ما 5577 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

یاسین برایم

 لە رۆمانەکانی بەختیاربە تایبەتی لە هەڵبژاردنی ناوی (گیاندار و باڵندەو مێروو) دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە رۆماننووس لە هەموو رۆمانووسەکانی تری کورد زۆرتر ئەم نازناوە سەیرو سەمەرانەی بەکار هێناوە کە لە نێو خێزان و کۆمەڵگای کورەواری بوونیان هەیەودەبیندرێن. 

 

رەنگدانەوەی ناوی گیانەوەران لە کارەکتەرەکانی رۆمانەکانی (بەختیار عەلی)دا

   یاسین برایم

دونیای رۆمان، دونیایەکی ئاڵۆزومەزن و پڕکێشەیە. قسەکردنیش لە سەر هەر توخمێکی نێو رۆمان کێشەیەکی ترە نەخاسمە لە نووسینێکی بچووکی چەند لاپەڕەییدا، خۆمان لە کەناری رۆمان بدەین بەتایبەتی بۆ رۆمانەکانی بەختیار عەلی. لە هەر بوارێک پەنجەی بخەینە سەر قسەو ڕاوبۆچوون و تێرامانی زۆر هەڵدەگرێت (هەویرەکە ئاوی زۆر دەوێت). لە ئەنجامی خوێندنەوەو تێڕامانان وقوڵبوونەوە و ئاشنابوونی هەمیشەیی لەگەڵ رۆمانەکانی.لە گۆشەنیگایەکەوە، کلیلێک دەدەمە دەستی ئێوەی خوێنەر، بۆ ئەوەی پێکەوە، قفلێک لە دەرگاکانی رۆمانەکانی بکەینەوە، ڕووناکیەک ببینین و هاوار و هەناسە و ئازارەکانی ناخیان ببیستین. سەفەرێکی بچووک بە نێو کوچەوکۆڵان و رێگاکان بکەین و ئەم کارەکتەرە جیاوازانە بناسین و بە نیگایەکی قووڵ ئاورێکی هوشیارانەیان لێبدەینەوە.

کارەکتەرەکانی رۆمانەکانی بەختیار( هەمەجۆرن، زۆرن، ئاڵۆزن، سادەن، تەم و مژاوین، هەژارن،  زۆرزانن، نەزانن، زانان، رۆشنبیرن، هونەرمەندن، لەشفرۆشن، عاشقن، مرۆڤکوژن، چەوساوەن، ئاوارەن، مرۆڤدۆستن، نیشتمانپەروەرن، وڵاتفرۆشن، گەندەڵن، بروادارن،.... هتد). هەڵگری دەیان نازناوو پیشەوناوی سەیرو ناوازەن. ئێمە لە نێو ئەم کارەکتەرانە روودەکەینە ئەوانەی ناو و نازناوی (باڵندەو ئاژەڵەکان (کێوی و ماڵیی ) و (زیانبەخش و سوودبەخش) و (خشۆک) و (مێروولەکان)یان هەڵگرتووە. لە نێو ئیدیۆمی کوردی، ئاژەڵی وەکو گوڕگ و ڕێوی و کەو وسەگ و بەرازو شێر و پشیلەو ...هتد) ناویان هاتووەو بە جۆرها شێوە مانایان لە خۆگرتووە، لە نێو پەندی پێشینانیش، بەدێدەکرێت. ئەو کارەکتەرانەی  ناوی ئەم جۆرە گیاندارانەیان خراوەتە پاڵ لە گەڵ ناوەکانیان تێکەڵ بووەو جاری واش هەیە خەڵک بە نهێنی یان بە ئاشکرا ئەم جۆرە ناوو نازناوو ناتۆرەیە بە مەبەستی سوکایەتیی و ئازایەتی و پیاوەتی و... داوەتە پاڵ کەسەکە. ئێستاش لە نێو گوندوهۆزو عەشیرەت ، ئەم جۆرە ناوانە زۆرن،تەنانەت شارەکانیش بێبەش نین ، شارێکی وەک ڕواندز بە نمونە دێنمەوە. چەندین کەس وخێزان و بگرە بنەماڵەش بە نازناوی (مریشک، کەڵەباب، کەر، ڕێوی، پڕینگ، مەڕ، مشک، کتک (پشیلە)... هتد) تەنانەت بۆ ڕەگەزی ژنیش هەندێ ناو دەبینین.زۆر جاریش ئەم ناو ناتۆرەیە وەک میراتێکی سووک و ناشیرین بۆ کوڕو نەوەکان بەجێ ماون، تا وشەی گیاندارەکەش نەلکێت بە ناوەکانیان، کەسەکە ناناسرێتەوە.جاران ئەم کەلتورە لە نێو عەرەب و ئەسحابەکانی پێغەمبەر (د.خ) زۆر باو بووە، بە شانازییەوە ناوی ئاژەڵانیان لە منداڵەکانیان ناوە، بۆ ئەوەی شکۆیی و گەورەیی و ئازایەتی بنوێنن لە بەرامبەر دوژمن ومەیدانی شەڕ (ترس و لەرز) دروست بکەن.هەروەها (ابو هریرە) واتە (کوڕی پشیلە) یان پێدەوت  کەسێکی خۆشەویست و شارەزاش بووە لە گێرانەوەی فەرموودەکانی پێغەمبەر، کەس نییە لە نێو موسڵمانان گوێی لەم ناوە نەبێت .لە کوردیش دەتوانین ئاماژە بە شاعیری گەورە (فەقێ تەیران) و مۆسیقاژەنی ناسراو (قاڵە مەڕە) بکەین دوو ئەستێرەی گەشی ئاسمانی ئەدەب و هونەری کوردین.لە نێوکارەکتەرەکانی بەختیاریش، ئەم دیاردە و داب و نەریتە زۆر بە جوانی ڕەنگیداوەتەوە. هەر ناوێک (رووداو و چیرۆک و بوختان و تاوان و کاروکردەوە ، سیفەتێکی نەخوازراو) لە بەکارهێنانی ئەم پەیڤانە هەیە. جیاوازی لە رۆمانێک و بگرە لە نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاش خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆیان پێدراوە.ئێمەش لە نۆبەرەی رۆماننووسەوە دەسپێدەکەین، لە رۆمانی ( مەرگی تاقانەی دووەم(1)) کە یەکەم رۆمانی بەختیارە ، هیچ کارەکتەرێک ئەم نازناوانەی نییەوجارەو بار باس لەتانژییەکانی سەعید سوڵتان بەگ دەکات. هەروەها لە (جەمشید خانی مامم (2)) کە بچووکترین رۆمانی ئەوە لەم جۆرە نازناوانە خاڵیە. لە (دواهەمین هەناری دونیا(3)) ناوی (شەریف پەپولە ،ل171 )  هاتووە ، هەروەها وشەی هەنگوین کەبەرهەمی هەنگە بۆ (ئیدریس هەنگوین، ل166) پاسەوانی زیندانی سەریاسی دووەم ئاماژەی پێدراوە. لە (ئێوارەی پەروانە(4)) ناوی دوو کارەکتەری پیاو (سیامەند باڵندە ،ل79 وتاهێری تووتی، ل110) نازناوی باڵندەیان بەسەر دابراوە. بێجگە لە ناوی (پەروانە) کە کارەکتەری کارای نێو ئەم رۆمانەیە.

 لە رۆمانی (کۆشکی باڵندە غەمگینەکان(5))، کە تاکە رۆمانی ئەوە ناونیشانی (باڵندە)ی پێوە لکاوە.کۆشکیش وەک شوێنێکی گەورەو جوان و بەهادار بۆ ئەم باڵندانە بەکارهاتووە. هەر لە نێو خودی رۆمانەکەش ناوی کۆشک چەند ناوێکی تری لێندراوە، وەکو (ماڵی باڵندەکان ، ل189 ، کوچەی باڵندەکان، ل189، کچی باڵندەکان ، ل196). بێجگە لەم کۆشکە ، ناوی (چایخانەی پەپولەی ئازاد، ل41) وەک شوێن هاتووە. کۆشکی باڵندە غەمگینەکان، کە شوێنی ئەو کچە عاشقەیە کە هیواوو ئارەزووی لە رادەبەدەری هەیە لە بەخێوکردنی جۆرها باڵندە. کە دیاری سێ عاشقەکانی خۆیەتی. (سەوسەن) ئەو کچە جوان و نەخوشەی، بەڵێنی ئاشکرا بە سێ گەنجی عاشق بە ناوەکانی (خالید ئاموون وکامەران سەلما و مەنسووری ئەسرین) دەدات.کە هەرسێکیان سەفەر بکەن و وڵاتان بگەرێن و باڵندەی جۆراوجۆر پەیدا بکەن ئەوانیش بەم سەفەرە رازی دەبن وسەفەرێک دەکەن کە سەفەری دونیابینین و تێگەیشتن و فێربوونی بەهاو گەورەی ژیانە. دواین چەند ساڵ لەم سەفەرەیان ، هەرسێکیان بە سەدان قەفەزی پڕباڵندەی سەیرو سەمەرە روو دەکەنەوە شار و کوشکی (سەوسەن خان). هەر لەم رۆمانە سێ کارەکتەر نازناوی باڵندەو مێروولەیان پێوە لکاوە کە ئەوانیش (عومەری مام پەپولە، ل35 ، یوسف کەویار، ل39 ، خالید مەهەچاوباز، ل297)، بەڵام هیچ کەسیان وەک پێویست رۆل و کاریگەریان بە سەر روداوەکانی نێو رۆمانەکەیان نییە.

لە (غەزەلنوس و باغەکانی خەیاڵ(6)) چەند کارەکتەری جیاواز، ناویان هاتووە ( نەورەس خوشکی ماجەلان ، ل17 ، خلە مێروو ، ل262 ، مراوی ئاوی (هەرمێن)، ل327، بولبول (بولبولە کوێر) منداڵی یانەی غەزەلنوس، ل 330، چەقەڵ ئیسماعیل، ل431). ئەگەر بروانینە ئەم رۆمانە، ناوی (28) بارۆنی سەیرو سەمەرە هاتووە، ناوی میوەو دانەویڵەو گوڵ و کەلوپەل وبگرە ناوی نابەرجەستەش وەک (غەم و خەیاڵ وئەخلاق ) لەنێوی دایە.(6) ناویش لەم بارۆنانە بەر( ئاژەڵ و مێروو و پەڵەوەرو باڵندە ) کەوتوون. ئەوانیش (بارۆنی تووتی و بارۆنی ئاسک و بارۆنی چینی ،ل354 ، بارۆنی مریشک، ل356 ، بارۆنی هێستر وبارۆنی پەپولە، ل567).

 لەنێو ئەم بارۆنانەش، هەندێکیان رۆلی لاوەکی و هەندێکی تر رۆلی کاریگەریان هەیە وەک ( دەوڵەمەند و مرۆڤکوژ و مێبازو عاشق و کاسب و فێڵبازو جاسووس...هتد.) دەردەکەون.سیفەتی هەندێک لەم بارۆنانە پێچەوانەی کارو کردەوەکانی خۆیانن.ئەگەر هەندێک نازناو وەک ئیدیۆم خرابێتە پاڵیان ، هێشتا رووی راستەقینەیان دەرناکەوێت و لە کارو هەڵسوکەوت و پیشەکانیان رووێکی دەمامکداریان هەیە وخەسڵەت و سیفەتی نامۆ و نەخوازراویان بەسەریان زاڵە.

لە (شاری مۆسیقارە سپییەکان(7)) کارەکتەری سەرەکی ئەو منداڵە بێکەس و مۆسیقا ژەنەیە کە بە (جەلادەتی کۆتر ) کوڕی (ئیسماعیلی کۆتر)ناودەبرێت دوای دوورکەوتنەوەی لە ماڵ و لە گەشتێکی دوورو درێژ دەکەوێتە شاری تەپوتۆز(شاری سۆزانییەکان)، هەروەها بێجگە لە کۆتر. بە ناوی (جەلاتەتی قەنەس، مراوی، سیمورخ، شاهێن، تیترواسک،ل490)بە سەری دابراوە.ناوی سەیر لەم رۆمانە بەرچاو دەکەوێت . بۆ کچێکی جوان لە ماڵی پرتەقاڵی سپی کە خەریکی کاری سۆزانییە (هودا تەواب) بە (هدهد) واتە پەپوسلیمان ناسراوەو لە جوانیی ئەم ناوەیان پێوتووە ،ل135.بەڵام (پەپولە جەماڵ ، ل421) ناوی خۆیەتی لە لایەن سامیری بابلی دەستدرێژی دەکرێتە سەری و لە نێوچاوانی دەنووسێت قەحپە! بەزۆرخواردن و چڵێسی مستەفا شەونم، ناوێکی سووکیان خستۆتە پاڵ وەک (مانگای چێشتخانەکان، ل451) زۆر جاریش باڵندەی جوان و ئازا بە سیفەتی کارەکتەرەکان دراوە وەک (مەریوانی کوکوختی، ل420) و (تەوار زنوێران)، بۆ دالیا، ل75). هاوڕێ (قودسی) بە هاوڕێی باڵندە سپییەکان ناسراوەتەوە. هەندێک جاریش گیانداری ناشیرین و پیس و زیانبەخشیش دەخرێت پاڵ دوژمن و مرۆڤکوژ و پیاوخراپەکان. وەک (خێوەکانی سەحرا، ل123) کە زیاتر بە سەربازو پیاوە دڕندەکانی بەعس دەوترێت. هەروەها بۆ جنێو دانیش، ئاراستەی مرۆڤ دەکرێت  بە تایبەتی لە کاتی ناکۆکی و شەردا وەک دالیا جنێو بە (جەلادەتی کۆتر) دەدات و پێدەڵێت (حەربای پیس و پۆخڵ، ل 140).

لە (کەشتی فریشتەکان (8))، کە گەورەترین رۆمانی بەختیار عەلییە. یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکیانی ئەم رۆمانە (وەفای رەفعەت بەگ) ە، کەسێکی خراپ و مرۆڤکوژ و فیڵزان و دەسهەڵات ڕۆیشتووە، ئەمەش وایکردووە هەم لای دۆستان و هەم لای ناحەزو دوژمنانی وێنەیەکی جیاوازی هەبێت و ناو ناتۆرەی ناشیرین و بەدی بۆ بتاشن و یاخود بەم نازناوانە بناسرێتەوە . وەک (ڕێویە نهێنیەکەی شۆرش، ل68 ، وگۆربەی گۆربەکان، ل899 ، ئەسپکوژ، ل 133 ، دکتۆر دۆگ ، ل351 ،  د. شێرخان، ل68 ، دیناسور (دیناسۆرەکەی نەتەوە ،ل893، (گۆلکە سوورەکەی مامە خەمە، هێسترە رەش، ل907 ) و رەشمارا، ل740). چەندین ناوی تر کە هەندێکیان سیفەتی فێڵزان و سپڵەو تۆڵەستێن و بێویژدان و گەورەو نەزۆک و بێبەرهەمیان داوەتە پاڵ. ئەم باڵندەو گیاندارانەی لە نێو ئەدەبی کوردی و پەندو ئیدیۆمیان لە سەر هەیە بە دەر لە (دیناسور) کە بوونی نییە، یاخود بەر لە هەزاران ساڵ بەری نهۆ لە نێو چوون و لە ژینگەی کوردەواری جێگای خۆی نەگرتووە.رۆماننووس زیرەکانە ئەم گیاندارانەی هەڵبژاردووە کە لە ژینگەی وڵاتی خۆی بوونیان هەیە، یان لە سەر زاری ئاخاوتنی خەڵکن. بۆ نمونە (نەهەنگ و زەرافەو بەتریق و کەرکەدەن و کەنغەر وپاندا و... هتد.) و یان باڵندەی تر کە لە ژینگەو سروشتی وڵاتی ئێمە نامۆن یاخو ناژن. هیچ کارەکتەرێک بگرە شوێنێکیش لە رۆمانەکانی بەرچاومان ناکەون. کە ناوو نازناوی ئەم گیاندارانەیان پێوە لیکابێت. لەوانەیە لە ئایندەدا، ئەم جۆرە نازناوانە لە نێو رۆمانەکانی ئەو  یان رۆمانی کەسێکی تر، دروست ببن.

هەرلە کەشتی فریشتەکان چەندین کارەکتەری وەک (رەشید وەیباب، ل35 ، هۆشەنگی بولبولیار،ل35 ، فریشتەی پشیلەکان، ل285 ، رەئوف تاوس ، ل350، عومەری مامە جوجەڵ ،601 ، هەڤاڵ مەلا بێچوو، ل913 ، هەڤاڵ مامۆستا بەراز، ل914) (9)هەندێک لەم گیاندارانە بۆ سووکی و کەمکردنەوە بەکارهاتووە ، لەبەهای پیشەیەکی پیرۆزی ئەم کەسایەتیانە کەم دەکاتەوە. وەک ( مامۆستا بەراز، مەلا بێچوو) یاخود لە شوێنێک باس لە مزگەوتی (مەلا لەقلەق، ل492) دەکات. ئەم پیشەیە ئەگەر خاوەن سیفەتی نامۆ و خراپ و نەخوازراویش بێت، خەڵک بە ئاشکرا ئەم نازناوەیان ناداتە پاڵ، واتە (مەلاو مامۆستا) لە نێو کۆمەڵگای کوردی پیشەیەکی پیرۆزوگەورەیە.بەومانایەش نا، کە ئەوانیش لەهەڵەو کەموکوڕی و ناو و ناتۆرە بەدووربن.بەڵام کەمتر لە مرۆڤەکانی تر، تووشی دەبن، لە نێو کارەکتەرەکانیش کەمتر لەم کەسانە بەدێ دەکەین.

هەر لەم رۆمانە ناوی چەند شوێنی تر هاتوون وەک (گوندی (ماران)، ل218، کانی تەیران، ل189 و گەڕەکی تەیربارن، ل424) (10).

لە ئەنجامی تێڕامان و لێکۆڵینەوەو تێگەیشتنمان وتیشک خستنە سەر و بەباسکردنی ئەو بابەتەی کە ناووناتۆرە و نازناو لە رۆمانەکانی بەختیاربە تایبەتی لە هەڵبژاردنی ناوی (گیاندار و باڵندەو مێروو) دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە رۆماننووس لە هەموو رۆمانووسەکانی تری کورد زۆرتر ئەم نازناوە سەیرو سەمەرانەی بەکار هێناوە کە لە نێو خێزان و کۆمەڵگای کورەواری بوونیان هەیەودەبیندرێن. هەندێک لە ناوەکان وەکو ئیدیۆم بەکارهاتوون، لە لایەکی تر هەموو ئەو نازناوانە مەرج نییە سیفەتی گیاندارەکە لە گەڵ سیفەتی کارەکتەرەکە یەکبگرێتەوە بگرە زۆرجاریش دژ یەکن و هیچ سیفەتێک نادۆزیتەوە بۆنی نازناوەکەی لێ بێت. وەک (وەفای رەفعەت بەگ) کە هەموو سیفەتی خراپی لە کارەکتەرەکەی دا دەبینین تەنها (وەفا) نەبێت. (بولبولە کوێر) منداڵێکی کوێرە، هیچ زیانی نییە، وەک پەپولە وایە. (هۆشەنگی بولبولیار) گەنجێکی مەترسیدارە. (جەلادەتی کۆتر) هیچ سیفەتی کۆتربوونی تیدانییە، لە شاری تەپوتۆز (شاری سۆزانییەکان) لە گەڵ سۆزانیەکان رادەبوێرێت و لەکاتی گەڕانەوەشی بۆ کوردستان، هەولی تۆڵەکردنەوە لە سامیری بابلی دەدات و دادگایدەکات و لە ناوی دەبات کەچی ئەو لەکاتێکی زۆر گرینگ لە مەرگی رزگارکرد. ئەگەرسەیری کارەکتەرەکانی (شەریف پەپولە) و (پەپولە جەمال) و (بارۆنی پەپولە) و (عومەری مام پەپولە) بکەین، هەر چواریان ناوێکی جوان و ناسکی وەک پەپولەیان هەڵگرتووە. ئاسمان و رێسمان لە گەڵ خودی ناوەکانیان جیاوازە. ناکرێت بە نازناو و ناو وناتۆرەی جوان یان ناشیرین، هەڵسەنگاندن بۆ خودی مرۆڤەکان بکەین هەموو کارەکتەرەکان دیوێکی یان زیاتریتان هەیەو هەندێکیان وەک کورد وتەنی (گوڕگن لە پێستی مەڕ)دا.

ئەگەر بەراوردێکی بچووک بکەین لە نێوان هەندێک پیشەو و نازناوو لە سەردەمی (کۆن و ئێستا) جیاوازیێکی گەورە بەدێ دەکەین لە چیرۆک و ڕۆمانە کۆنەکانی کوردی، ئەم جیاوازییە بەروونی دیارە ، پێشتر (کەودۆزو پنیدۆزو ناڵبەندو کورەچی و تەنەکەچی و کورتاندروو و دارکەر و ئاوکێش و بەردشکێن و چەخماخچی وتوتنفرۆش و ئاشەوان....هتد.) ئەم پیشەو کارانە زۆربوون وەک میرات بۆ نەوەکان دەمانەوە و ئەوانیش دەبوونە هەڵگری ناوی ئەم پیشانە.لەم سەردەمە ئەم پیشانە نەماون یان خەریکە کەمدەبنەوە و بۆیە بەکارهێنانی ناوو پیشەکانیش کەمبوونەتەوە. ئەمانە لە رۆمانەکانی سەدەی رابردوو، ناوەکان بە دێ دەکرێت، کەچی ئێستا وڵات پێشکەوتووەو قۆناغ و ژیانێکی نوێتر هاتۆتە ئاراوەو ژینگەو کارو پیشەی نوێتر هاتونەتە مەیدان و ئەم کارو پیشانە لە نێو ئەدەب بەتایبەتی چیرۆک و رۆمان رەنگیداوەتەوە. بۆنمونە لە گەڵ پەیدابوونی ئۆتۆمبێل ، ئێستا چەندین ناوو پیشەی وەک (سکرابچی، گزۆزچی، روونگۆر، پەنچەرچی، جامچی و وایەرمەن ...هتد)، هاتوونەتە نێو کۆمەڵ پێشتر ئەمانە نەبوون و بەشی زۆری کەلو پەل وئامێری ئەلیکترۆنی وپیشەو کاری تازەو مودێرن ، ناوونازناوی نوێش بۆ کەسەکان دروستدەکەن. بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆش دەگوازرێتەوە نێو ئەدەب بەتایبەتی (چیرۆک و رۆمان). ناو و ناتۆرەی سەیرو پەڕجۆمان بۆ دێنێتە بەرهەم، کە هێشتا گوێبیستی نەبوین. هەندێک ناو پیشەی تریش کۆن دەبن و دەبنە بەشێک لە رابردوو، یاخود وشەیەکی تۆز نیشتووی نێو فەرهەنگەکان.

 

 سەرچاوەو پەراوێز:

 

1. بەختیار عەلی ، رۆمانی ( مەرگی تاقانەی دووەم) ، چاپخانەی رجایی ، تاران، چاپی پێنجەم ، 2014.

2. بەختیار عەلی ، رۆمانی (جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لە گەڵ خۆی دەبرد) ،چاپخانەی کارۆ ، چاپی یەکەم ،2010.

3. بەختیار عەلی ، رۆمانی (دواهەمین هەناری دونیا) ، چاپخانەی کارۆ ، چاپی چوارەم ،2012.

4. بەختیار عەلی ، رۆمانی (ئێوارەی پەروانە)، چاپخانەی کارۆ ، چاپی پێنجەم ، 2012.

5. بەختیار عەلی ، رۆمانی (کۆشکی باڵندە غەمگینەکان) ،چاپخانەی کارۆ ، چاپی یەکەم ،2009.

6. بەختیار عەلی ، رۆمانی (غەزەلنوس و باغەکانی خەیاڵ) ، چاپخانەی رەنج ، چاپی یەکەم ،2008.

7. بەختیار عەلی ، رۆمانی (شاری مۆسیقارە سپییەکان) ،چاپخانەی رەنج ،چاپی یەکەم ،2005.

8. بەختیار عەلی ، رۆمانی (کەشتی فریشتەکان) ، کتێبی یەکەم ، چاپی دووەم ، چاپخانەی رجایی ، تاران ،2014 .

9. بەختیار عەلی ، رۆمانی (کەشتی فریشتەکان) ، کتێبی دووەم ، چاپی یەکەم ، ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە ،2013.

10.ناوهێنانی شوێن وەک نمونە ئاماژەم پێداوە ،چونکە مەبەستی ئێمە ناوی کارەکتەرەکانە نەک شوێن.

 

 Bilderesultat for dyr kunst

گەڕان بۆ بابەت