ما 6383 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەڵام ئەو خەیاڵانە و ئەو لێکدانانەی وێنە و بیرەوەری تا چەندە دەتوانێ من بگەیەنێتە ناسینی خودی ئەو چنارەی ئیستا ئەم ئێوارەیە سەرنجی راکێشاوم؟

 

 

بۆ من وەک زۆر کەسی تر، خەیاڵ دەتوانێ دۆزینەوەی رازێکی تر بێت لە ناو شتە رئاڵییەکانی ژیاندا. واتە مرۆڤ کتوپڕ بە بەسەرکردنەوەی خەیاڵییانەی بەسەرهاتێکی رئاڵی، بە دۆزینەوەی حەقیقەتێکی تر لە رئاڵ دەگا و ئیدی لە فۆرمی گێرانەوەدا دەینوێنێتەوە. لێرەدا هەڵبەتە شەرت نیە شتەکە سەداسەد لە ناو رووداوەکەدا بووبێت، بەڵکوو ئەوە مرۆڤە کە لە رێگای خستنە لای هەندێ روداو، یاخود تێهەڵکێش کردنی چەند لایەنی، یان بەرجەستە کردنی هەندێ لە سیماکانی دروستی دەکا. واتە هەم لە رێگای هەڵبژاردنی جۆری رووداوەکانەوە و هەم لە رێگای شێوازی تێکەڵ کردنیان.

هایدگێر لە هونەر وەک هەڵگرێکی حەقیقەت و راستی دەڕوانێ. ئەوەی کە ئەو مەجالە دەڕەخسێنێ تا مرۆڤ بتوانێ بە هۆیەوە ئایدیا و تێڕوانینێک سەبارەت بە حەقیقەت و راستییەکان پەیدا بکا. لە راستیدا وەک هایدگر لەم بۆچوونەدا دەریدەبڕێ، ئامانجی هونەر دەکرێ دەربڕینی حەقیقەت و راستی بێت. بەڵام با لە سەرەخۆ بڕۆینە پێشەوە. مەبەست لە حەقیقەت و راستی لێرەدا حەقیقەت و راستی بە شێوازی تیۆری تەتبیقی لە نێوان هەست و بەرهەست واتە (عین و ذهن) دا نیە، بەڵکوو حەقیقەت و راستییەکە، کە زۆرتر رەچەڵەکێکی سۆبژکتیڤیانەی هەیە. واتە زەین بۆ خۆی حەقیقەت و راستیی خۆی دروست دەکا،... حەقیقەت و راستییەکی زەینی لە بەرگی هونەردا.

لەم شێوازەدا ئیتر زەین کاتێک بە تووش دیاردەیەکی دەرەکییەوە دەبێ، لە رێگای ئامرازە دەروونییەکانی خۆیەوە لە گەڵیا رووبەڕوو دەبێ. شتەکە تەنیا وەک خۆی خۆی دەرناخا، بەڵکوو کەسی بینەر بە زۆر شتی ترەوە دەبەستێتەوە. وەبیرهێنەرەوەیە. گرێ دراوە بە زۆر دیاردەی دەروونیی ترەوە. بۆ من کاتێک ئێوارەیەکی درەنگ وەخت بەرەو ماڵەوە دەبمەوە، بینینی چنارێکی تەنیشت خانووەکەمان کە با لێی دەدا و گەڵاکانی دێنێتە سەما و چپەیەکی درەنگ وەخت، تەنیا بریتی نیە لە دیتنی ئەو دیمەنە، بەڵکوو دیتنی زۆر شتی دیکەیە. بۆ وێنە، چناری گەڕەکەکەمان لە کاتی منداڵی، کاتێک هاوەنێک پێکای و نووسینە یادگارییەکانی نێوان ساڵانی بریندار کرد. یاخود وەبیرهێنەرەوەی ئەو ئێوارانەیە کە ساڵان جۆرێکی تر بوون، یان ئەو ناوقەدەی بۆنی میزی لێوە دەهات. من کە ئەو چنارە دەبینم، دەچمەوە بۆ ناو هەموو ئەو دیمەنانەی تر، بۆ ناو رووداوەکان. ئیتر ئەو چنارە تەنیا یەک چناری رووت نیە. رەنگە بەو سەرنجەیشەوە کە ساڵانی داهاتوو دیسان لە دیتنەوەی چنارێکی تردا بیری ئەمیش دەکەمەوە.

من نازانم چەندان ساڵ یاخود چەندە تەمەن پێویستە بۆ ئەوەی مرۆڤ بگاتە ئەم سەرنجانە. هەروەها نازانم لەو گشتە مرۆڤەی لە سەر رووی زەوی دەژین، چەندەیان خەیاڵاتێکی لەم چەشنە هەڵیاندەگرێ، من هەر ئەوەندە دەزانم کە لای من ئەم خەیاڵاتە ئەو ساڵانە دەستیان پێکرد من لە تەمەنێکی یەکجار کەمدا رووم کردە شارێکی تر و بە ساڵانی ساڵ لەوێ ژیام. لەو کاتەوە، خەیاڵ هەڵیگرتم. ئیتر شتەکانم تەنیا وەک خۆیان نەدەبینی. هەمیشە لە گەڵیان دونیایەک شت یاخود وێنەی تر دەهاتن. ئەوەندە زۆر، سەر قورس دەبوو.  

بەڵام ئەو خەیاڵانە و ئەو لێکدانانەی وێنە و بیرەوەری تا چەندە دەتوانێ من بگەیەنێتە ناسینی خودی ئەو چنارەی من ئیستا ئەم ئێوارەیە سەرنجی راکێشاوم؟

گەر من وەک نووسەرێک تەنیا باسی ئەو چنارە بە تایبەتمەندییە دەرەکییەکانییەوە بکەم، ئەوا هیچ شتێکی نوێم بەو دیمەنە ئیزافە نەکردووە کە زۆر کەسی تریش دەیبینن، بەڵام گەر من بتوانم بە هاوەنەکەی ئەو رۆژە و بۆنی میز و جیاوازیی ساڵانی پێشووەوە گرێی بدەم، دەتوانم فەزایەکی تر بخوڵقێنم. بەڵام ئایا ئەمە بە راستی دەتوانێ هیچ ناسینێک لە سەر حەقیقەت و راستیی ئەو چنارە بڵێ؟

ئەوەی لەم حاڵەتدا بەرجەستە دەبێ، بریتییە لە گرێدانی هەبوونی درەختێک بە "بوون" ەوە. درەختێک کە نە تاقی تەنیا، بەڵکوو لە گوزەر کردنی بە ناو زەینی مندا دەکەوێتە ناو دونیایەک مانای تر لە ژیانیدا. درەختەکە وەک خۆی و تەنیا لە وەسفکردنی تاقانەی خۆیدا زۆر زوو تەواو دەبێ و بە کۆتایی دەگا، بەڵام کاتێک لە رێگای دەروونیاتی منەوە دەلکێ بە دونیایەک شت و رووداوی ترەوە، ئەوا ئیتر دەبێ بە بوونێکی تر. هەر بۆیە من هەموو رۆژێک کاتێک بە تەنیشتیدا تێدەپەڕم، دەتوانم وێنایەکی تر لەو درەختە نیشان بدەم. چیرۆکی هەزار و یەک شەو.

کەواتە درەختەکە دەبێ بە بیانوویەک بۆ تێفکرین و خەیاڵکردن لە زۆر شتی تر. وە لەم خەیاڵکردن و تێفکرینانەدا من دەتوانم بە زۆر مانای تر لە ژیان و لە بوون بگەم کە درەختەکە تاقی تەنیا ناتوانێ بە منی پێشکەش بکا.

رەنگە بۆ داهاتوویش (ئیتر نە تەنیا لە بۆچوونێکی نۆستالۆژیانەدا)، من بمەوێ جارێکی تر ئەو یادگارییانەی هاوەنەکە لە ناوی بردن، لێرە لە سەر ئەم درەختە هەڵبکەنمەوە (ئەگەرچی لێرە بە مانای بریندارکردنی سروشتە و گەر پێم بزانن سزام بدەن). ئەمە دەتوانێ ببێ بە چیرۆکێکی نوێی ژیانی من: مرۆڤێک بە شەودا بە دزییەوە خەریکی هەڵکۆڵینی ئەو یادگارییانەیە جارێکیان ساڵانی ساڵ لەوە پێش هاوەنێک لە ناوی بردن.

کەواتە خەیاڵ تەنیا بۆ نووسین نیە، بەڵکوو بۆ ژیانکردنیشە بە شێوازی تر. بۆ ژیاندنەوەی ئەو حەقیقەت و راستییانەی وا نەیانهێشت حەقیقەت و راستی بن. ئەگەرچی قەت هەر هەمان نابنەوە. وە تراژیدیاکەیش رێک لێرەدایە.

وەک دەبینین روانینی هونەری دەتوانێ زۆر خێرا خۆی بە نۆستالۆژیا و تراژیدیاوە گرێ بدا. ئەو تراژیدیایەی ئەرەستو پێی وابوو ترۆپکی دەربڕینی هونەریانەیە. جا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە کە داخۆ حەقیقەت و راستی ژیان خۆی لە خۆیدا بریتی نیە لە تراژیدیا؟ رەنگە نەتوانین تەواوی حەقیقەتەکە بەمەوە گرێ بدەین، بەڵام بێگومان ئەمە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی ژیانە.

نووسین وەک واکسین کردنە، جاری وایە مرۆڤ بۆ ئەوەی لە نەخۆشییە کوشندەکان دەرباز ببێ، دەبێ بە دەستی خۆی بیانخاتە ناو لەشییەوە،... بۆ ئەوەی جەستە دژەکەی دروست بکا. هونەر ئەو ڤایرۆسەیە.    

 

 

گەڕان بۆ بابەت