ما 4292 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

هەژار کەمکەم دەکەوێتە شک و گومان. ئەو تەمەنە ناسکەی کە مناڵ باوکی وەک "سوپێرمان و پاڵەوان" دەبینێ. هەر بەم بۆنەیە حەز دەکات کە ئەو پاڵەوانە تاقی کاتەوە. لای خۆی دەڵێ: "کە واتە خەمم چیە، ئەگەر ئەو قەسابە زلە لە باوکم بترسێت، من بۆ دەبی لەخەڵک بترسم؟ لەمەو دواوە منیش پاڵەوانم، چوون باوکم پاڵەوانە. 

 

پالەوان تەختە (١)

چیرۆک بۆ منداڵان

قادر نیکپوور

ئەم چیرۆکە بەسەرهاتی کوڕێکە بە ناوی هەژار. هەژار کورێکی شیرین و لەبەر دڵانە. هەروەها زۆر وریا و بەهۆشە. هەژار کوڕی بنەماڵەیەکی فەقیرە. ئەوان لە ماڵێکی کۆن و قەدیمیدا دەژین. دیواری ماڵەکەیان ئەوەندە کۆنە بۆتە هێلانە و شوێنی حەسانەوەی باڵندەکان. بەم حاڵەش دڵیان زۆر بە ماڵەکە خۆشە. ئەوان دانیشتووی شارێکن کە جیاوازی هەیە لەگەڵ شارەکانی تر، بە جۆرێک ئاسەواری کۆنیەتی و تەمەندرێژی شارەکە زۆر لەبەر چاوە. هەروەها خاڵکی شارەکە بە گشتی یەکتر دەناسن.

دایکی هەژار ناوی خاتونە. پوور خاتون بانگی دەکەن. پوور خاتون بە رۆژ ئیشی ماڵان و شەوانە کاری درومان دەکات. ئەو لەگەڵ ئەوەی کاری جوانە، گەلێک  تەڕدەستە. ژنێکی مەند و ماقووڵ و بە مشوورە. گرینگتر لەمە زۆریش جێگای متمانەی خەڵکە.

پێوەندی هەژار و دایکی زۆر پتەوە. هەژار تا پێش چوونە قوتابخانە هەموو کاتەکانی لەگەڵ دایکی بوو. دایکی زۆرجار کۆرەکەی نەسیحەت دەکا و دەڵێ: "مرۆڤ تاکو لەشی ساغە پێویستە ئیش بکات. ئیش جەوهەری لەش و گیانە." هەژار کوڕێکی زیت و وریایە، بەڵام نازانێ مانای ئەم قسەیە چیە. بەردەوام ئەم پرسیارە دووپات دەکاتەوە، دایە مانای ئەم قسەیە چیە؟ پوور خاتون ناراستەوخۆ ئێش و ئازارەکانی خۆی بەم شێوەیە دەردەبڕێ. مەبەستی ئەوەیە کە هەژار لە مناڵی قەدری کار بزانێت، کارکردن شتێکی باشە. یانی هەژار بەدەردی باوکی گرفتار نەبێت.

باوکی هەژار ناوی حەمەیە، بەڵام بە هۆی تەنبەڵی و بێکاری خەڵک حەمە تەپلۆس بانگی دەکەن. خۆی ناوی پاڵەوانی لە خۆی ناوە، چونکە حەزی لە ناوی تەپلۆس نیە. بە پێچەوانە خۆی لەهەموو کەس بە ئازاتر و پڕکارتر دەزانێ. ئەو هیچ پاڵەوان نیە، کەسێکی تەنبەڵ و تەپلۆسە. کەسێک هەر بخوات و بخەوێ، هیچ کار نەکات، چۆن ئەتوانێ پاڵەوان بێ؟ خاڵە حەمە لە بەر بێکاری سەری لێ سوڕماوە. رۆژ بە رۆژ پشتی پانتر دەبێ، لە قسەی نەوقە و نەقاڵ کردن هیچیتر نازانێت. شەوانە تا درەنگ بەخەبەرە. ئەو کاتانەی خەڵک خەوتوون، خاڵە حەمە خەریکی قومار و چایی خواردنەوەیە.

رۆژانە تا درەنگ لە خەو دایە، پاشان دەچێتە نانەواخانە چەند نانی گەرم و ناسک لەگەڵ پەنیری خۆماڵی بە قەرز وەردەگرێت. دێتەوە ماڵ، دوو چایی شیرنی لەسەر پێدا دەکات، بە ئیشتیا جگەرەیەکی بۆ بە بادەکات، دەستێک بە سـمێڵی دادێنێ و، دەڵێ: "ئەمەیە ژیان، ئەمەیە ژیانی خۆش، کەس لەم شارە لەمن ئاسوودەتر ناژی، خۆزگە بە نەسیبی هەموو کەس بێت." کەسێک نەیناسێ و نەزانێ لای وایە کە شەو تا درەنگ کاری کردووە، بۆیە وا درەنگ لە خەو هەڵساوە. تەقەی لە سەری نایەت خەڵک چی پێدەڵێن. بە خۆی دەڵێ: "گوێ نادەم بە قسە و قسەڵۆکی خەڵک، ئەم خەڵکە بەخیل و بەرچاوتەنگن. ماڵی کەس ناخۆم، ماڵی خۆم و ژنەکەمە، بە خەڵکی چی! کاکە ژنەکەی خۆم قسە ناکات، ئێوە چ حەقتان بەسەر من هەیە؟" نازانی ژنی بەستەزمان دەروونی پڕ لە زووخاوە.

کاتێک هەژار ساوا بوو زۆرتری کاتەکانی لەگەڵ دایکی رادەبوارد. دایکی بۆ هەموو شوێنێک دەیبرد، چونکە کەس نەبوو ئامۆژگاری لێ بکات. باوکی لەماڵ بوو، بەڵام ئەو راحەتی و ئاسوودەیی خۆی بۆ کەس تێک نەدەدا. دوای ئەوەی هەژار گەورە بوو رۆیشتە قوتابخانە، دایکی دەیبرد و دەیهێناوە. پور خاتون جەرگی بە قەد کێوێک بوو کە ئەم هەموو جەور و جەفایەی لە پیاوەکەی قەبووڵ دەکرد، ئەویش تەنیا لەبەر کوڕەکەی.

بێکاری خاڵە حەمە تەنیا کێشەی سەرەکی نەبوو، ئەو کێشەی تریشی هەبوو. هەڵس و کەوتی خاڵە حەمە کاریگەڕی قوولی لە هەژار کردبوو. ئەو نە تەنیا پیاوێکی تەنبەڵ و تەپلۆس بوو، پیاوێکی فشە کەر، قسەی کەسی قەبووڵ نەبوو، نۆبە قسەی کەسی نەدەدا. تەنیا قسەی خۆی قەبووڵ بوو. پوور خاتون زۆر لەوە دەترسا کە رەفتاری ناشیرنی پیاوەکەی لە کەسایەتی کوڕەکەی رەنگ بداتەوە.

هەواڵی نزیک و خۆشەویستی هەژار کچێک بوو بە ناوی هەوار. ماڵەکانیان بەرانبەر یەکتری بوون، پەنجەرەی ژوورە خەوەکانیان باش لە یەکتریان دەڕوانی. وەک ئەوە وەستا بە تایبەتی ئەو دوو ماڵەی بەرانبەر بە یەک دروست کردبێت، بەم جیاوازییە ماڵی هەژار قەدیمیتر بوو. هەژار و هەوار زۆرتری کاتەکان پێکەوە یارییان دەکرد، هەژار خەمەکانی زۆرتر لای هەوار باس دەکرد، پێکەوە دەچوونە قوتابخانە، پێکەوە دەهاتنەوە. چەند مناڵی سەرەڕۆی گەڕەک بەخیلییان بە خۆشەویستی هەژار و هەوار دەبرد، وە لە سەر رێی قوتابخانە پێشیان پێ دەگرتن. زۆرجار رایان دەکرد، هەندێ جار هەژاریان دەگرت و بە شێوەی جورا و جۆر ئازاریان دەدا.

هەژار لە تەمەنێک دا بوو کە پێوستی زۆری بە پشتیوانی باوکی هەبوو. ئەو تەمەنەی کە کور خۆی لە باوک نزیک دەکاتەوە، وە پێوەندی باوک و کوڕ لەم تەمەنەدا زۆر گرینگە. پێوەندێکی نزیک کە ئەتوانێ بۆ هەژار جێگای متمانە و پیشتیوانی بێت. بە داخەوە هەژار لەم بوارەوە بێ بەشە. سەرەڕای ئەوە لە قوتابخانە ئازار دەدرێت، کە ئەمەش بۆتە هۆی سارد بوونەوە و بیزاری ئەو لە قوتابخانە.

ئەو رۆژانەی هەژار و هەوار پیکەوە دەچنە قوتابخانە، زۆرتر بۆ هەژار جێگای هومێدە، بەڵام ئەو رۆژانەی هەوار لە قوتابخانە نیە، بار و دۆخە یەگجار ئالۆزە. رۆژێک مناڵە لاسارەکان پێش بە هەژار دەگرن و لە ژوورێکی کۆنی قوتابخانە دەرگای لێ قفڵ دەکەن. هەژار ئەوەندە دەترسێ کە لە ترسان هاوار دەکات. هەوار کە دەزانێ هەژار لە ماڵ نیە زۆری لێ دەگەڕێت، تاکو لە نزیکی قوتابخانە بە هات و هاوار دەیدۆزیتەوە. بێچارە هەژار، ئەوەندە گریاوە کە هەموو لەشی تەڕ دەبێ. دەگەڕێتەوە ماڵ، کاتێک باوکی بەم جۆرە دەیبینێت دەست دەکات بە هات و هاوار و گوڕەگوڕ. ئەوە چیە، دیسان خۆت پیس کردووە، تاکەی بەم جۆرە دێیتەوە ماڵ؟ من لە تەمەنی تۆدا بووم هەموو مناڵانی گەڕەک و قوتابخانە لێم ئەترسان، ئەگەر ناوی پاڵەوانیان دەهێنا، دەلەرزان. نازانم ئەتۆ لە کێ دەچی؟

بە پێچەوانە، خالە حەمە خۆی بە مناڵی کەسێکی زۆر ترسنۆک بووە. ئەو خۆی بە جێی کەسێکیتر داناوە کە بە مناڵی پێکەوە چوونە قوتابخانە. خەڵک بە هۆی ئازایەتی و مەردایەتی ئەو کەسیان بە ناوی پاڵەوانیان بانگ کردووە، نەک خاڵە حەمە. ناوی خاڵە حەمە بە مناڵی پاڵەوان تەختە بووە، ئەو کەسانەی کە لە مناڵییەوە ئەویان ناسیوە دەزانن کێ پاڵەوانە، کێ پاڵەوان تەختەیە. ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی ناکۆکی پاڵەوان تەختەو (باوکی هەژار) و پاڵەوانی راستی. بەم واتایە پاڵەوان تەختە بەخیلی بە پالەوان دەبا. بەم بۆنەیە، پاڵەوانیش  واز لە دۆستایەتی خالە حەمە دێنی، بەڵام بە جۆرێک ئاگای لە هەموو شتێک هەیە.

هەژار کە هەوڵ ئەدات راستییەکە بۆ باوکی بگێڕێتەوە، باوکی قسەکەی دەبڕێت و دەڵێ: "قسە مەکە، ئیتر بەسە، شەرم دەکەم لە خۆم کە کوڕی وەک تۆم هەیە. جا کە وایە، با بۆت بگێڕمەوە کە جارێک لە جاران چ بەڵایەکەم بەسەر ئەو قەسابەی نێو کۆڵانە هێنا. لە ترسان وەک پشیلە چوو بۆ سەر دار شە و رۆژێک لەوی بوو لە ترسان نەدەهاتە خوارەوە. وە دەزانی من وەک تۆ بووم، برۆ پرسیار بکە کە من کێم و کێم پێ دەڵێن. ئەمن ناوم پاڵەوانە پاڵەوان! نەتبینم رۆژێکی تر بەم جۆرە بێیتەوە ماڵ."

هەژار کەمکەم دەکەوێتە شک و گومان. ئەو تەمەنە ناسکەی کە مناڵ باوکی وەک "سوپێرمان و پاڵەوان" دەبینێ. هەر بەم بۆنەیە حەز دەکات کە ئەو پاڵەوانە تاقی کاتەوە. لای خۆی دەڵێ: "کە واتە خەمم چیە، ئەگەر ئەو قەسابە زلە لە باوکم بترسێت، من بۆ دەبی لەخەڵک بترسم؟ لەمەو دواوە منیش پاڵەوانم، چوون باوکم پاڵەوانە. گەر باوکێکی ئاوا ئازام هەبێت، ئیتر خەمم چیە؟" هەژار دوایی تاوێک گوێدان بە فشە و گاڵتەی باوکی پشوویەکی دیتەوە بەرخۆ، نازانێ باوەڕ بکات یان نا. بەڵام لە هەمان کاتدا حەز دەکات باوکی تاقی کاتەوە. باوکی دەڵێ: "بڕۆ ئەم جڵ وبەرگانەت بگۆرە لە لای قەسابەکە کیلۆیەک گۆشت، کیلۆیەک جەرگ بە قەرز وەرگرە!"

هەژار لە خۆشی ئەم قسەیە کە بتوانی باوکی تاقی کاتەوە، وە بزانێ ئەم قسانەی باوکی دەیکا راستە یان نا، زۆر زوو خۆی دەگۆڕی، دەچێتە لای قەسابەکە. گیپەی کوڕی قەساب تەنیا لەوێ دەبێ. گیپە کوڕە تاقانەیە، ئەوەندەی گۆشت و گیپەی خورادووە وەک گیپە دیتە بەرچاو. بۆیە پێی دەڵین گیپە. لەو دەستە کوڕە لاسارانەیە کە زۆرجار هەژاری ئازار داوە. هەژار کە داخی گیپەی زۆر لە دڵی دایە، دەچێتە قەسابی، دەبینێ گیپە تەنیا لە دووکانە. بە جۆریک تفی زاری ئیشک دەبێ و دەڵێ: "کوا باوکت گیپە؟" کیپە کە دەبینێ کەسێکی وەک هەژار تاکو دوێنێ لە ترسان کۆڵان بە کۆڵان لە دەستی ئەو رای دەکرد، ئێستا هاتۆتە دووکان و دەڵی کێپە، بەر جاوی تاریک دەبێ. گیپە بە هەموو هێزی خۆی هاوار دەکات. باوکی گیپە کە لە پشتەوە سەرقاڵی کارە دێت و دەڵێ: "ئەوە چیە ئەو هاوار ودەنگە دەنگە؟"

سەیرێکی هەژار دەکات و دەڵێ: "چیە کوڕە، بۆ چی هاتوویی، چت دەوێ؟" هەژاریش بەدەنگێکی دلێرانە ئەڵێ: "هاتووم بۆ گۆشت وجەرگ بە قەرز." قەساب دەڵێ: "قەرز؟ بڕۆ بە باوکت بڵێ تاکو قەرزە کۆنەکەی نەدات، قەرزی تازەی نادمێ، ئەویش لەبەر حورمەتی دایکت." هەژار دەڵێ: "ئەوە دەچم باوکم دێنم گەر غیرەتت هەیە ئەو قسانە بە خۆی بڵێ!" قەساب کە ئەو قسەیەی گوێ لێدەبێ بە چەقۆی تایبەتی قەسابی دەکەوێتە دوایی، "داوەرە هەتیوە بزانم باوکت ئەو قسەیەی فێر کردوویی؟ داوەرە!" هەژار هەڵدێ، قەساب دەکەوێتە دوای تا ماڵەوە. هەژار کە لە ترسان هاوار دەکات، باوکی گوێی لە هاواری کورەکەی دەبێ، لە پەنجەرە سەر دێنیتە دەر، دەبێنی قەساب بە چەقۆی قەسابی کەوتۆتە دوای هەژار، لە ترسان و بە بێدەنگی دەرگا و پەنجەرە دادەخات!

درێژەی هەیە...

 Bilderesultat for feig far kunst

 

 

       

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت