ما 3743 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

عەبە شەوێک دانیشت و، لیستی هەموو حیزبەکانی هێنایە بەردەمی خۆی. رێک لەسەر مێزەکە کە لە داری بەڕوو چێکرابوو. بەو رەنگە قاوەییەوە کە ئەم قەت لە ژیانیدا نەیزانی حەزی لێبووە یان نا. پاش ماوەیەک هێنان و بردن، ناوی هەرە گەورەکەیانی هەڵبژارد و بە قەڵەمەکەی دایرەیەکی بە دەوردا کیشا. 

 

دڵی عەبە لای گەورەیە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

عەبە لە ناو فڕۆکەیەکی بەرەو تورکیادا دانیشتووە. لەکاتێکدا بە جوانی پاڵی لێداوەتەوە، چاوەکانی قونجاندووە و خەریکی گوێگرتن لە گۆرانییەکی ئۆکرایینیە، بیر لە ژیانی رابردووی دەکاتەوە. ئەو ژیانەی کە ئەو زۆر جاران حەزی نەدەکرد بیری لێبکاتەوە، بەڵام ئیستا بە گۆڕینی دۆخ، پێی وایە ئیتر کاتی هاتووە و دەبێ ئەم کارە بکا و بە وردی لێی تێفکرێ. ئەگەرچی ئەم بیرکردنەوەیەیش زۆر جار ئیرادی نیە و بە خۆیەتی کە بێت یان نەیەت.

کە لەدایکبوو (عەبە تەنیا کوڕی ماڵ بوو)، منداڵێکی ژیکەڵانەی سوور و سپی بوو بەو قژانەوە کە کاتێک با لێیدەدا وەک ئاوی دەریا شەپۆلانی دەدا. عەبە خەنی بوو. لە هیچی کەم نەبوو. چاکی دەخوارد، چاکی دەپۆشی، چاک دەگەڕا و چاکیش نازیان دەکێشا. خوشکەکانی بەهەموو شێوەیەک لەخزمەتیدا بوون. ئەمە ئەمری باوکیان بوو. عەبە خەنی بوو. هەموو رۆژێک کاتێک هەتاو لە پشت کێوەکان سەریهەڵدێنا و شاری رووناک دەکردەوە، ئەویش بە بزەوە لە خەو رادەبوو و لە کاتێکدا لەناو جێگاکەیدا خۆی وەک پشیلە تلدەدا، بزەیەک دەنیشتە سەرلێوەکانی و لەبەر خۆیەوە دەیگوت "کە خۆشە!"

وە خۆشیش بوو،... یەکجار!

با ئەوەیشمان لەبیربێت کە باوکی بوو ناوی نا عەبە (کورتکراوەی ناوی عەرەبیی عبداللە). باوکی پێی وابوو رەمزی خۆشبەختی ژیان لە عەبدبووندایە.

بەم شێوەیە ژیان لەسەر جادەی شیاوی خۆی بوو. عەبە بۆخۆی پێی وابوو لە هیچی کەم نەبوو، بەڵام شتێک هەمیشە ئازاری دەدا. نەفرەت لە ژیانیش کە هەمیشە وەهایە! گەر هەموو شتێکی ئەو دونیایەیشت هەبێ، بەڵام بێگومان لە شتێکدا هەر کەم و کوڕی دێنی. خوا خڵقەتی بە کەم و کوڕییەکانیەوە دروستکردبوو.

راستییەکەی ئەوە بوو عەبە دەیزانی خۆشەویست نیە.

نەیدەزانی بۆ خۆشیان ناوێ. منداڵانی گەڕەکمان مەبەستە. عەبە هەوڵیدەدا شتیان بۆ بکڕێ، بە دەمیانەوە پێدەکەنی، هەوڵیدەدا قسەی خۆشیان بۆ بکا، بە وەخت و بێ وەخت دەچوو لە دەرگایانی دەدا، بەس بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە لە فکریاندایە، بەڵام بێسوود بوو. لە چاوانیاندا رقی ئەوانی دەخوێندەوە، ئەگەرچی بەڕواڵەت هەوڵیاندەدا وای پیشان بدەن کە خۆشیان دەوێ و، هاوڕێی ئەون. بەتایبەت ئەو لە خزمەتی ملهوڕەکانی گەڕەکدا بوو. شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوت گەر ئەوانی هەبێ، ئەوا ئیتر هەموو منداڵەکانی تری لەپەنادایە. بەم دەست و ئەو دەست خزمەتی ملهوڕ و شەقاوەکانی گەڕەکی دەکرد، بەڵام بێسوود بوو، هەر کە پشتی تێدەکردن ئەوەی نەشیاو بوو پێیان دەگوت.

عەبە زۆر خەفەتی بەمەوە دەخوارد. ئیستا زۆر جار بەیانیان، یان بە دەم گریانەوە، یان بەدەم بیرکردەوەوە لەخەو بەئاگا دەبووەوە. ئیتر وەک جاران، هەڵهاتنی خۆر لە ئاسۆی رۆژهەڵاتەوە بزەی نەدەخستە سەر لێوەکانی. عەبە وەک گوڵی بێ ئاو، رۆژ بە رۆژ زیاتر دەژاکا. سیسبوون دەڵێی بەباڵای چارەنووسی بڕابوو.

ساڵان هاتن و رۆیشتن. عەبە کشا و کشا. باڵای کرد، وەک داری عەرعەر. سمێڵی دەرکرد، سمێڵێکی زلی جوان. قژەکانی وەک هەمیشە وەک شەپۆلی دەریا شل و شەوێڵ بە لادا دەکەوتن و وەک هەمیشە 'با' دەیتوانی کایەیان پێبکا. عەبە کە لە ئاوێنەدا سەیری روخسار و قەد و باڵای خۆی دەکرد، بزەیەک دەنیشتە سەر لێوەکانی. لە دەروونەوە سوپاسی گەردوونی دەکرد کە ئەوەندە خۆش تیپ و جوانی بەرهەم هێنابوو. ئەوسا خەیاڵی بۆ لای هەموو ئەو کچانە تێدەپەڕی کە نیگای پڕ لە ناز و غەمزەیان بۆ دەهاویشت و، بەدەمییەوە بە ئاستم پێدەکەنین. عەبە لەم کاتانەدا وەک شێت لە بەر ئاوێنەکەدا دەیقیڕاند و شێتانە هەڵیدەخستەوە. دایکی بە پڕتاو دەهات و هاواری دەکرد "یا رەسوڵەڵڵا،... یا رەسوڵەڵڵا!" عەبە ئەوەندەی تر پێدەکەنی. رووی دەکردە دایکی و دەیگوت "دایە گیان چۆنی! ئەم کاتەت باش!... ئەمممممم کاتەت باشششش!" دایکی سەری لێبادەدا و دەڕۆیشت.

بەڵام خەمەکە لە شوێنی خۆیدا هەر مابوو. خەمەکەی جاران. عەبە هەر وا لە شوێنێکی دڵە ئیستا گەورەکەیدا خەمگین بوو، یەکجار خەمگین بوو. بگرە بە گەورەبوونی دڵیشی خەمە لەگەڵی گەورەتر ببوو. جاری وابوو لەبەر ئاوێنەکەدا کاتێک نوقمی سەیری خۆی دەبوو، کتوپڕ وەها دادەهێزرا کە هەستی دەکرد سمێڵە گەورەکەیشی شۆڕشۆڕ دەبووەوە، وەها کە جاری وابوو دەگەیشتە عەرزی! لەم کاتانەدا لەجیاتی ئەوەی بقیڕێنێ، دادەنەوییە سەر چۆک و وەها کز و مات هەڵدەگەڕا کە دەڵێی دونیا چیتری پێوە نەمابوو بۆ ئەو. کۆتایی،... کۆتاییەکان!

عەبە دیسان وەک زەمانی منداڵی زۆر شتی دەکرد بۆ ئەوەی جێی خۆی لە دڵی کوڕانی گەڕەک و شاردا بکاتەوە. بۆ وێنە بە سەیارەکەی هەر کەسی بدیایە کە بە پێ دەڕوا، رادەوەستا، سواری دەکرد و دەیگەیاندە جێ. تەنانەت وەها دەنگی گۆرانییەکەیشی بەرزدەکردەوە کە موسافیرەکەی ئەوپەڕی سەفا بکا. وای لێهات تاکسییەکانی شاریش رقیان لێهەڵگرت. تەنانەت جارێکیان یەکێک لە شۆفیر تاکسییەکان دابەزی و پڕ جوێنی کرد. عەبە ئەو جوێنە سوک و سەلیمانەی لەبیرناچێتەوە، بەتایبەت کاتێک بە دایکی دەدا.

عەبە قەت ئەو رۆژی لەبیر نەچووەوە. قەت قەت.

ژیان بەردەوام بوو و کتوپڕ دونیا گۆڕا. رۆژێکیان کاتێک بە رێکەوت لە ناوەندی شار تێدەپەڕی، بینی خەڵکی دەڕژانە ناو شەقام و دروشمیان دەدا "بڕوخێ دیکتاتۆری!"، "بژی ئازادی، بژی سەربەستی!" عەبە واقی وڕما. سەرەتا تێنەگەیشت. پێی بە پداڵی ئۆتۆمبیلەکەیدا نا و گەڕایەوە بۆ ماڵەوە. سەرئەنجام دووای چەند شەو دانیشتن لە گەڵ باوکی لە ماڵەوە و بە هاتنی ئەو میوانانە کە باسی خۆپیشاندانەکانیان دەکرد، لە دۆخەکە گەیشت. ئەو کە سەرەتا لە وشەی وەک ئازادی و سەربەستی نەدەگەیشت، بە شوبهاندنی لەگەڵ ئەو 'خۆشەویستی' یەی کە بۆ خۆی عەوداڵی بوو، توانی لێیان تێبگا. کەواتە خەڵکیش وەک ئەو لە شتێکدا کەم و کوڕییان هەبوو! ئەم بیرە چەند خۆشحاڵی کرد،... چەند.

بەڵام عەبە قەت رووینەکردە خۆپیشاندانەکان. جگە لە هەبوونی سەربازە پڕ چەکەکان کە ئەم سەراوسەری شەقامەکانیان دەگرت و بڵاوەیان بە خەڵکی دەکرد و زۆر جاریش دەبووە تەقە و کوشتن و برینداربوونی خەڵک، عەبە شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوت کە ئەو بۆخۆی چەندە بەو شتەی گەیشتبوو کە هەر لە سەردەمی منداڵییەوە عەوداڵی بووە، ئەو خەڵکەیش هەر بەو رادەیە دەیگەنێ.

عەبە بینی رۆژ بە رۆژ ناخۆشەویستتر دەبوو. تەنیا دووای رووخانی حوکمی کۆن بوو بەمەی زانی. خەڵکی وەک ترسنۆک سەیریان دەکرد. تەنانەت بە گوێی خۆیشی چەند جارێک گوێی لەمە ببوو. جاران بە منداڵی، ئەگەر منداڵی گەڕەک راستەوخۆ باسی رق و ناخۆشەویستیی خۆیانیان نەدەکرد، بەڵام ئیستا قسەکان دەگوتران.

ئەو ئیستا بەر ئاوێنەکەی ماڵەوەیشی تەرک کردبوو. ئیتر لەبەر ئەویشدا رانەدەوەستا. ئیستا ئیتر بەرەبەرە خۆیشی رقی لەخۆی دەبووەوە. دەبوایە بەجیددی بیرێکی لێبکردایەوە. ئاوا ژیان نەدەگوزەرا.

دووای ئەوەی حوکمی تازە هاتە سەرکار، عەبە بینی کە کێشەکە هەر بەردەوامە. خەڵکێکی زۆر هەر وا ناڕازی بوون. شەڕ و کێشە سەری هەڵدابووەوە و بەردەوامبوو. عەبە لە رێگای خزمێکییەوە لەوە گەیشت کە کۆمەڵێک خەڵک خەریکن بە نهێنی کاردەکەن. ئەو کە باوەڕ و متمانەیەکی زۆری بە خزمەکەی هەبوو، زیاتر لێی نزیک کەوتەوە و لە رێگای پارە و پوڵەوە کەوتە یارمەتیدانیان. پاشان کاتێک بینی ئەو لایەنە گەورەترین لایەنە و خەڵک و چەکدارێکی زۆری بە دەورەوەیە و باس هەر باسی ئەوانە، زیاتر خۆیانی لێ نزیک خستەوە. بەربەرە رۆژنامە و بڵاوکراوەکانیشی بینی. تەنانەت وایشی لێهات کە ئێوارەیەکی درەنگ کاتێک هەوا تاریکی کردبوو، راگەیەندراوێکی بە ترس و لەرز و دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە خستە ناو حەوشی ماڵی دراوسێکەیانەوە. قەت ئەو ساتەی لەبیرناچێ کە دڵی چەندە بە توندی لێیدەدا. بەڵام دوواتر چەند هەستێکی خۆشیشی تیاگەڕا. راستییەکەی ئەوە بوو کە بۆیەکەم جار لە ژیانیدا هەم هەستی بە ترسی ترس و خۆشیی ترس کردبوو. هەستێکی تایبەت کە هەڵیکشاندبوو، گەورەتری کردبوو، بگرە جۆرێک لە متمانەبەخۆبوونی تیا پێکهێنابوو. بزەیەکی هاتێ. عەبە ئیتر رێگای خۆی بینیبووەوە. بڕیاری دا درێژەی بدا.

کتوپڕ رۆژێک لە دەرگای ماڵەکەیانیاندا. دۆستێک بوو. هەواڵی دایە کە وەزع قۆڕە و دەبێ لەبیری خۆدەربازکردندا بێت. وتی بە زۆر شتیان زانیووە. عەبە کە سەرەتا پێی وابوو شۆخی و گاڵتەیە، وەک هەمیشە گوتبووی قسەی قۆڕمەکە، وەرە سەرەوە، چێشتی خۆشمان هەیە! بەڵام هاوڕێکەی سەرئەنجام تێیگەیاندبوو کە بەڕاستیەتی و، دەبێ ئاگای لەخۆی بێ. وتبووی من لە زینداندا بووم، دەزانم چۆنە،... گاڵتە نیە!

عەبە زەندەقی چوو. دووای ساڵانی ساڵ چووەوە بەر ئاوێنەکە و بە جوانی و وردورد لەخۆی رووانییەوە. بیری ئەوەی داخۆ ئەم هەیکەلە ئەو قارەمانە دەبێ کە کاتی خۆی بەڵێنی پێدابوو، بیری ئەوەی کە ئەم هەیکەلە دەکرێ ئەوە نەمێنێ کە ئیستا هەیە و سەرئەنجام خەیاڵی ئەوەی کە زیندان گاڵتەنیە، رایچڵەکاند و بڕیاری دا بڕوات.

عەبە رۆیشت.

رۆیشتن بەپێچەوانەی ناوەکەی زۆر دژوارنەبوو. پارەی دا و لە کێوەکان پەڕییەوە و ئاودیوی سنوور بوو. پاش یەک دوو ساڵێک رەوانەی وڵاتی سێهەم کرا و، ئیتر دیسان ژیان بە جۆرێک لە جۆرەکان گەڕایەوە دۆخی ئاسایی. هەرچەند غوربەت، غوربەت بوو و ئەو دۆخە ئاساییە هەر هەمانی جاران نەبوو.

بەڵام چەند سەیربوو. لەگەڵ ئەوەی عەبە چەند شێوە ژیانی گۆڕیبوو و بە جۆرەها شێوە لانیکەم بە بیر و گومانی خۆی مەترسی کردبوو، بەڵام هەر وەک سەردەمی منداڵی ناخۆشەویست بوو! میشکی بەبیرکردنەوە لەمە خەریک بوو تێکدەچوو. باشە بەڕاستی کێشەکە لەکوێدا بوو؟ خۆ هەوڵیدابوو وەک هەموو ئەوانی تر بێت، لانیکەم لەم ساڵانەی دوواییدا. بەڵام نا، تێگەیشت کە وەک ئەوانی تر نەبووە. ئەو تێگەیشت کە دەبێ زیاتر لە جاران لەوانی تر بچێت. بگرە دەبێ ئەوانەیش هەڵبژێرێ کە یەکجار زۆرترن و زیاتریش لەناو خۆیاندا لەیەک دەچن. تێگەیشت کە ئەو هەمیشە درەنگ دەستی پێکردووە. هەروەها ئەوەیکە لەبنەماڵەیەکی دەوڵەمەند بووە چ گوناحی ئەوی تیانەبووە و کار کاری خودا بووە. بۆیە هەوڵیدا شێوەژیانی بگۆڕێ و، ناوماڵی بکا بە ماڵێکی ئاسایی و بگرە کەمتریش لە ئاسایی. هەنووکە گەر سەردانی ماڵەکەی بکەی، کاتێک قسە دەکەی گوێت لە دەنگدانەوە و ئێکۆی دەنگی خۆتە.

عەبە شەوێک دانیشت و، لیستی هەموو حیزبەکانی هێنایە بەردەمی خۆی. رێک لەسەر مێزەکە کە لە داری بەڕوو چێکرابوو. بەو رەنگە قاوەییەوە کە ئەم قەت لە ژیانیدا نەیزانی حەزی لێبووە یان نا. پاش ماوەیەک هێنان و بردن، ناوی هەرە گەورەکەیانی هەڵبژارد و بە قەڵەمەکەی دایرەیەکی بە دەوردا کیشا. هەر ئەو شەوە لە رێگای مایلەوە پەیامێکی بۆ ناردن و بۆ، سبەیش هەر کە لەخەو هەستا تەلەفۆنی بۆ کردن. ئیتر عەبە بوو بە لایەنگر و ئەندامی گەورەترین حێزبی سەردەم.

***

لەو ساڵەوە عەبە کەیفی تەواو سازە. لەباری رێکخراوەییەوە تەواو لەپێشە و، بگرە بووە بە یەکێک لە ئەندامانی لقێکی نەتەوەیی ئەو رێکخراوەیە. ئەندامەتییەک کە زۆر ئاسان بۆ هەموو کەس بەدەست نایەت. لقەکە هەموو جارێک کە کۆبوونەوەیان دەبێ، پارەی تەیارەکە، هوتێل، خواردن و خواردنەوەیشی بۆ دەدەن و بگرە دووای کۆبوونەوەکەیش عەبە لە گەڵ چەند هاوڕێی (کە ئەوانیشی کردووە بە لایەنگر و ئەندامی حیزبەکەی خۆی)، سوار تەیارە دەبن و بە دزییەوە دەچن بۆ ئۆکرایین یان رووسیا (لەلای خۆی ئەم سەفەرەی لە سەر قازانج حسێب کردووە، ئاخر چەند رۆژ بە بەلاش لە وڵاتێکی خارجی گوزەراندبووی)، عەبە بە هاوڕێ تازەکانی گوتووە کە رووسیا و ئۆکرایین خاوەنی جوانترین و سێسکی ترین ژنەکانی جیهانن. وتبووی (لە کاتێکدا دەیەویست بەدەستەکانی نیشانی بدا) ئەمە مەمک و ئەمە سمت و ئەمە ناوشان و باڵایانە. دەبێ ئەوان بچن و بیبینن و ئەوە تاقی بکەنەوە کە ئەو لەوە پێش چەندین جار لەخێری حیزبە تازەکەی تاقی کردبووەوە.

هەڵبەت عەبە ئیرادەتێکی تایبەتیشی بە ژن و کچە کرمانجییەکان هەیە. لەگەڵ ئەوەی بە دەستەکانی هەمان تەوسیف بۆ ئەوان بەکارنابا، پێی وایە ئەوان جگە لەوەی شۆڕشگێری چاکن، بەڵکو لەناو جێگایش دا هەر بەو ئەندازەیە بوێر، چاونەترس و چالاکن.

 کە پێدەکەنێ، گوێیەکانی خۆیشی دێنە ژان.

عەبە ئیستاکە بە پێچەوانەی ساڵان زۆر شۆخی لێدەرچووە. جاری وایە بە شۆخی و بە گاڵتەوە لە سەر سەفحەی فەیسبووکەکەی دەنووسێ "ئەگەر پەیامتان دانا و خێرا وەڵامم نەدانەوە، ئەگەر زەنگتان دا و تەلەفۆنەکە کوژابووەوە، ئەوا یان لەناو تەیارەی بەرەو ئۆکرایین و رووسیام یان تەیارەی بەرەو تورکیا! پەیامەکەت بەڵام دانێ، دڵنیا بە کە نیشتمەوە جوابت دەدەمەوە، ئەگەرچی ئەویش هەر دیسان پێوەندی بەوەوەیە کە لە کوێ دەنیشمەوە!... ههههه"

عەبە ئیستا وەک ساڵی ساڵان کە لە خەو هەڵدەستێ لەگەڵ هەتاوی سەر کەل پێدەکەنێ و لەگەڵ ئەوەی لە ناو جێگاکەیدا تل دەدا و دەڵێ "چەند خۆشە!" بە منداڵانی جارانی گەڕەک، بە خۆپیشاندەرەکانی ئەو ساڵانە، بە هاوڕێیانی حیزبەکەی جارانی، بە لقی ئیستای حیزبەکەی و سەرئەنجام بە هەموو دونیا پێکەنینی دێ.

عەبە دەڵێ:

 

ـ "بەگونمەوە خۆشیان ناوێم،... بە گونمەوە!"  

Bilderesultat for utrygt kunst

گەڕان بۆ بابەت