ما 6510 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

بانیژەیەکی هەبوو
بەسەر ڕەز و
باخچەی گوڵە کێویلان و
خەم و خۆشیانی دەڕوانی
بێ ویستی خۆم بەجێم هێشت!

 

گەمە شاراوەکانى با  (٢)

نەژاد عزیز سورمێ

 

"ئەم  دەقانە لە ئەسڵدا بە عەرەبى  نووسراون .

نووسەر و ڕەخنەگر( نەجات حەمید ئەحمەد )

بە پێداچوونەوەى نووسەر کردوونى بە کوردى ."

 

بەشى دووەم

(1)

ژوورەکەم بە ڕووى (سەفین)ی سەرکەش دا

تۆماری مەزنی شکست و سەرکەوتنان...

بانیژەیەکی هەبوو

بەسەر ڕەز و

باخچەی گوڵە کێویلان و

خەم و خۆشیانی دەڕوانی

بێ ویستی خۆم بەجێم هێشت!

ئینجا باڵندەیەکتان دیوە

بە حەزی خۆی هێللانەی جێ بهێڵێ؟

ئەوەتانێ دەگەڕێمەوە و

هەندێ لە خەونەکانم خستوەتە بن باڵم

تا جارێکی دی بەسەرتان بکەمەوە

پردێک لە خۆشەویستی لە نێوانماندایە

کێڵگە بە ڕووباران و

چاو بە ئاسۆ

دەنگیش بە سەداوە دەبەستێتەوە

با شەوگار

کەیل ،  لەسەر شۆستەکاندا لێبچێتەوە

با جارێکی دی سبەی

باوەش بە منداڵیماندا بکاتەوە.

1262004

(2)

سپێدە بنەوشەییەکانی (عتێشی) و شەوانی ((عەباسییە))ی خەوزڕێن و

خەون و بارانی (ڕشت)

ئەمانە چەند وێستگەیەک بوون لە ژیانی بەندە

کاتێک دوورگە وشکەڵان بوو

قەلە ڕەش بە چوار دەوریدا دەسوڕایەوە

ئێمەش بێ هانا ، بێ ئەستێرەیەک ڕێگای پێ ببینینەوە ...

ئەوان ونیان کردین

ئێمەش ڕۆژگارمان لەگەڵ ئەواندا بزر کرد...

کاتی ئەوە هاتووە دڵ ، زامەکانی بسڕێتەوە

شنەی با پەنجەرەکانمان دەکوتێ

کە دەڕواننە باخچە هەڵبزرکاوەکان

کەی دەتوانین

ڕاوی نوور لە شەختەدا بکەین؟

گۆشەکانمان پێویستی بە ڕوناهی یە

ئیتر ئاگریش

ڕووناکمان ناکاتەوە

برادەر!؟

462004

 

 

 

(3)

پرسیارت لە وەهم و لە گەوهەر لێ کردم

ئەو دەیویست خاکی تازە بدۆزێتەوە

سەرنجیم بۆ ئەوە ڕاکێشا

جوانی دەشێوێنێ

بەڵام بێهوودە بوو

ئێمە شایانی ئەوەین؟

بەهەشتی خەیاڵی بەسەر ئەو خەراباتانەوەیە

پڕ لە منداڵیی و ستران

مانگی لە وێنەی خەوندا دی

وەک هەزار بە هەزاری قژی

کە لە هیچ ناچێ لە درۆ نەبێ

لە هەر کوێیەک بێ

سرووشت بەرەو ئەوێ دەچێ

ئا لێرەوە با هەڵدەکا و

کانیاوەکان کەزییان دەدەنە بەر با

جارێکی دی خۆشم دەوێی!

خۆشم دەوێى وەنەوزى نیوەڕۆیان!

دڵتەنگیش کێڵگەی خۆی هەیە .

ئەمە ژیانێکی نوییە بۆمان نووسراوەتەوە

لە کاتێکدا نووستووین و خەون دەبینین...

دەسا با بە ڕووی شەپۆلەکاندا بقیژێنین

وەک چۆن ڕۆژێ لە ڕۆژان هاوارمان

بە ڕووی هاوکێشە لاسەنگەکانی

نێوان وەهم و گەوهەردا کرد.

2572004

(4)

چیتە بەسەر هەموو بڵنداییە ڕەق و خاوەکان

لە شەقەی باڵ دەدەی؟

چیت بەسەر هاتووە؟

بێ ئەوەی ئەو کەنارانە سەرنجت ڕابکێشن

سۆزیان لێ دەبێتەوە؟

ئەو فرمێسکانەى بە قەد بارانن

هیچیان بۆ نەماوەتەوە، لەوەی بەدەر

هاوسەفەرى هەورە کۆچەریەکان بن

چیت بەسەر هاتووە ڕکابەر؟

وامزانی تۆ ڕووبارێکی

کەناری ڕوناهی دەدێری

بەڵام داخەکەم وێنەی شەرەنگ

بەناخمدا تێپەڕی

چیت لێ هاتووە؟

حەز بە ژوورە تاریکەکان دەکەیت و

ڕقت لە خۆرە!

کەواتە ژیانی خۆش و گومڕایی و ون بوونت خۆش!

خشتەی درۆی ڕۆژانەت خۆش!

ڕۆژگاری تۆ بەسەرچوون

زەمەنی قسە و نیگای بەتاڵ و

خۆشەویستیت خۆش

کە هەرگیز ڕۆژێ لە ڕۆژان تێی نەگەیشتوویی و

تێی ناگەی...

882004

(5)

جوامێر لە هیوا هەڵکێشرا بوو

شتێکی لە سنگدایە ئەو پیاوە

لە هاواری سۆزێک دەکا

وڵاتی تەی کردووە

شوێنێکی نەدۆزیەوە

ئەو سۆزەی تێدا بەڕەڵڵا کا

ئەو پیاوە کە سواری هەور بوو، دەبارێ...

بڕیاریدا هاوڕێیەتی پاسەوانەکان بکات و

بچێتە ناو شار.. بێهوودە

ئەو تەنیا شایەتێک بوو

لە کەنارەکانی نوورەوە هاتبوو

بەڵام دیار بوو شار نووری نەدەویست

شار نووری ناوێ!

شار سۆزی ناوێ

ڕۆژگار چی لێ کردوون؟

تارماییان پەسندتر بکەن؟

وەک لاڵان لە تاریکیدا بۆڵە بۆڵتانە؟

ئەو پیاوە لە هیوادا هەڵکێشراوە

هاوارکە جوامێر..! هاوارکە و

بارت لە چەقی ڕێگای چۆل و بەردراودا لێ بخە

ڕەنگە ڕێگاکان بەڕەحمتربن

لەو شارانەی تارمایی لە پێشتر دەگرن!

هاوارکە... برالە!

1582004

(6)

دەبووایە بە دوای ڕێگەی دیکەدا بگەڕێ

هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی کەش و هەوایەکی نوێ

مەودای پەلهاوێژ... وێنەی هێما

وەک نیگەرانی ماڵئاوایی

ئەوان بە دزیەوە دێن

ڕاپۆرتی بە درۆ داپۆشراو دەنووسن

وەک دەم و چاوە دەمامکدارەکانیان دەردەکەون و

وەک سەرابیش ون دەبن

هیچ چەمکێک شک نابەن

بۆ دوێنێ و سبەی

ڕاستە دیوارەکانی دەوروبەرمان بەرزن

بەڵام پێیاندا هەڵدەگەڕێین.

دەبینی چاوە دەرپەڕیوە حەسوودەکانیش

دەمان بینن بەرز دەفڕین

هێدمە دەیانگرێ

چیرۆکی باخچە ڕەنگا و ڕەنگەکان بەم جۆرە

باوەش بە گۆرانی چیا و دۆڵاندا دەکەن

تا بە شنە بیانسێننەوە

نهێنی بێ تاوانیی تەنها بۆ مانگە ، مانگ

بێداری جاویدان.

2252005

(7)

ئەوەی درکی (پێ ناکرێ)م هەڵوێزنی

لە ڕێگای درێژ و بە کەند و کۆسپ کە ناوی تەمەنە

تۆ لە گەڵمدا بووی

بۆیە سەفەری ڕووە و نادیاریشم،

وەک پیاسەیەکی ئێواران بوو

پێخواس بووم، لە خۆشیدا بازم دەدا

هەستم بە تیشە بەردان نەدەکرد

کە پێیان بە خوێن دەهێنام

خەونێکمان پێ بوو

ڕووبارو چیاو باخچەی

لە تۆغیانی بەهار تێدا بوو

ئەو شەوەم هەر لە بیرە

کە پەنجەت بۆ مانگ ڕاهێشت

وەک ئەوەی بڵێی با بیکەینە ماڵی خۆمان

با وابێ خۆشەویستەکەم... با بیکەین

لەوێ دیوارەکان بە نوور هەڵنراون

ژوورەکانیش بە نوور داپۆشراون

 زەویش نووری لە سەر ڕاخراوە

دەرگاکان... پەنجەرەکان... هەمووی نوورن

بەم جۆرە نوور ڕوو لە نوور

بەڵام ئایا تۆ بیرت کردۆتەوە چ دەقەومێ

لە کاتێکدا تۆی نووریش

باوەش بەو هەموو نوورەدا دەکەی؟!

2982004

 

(8)

لە تەوقی سەرەوە تا نووکی پێ کوژاوەتەوە

وای دێتە بەرچاو

هەنگاو بەرەو خەون ... بەرەو هیوا داوێ

بەڵام ئەو لە ڕاستیدا وێنەی چڵە ڕووتەڵەکان

کەس نەما بە لایدا نەڕۆیشتبێ و

جۆللانەی لێ شەتەک نەدابێ ...

ئەو مارێکە لەناو زبڵ و زەڵکا و خۆی دەپارێزێ

با ی نێو کووچە و کۆڵانان دەبینێ

گوێ بۆ خۆرئاوای کارەبادار هەڵدەخا

کە ویستی بگری ، دەگری

کە ویستی پێبکەنێ پێدەکەنێ!

ئەو ئامێرێکە بە دەست دەڵاڵەکانەوە

قەت ڕێکەوتی خۆشەویستی نەکردووە

هیچیش لە جوگرافیاو مەوداکانی نازانێ

لەوە زیاتر پردێک دەبێ بۆ گەیشتن بە کەناری گەمە و گومڕایی

ئا ئەمەیە نهێنی خامۆش بوونی و

نهێنی ئەوەی

ڕۆژێ بگەشێتەوە

دووبارە پیرۆزت بێ ژیانی گومڕایی و ون بوون

پیرۆزە لیستی ڕۆژانەی درۆ و

بۆنی پاشەرۆ بۆگەنیەکان.

592004

 

(9)

ئەمشەویش

تۆم لە خەونێکدا بینی لە خەیاڵاندا نەبوو

تۆم دی نەخۆش و کوژاوە بووی

دەست لە ملى تارامایی

لەبەر خۆوە شتێکت دەگوت

تێنەدەگەیشتم چیت دەگوت

کە بەرەو ڕووت دەهاتم

لەوە گەیشتم دەتگوت

با سەر لە نوێ دەست پێ بکەینەوە و

لە درۆیەکی دیکەدا بژین

ئەمە ساچمەی سۆزێک بوو

لەگەڵ ڕۆژگاردا پەرش بوون

چیتر گەشانەوە ئاساکەی جاران نەما

کە بانیژەکەمی ڕووناک دەکردەوە

ئەو بانیژەیەی ڕۆژێک لە ڕۆژان

بەسەر ڕێگا نادیارەکانیدا دەڕوانی

بەڵام ئەسەف زۆری پێ نەچوو

 خۆم بینی لە خەو ڕاپەڕیم

وەجدێک گرتمی

تەنیا ئەوەم بۆ مایەوە دامە پڕمەی گریان

بۆچی ئەی دەستبازی فێڵباز !؟

لە خەونیشدا؟

بۆچی؟

2692004

(10)

شەپۆل دادەمرکێنەوەو لێدەچنەوە

ئەوە ئەو فرمێسکانەن باخچەکانی گوناه ئاو دەدەن

سپێدەی لە خاچدراو

لە پشتەوەی چاوە فرمێسکاویەکاندا

چیاکانیش بەرەنگاری سەرکێشیی گەرداوان دەبنەوە

ئەو داڵانانەى باسیان دەکەی شوێنەواریان نەماوە

ئەو کێڵگانەی خەونت پێوە بینی ئاسەواریان نەماوە

زەمان زەمانی جادە و شۆستەکانە

زەمانی سەرابی گەشاوەیە لە بیابانبوونی ڕۆح و

جوگرافیای ڕێیە نەناسراوەکان

کە مێژوو پشتی تێ کردوون

ئای ئەمڕۆ چەند بە دوێنێ دەچێ

خوێن گوڵ دەکا و

بێدەنگی گەڵا

کێ ئەستێرە دزراوەکانی

سەر بانیژەکەمی پەرت کردن؟

لەو ساوە (ئاوابوون)

یەخەم بەرنادا

ئەی چاوە خەواڵوە دوورەکان!

فریام کەون!

ئەمە ڕۆژگارێکی پیرەو لەوپەڕی تینیدایە

ئەوە زەمەنی جادە و شۆستەکانە

ئەو سەرابە گەشاوەیە لە بیابانی ڕۆح دا

فریام کەون ئەی ئەو چاوانەی

ئاسمان ڕەنگی پێ بەخشیون!

 

 Related image

 

 

گەڕان بۆ بابەت