ما 5944 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازادی و گومناوی
کاتێک دونیای نوێ هاتە ئاراوە و شار گرنگیی زیاتری لە گوند پەیدا کرد، بیرمەندەکان بە دوو شێواز لە سەری دووان. یەکەم دەستەیان بە شێوەی پۆزەتیڤ و ئەرێنی و، دووهەمینیان بە شێوەی نگەتیڤ و نەرێنی.
 
بیرمەندە رەشبینەکان باسی تەنیایی و بێ روحمی و تەریک مانەوەی دۆخی شار و مرۆڤی شارنشینیان کرد و، گەشبینەکانیش باس لە ئازادی و ئەو هەل و فورسەتە نوێیانەی شار دەیبەخشی. لەدرێژەی ئەم باسەدا، بیرمەندانی چەشنی دووهەم گومناویی مرۆڤیان لە ناو شاردا وەک دووانەی ئازادی ناودەبرد. واتە بە پێچەوانەی دۆخی گوند چونکە کەمتر کەس دەیناسی و گومناو بوو، ئەوا دەیتوانی پتر خۆی ئازاد هەست پێبکا و لە ئازادیی دۆخی شار کەڵک وەربگرێ.
 
دووانەی ئازادی و گومناوی، باسێکی گرینگە. گومناوی، مرۆڤ لە دەوروبەر و دیاردە نەریتییەکان دەپسێنێ و هەربۆیە جورئەتی زیاتری پێ دەبەخشێ.
 
بەڵام گومناوی دەتوانێ سەرچاوەی کەڵكی ناشیرین وەرگرتن لە ئازادیش بێت. هەر لێرەوە بوو کە باسی یاسا و قانوون بە گرینگییەکی پترەوە هاتە ئاراوە، وەها کە لە کۆمەڵگا مودێڕنەکاندا هەمووان لە بەرامبەر یاسادا بەرابەرن. یاسا ئیتر کاری بە پلە و پایەی کەسەکان نیە. هەموو کەس دەبێ وەک یەک لەئەگەری کاری نایاسایی کردندا سزابدرێن.
 
لەم جیهانەی ئیستادا کە ئێمەی تیا دەژین، باسی ئازادی و گومناوی دیسان باسێکی بەردەوامە و بگرە بەهۆی سەرهەڵدانی تکنۆلۆژیی نوێ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دیسان نۆژەن دەبێتەوە. لەبیرمان بێت ئەو مرۆڤانەی وا خۆیان لە تٶرە کۆمەڵایەتییەکان دەشارنەوە بۆ ئەوەی تەمرینی ئازادیی خۆیان بکەن بە قیمەتی کەسی بەرامبەر.
 
رەنگە هیچ شتێک بەقەدەر گومناوی، هەستی ئازادی بە مرۆڤ نەبەخشێ و لەهەمان کاتیکش دا هیچ شتێک بەقەدەر ئەمە مرۆڤ لەبەرامبەر نابەرپرسیارەتیدا دانەنێ. چونکە یەکێک لە دووانەکانی تری ئازادی 'بەرپرسیارەتییە' کە دەستبەجێ لەگەڵ ئازادی لەدایک دەبێ.
 
کەواتە بۆئەوەی گومناوی سنوورەکانی ئازادی پیس و لێڵ نەکا، ئەوا دەبێ هاوکات بیر لە بەرپرسیارەتیش بکرێتەوە.
 

سایتی قەڵەم

٢٠ یانواری ٢٠١٧

 

 Bilderesultat for freedom karikatur

گەڕان بۆ بابەت