ما 4297 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

گۆران رەئوف

نەوەى نوێ یان باشترە بڵێن نەوەیەک کە زۆر بێ چانس و زۆر ماندو، هەم بەدەست سەردەمەکەیەوە، هەم بەدەست ئەو دابەشبونو شپرزەییەوە کە دیسانەوە بەهۆى سەردەمەکەیەوە توشى هاتووە.

 

نەوەى نوێ،

 

نەوەیەکى شپرزە!

نەوەیەکى پەت لە ملکراو!

 

گۆران ڕەئوف

 

لەهەموو سەردەمەکاندا کەسانێک ناودەبرێن بە نەوەى نوێ، کە ئەم گوزارشتە گوزارشتێکى هەنوکەییە و بۆ سەردەمێکى تر دەگوازرێتەوە بۆ نەوەیەکى تر و کەسانێکى تر.. گەر لەبارەى چینێکەوە بپەیڤین کە لەئێستادا بونیان هەیە و دەیانەوێت پتر بوونى خۆیان نمایش بکەن، ئەوا دەبێت بەر لەهەموشتێک لە سیما گشتییەکى ئەم چینەوە ڕۆبچینە قوڵاییەکانییەوە، لەکاتێکدا گەر پێویست بە قوڵبونەوە بکات!

لە ئێستا نەوەیەک لە گۆڕێدا سەرقاڵە بەخۆیەوە، سەرقاڵە بە پرۆسەى خۆ دۆزینەوە و ئیشکردنى بەردەوامى لە خۆیدا، تا ئەوەى بتوانێت لە قوڵایى خۆیەوە پێناسە و گوزارشتى نوێ بۆ ڕابردوو ئێستا و داهاتوو بکات، بەڵام ئەم پرۆژەى بەخشینى شوناسە بۆ ئێستا و داهاتوو و هاوکات گۆڕینى و قسەکردن لەسەر ئیشکالییەتەکانى ڕابردوو، خۆى لە خۆیدا پێویستى بە کەرەستە و دوبارە یەکخستنەوەى ڕەوتێکى بەهێزى نوێى دەبێت کە پێویستە جیاواز و جیاکاربێت لە چینەکانى پێش خۆى، چۆن ئەم نەوەیە دەوێت ناسنامە بۆ ڕابردوى نەوەیەکى پێش خۆشى نوێ بکاتەوە و برینە قووڵەکانى دەستنیشان بکات..

بۆئەوەى لە سیما گشتییەکەى ئەم نەوەیەوە ڕۆبچینە ناوەوەى، ئەوا توشى چەندان رێگر و کوێرە ڕێ دەبین، کە بەر لەوەى قسە دەربارەى قوڵاییەکانى ئەم نەوەیە بکەین، توشى کێشە دەبین لە سیماى گشتیدا، بۆیە ئاسان نییە لە باسێکى وەهادا زۆر بەوردى شرۆڤەى سیماى گشتیى و ئەو کێشانەبکەین کە بە ڕونى هەست بە بونیان دەکەین.

نەوەى نوێ یان باشترە بڵێن نەوەیەک کە زۆر بێ چانس و زۆر ماندو، هەم بەدەست سەردەمەکەیەوە، هەم بەدەست ئەو دابەشبونو شپرزەییەوە کە دیسانەوە بەهۆى سەردەمەکەیەوە توشى هاتووە.. ئەم دێڕانە بنەڕەتى دەردى نەوەى نوێیە، قوڵایى ئەو برینانەیە کە بۆ ساڕێژکردنیان پێویتسمان بە کوشتنیان هەیە، چونکە ئەم نەوەیە لە سەردەمێکدایە کە زێدەتر پێویستى بە خۆماندوکردن هەیە تا بتوانێت لە نەوەى پێش خۆى بگات و برینەکانى ئەوانیش لەگەڵ ئێستاى خۆیدا دەستنیشان بکات و هەوڵى ساڕێژکردنیان بدات، ئەم نەوەیە بێگومانە لەوەى کە نەوەى پێش خۆى خەلەل و ئیشکالییەتى زۆر گەورەى هەبووە، بێگومانە لەوەى کە نەوەى پێش خۆى هەر برینە و تا هەنوکەش خوێن لە برینەکانیان دێت، بەڵام پێویستى بە زمانێکە تا لەبارەیانەوە بپەیڤێ، پێویستى بە دۆزینەوەى ئەلتەرناتیڤى بەهێز و لۆژیکییە تا هەم خۆى هەم نەوەى پێش خۆى و دواتریش باوەڕپێبکات.. بۆیە نەوەى نوێ لە ماندوبونێکى گەورەدایە!

 

نەوەى نوێ نەوەیەک متمانەى بە تواناى خۆشى نییە!؟

 

لە ئێستادا زۆرن سەقاڵن بە کارکردن لە نێوەندى ڕۆشنبیرى دا، زۆر تواناى مەزن بونى هەیە و دەرکەوتەى ئەم توانایانەش بەندە بە کارکردنى جددى و توانا شاراوەکانى ئەم نەوەیەوە، بەڵام لەپشت ئەم تونا گەورانەوە ئەوەى بۆتە کێشە لەبەردەم نەشونمانکرنیدا، بێمتمانەیى و قەلەقى و گومانبردنە بە خودى تواناکان، چونکە ئەم نەوەیە بەرکەوتنى لەگەڵ نەوەیەکدایە کە زۆر دڵڕەقانە و بێباکانە تەماشاى دەکات، زۆر بێبایەخانە لە کار و توانا و جیهانبینییەکانى دەڕوانێت، ئەمە لە بارە گشتییەکەیدا، بەدەر لەمە کەسانێک هەن کە دەکرێت بڵێین بە ناچارى قسە لەسەر ئەم نەوەیە دەکەن! بەڵام هێشتا لە قسەکانیاندا خۆساغکردنەوە نییە و تەنیا بە شێوەیەکى شپز و پەیوەندى تایبەتى و خزم خزمێنە پەنجەمۆرى خۆیان دەبەخشن بە هەندێک لەم نەوەیە! لەکاتێکدا کارى جددى پێویستى بە دانپێنانى هیچ نەوەیکى پێشوتر نییە و بەخشینى متمانەى ئەوان وەهمێکە نەوەى نوێ بۆخۆى دروستى کردووە!

یەکێکتر لەو هۆکارانەى وادەکات ئەم نەوەیە قەلەق بێت و گومان لە تواناى خۆى بکات، ئەوەیە کە لەڕوى دەروونییەوە هەست بە قوربانى دەکات، بۆیە بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ کاراکتەرە فودراوەکانى نەوەى پێش خۆى، ئەوانیش زۆر بێڕەحمانە پەتى کۆیلایەتى دەکەنە ملى و خۆیان دەکەن بە ئوستادى! گەر دەربارەى ئەو ترسى قوربانیدانە بڵێن، ئەوا پێویستە دەربارەى ئەو خاڵە قسەبکەین کە زۆر خراپترە لەوەى نەوەى پێشوتر دەیکات بەم نەوەیە، ئەویش ڕەتکردنەوەى توانا و کارەکانى یەکترە، بەهۆى ئەوەى کە ڕەنگە لەپێڕ و ئەربابى ئەو نەبێت!؟ ئەمەش دیسانەوە ڕیشەکەى دەگەڕێتەوە بۆ نەوەى پێشوتر کە ململانێى شارچێتى و حیز حیز بێنە هەبووە لە نێوانیاندا، یانى ڕەتکردنەوەى ڕەها هەبووە، لەنێوانیان بەبێ هیچ میتۆد و بنەمایەکى ئەکادیمى.. زۆرن ئەو نموونە نەشیاوانەى کە نەوەى پێشتوتر هەیانبوە لە ئەزموونى ڕەتکردنەوەى یەکتردا هەتا ئێستاش بوونى هەیە و تەنیا دەبێت چاوەڕێى نەوەیەکى زۆر هۆشیاربین کە لەسەر بنەما و پێوەرى تایبەتى ئەو یەکترسڕینەوانە یەکلابکاتەوە، چونکە لە ئێستا ئەوەى پێى دەوترێت نەوەى نوێ لەهەمان دۆخدایە و هەر چەند گەنجێک بوونەتە پێڕێک و گروپێک بە پشتیوانى واژۆى چەند نووسەرێکى نەوەى پێشوتر کاردەکەن بۆ زیاتر خۆسەپاندن! مەبەست لە گروپ و تاقم لێرەدا بۆئەوە نییە کە خاون هزر و میتۆدێکى زۆر جیاوازترن، بەڵکو تەنیا بۆ بەرانگاربوونەوەى تاقم یان گروپێکى ترە، کە هیچ کێشەیەکى فیکرى و ڕەنخەیەکى جددى لە گۆڕێدانییە، جگە لە نیازى ڕەتکردنەوەیەکى ڕەها!

 

خاڵى خۆ ڕزگارکردن!

بەرلەهەموو شتێک کە باس لە نەوەێ نوێ دەکەین، مەبەستمان ئەو چینەیە کە بەجددى خەریکى کارکردنن لە بوارى ڕۆشنبیریدا، یەکەم خاڵ کەوادەکات ئەم نەوەیە ڕزگارى بێت لەو ماتى و دۆگمایەى ئێستاى، جەختکردنەوەى بەردەوامە بۆ خۆڕۆشنبیرکردن و خۆدەوڵەمەندکردن لە بوارە جیاجیاکانى ڕۆشنبیریدا، کە ئەمە لە ئێستادا هەم زەرورەتێکە هەم ڕاوەستانێکى لەهەمبەر کێشە و ململانێکانى نەوەى پێش خۆى و پاش خۆى، وە یەکێکى تر لەو خاڵانەى گرنگە نەوەى نوێ زۆر بەجددى لە بەرامبەریدا ڕاوەستێت خاڵیکردنەوەى ئەو وزەى سەرسامبوونە کوێرانەیە بە کاراکتەرەکانى پێش خۆى، ئەو کاراکتەرانەى بوونەتە خوداى بچوک بچوک لە دنیاى ڕۆشنبیرى ئێمەدا، کەس بۆى نییە ڕەخنەیان لێبگرێت، یان گەر ڕەخنەشیان لێ بگیرێت ئەوا بەهایەکى نییە و  بەر نەفرەتى ئەو خودا بچووکانە دەکەویت! کە ئەمە لەنێو هیچ میللەتێک و نەتەوەیەکى تردا وەها دۆخێک بونى نییە.. بۆیە پێویستە لەسەر نەوەى نوێ نەبێتە دەروێش و خزمەتکارى نەوەى پێش خۆى، لە پێناو ئەو وەهمەى گەر نزیک بێت لێیانەوە ئەوا دەکەوێتە سەر تەریقەتى ئەوان و دەبێتە جانەوەرێک وەک خودا بچوکەکان... یەکێکى تر لە خەتەرەکان کە بەڕوونى هەستى پێدەکرێت درێژەدانە بە ململانێ و ڕەتکردنەوەى یەکتر ئەمەش دیسانەوە لە خودا بچووکەکانى نەوەى پێشوترەوە وەرگیراوە، بۆیە گرنگە نەوەى نوێ لەسەر بنەماى تیۆرى و پێودانگى لۆژیکى مامەڵە لەگەڵ ئاست و تواناى یەکتردا بکات، نەک وەک دەزگا ڕوناکبیرى و بڵاوکراوەکانى ڕۆشنبیریى کوردى کە بە میزاجى شەخسى و هەڵدانەوەى فایلى کەسەکان کار بۆ بڵاوکردنەوە و هێنانە پێشەوەیان دەکرێت..

ئەم نەویە لە ئێستادا زۆر بێباک و بێئاگایە لە ڕەوشى خۆى، شپرزەییەکى گەورە بوونى هەیە لە تەواوى دۆخى ئەم نەویەدا، قسەکردن لەسەر تەواوى برینەکان زۆر دەخایەنێت، کە ڕەنگە گەر بەوردى قسەى لەسەربکرێت، لەوەها نوسینێکدا تەواو نەبێت، بەڵام بەگشتى ئەم نەویە تواناى زۆر گەورەى تێدایە و خەونى بچووک بێ متمانەیى تێکى دەدات، ئەم نەویە نەوەیەکە هەموى دەستى گرتووە بە کڵاوە شڕەکەیەوە، تا با نەیبات. بەڵام نازانێ خۆشى بابردوویەتى، نەوەک کڵاوەکەى!

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت