ما 3433 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دۆڕاوەکان حەزیان بە توندوتیژییە
بەگشتی دەتوانین هۆکارەکانی توندوتیژی بەسەر دوو گروپدا دابەش بکەین: هۆکاری زاتی و هۆکاری ژینگەیی. لەهۆکاری یەکەمدا دەگوترێ توندوتیژی لەگەڵ مرۆڤ لەدایک دەبێ و لە راستیدا میکانیزمێکی سروشتییە بۆ بەرگری لەخۆ و، لەهۆکاری دووهەمدا بڕوا لەسەر ئەوەیە توندوتیژی رەگی لە دەورووبەردا هەیە و مرۆ لە رەوتی ژیاندایە فێری دەبێ.
رەنگی زۆر گرینگ نەبێ باوەڕمان بە کام یەک لەم تیۆرانە هەیە، ئەوەندەی کە لەسەر ئەوە کۆکین کاتێک ژیان دژوار دەبێتەوە و پڕدەبێ لە کەمایەسی و نەهامەتی، ئەوا ئەگەری ئەزموونکردنی توندوتیژی بەڕادەیەکی زۆر روو لەزیادبوون دەکا.
 
یەکێک لەبەستێنە دیارەکانی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی توندوتیژی، شەڕە. لە شەڕدا ئەو لایەنە توندوتیژی توندوتیژی رەچاو دەکا کە بەهێزترە، بەڵام لەهەمان کاتدا زۆر باوەڕی بە سەرکەوتنی خۆی نیە! لەم حاڵەتدا توندوتیژی دەبێ بە سەرچاوەیەک بۆ بەخشینی متمانەی زیاتر بە خۆ. ئەوەی کە هێز سەرچاوەی سەرکیی سەرکەوتنە و منیش کە بەهێزترم  بێگومان براوەم، یان براوەترم!
 
هەڵبەت رەنگە کەس بە قەدەر خودی ئەم کەسە، یان ئەم لایەنە ئاگاداری لاوازیی خۆی نەبێ. بەو دەلیلە سادەیە کە تەنیا توند و تیژی ناتوانێ متمانەی سەرکەوتن ببەخشێ و لەراستیدا 'هەستی سەرکەوتن' رەگی لەدیاردەی تردا هەیە. بۆ وێنە پەیوەندی راستەوخۆی بە قبوڵکردن و متمانەوەرگرتن لە لایەن خەڵکەوە هەیە. دووریی بەردەوام لەخەڵک، ئەگەرچی لە ئامرازەکانی توندوتیژیش بەهرەمەند بین، بەخشێنەری هەستی دۆڕانە.
 
 
بۆیە ئەوانەی خاوەنی متمانەی خەڵکن، زۆر پێویستیان بە رەچاوکردنی توند و تیژی نیە. لەراستیدا توندوتیژی ئامرازێکە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەستی دووری لە خەڵک و لە جەماوەر. توندوتیژی، هەستی درۆینەی سەرکەوتنمان پێدەبەخشێ.
 
'سیگورد مول' رۆماننووسی نۆروێژی لە رۆمانی ”Møte Ved Milepelen” سەبارەت بە فاشیزم لە زمانی یەکێک لە پاڵەوانەکانییەوە دەڵێ کە "ئێمە ئیستا دەزانین براوەین و ئەوانەی ئازارمان دەدەن، دۆڕاون."
 
وە ئەوان فاشییەکان دۆڕاوە بوون. چەند زوویش دۆڕان!
 
سایتی قەڵەم
١١ فێبرواری ٢٠١٧
 Related image
 
 
 

گەڕان بۆ بابەت