ما 2598 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ترامپ دەستی بە گووشییەکەوە شل بووە، بەڵام واز ناهێنێ. ژنەکەی، دڵشکاو، پشتی تێکردووە و لەو سەری ناو جێگاکە خەوێکی قووڵ بردوویەتیەوە. پشیلەیەکش لە سەر پێستی ئاسکەکەی باکوور قەفی خواردووەو و چاوەکانی لەسەر یەک ناون. ئاسۆ لە دەرەوە خەریکە بەسەر باڵاخانە بەرزەکانی نیۆیۆڕکدا شەفەق دەدا. 

 

وەڕەزییەکانی ترامپ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ترامپ کاتێک بێتاقەت دەبێ، تەلەفۆنەکەی هەڵدەگرێ و زەنگ بۆ سۆزانییە رووسییەکان دەدا. جاری وایە تا نیوەشەو بە بێ پسانەوە لەگەڵیان دەدوێ، ئەو قەت ماندوو نابێت. ترامپ بۆخۆی پێناکەنێ، بەڵام دەنگی تریقە و پێکەنینی ژنەکان لەوبەر خەتەکەوە بە جوانی دەگاتە گوێ. قاقای پێکەنینیان رۆژەڕێیەک دەڕوا.

هەڵبەت ترامپ یەکجار زووزوو وەڕەز دەبێ. بۆخۆی دەڵێ خەڵکی پێیان وایە هی ئەوەیە من پارەم زۆرە و هەرچی خۆشیی دونیایە کردوومە، بۆیە ئەوەندە زوو بێتاقەت دەبم، بەڵام لە راستیدا وانیە. منیش ساڵانی ساڵ لەوە پێش کاتێک بەسەفەر چووبوومە یۆنان و سەردانی شوێنە مێژووییەکانم کرد، حەزم کرد بۆ ئەوەی زیاتر لە کلتوریان تێبگەم دەقێکی فەلسەفییان لێ بخوێنمەوە،... مەبەستم دەقە کۆنەکانیانە. لەو کاتەوە منیش جۆرێک لە بێتاقەتی و وەڕەزی رووی تێکردم. دیارە ترامپ قەت نە ناوی ئەو فیلسووفە دێنێ و نە ناوی نووسراوەکەیش. ئەو تەنیا کارتێکەرییەکەی لەبیرماوە کە لە یەک وشەدا کۆی کردووەتەوە "وەڕەزی".  بۆخۆی بە پێکەنینەوە دەڵێ خەڵکی کاسب وەهایە، تەنیا ئاکامیان لا گرینگە و بەس.

ژنەکەی کە لە تەنیشتیدا راکشاوە، خۆی لە گێلی دەدا و لەکاتێکدا بەردەوام لە ئاوێنە بچووکەکەی ناودەستی دا سەیری خۆی دەکا، دەڵێ سڵاوی منیش بە خوشکەزا و برازاکانت بگەیەنە، بڵێ حەزدەکەین بێن بۆ سەردانمان،... وەڕەزییان دەکەین!

ترامپ کە لەم کاتانەدا نەک ژنەکەی، بەڵکو وەڵامی باوکیشی ناداتەوە، لێفەکەی هەڵدەداتەوە، قنی روو لە ژنەکەی وەردەگێڕێ و جرتێک لێدەدا، ئەوسا لە گووشییەکەدا بە ئارامی دەڵێ "بڵێم چی پیاوی وەک منیش پیر دەبێ،... بڵێم چی!" دەنگی تریقە و پێکەنینی ناو گووشیەکە دەگاتە حەوت تەبەقی ئاسمان. ژنەکەی جەستەی وەک مار پێچ و لوول دەدا و خۆی لێ نزیک دەکاتەوە. روخساری ناخوێنڕێتەوە. گرینگ نیە بۆگەنێکی ناخۆش کەپۆی ئازار دەدا، ئەو لەمێژە عادەتی بەم بۆنانە گرتووە. جگە لەمە رێگا چارەی هەیە. دەست بە دوگمەیەکی رەشی گەشی پشت سەریدا دەنێ و سروە ـ بۆنێکی نەرم و خۆش بە ژوورەکەدا بڵاو دەبێتەوە. بۆنی فەڕەنسی. ئەگەرچی ناوەڕاستی زستانە، بەڵام بۆن و بەرامەی بەهارێکی زوودڕەس سەرتاسەری ژوورە ئاڵتوونیەکە دەگرێتە خۆ. ترامپ لووتی هەڵدەقرچێنێ.

لەو کاتەدا پشیلە رەشە چاوگەشەکەیان لە سەر پێستی ئاسکی باکوور دەبزوێ و، بەرەو قەرەوێڵەکەیان دێ. ژنەکەی ترامپ گوێی لێیە یەکێک لە سۆزانییە رووسییەکان لە پشت هێڵەکەوە بەنازەوە دەڵێ "بۆ دەبێ پیاوێکی ناسکی وەک تۆ نەبێ بە سەرۆکی وڵاتێکی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان؟... ها!... پێت وانیە لەهەموویان شیاوتری؟... بەتایبەت لەم قولەڕەشە کە فشەی بە هەموو دونیا دێ؟ توخوا تاوان نیە ئەو هەموو پیاوە جوان و خاسە لەو وڵاتە هەن کەچی کەسی وا بووە بە سەرۆکتان؟" ترامپ کە تا ئیستا بولبول زمانی دەکرد و بۆ ساتێکیش رانەدەوەستا، کتوپڕ بێدەنگییەکی سەیر رووی تێکرد. سەرەتا نیگاکانی ئەبڵەق هەڵگەڕان و لە سەر دیوارەکەی بەرامبەری چەقی بەست، ئەوسا بەرەبەرە چین و چروکی گۆشەی چاوەکانی زیاتر لەسەر یەک نیشتن،... بیلبیلەکانی بۆ ناو یەک کشانەوە و تیشکی نیگاکانی لە شوێنێک لە ناو ژوورەکە بوون بە بەستەڵەک و شکان و کەوتنە خوارەوە. پشیلەکە میاواندی.

گووشیەکە بەدەست ترامپەوە خزایە خوارەوە و لە سەر شانی راستی لەنگری خست. دەنگەکانی ئەو بەر، پاش ماوەیەک ونبوون. ژنەکەی، هەلەکەی قۆستەوە و بە نازەوە گوتی "راستی ئازیزەکەم ماوەیەکە دەمەوێ شتێکت لابدرکێنم،... حەزێکی خۆم کە پێم وایە زۆرت پێ خۆش دەبێت، هەر زۆر!" ترامپ هەر وا بێدەنگ و مات وەک بڵێی ئاگای لە دونیا نیە. درکاندنی ئەم حەزە بۆ ژنەکەی ئاسان نەبوو. "تۆ،... تۆ پیاوێکی یەکجار بەهێزی،... لەمە زیاتر یەکجار زیرەکیشی. ئەمە وەک،... وەک رۆژی رووناک لای هەمووان ئاشکرایە. نەک هەر ئەمەیش، تەنانەت رواڵەت و قیافەکەیشیت هەیە، بەم تەمەنەتەوە لە زۆربەیان یەکجار جوانتر و سەرنجڕاکێشتری! ئەم قسەیە لەخۆوە ناکەم. ئەم ماوەیە سەیری وێنەی هەموویانم کردووە، لە کۆنەوە بگرە هەتا ئیستا، یەکیان لووتی زلە، یەکیان ئەڵێی چەوەندەرە، یەکیان دەمی زلە، ئەوی تریان کەچەڵە و ئیتر ئەم رێگایە بگرە و بەری مەدە و هەتا دەگەیە ئەو سەری، ئیتر تێدەگەی مەبەستم چییە!... گیانەکەم! تکایە بە گێلم نەزانی! من پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە ببی بە سەرۆکی ئەم وڵاتە!... سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا!" لێرەدا پێڵووەکانی بڵیندکردەوە و لەژێر چاوەوە سەیری مێردەکەی کرد کە پاڵی بە سەرینەکانەوە دابووەوە.

ترامپ ئارام سەری وەرگێڕا. ژنەکەی زیاتر خۆی پێوە نووساند،... خۆپێوەنووساندنێکی پڕ لە حەزەر. بەدەنی بە ئاستم دەلەرزی. گووشییەکەی دانا، خۆی لە ئەڵقەی باوەشی ژنەکەی رزگارکرد و هەستایە سەرپێ. پشیلەکە، کە دەیویست خۆی لە قاچەکانی هەڵسوێ، بە کاوەخۆ کشایەوە. ترامپ چووە بەر ئاوێنەکە. ورد ورد لە خۆی رووانی. هەموو شوێنێکی روخساری خۆی بەسەرکردەوە. لە قژەکانی خۆی رووانی، تەنانەت دەستێکیشی پیاهێنان. بیریکردەوە کە بەڕاستی بۆ نا؟ مەگەر ئەو چ جیاوازییەکی لە گەڵ ئەوانی تر هەبوو؟ چی کەمتر بوو؟ ئەو کە بە نهێنی لای خۆی پێی وابوو بەکردەوە مارکسی ترین کەسی ناو ئامریکایە و سەلماندبووی کە ئابووری بنەڕەتیترین شتی ژیانە و تێیدا بەتەواوی سەرکەوتوو بووە، بۆچی نابێ لە سیاسەتیش دا سەرکەوتوو بێت کە لە راستیدا رەگ و بنەمای لە ئابووریدا هەبوو؟ بیری مارکسی کردەوە و سەرێکی راوەشاند "ئەو پیاوە بەس لەم رستەیدا راوەستایە و ئیتر هیچی تر نەوتایە، بە شەڕەفم ئیستا گۆڕەکەیم لە ئاڵتون دروست دەکردەوە،... لە ئاڵتونی یەک میلیۆن عەیار! بەڵام،... بەڵام بڵێم چی کە پیاوە گەورەکان هەموویان شێتن، لە شوێنێکدا تەواو تێکی دەدەن!"

لە ئاوێنەکە دوو هەنگاو پاشگەزبووەوە "شێت،... شێت!" گەڕایەوە و سەیری ژنەکەی کرد کە چاوی لە مێردەکەی هەڵنەدەگرت و بە دڵەڕاوکێوە لێی دەڕوانی. لە ژوورەکەدا کەوتە پیاسەکردن. ژنەکەی دەیزانی کە لەم کاتانەدا بە هیچ شێوازێک نابێ لەگەڵ مێردەکەی بدوێ. بۆیە بێدەنگ لە سەر جێگاکەی چاوەڕوان مایەوە.

ترامپ ئیستا بە جوانی بۆی دەردەکەوت کە بۆچی ئەوەندە حەزی لە سۆزانییەکانە. خەڵکی فێرن بە سووکی لێیان دەڕوانن و هیچ بایەخێکیان بۆ قاییل نین، بەڵام لە راستیدا ئەوان لە زۆر کەس، بگرە لە هەمووان زیرەکترن! ترامپ لەم بیرەی خۆی هێزی وەرگرت. ئا! ئەوان زۆر زیرەکن. ئەوانەی خەڵکی زۆر دەبینن هەمیشە وەهان، ئەویش ئەو بینینەی ئەوان کە یەکجار لەگەڵ بینینەکانی تر جیاوازە. ئەوان خەڵکی وەک خۆیان دەبینن بە بێ هیچ ماسک و رووبەندێک، رووت رووت لە هەموو شتێکیاندا. بەڵام بڵێم چی خەڵکی هەمیشە ناووناتۆرەیان لێدەنێن. لێرەدا ترامپ شانازی بە خۆیەوە کرد کە هیچ کاتێک ملکەجی ئەم نەریتەی ناو کۆمەڵگا نەببوو و هەمیشە لە گەڵ سۆزانییەکان لە هەر شوێنێک بایە راحەت و خۆیی بوو، بە بێ هیچ رووبەند و هەوڵێک بۆ خۆشاردنەوە. ئەویکە راحەت دەستی بۆ دەبرن، ماچی دەکردن و لەئامێزی دەگرتن. لای خۆی سوێندی خوارد و بەڵێنی بەخۆی دا کە چەندین ناوەندی تر لە هەموو شوێنێکی دونیا، بەتایبەت لە رووسیا و لە ئامریکا بۆ ئەو نازدارانە بکاتەوە.

بەلاچاو سەیرێکی ژنەکەی کردەوە کە هەروا چاوەڕوان بوو. رقی لە گەمژەیی هاوسەرەکەی دەبووەوە، بەڵام ترامپ گەمژەییشی خۆش دەویست. لای ئەو گەمژەکان بەتامتر و دەستەمۆتر بوو. بەتایبەت ئەو جۆرەیان کە حەزیان دەکرد لەم گەمژەبوونەدا زیاتر نوقم بن. بۆیە رووی تێکرد و بە لەحنێکی دەستکردەوە گوتی "سوپاس ئازیزەکەم،... سوپاس! بەڕاستی پێشنیارێکی بەجێ بوو، پڕ بە پێستی خۆی،... من نازانم بۆ تا ئیستا بیرم لێنەکردبووەوە و تەنانەت کەسی تریش عەقڵیان پێ نەشکا و پێیان نەگوتم،... نازانم نازانم!" لێرەدا لێی نزیک کەوتەوە، بە دوو پەنجە بە ئاستەم لووتی گرت و بە ئاستەمتریش رایوەشاند. ژنەکەی وەها گەشایەوە کە دەڵێی هەرچی خوێنی جەستەی بوو لە روخساریدا کۆببووەوە. پشیلەکە هەر ئەم دۆخەی بینی، لەسەر پێستەکە جوڵایەوە، خۆی هاویشتە سەر قەرەوێڵەکە و میاواندی. ترامپ دەستێکی بە سەری ئەویش دا هێنا و ئەوسا دووبارە دەستی کردەوە بە ئەم سەراوسەرکردنی ناو ژوورە گەورەکە. ژنەکەی ئەگەرچی یەکجار حەزی بە قسەکردن بوو، بەڵام دەیزانی کە لەم کاتانەدا بێدەنگی باشترین هەڵوێست بوو، بۆیە هەروا کش و مات لە ناو جێگاکەدا مایەوە.

سەعات لە دووی نیوەشەو لایدابوو. ترامپ هاتەوە لای تەلەفۆنەکە. دەستی دایەوە گووشییەکە، بەڵام داینایەوە. میشکی یەکجار قەرەباڵغ بوو. وەک بڵێی نەیدەتوانی هێرشی کتوپڕی ئەو هەموو بیر و هەستە بەرپەرچ بداتەوە. لە ژێر تەوژمی هوروژمیاندا مابووەوە. "سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا!" ئەم وشانە بەردەوام لە مێشکیدا دەنگیان دەدایەوە و گێژیان دەکرد. ئەو دەیزانی کە وەک سەرمایەدار، هەرچەند زۆر دەوڵەمەندیش بێت ناوی لە مێژوودا نامێنێتەوە، بەڵام وەک سەرۆک کۆمار، با!... دەمایەوە. سیاسەت وەهایە، بۆیە زۆر کەس خۆی لەسەر بە کوشتن دەدەن، تەنانەت بە گیرفانی بەتاڵیشەوە! چووەوە بەر ئاوێنەکە: "هەفتاد ساڵ!" تەمەن ئەوەندەی نەمابوو. گەمەیەکی تر پێویست بوو، گەمەیەک کە لەهیچی ئەوانی تری نەدەکرد. بەڵام هاوکات خۆشتر لە ئەوانی تر،... لەهەر هەموویان.

***

پۆتین کە بەجوانی ئاگای لەشەوبێدارییەکانی ترامپە، خەنی لەوەی جوانترین ژنەکانی دونیا لە رووسیا پەیدا دەبن، لە سەر کۆمپیوترەکەی هەموو ئەو وێنانەی ترامپ بەسەردەکاتەوە کە کاتی خۆی لە هوتێلە جۆربەجۆرەکانی مۆسکۆ و کەنارەکانی دەریای رەش لەگەڵ ژنە سۆزانییەکان لێی هەڵگیراوەتەوە. لە توانای حەزی ئەو پیاوە بەو تەمەنەوە سەری سوڕدەمێنێ. هەوەسی ناردنی یەکێک لە وێنەکان دەیگرێ و تەنانەت هاوپێچیشی دەکات و لەو کاتەدا دەیەوێ کلیکی بکا و بینێرێ، پەشیمان دەبێتەوە و دەست رادەگرێ. ئەگەرچی نییەتی پۆتین بەو شەوە درەنگانە زۆرتر لەڕووی گاڵتەیەکی سادەوەیە، بەڵام دەزانێ لە جیهانی کەسانی وەک ئەودا گاڵتە دەتوانێ چەندە ئاکامی نەخوازراو و خراپ و سەیروسەمەری بە شوێنەوە بێت، بە تایبەت لە ئیستادا، لەم شەوە پڕ بەرەکەتەی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا کە گەورەترین سەرمایەداری ئەو وڵاتە خولیایەکی گەورە سەری لێسەندووە و، ناهێڵی بخەوێ. پوتین دەستەکانی لە پشت سەری قوفڵ دەدا، پاڵ دەداتەوە، چاوەکانی دەقونجێنێ و خەیاڵ دەیباتەوە.

***

ترامپ دەستی بە گووشییەکەوە شل بووە، بەڵام واز ناهێنێ. ژنەکەی، دڵشکاو، پشتی تێکردووە و لەو سەری ناو جێگاکە خەوێکی قووڵ بردوویەتیەوە. پشیلەیەکش لە سەر پێستی ئاسکەکەی باکوور قەفی خواردووەو و چاوەکانی لەسەر یەک ناون. ئاسۆ لە دەرەوە خەریکە بەسەر باڵاخانە بەرزەکانی نیۆیۆڕکدا شەفەق دەدا. ترامپ هەتا ماندووتر دەبێ، وەڕەزییەکەی زیاتر هەڵدەکشێ. ئەم عادەتە قۆڕەی خۆی بەجوانی دەناسێ،... ئەوەتەی فامی کراوەتەوە. بەتایبەت ئەمشەو کە هۆکارێکی تری وەڕەزییەکان هاتووەتە سەریان!

جگە لە باوکی، باوەگەورەیشی وەک باوکی باسی دەکرد هەروا بووە. ترامپ ئەمە وەک خەسڵەتێکی گرینگ لێکدەداتەوە. پیاوی وەڕەز، یان دەوڵەمەند دەبێ، یان دەبێ بە فیلسووف. ترامپ لێرەدا جیایان دەکاتەوە و بە بۆچوونێکی ناوازە دەگا. لای ئەو وەڕەزە گەمژەکان دەبن بە فیلسووف و وەڕەزە زیرەکەکانیش دەوڵەمەند. بەڵام نا، وەڕەزە زیرەکەکان دەتوانن بە شتی تریش ببن،... بە سەرۆکی وڵاتان،... بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکان!

پوتین، ئەو رۆژە ئارامترین رۆژی ژیانی لەگەڵ ورچی سپی و کەتەی سیبریا بەڕێ دەکا. ئەو حەزێکی تایبەتی بە سیبریای بێ سنوور و تەمومژاوی هەیە.       

 Image result for donald tramp kunst

 

 

گەڕان بۆ بابەت