ما 3279 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: شاهۆ حەسەنپوور

 ئەم پیرە پیاوە بە باڵەکانیەوە نەک تەنیا رۆژە سەختەکانی زستان ژیا، بەڵکوو بەرگەی یەکەمین رۆژە هەتاوییەکانیشی گرت. بۆ چەند رۆژێک بێ هەست و خوست لە سوچێکی حەسارەکەدا کە کەسی لیوەدیار نەبوو مایەوە.

 

پیاوێکی فرە بەساڵداچوو بە باڵە گەورەکانیەوە

گابریل گارسیا مارکێز
لە ئینگلیزییەوە: شاهۆ حەسەنپوور

لە رۆژی سێهەمی باران بارینەکەدا ئەوەندە قڕژاڵیان لە ماڵەکەیاندا کووشتبوو، کە 'پیلایۆ' ناچار بوو حەوشە لە ئاودا نقووم بووەکەیان ببڕێ و قڕژاڵەکان لە دەریا بخاتەوە. ئاخر ئەوان پێیان وابوو هۆی تای منداڵە تازە لەدایک بووەکە، کە هەموو شەو لەشی وەک پۆلوو گەرم بوو ئەو بۆگەنە بوو کە لە قڕژاڵەکان دەهات. لە پێنج‌شەممەوە دنیا لە ناخۆشیدا بەسەری دەبرد. ئاسمان و ئەرد خۆڵەمێشی داگەڕابوو و خیزی قەراغ دەریا کە جاران لە شەوانی مانگی مارسدا دەبریسکایەوە وەک قووڕ و قاوغی ڕزیوی نینۆکەشەیتانە دەینواند. تیشکی ڕۆژ لە نیوەرۆدا ئەوەندە کز بوو، کاتێ پیلایۆ دوای فڕیدانی قڕژاڵەکان گەڕایەوە ماڵێ بۆی زەحمەت بوو ئەو شتە ببینێ لە بەشی پشتەوەی حەسارەکە دەجووڵا و دەیناڵاند. بۆیە ناچار بوو زۆر لێێ نزیک بێتەوە و ئەوەی کەوتە بەر چاوی پیاوێکی فرە بەساڵدا چوو بوو کە بە روودا لە قوڕی حەوشەکە چەقیبوو، و سەرەڕای ئەوەی هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر کە دەیدا نەیدەتوانی بە هۆی باڵە گەورەکانیەوە هەڵستێتەوە.

پیلایۆ تۆقاو لەو مۆتەکەیە بە هەڵەداوان چووە لای ئێلیسێندای خێزانی، کە خەریکی لێدانی گیرە بوو لە جەستەی منداڵە نەخۆشەکە و بە پەلە بردیە سەر لاشەکەی پشتی حەوشەکە. هەردووکیان ڵاڵ و وڕماو لە لەشە کەوتووەکە ڕامابوون. جلوبەرگی پیاوەکە لە ئی ئەو کەسانە دەچوو کۆنەکۆکەرەوە بوون. سەرە تاسەکەی تەنیا چەند دانە مووی باریکی پێوە مابوون و چەند ددانیشی لە دەمیدا مابوون. ئەو دۆخە بەزەیی هێنەرەی باپیرەگەورە کە لە ئاودا خووسابوو لە شکۆ و هەیبەتی هێنابووە خوار کە لەوە دەچوو پێشتر هەی بووبێت. باڵە گەورە داڵاش ئاسا و پیس و نیوە ڕووتاوەکانی لە قووڕدا نقووم ببوون. پیلایۆ وئێلیسێندا قەیرێکی زۆر لە نزیکەوە لە پیرە پیاوەکە ڕامان و پاش ماوەیەک بەسەر سەرسووڕمانەکەیاندا زاڵ بوون و سەرەنجام مەزەندەی ئەوەیان کرد ئەم پیرە لە بەر چاویان ئاشنایە. هەر بۆیە وێران دەگەڵی بدووێن و ئەویش بە دەنگێکی فرۆشیارانە و بە زاراوەیکی کە لێ تێگەیشتنی ئەستەم بوو وەڵامی دانەوە. بەم جۆرە ئەو ژن و مێردە، بابەتی دوورباوەڕی باڵەکانیان پشت گوێ خست و زۆر ژیرانە بەم ئاکامە گەیشتن کابرا دەبێ بە تاقی تەنیا لە کەشتییەکی نەنارسراوەوە کە وێدەچێ گەردەلوول تێکیشکاندبێ تووڕ دراوەبووە ئێرە. سەرەرای ئەوەش ژنێکی هاوسێیان کە دنیا دیدە بوو بانگیان کرد کابرا ببینێ، و ئەویش پاش چاولێکردنێک تێیگەیاندن کە لە لێکدانەوەکەیان‌دا لە هەڵەدان.

"ئەوە فریشتەیە" ژنە پێی وتن. بە مەزەندەی من بۆ منداڵەکە هاتۆتە ئێرە، بەڵام باران ئەم پیاوە بەستەزمانە پیرەی خستۆتە خوارێ."

لە ماوەی تەنیا چەند ڕۆژێکدا خەڵک زانیان فریشتەیەک لە گۆشت و خوێن لە ماڵی پیلایۆ ئەسیر کراوە. بە دژیایەتی حوکمی ژنە ژیرەکەی هاوسێیان، کە پێێ وا بوو  لەو سەردەمانەدا فریشتەکان پەنابەرانی ڕزگار بووی پیلانە ئاسمانییەکانن، ئەوان ئەو دڵ و بوێرییەیان نەبوو بە گۆپاڵان گیانی لێ بستێنن. پیلایۆ گۆپاڵ بەدەست، لە پەنجەرەی چێشخانەکەوە هەموو دوا نیوەڕۆ چاوەدێری ئەم پیرەپیاوەی کردبوو و پێش ئەوەی بچێ بخەوێ، لە قووڕەکە دەریکێشابوو و خستبوویە ناو قەفەسە تەلبەندەکەی مریشکەکان و دەرگای لە سەر گاڵەدا بوو. لە نیوە شەودا کاتێ باران لێی کردبووەوە، پیلایۆ و ئێلیسێندا هەروا خەریکی کوشتنی قڕژاڵ بوون. قەیەرێک دواتر منداڵەکە وەخەبەر هات و تای نەمابوو و ئیشتیای خواردنیشی کرابووەوە. هەر بۆیە هەستی بەخشەندەیی ئەم ژن و پیاوە جوڵا و بڕیاریاندا فریشتەکە بە دوای چارەنووسی خۆیدا وێڵ بکەن. بەو شەوە لۆتکەیەکیان ئامادە کرد و ئاوی خواردنەوە و بژیوی سێ ڕۆژیان بۆ ئامادە کرد و بە تەما بوون بەری بەیانی بیبەنە سەر دەریای ئازاد و لەوێ ئازادی بکەن. لە گەڵ گزنگی بەیانی کە چوونە حەوشە دیتیان تێکڕای هاوسێکانیان لە دەوری قەفەزی مریشکەکانن و خەریکی گاڵتە کردنن بە فریشتەکە. بە بێ وەبەر چاوگرتنی بچووکترین ڕێز و حورمەت، شتیان بە لابەلای تەلەکانی قەفەسەکەدا بۆ ڕادەداشت بیخوا، وەک ئەوەی ئەو بوونەوەرێکی بانسرووشتی نەبێ و تەنیا ئاژەڵێکی سیرک بێ.

قەشە گۆنزاگا پێش سەعات حەوت کە گەیشتە لامان لە چەند هەواڵێکی سەیری ئاگاداری کردینەوە. ئەو کاتە حەشامتە تەماشا چییەکان کەمتر سووکە ڕەفتاریان دەنواند لە چاو ئەو حەشامەتەی بەو بەیانییە زووە کە هاتبوون گومانەکانیان لە سەر داهاتووی بەدیلگیراوەکە بڕەوێننەوە. سادەترین کەسی نێو خەڵکەکە لە سەر ئەو باوەڕە بوو بەدیلگیراوەکە بە بەڕیوەبەری دنیا ناودێر بکرێت. تاقمێکی دیکە کە سەختگرتر بوون پێیان وا بوو دەبێت پلەی بۆ ژێنڕاڵێکی پێنج ئەستێرە بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی براوەی هەموو شەڕەکان بێت. تاقمێک بیرمەند هیوا خواز بوون ئەم فریشتەیە ڕا بگیرێ بۆ چاندنی وەچەیک لە پیاوانی باڵداری ئاقڵ و کاری ئەم گەردوونەیان بخرێتە سەر شان. بەڵام قەشە گۆنزاگا پێش ئەوەی ببێتە قەشە داڕبڕێکی بە خۆوە و تەندرووست بووە. ئەو ئێستا لەو بەری تەلبەندەکە وەستاوە و چاو بە کتێبی ڕێنمایی ئاینییەکەی دەستی دا دەخشێنێ، داوا دەکات دەرگاکە بکەنەوە بۆ ئەوەی بە وردی لەم پیاوە بەستەزمانە بڕوانێ کە زۆرتر وەک مریشکێکی گەورەی پیری لاواز دەچوو لە نێو ئەم مریشکە جوانانەدا. پیاوە بە باڵی کراوەوە لە نێو قوونچک وتوێکڵی میوە و پاشماوەی خواردنی نانی بەیانی کە خەڵکەکە بۆیان هاویشتبوو لە سووچێک لە بەر خۆرەتاوەکەدا پاڵکەوتبوو و خەریکی وشک کردنەوەی باڵەکانی بوو. نامۆ بە ئیهانەکانی ئەم دنیایە، ئەو تەنیا چاوە باستانییەکانی هەڵدەبڕی و بە زاراوەکەی خۆی لە بەر خۆیەوە ورتە ورتی بوو، هەر لەم کاتەدا قەشە گۆنزاگا چووە نێو قەفەسەکە و بەیانی باشی بە زمانی لاتینی لێکرد. قەشەی ناوچەکە یەکەمین گومانی لە دەغەڵی لا درووست بوو کە زانی کابرا زمانی خودا نازانێ و  ناتوانێ ڕێز لە وەزیرەکانی بگرێ. بەڵام کاتێ لە نزیکەوە لێێ ڕووانی بینی زۆرتر لە مرۆڤ دەچوو: بۆ نێکی ناخۆشی ساردی لێدەهات، مشەخۆر بە سەر پشتی باڵەکانیدا بڵاو ببوونەوە و با سەر ئەرزییەکان شێوەی ئاسایی باڵەکانی شێواندبوو، و هەر پێوانەیەک کە هێمای شوناسی فریشتەیەک بوو تێدا بەدینەدەکرا. پاشان قەشەکە لە قەفەسەکە هاتە دەرێ و لە خوتبەیەکی خێرادا خەڵکەکەی لە مەترسی سادەدڵی خۆیان ئاگادارکردەوە. ئەو هەروەها وەبیر خەڵکەکەی هێنایەوە کە شەیتان لە کاتی جێژن و خۆشیدا فێڵ و فرتی لەم جۆرە بەکار دێنێ، بۆ ئەوەی هیچ جێگەی گومان لە سەر پلانەکانی لای خەڵک نەهێڵێتەوە. پاشان قەشە ئەوەشی خستە بەر باس ئەگەر باڵەکان ئەو تایبەت مەندیەیان نەبا بۆ جیا کردنەوەی باڵەکانی هەڵۆ لە ئی فڕۆکە، بەو حاڵەش ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی بزابین ئەوە فریشتەیە یان نا. هەرچۆنێکی بێ قەشە بەڵێنی دا نامەیەک بۆ سەرووی خۆی بنووسێ و ئەوانیش لە زووترین کات دا نامەیەک بگەیەننە ڕێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان بۆ ئەوەی ئاخرین فتوای لە دادگای باڵاوە لە سەر بدرێت.

 
لەسەرخۆییەی ئەم پیرە پیاوە دڵی بەردی دەجوڵاند. هەواڵی فریشتە بەدیلگیراوەکە برووسەکە ئاسا بڵاو بۆوە. لە ماوەی تەنیا چەند سەعاتێک حەوشی ماڵەکە جمەی بازاڕ ئاسای دەهات و ئەوان ناچار بوون هێزی تایبەت بە سەرنێزەوە بانگ بکەن بۆ بڵاوە پێکردنی قەڕەباڵغیەکە کە خەریک بوو ماڵەکە سەروبن بکەن. ئێلیسێندا کە تیغەرەی پشتی لە بەر ماڵینی زبڵی بازاڕەکە دوولا هاتبووەوە، بە مێشکیدا هات پەرژینێک بە دەوری حەسارەکەدا بکێشێ و هاتنە تەماشای فریشتەکە بکاتە بە نەفەری پێنج سنت.

خەڵکی تامەزرۆی دیتنی فریشتەکە  لەدوورەوە دەهاتن سەردان. کارنەڤاڵێکی سیرک کەسێکیان لە گەڵ بوو بە دوو باڵی بچووکەوە ئکرۆباتی دەکرد و خۆی لە ناو خەڵکەکە هەڵدەدا، بەڵام کەس سەرنجی پێنەدا چوونکە باڵەکانی وی لە ئی جۆری فریشتەکە نەبوون، بەڵکو زیاتر لە باڵی چەکچەکیلکە دەچوون. هەر چی نەخۆش و بەدبەختی ئەم سەر ئەرزە بوو بۆ شیفابەخشی هاتبوونە وێندەرێ: ژنێکی بەستەزمان کە لە منداڵییەوە لێدانی دڵی ژماردبوو و ئێستا حیسابی لە دەست دا نەمابوو؛ پیاوێکی پۆرتوگالی کە لە بەر دەنگە دەنگی ئەستێران خەوی لێنەدەکەوت، کەسێک کە بە خەوەوە لە نیوە شەواندا ڕێی دەکرد بۆ ئەوەی ئەو کارانەی بە ڕۆژ ئەنجامی نەدابوون بە شەو بیانکات؛ و زۆر کەسی دیکە کە دەرد و ناڕەحەتی جیدییان نەبوو. لە ناوەڕاستی ئەو کەشتیە تێکشکاوە و ژاوە ژاوەدا، کە ئەرزی وە لەرزە هێنابوو، پیلایۆ و ئیلیسێندا چێژیان لە مانددوییەکەیان وەردەگرت، ئەوان لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ژوورەکانیان لە پارە ئاخنیبوو و هێشتاش ئەوسەری ڕیزی زیارەتگەرەکان لە گەوەی دیار نەبوو.

فریشتەکە تەنیا کەسێک بوو کە بەشداری ئەم شانۆیەی خۆی نەبوو. ئەو تەنیا خەریکی خۆشکردنی جێگەکەی لە نێو کولانەکەدا بوو کە بە ئەمانەت پێی درابوو. ئەو نێوەندەش بە بۆنی چرا نەوتییەکان و مۆمەکانی رێورەسمە ئاینییەکان کە لە چوار دەوری قەفەسەکە دانرابوون ئاخنرابوو. یەکەم جار هەوڵیاندا نەفتالینی دەرخوارد بدەن ئەویش لە سەر ڕێنوێنی ژنە دنیادیدەکەی هاوسێیان کە گوتبووی نەفتالین خواردنی فریشتانە. بەڵام ئەو خواردنەکەی دەرهاوێشتەوە وەک چۆن خواردنی کلیساشی فڕێدایەوە کە نەخۆشەکان بۆیان هێنابوو، کەس لەوە نەگەیشت بۆ ئەو خواردنانەی بۆ نەدەخورا. تۆ بڵێی لە بەر ئەوەی ئەو فریشتە بوو یان ئەوە کە ئەو کابرایەکی بەساڵدا چوو بوو لەم تەمەنەدا هەر پەڵووی باینجانی خواردبوو. تەنیا دیاردەیەکی بان سرووشتیی کە هەیبوو هێمنییەکەی بوو. بەتایبەتی یەکەم ڕۆژەکان، کاتێ مریشکەکان دندووکیان پێدادەا و لە مشەخۆرەکان و ئەنگەلەکان دەگەڕان کە لە ژێر باڵەکانیدا کە زیادیان کردبوو و دەبریسکانەوە. یان شەل و نووقستانەکان پەڕیان لێ دردەکێشا و بە نووقستانییەکانیان دا دێنا ئەویش وەسەرەخۆی نەدێنا: تەنانەت ئەوانەی لە هەمووان بە بەزەییتر بوون بەردیان تێدەگرت بۆ ئەوەی لە جێی خۆی هەڵستێ هەتا بە راوەستانەوە بیبینن. تەنیا کاتێک کە توانیان بیجووڵێنن کە بە ئاسن لا تەنیشتیان داغ کرد، ئاخر ماوەی چەند کاتژمێرێک بوو هیچ هەست و خوستیان لێ نەبیستبوو و پێیان وا بوو مردووە. پیاوە بەساڵداچووەکە بەم داغ کردنە ڕاچەنی، و بە چاوی پڕ لە ئاوەوە بە زاراوە سیحراویەکەی دەستی بە بۆڵەبۆڵ کرد، و چەند جارێک باڵەکانی لێکدان و کردیە گێژەڵووکە و جیقنە و تەپووتۆزی کوولانەکەی وە حەوا خست. گێژەڵووکەیەک کە لە ئی سەر ئەرز نەدەچوو بڵند بوو. زۆر کەس پێیان وا بوو ئەو دژکردەوەیە لە بەر سوتاندنە نەبوو بەڵکوو لە تووڕەیان بوو و بۆیە لەومەودوا لە گەڵی لە سەرەخۆ بوون و تووڕەیان نەدەکرد. زۆربەی ئەو خەڵکە تێگەیشتن کە بێدەنگییەکەی لە ئی کەسانی قارەمان نەدەچوو کە سەبری زۆر بێ، بڵکوو تۆغیانی لە پڕ وەخرۆش هاتووی ئەوە بوو دەمێک بوو بە ئارامی پاڵی لێدابۆوە.  

قەشە گۆنزاگا سووکە رەفتاری خەڵکەکەی بە وتەیەکی ژنە خزمەتکارەکە ئەهوەن کردەوە لە کاتێکدا چاوەڕێی دواین حوکم بوو لە سەر سروشتی زیندانییەکە. بەڵام پەیامەکەی رۆم هیچ نیازێکی بە پەلەی تێدا بەدی نەدەکرا. ئەوان دەیانەویست بزانن زیندانییەکە نێوکی هەیە، و ئەوەی کە پێوەندییەک لە نێوان زمانی ئەو و زمانی ئارامیدا هەیە یان نا. ئەوان دەیانەویست بزانن ئەم فریشتەیە چەند جار دەتوانێ لە سەری سنجاغێک سەما بکات.١ یان بۆیان پرسیار بوو تۆ بڵێی ئەم پیرە پیاوەکە نۆروێژییەکی باڵدار نەبێ. لەوە دەچوو ئەو نامە بێ‌بایەخانە لە هێنان و بردن دا بن هەتا پێشهاتێکی ئیلاهی کۆتایی بە ڕنجی ئەم قەشانە بێنێ.

لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا وا بوو کاروانەکانی ئاهەنگ گێڕان دەهاتن و دەچوون، یەکێک لە کاروانەکان کە گەیشتە شار، ژنێکی دەگەڵ بوو کە لە بەر بێگوێیانی بە دایک و بابی ببووە هۆڵەپەزە. حەقی چاولێکردنی ئەم ژنە هەم هەرزانتر بوو لە ئی فریشتەکە و هەم خەڵکەکە بۆیان هەبوو هەر پرسیارێکی سەبارەت بەم دۆخە سەیرەی کە ئەم ژنە بە هۆڵەپەزبووە تێکەوتبوو لێی بکەن. هەروەها خەڵک بۆیان بوو لە تۆقی سەریەوە هەتا بەری پێی بپشکنن، ئەوەش بۆ ئەوەی هیچ کەس گومان لە حيقیقەتی ترسی ئەو ژنە نەکات. ژنە لە هۆڵەپەزەیەکی ترسناک دەچوو بە لەشێک لە شێوەی چوارچێوەیەک کە سەرەکەی ژنێکی غەمگین بوو. ئەوەی جەرگ بڕ بوو لەو نێوەدا شێوە سەیرەکەی نەبوو؛ بەڵکو سەداقەت و پاکی ئەو ڕەنجەی کە دەڕبری هەموو بەدبەختییەکانی بوو. لە سەردەمی منداڵیدا ئەو ژنە بە دزیەوە لە ماڵ چوبووە دەری هەتا سەما بکات، و کاتێ پاش سەماکردنەکەی ئەو شەوە کە بە بێ ئیزن رۆشتبوو بە ڕێگەی دارستاندا دەگڕێتەوە ماڵێ و هەورە بریسکەیەکی ترسناک ئاسمان دەکاتە دوو کەرتەوە و بەقەڵشی ئاسماندا برووسکەیەکی لە گوگرد کچە دەکاتە هۆڵەپەزە. خواردنی کچە تەنیا کفتە وەردە بووە، کە ویژدانە خێرخوازەکان بە دەمیدا دەکەن. شانۆی لەو بابەتە پڕ لە حەقیقەت لە سەر مرۆڤ و بەم ئەزموونە ترسناکانەوە، مەحکووم بە شکانە، شکانێک کە هیچ تەقەلایەکی ئەم فریشتە لەخۆباییە دەگمەنەی  کە لە نەمر دەچوو پێویست نەبوو. سەرەڕای ئەم چەند دانە موعجیزەیە کە درابوونە پاڵ فریشتەکە درەکەوتبوو تووشی گرفتی دەروونیشی کردووە؛ بۆ نموونە ئەو پیاوە کوێرەی کە چاوەکانی باش نەببووەوە بەڵام سێ ددانی زیادی هاتبوون، یان ئەو ئیفلیجەی کە نەیدەتوانی بڕوا بەڵام چی وای نەمابوو لۆتەری بۆ دەرچێت، و ئەو گولەی جێی برینەکانی گوڵی گوڵەبەڕۆژەی لێ سەوز ببوون. ئەو هەموو موعجیزەیەی لە جۆری داڵدەدانەوە بوون زۆرتر لە گاڵتە دەچوون، لە ناوبانگی فریشتەکەیان هێنابووە خوارێ. بە تایبەتی ئەو کاتەی بە تەواوی تێک شکا کە ژنەکە بووە هۆڵەپەزە. هەر بەم جۆرەش قەشە گۆنزاگا لە دەردی بێخەوی شیفای بەنەسیب ببوو و حەساری ماڵی پیلایاش وەک سێ رۆژی باران بارینەکە کەسی وای لێ نەبوو و قڕژاڵەکان بە  ژوورەکانی خەودا داهاتن و دەچوون.

خاوەن ماڵ دەربەستی هیچ نەبوون، بەو پارانەی پاشکەوتیان کردبوو کەوتبوو ماڵێکی دوو قاتیان درووست کرد کە باڵکۆن و حەساری هەبوو. دەوری حەسارەکە بە تۆڕی بڵند گیرابوو و چیدی قڕژاڵەکان نەیان دەتوانی لە کاتی زستاندا بێنە حەوشەوە. هەروەها پەنجەرەکان بە میلەی ئاسن گیرابوون و ئیدی فریشتەکان نەیان دەتوانی بێنە ژوورێ. پیلایۆ شوێنێکی فرۆشتنی کەروێشکی لە نزیک شار کردەوە و وازی لە کاری خۆی هێنا. ئیلیسێندا جووتێک کەوشی پاژنە بڵیند و چەند پارچە جلی ئاوریشمی ڕەنگاو ڕەنگی کرین، ئەو جلوبەرگانەی ئەو کاتە زۆربەی ژنانی ماقوڵ لە رۆژانی یەکشەممە لە بەریان دەکرد. کولانەی مریشکەکان تەنیا شتێک بوو کەس سەرنجی پێ نەدەدا. ئەگەر بهاتبا و بە دەرمانی کرۆلین شۆردرابان و نێوە نێوە داری عودیان تێدا داگیرساندبا هێشتا بۆوە نەدەبوو دیداری فریشتەکە بکەن، بەڵام باشتر بوو ئەگەر لە جیاتی ئەوە بۆگەنی پەینەکەیان ڕاماڵیبا کە وەک تارمایی لە کون و قوژبنی ماڵەکە دەهات و ماڵە نوێکەی کردبووە کەلاوە. یەکەم جار کە منداڵەکە وردە وردە پێی هەڵگرتن ئاگاداری ئەوە بوون توخنی قەفەسی مریشکەکان نەکەوێت. بەڵام وردە وردە ترسیان ڕەویەوە و بە بۆنەکە ڕاهاتن و پێش ئەوەی منداڵەکە ددانی دووهەمی بێت، چووە نێو قەفەسی مریشکەکان بۆ یاری کردن بۆ لای فریشتەکە، ئەو جێگایەی تەلەکان لێر و لەوێ پەڕشو بڵاو بوون. فریشتەکە رەفتاری ساردتر نەبوو بەرامبەر بە کورەکە لە چاو خەڵکی دیکە، لە گەڵ ئەوەشدا ناچار بوو هەر داهێنانێکی نوێ کە دەبووە هۆی ڕسوایی و گاڵتە پێکردنی وەک سەگێکی بە تەحەموول کە بەتاڵ لە وەهم و خەیاڵ قەبووڵ بکات. هەردووکیان هاوکات مێکوتەیان لێهاتبوون. ئەو دکتۆرەی چارەی کوڕەی دەکرد نەیدەتوانی گوێ لە لێدانی دڵی فریشتەکەش نەگرێت و کاتێ گوێی لە دەڵی دەگرت گوێی لە دەنگی فیکە فیکی دڵی و زۆر دەنگی دیکە دەبوو کە لە کلیەکانیەوە دەهاتن. پزیشکەکە بۆی ئەستەم بوو باوەڕ بکات ئەم فریشتەیە بژی. ئەوەی پزیشکەکەی لێی تێنەدەگەیشت ئەو ئەندامانەی لەشی فریشتەکە بوون کە پیاوی دیکە نەیانبوو.

چەند ساڵێک دەبوو منداڵەکە دەستی بە قوتابخانە کردبوو و هەتا ئەو کاتە باران و هەتاو شوێنی مریشکەکانی تێکڕماندبوو. فریشتەکە وەک ئاوارەیەکی دەمی گیانەڵا خۆی بە سەر ئەرزدا دەخشکاند. جاری وا بوو بە گەسک لە ژووری خەوەکە وەدەریان دەنا بەڵام قەیرێک دواتر لە چێشتخانەکەدا وەدیاردەکەوتەوە. لەوەدەچوو ئەم فریشتەیە هاوکات لە زۆر شوینان بێ و ئەوان شکی ئەوایان دەکرد لە هەموو شوێنێک گەرای دانابێ، ئەوەی کە خۆی لە هەموو ماڵەکەدا دوبارە بەرهەم دێنایەوە، و ئێلیسندا لە تووڕەییان پڕ بە ماڵەکە هاواری دەکرد و زاڵەی بوو لەو ژیانە جەهەندەمیەی ئەم فریشتەیەی درووستی کردبوو. فریشتەکە بە دەگمەن شتیی پێدەخورا و چاوە باستانییەکانی تەمی لە سەر نیشتبوون هەر بۆیە زۆر جار سەری لە سندووقی پۆستەکە ڕادەکێشا. تەنیا شتێکی پێوەی مابوو پەڕوباڵە هەڵپڕووکاوەکانی بوون. ئەو رۆژە پیلایۆ پەتوویەکی بە سەر هڵکێشا و بەزەیی پێداهاتەوە و هێشتی لە عەنبارەکە بخەوەێ. هەر ئەو کاتەش بوو بۆیان دەرکەوت کە شەوانە تای دێتێ و لە بەرخۆیەوە وڕێنە دەکات کە لە زمانی پیرێکی نۆروێژی دەچوو. ئەو جارەیان یەکێک لەو دەگمەن جارانە بوو کە ئاگادار کرابوونەوە، چونکە پێیان وا بوو ئەم جارەیان دەمرێت و تەنانەت ژنە دنیادیدەکەی هاوسێشیان ئەقڵی پێ نەدەشکا چ لە لاشەکەی بکەن.

ئەم پیرە پیاوە بە باڵەکانیەوە نەک تەنیا رۆژە سەختەکانی زستان ژیا، بەڵکوو بەرگەی یەکەمین رۆژە هەتاوییەکانیشی گرت. بۆ چەند رۆژێک بێ هەست و خوست لە سوچێکی حەسارەکەدا کە کەسی لیوەدیار نەبوو مایەوە. لە سەرەتای مانگی سەرماوەرزدا هێندیک پەڕی ڕەق کە لە داوەڵ دەچوون لە سەر باڵەکانی پەیدا بوون. ئەوەش نیشانەیەکی دیکەی بێبەختی و پیری بوو. بەڵام فریشتەکە دەبوو هۆی ئەم گۆڕانکاریانەی زانیبا و هەر بۆیەش زۆر ئاگاداری ئەوە بوو کەس بەو گۆرانکارییە نەزانێ، و هەوروەها کەس گوێی لە ئاوازی دەریاوانەکان نەبێ کە ئەم شەوانە لە ژێر ئاسمانی پر ئەستێردەدا لە بەرخۆیەوە دەیگووتنەوە. بەیانییەک کە ئێلیسێندا خەریکی ورد کردنی پیواز بوو بۆ خوانی نێوەڕۆ، با لە پەنجەرەی چێشتخانەوە کە وێدچوو لە دەریاوە هەڵی کردبێ هاتە ژوورێ. کاتێ ئێلیسێندا چووە بەر پەنجەرەکە چاوی بە فریشتەکە کەوت کە یەکەمین هەوڵەکانی فڕینی دەدا. باڵە فڕەکەی ئەوەندە ناحەز بوون جێ نینۆکەکانی شوێنی لە سەر دێراوی سەوزییەکان بەجێ هێشت و چی وای نەمابوو بە باڵ لێدانە قەبەکانی کەپرەکە بڕووخێنێ. بەڵام ئاخرەکەی توانی وە حەوا کەوێ. ئێلیسێندا هەناسەیەکی ئاسوودەی، هەم لە بەر فریشتەکە هەم لە بەر خۆی، هەڵکێشا کاتێ پیاوە پیرەکەی دی بە سەر دوایین ماڵەکاندا بڵند و نەوی و بە مەترسییەوە وەک هەڵۆیەکی پیر باڵی لێدەدان. ئێلیسێندا بەدەم چاک کردنی پیازەکانەوە چاوی لە پیرە پیاوەکە هەڵنەگرت و هەتا چاوی هەتەری کرد چاوی لێ هەڵنەبڕی. ئەو وەختەی پیاوە پیرەکە بە باڵەکانیەوە لە بەر چاوان ون بوو، ئەو دەمە بوو چی دیکە مایەی ئەزیەت لە ژیانی ئێلیسێندا نەما و بووە خاڵی خەیاڵێک لە ئاسۆی  دوورەدەستی دەریاوە.

 

١ـ ئاماژەیە بە باوەڕەکانی سەدەکانی ناوەڕاست چەند دانە فریشتە کە بوونێکی فیزیکیان نیە دەتوانێ لە سەری سنجاغێک سەما بکەن.

 

 

 Bilderesultat for have kunst

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت