ما 4125 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

زمانی دایک
 لە ساڵی ١٩٩٩ دا رۆژی ٢١ مانگی  فێوریە وەک رۆژی جیهانی زمانی دایکی دیاریکرا  بۆ ئەوەی  لەبیرمان بێت کە قسەکردن و نووسین بە زمانی دایک، مافی بێ ئەملا و ئەولای هەر ئینسانێکە.
 
بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان بزانن کە ئەگەر شارومەندەکانیان نەتوانن بە زمانی دایکیان بنووسن و بخوێننەوە، ئەوە یانی ئەو مافە رەوایەیان لێ زەوتکراوە. ئەگەر دەسەڵاتێک رێگە دەدات کە کۆمەڵگاکەی بە زمانی خۆیان بدوێن و بنووسن، خێریان پێ نەکراوە و نیشانەی دڵفراوانی دەسەڵات نییە، بەڵکو تەنیا مافی رەوای خۆیان پێدراوە.
 
 
لە ساڵی پاش ٩٩ بەولاوە هەموو ساڵێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەم رۆژە رێز لیدەگیردێت و، لە وڵاتانی پاشکەوتوو خەڵک با ئاشکرا و نهێنی باس لەو مافە رەوا دەکەن و داخوازی خۆیان بە شێوەگەلی جۆراوجۆر پیشکەش دەکەن  و دەیهێننە گۆڕێ.
 
لە وڵاتانی پێشکەوتوی ئورووپایی نەک هەر کەمینە نەتەوەییەکانی خۆیان،  بەڵکو هەموو کەمینە پەنابەرەکانیش بەجۆرێک مافی رەوای خوێندن و فێربوونی زمانی دایکیان پێدەدرێت و ئەو هەلەیان بۆ دەرەخسێت مناڵەکانیان شانبەشانی زبانی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین زمانی دایکی خۆیانیش فێربن. هەمیشەش داکۆکی لەوەدەکەن کە خوێندنی زبانی دایکی دەبێتە هۆی پتەوتر بوونی بناخەی زبان و فێرکاری مناڵان و هانیان دەدات بۆ پێشکەوتنیان. دەگوترێ کە لێکۆڵینەوە زانستییەکان پیشانیانداوە ئەو مناڵانەی بە زمانی دایکی دەخوێنن ئامادەگی و هەلی ئەوەیان بۆ دەرەخسێت کە زمانەکانی تر و باری زانستی زووتر فێر بن. هاوکات بۆ کۆمەڵگایێکی  فرەکلتوری، کلیلی سەرەکی لێک تێگەیشتن و دیالۆگی پێشکەوتوانە پێک دێنێت.
 
یەکێک لە ئامانجەکانی یونسکۆ خوێندن بۆ هەمووانە کە خوێندن بە زمانی دایکی سەرەتا و بناخەی خوێندن و خوێندکارییە. بە عام ئەو کەمینانەی کە مافی خوێندن بە زمانی دایکیان لێ زەوتکراوە، لە  کۆمەڵگاشدا پەراوێز خراون  و لە باری خوێندنەوە لە ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگادان و هەر ئەمە خۆی رێگەخۆشکەرە بۆ سەدان کێشەی تری ئابوری و سیاسی و...
 
سایتی قەڵەم رۆژی جیهانی زمانی دایکی لە هەمووان پیرۆز دەکات و هیوادارە کە ئەم وەبیرهێنانەوانە رێگەخۆشکەر بن بۆ تێگەیشتنی دەسەڵاتداران لە گرینگی ئەو بابەتە و پێداچوونەوەیان لە جێبەجێ کردنی ئەم مافە رەوایەی خەڵکەکەیان، بەتایبەت کەمینەکانی ئێران  کە کوردیش یەکێک لەوانەیە.
 
سایتی قەڵەم
٢١ فێبرواری ٢٠١٧
 Image result for mother tongue

گەڕان بۆ بابەت