ما 1133 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

زمەنێکی درێژتر
 
ئەو نەوەیەی پێش داهێنانی موبیل ژیاوە، لەبیریەتی هەموو ئەو چاوەڕوانیانەی کە بە تووشییەوە دەبوو. نەوەی پێش موبیل، لە راستیدا نەوەی چاوەڕوانی و ژماردنی ساتەکان بوو.
 
کە بە نیازی بینینی هاوڕێ یان کەسێک بوویت، هەڵدەستایت و هەوڵتدەدا لە شوێنی کارەکەی یاخود ماڵەکەی یان هەر شوێنێکی تر کە پێت وابووە ئەو کەسە لەوێیە، بیدۆزیتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بە چەندین سەعات چاوەڕوانی دەبوویت، نەک تەنها تیای سەرکەوتوو نەدەبوویت، بەڵکو بەناچاری شوێنەکەت بەجێ دەهێشت و دەڕۆیشتی. یانخود ئەو کەسەی خۆشت ویستووە و پێت وابووە لەو شوێنە هەمیشەییەیە کە لەوە پێش تیای بووە، بە مەبەستی دیداری رۆیشتووی بۆ هەمان شوێن، کەچی دیسان سەرکەوتوو نەبوویت و لەگەڵ ئەوەی بە چەندین سەعات دیسان چاوەڕوان بوویتە، دەبا شوێنەکەی جێ بێڵی و بڕۆی.
 
راستییەکەی ئەوەیە ژیانی پێش داهێنانی موبیل، ژیانی ساتەکانی پڕ لە چاوەڕوانی بووە.
 
ئێستا بە داهێنانی موبیل، ئەم کێشەیە یەکجار کەم بووەتەوە و، مرۆڤ پێویست ناکا وەک جاران چاوەڕوان بێت.
 
بەڵام داخۆ قەت بیرمان لەوە کردووەتەوە کە ئەو چاوەڕوانییانە تام و لەززەت و دونیای تایبەتی خۆی هەبوو؟ قەت بیرمان لەوە کردووەتەوە کە چەندە لەو چاوەڕوانییانەدا بە جوانی هەستمان بە چرکە بە چرکەی کات کردووە و تێیدا وەها بە ناخی زەمان و ئەو کەسە و خۆماندا شۆڕ بووینەتەوە کە جاری وابووە لە قووڵاییەکانی ترساوین؟
 
راستییەکەی ئەوەیە کە چاوەڕوانی وەک دیاردەیەک بە داهێنانی موبیل یەکجار کەمتر بووەتەوە، هەر بەو پێیەیش هەستی ئێمە بە کات و لەمس کردنی ساتەکانیش بە تەواوی دابەزیون. مرۆڤی ئیستا وەک شەپۆل بە سەر دەریای کاتدا دەخزێ بە بێ هیچ قۆرت و راوەستانێکی ئەوتۆ. بۆیە هەموو شتێ زۆر خێراتر بووە. ئەوەندە خێراتر، کە ژیان کە خۆی لە خۆیدا مەودایەکی کورتە، یەکجار کورتتر دێتە بەرچاو. چاوەڕوانییەکان ئەو سەرەوژووریانە بوون ئارەقیان پێدەکردینەوە و لە خەیاڵی لوتکەدا ئارەقمان تیاهەڵدەڕشت. چاوەڕوانی، گەیشتن بە لوتکەی دوورتر دەخستەوە.
 
چاوەڕوانییەکان مەودای ژیانیان فراوانتر دەکردەوە، ئەگەرچی زۆر جار تلمان پێوە دەدا.
سایتی قەڵەم
٢٣ فێبرواری ٢٠١٧  
Image result for FORVENTNING kunst

گەڕان بۆ بابەت