ما 12706 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

ڕەنگە بچێتە زۆنگاوەوە
لەوانەیە بۆ ماوەیەک
بە قەد ماوەی داگیرساندنی جگەرەیەک وکوژاندنەوەی.
هەڵدێر ڕامان دەکێشێ

 

گەمە شاراوەکانى با (دووابەش)

نەژاد عزیز سورمێ

"ئەم  دەقانە لە ئەسڵدا بە عەرەبى  نووسراون.

نووسەر و ڕەخنەگر ( نەجات حەمید ئەحمەد)

بە پێداچوونەوەى نووسەر کردوونى بە کوردى."

 

بەشى پێنجەم  و کۆتایى

(1)

من باڵندەم لە ئاسمانی چاوتا دەفڕم .

چرپەیەکی سۆزڕێژکراو

نەورەسی نیگاکانت لە باوەش دەگرم

کە لە نێوان گومان و دڵنیاییدا سەریان سوڕماوە

چیتە؟

دەڵێی لە ئیرادە داماڵڕاوی؟

بە داخەوە تاریکی مەمکى داپۆشیوى و

لۆچیی هێرشی بۆ هێناوە

کە ڕۆژێ لە ڕۆژان دوا پەناگەم بوو.

ئەو کاتانەی تۆ لە دووڕیانێکی نادیاردا بووی

من باڵندەم

دەفڕم بە بێ ئەوەی هیچ لە زانستی فڕین و

کەشی بەرزەفڕیی و

جوگرافیای جەستەی ڕاکشاوی

ژێر ڕێژنەی بارانی خۆڵەمێشی بزانم

بۆچی خۆشەویستەکەم؟

چیت لە ڕاکردن بە دوای تراویلکەدا چنگ کەوت؟

چیت لە ژێر باڵی شێوێندراوەوە دۆزیەوە؟

کە هاتبوو خامۆشت کاتەوە؟

تۆ  کە وا نیشان دەدەی

بە سروەی حەزێکى ئەبەدیەوە

هەڵبووبی

بە داخەوە خۆشەویستم

برین قووڵە

شووشە شکاوە

ئیتر کۆناکرێتەوەو پێکەوە نانووسرێتەوە.

25102005

(2)

ئەو کۆڵانانەم هێنانە گۆ

مافیاکانی قاچاخچیەتی لەو مەزرایە فڕێیان دابوو

چەندان جار

بێهوودە دەرگای پاسەوانەکانمان کوتا

ئا ئەمەیە ڕۆژگاری نەخشێنراو بە درۆ و ڕیا و دووڕوویی

ڕۆژگاری ئەو پاشایانەی بەسەر گۆچاندا کەوتوون .

کەنارگەلێک 

تەنانەت گەمیە بچووکەکانیش

لەنگەری تێدا ناگرن

ئەم گەڕەلاوژە توندوتیژانە

لە ئاودا ڕەوانی و

لە زەنگەکان زرنگانەوە و

لە سیمای غەریبانیشدا گەشایەتی وەردەگرن

سپێدە لە کازیوەوە

ڕێگاکانیش لەسەرەتاوە دەڕوخێنن

ئەوانە داگیرکەری تازەن

خراپەکاری لە زەمیندا بڵاو دەکەنەوە

بێ ئەوەی بزانن بۆچی و بۆ کێ؟

ئیتر با سنوورێک بۆ ئەو  دڵڕەقییە دابنێین

پەنجەرەمان لە دیدە دەشارنەوە

پەناگەیەک بوون بۆ ڕامان لە هەور ... لە باران

با ئاوازی دێرینمان لێبدەینەوە

ئاوازی خۆشەویستی و دەرکەوتن و درەوشانەوە.

15112005

 

(3)

مانگ لە ڕیزی ئەستێرە خەواڵوەکاندا

باهۆزی دڵەڕاوکێ خلۆری دەکاتەوە

لێ داخ

ورشەى مانگ

لە زۆنگاوەکەدا هەڵبەزو دابەزیەتی

من هەڵنایێم

دەرگاو پەنجەرەکانیشم داناخەم

شەڕەکان بوون شادیان تیرۆر کرد

تاکو خۆڵەمێش دەربخەن

دان و ڕەگ بە ڕووتی

بەسەر پاڵتۆی کۆنبوومدا تێدەپەڕن

هەندێک جار پاساو بە پێچەوانەوەی خەمەکانم دێنمەوە و

ڕێگا بە پێچ و گەوەکان دەگرمە بەر

هەندێ جاریش

سەر بە گاشە بەردێکدا دەکێشم

تا ئەو شتانەی تێیدایە بزرنگێنەوە

کە بە ناشوێن و ناکات دەچن

هەندێ جار دەبریسکێمەوە

ئاخرمنیش

زۆنگاو بۆ خۆیم ڕادەکێشێ

کە مانگ بە تریفەی تێیدا

هەڵبەز و دابەزیەتی

ژنێک

ڕەنگە بچێتە زۆنگاوەوە

لەوانەیە بۆ ماوەیەک

بە قەد ماوەی داگیرساندنی جگەرەیەک وکوژاندنەوەی

هەڵدێر ڕامان دەکێشێ

ئێمەش بەداخەوە سەرمان سڕماوە

هەستایەتیمان جێ ناهێڵین

تاریکستانیش بەرەو نادیارمان دەبات

داخۆ پاش هەڵوەرینی دەمامکەکان چیتر ...؟

ئایا بۆمان هەیە

بڵێین (( ئێمە بە هیواوە حوکم دراوین؟ )) ..

2412006

 

(4)

ها نەژاد خەریکی چیت

لەگەڵ هەموو ئەو ئەگەرانەی

جێی بەزەیی پێدا هاتنەوەن و بازاڕیان تەنیوە؟

چی لەگەڵ مانگی سارد و سڕدا دەکەی؟

لەو شەوانەی شنەبا هەڵدەکەن

کە لە ئازارەکانی ڕۆژگارەوە هاتوون؟

هەزار بە هەزاری مەمکان

لە رۆژگاری ڕق و کینەدا

لە خڕۆکەی نوور دەچوون

چی لەگەڵ valentinدا دەکەی

هەژموونی سواڵکەرە پۆستمۆدێرنەکان

کە تێڕوانینە خامۆشەکانیان دەخەنە ڕوو

وێنەی شمشێری دارین

بەدوای لوتکە و بەفرەوەن ..

ها نەژاد !

چی لەگەڵ مانگی ساردو سڕ و

بۆرەپیاوە سەرخۆشەکان دەکەی

کە لە هەڵایساندا پێک ناگەن و

بەخۆڵەمێشی بۆگەنیان

خۆشەویستی قینڕێژ دەکەن؟

چ دەکەی نەژاد ؟

لەگەڵ ڕۆژگاری سپڵە

کە بووەتە جێی پوچیی و

زەڵکاوی ئەستێرە خەمبارەکان؟

چیان لەگەلڕ دەکەی نەژاد... برالە؟!

1422006

 

(5)

دەشێ ئەم بانیژەیە

بانیژەی مالئاوایی بێ

یاخود دەست ڕاوەشاندنی خواحافیزی

بەسەر بانیژەکەوە ..

بە بێدەنگیی خۆمان هەڵمان ناو

بە شنەی با نەخشاندمان

کە چەندێکمان لە ڕەنگی سپێدەوە دزی و

هەندێکی دیش لە چرپەی شەوگار ..

زۆرجار بە وڕێنەیەک دەچوو

کەس لای لێ نەکردەوە

سۆزێک لە سنگەوە دەردەچێ

وەفای تێچووە

ئەو بوونەوەرە نامۆیە

یا گوڵێک لە جیاتی چرا

لە وێستگەی خەمباران هەڵیدەواسم ..

قەت ڕۆژێک ڕوانینی ڕێبوارانم

بەلاوە گرنگ نەبووە ..

ئەوە وەسوەسەی من بووە ..

وەسوەسەی مرۆڤێک ،

بۆ وەجد و نوور ژیاوە و دەژی ..

بەم جۆرە بانیژەکەم جێ دێڵم و

پەردە دادەدەمەوە ..

مانگ و ئەستێرانیش

بۆ ئەوانە بە جێدێڵم

گۆرانییان بۆ دەڵێن ...

2162006

 

 Image result for vind kunst

گەڕان بۆ بابەت