بۆ بابەت