ما 7844 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

ئا  ئا تەرمێک
بەناو ئاپۆرەى شار تێدەپەڕێ
بەڵام هەر بە گۆڕستان ناگات
پاشان قەلەڕەشێکى بەبادارى ئیفلیجبوو
بەرەو دەم ئاوێکى وەستاوى گەنیو
بە گریانەوە باڵە شەکێیەتى
نەکا دوابکەوێت

 

دوای هێرشى داڵە کەرخۆرەکان

سەباح ڕەنجدەر

بۆ جەمال غەمبار

1

باوکە شیعر

من کوڕە فڕێدراوەکەى ناو بیرم

برا بێ شکۆیەکانم چەشنى گورگى دەشتودەر

لووراندیان و سەرى بیریان لەسەر داخستم

تفەنگیان پڕ گوللە

دەمیشیان دارماڵ لە دەمهەڵبەست

ئەستێرە

ئا  ئا ئەستێرەى پێرووم لەبنى بیرەوە لێ هەڵهات

بای بە لوورەى  ناوچەوان گرژ و ترشاو

تەوەزەل و

و

و

و

زەبەلاح 

دەم و لێو ژەنگاوی           

مردۆخ  

لەوەتەی چاوی ڕەشکەوپێشکە دەکات و تارمایى دەهێنێتە پاش و پێش

لەسەر زەویی نەرمونیان هەڕەشە دەکات

تەماشاى پێى دەکات جێگاپێی نییە

تەماشای دەستی دەکات ستوونی چەترێکى ڕانەگرتووە

تەماشای دەمی دەکات پەندێکی باش بەکارنەهێناوە

تەماشای ناوچەوانی دەکات

قومرییەک پووشی لەسەر دانەناوە

ئاخێکى دوورودرێژى هەڵکێشا و خۆی پێچایەوە و هەڵات

بەو نیازەی خۆی دابڕێژێتەوە

دیارە با شکۆمەند نییە    

لەسەر لێوارى شۆستە دانیشتووم

سەیرى کەژاوەى تەرمێک دەکەم

تەرمێک

ئا  ئا تەرمێک

بەناو ئاپۆرەى شار تێدەپەڕێ

بەڵام هەر بە گۆڕستان ناگات

پاشان قەلەڕەشێکى بەبادارى ئیفلیجبوو

بەرەو دەم ئاوێکى وەستاوى گەنیو

بە گریانەوە باڵە شەکێیەتى

نەکا دوابکەوێت

پاش ئەوەى شاعیرە پاشخاپەرەک و ڕکپەروەر و دووپشکە خوودار و دەمامک ڕەنگاوڕەنگەکان

گۆشتى شیعرەکانیان خواردم و بەسەر دەستەسڕى منداڵێکى باخچەى ساوایاندا ڕشانەوە

سەمەندەر

ئا  ئا سەمەندەر

لە دەمارەکانى هەستمەوە بڵندبووەوە

ڕووناکى بۆ هەردوو چاوم هێنا و پەنجەرە و ژوورمى

لەخەو هەستاند و سندووقى سێبوورى لەناو باخچەى دانام و سەری لادا

ئەى شیعر ئەى ناوى خۆم

پەروەردەت کردم چۆن ببمە کوڕە گەورەى بنەماڵەت

بۆ خوانى                

ئاو

ئاگر

با

خۆڵ

داوەت کراوم

گۆرانیم گوت و بەناخى خۆم گەیشتم

بە ناخى خۆم بگەم بە  

تەورات

ئینجیل

قورئان

دەگەم

 

       2

مار ددانى لە کلکییەوەیە

گورگ برادەرایەتى لە کلکیدایە

ڕێوى هێزى لە کلکى کۆکردووەتەوە و چاوى هەڕەشەى ڕووناکە

سیخوڕ کەوانى لە کلکییەوە دەکێشێت

ئاى گوڵەستێرەى بەخشندە دژت چەند زۆرن

کە ڕووناکیت دەڕژێتە سەر زەوى

دژەکان قەڵەمى دەست و پێیان دەشکێ و خاوخاو

دەچنە ناو تۆڕى چاو داخستنەوە

ئاسۆ گەرم دادێ و باڵندە تێیدا باڵیان بە هەموو شت دەزانن

باڵندە لە فڕینیدا ناوى خۆشەویستانى

لە دەم دەڕژێ و دەبێتە گوڵەستێرە 

ئێمە هەموومان پێکەوە

بێ پەروا بۆنى ئەو ڕووناکییە هەڵدەمژین کە بەخشندەیە

بەخشندە پەروایى دەبەخشێت و بێ پەروا دەچینە ناو ڕێگا

دەنگى باڵندەى تاک و جووت

بەشێوەى  مۆسیقایەکى ئاسمانى بەسەر ژاوەژاودا زاڵ دەبێ

بە هێمنى دێتە ژوورەوە

درەخت لە ڕەگ پەیدادەبێ

پاشانیش ڕەگ وزەى خۆر لە درەخت وەردەگرێتەوە

جارێکى تر وشەى بە جۆشى ئاوازێکى دێرین بەدى دەکرێت  

         3

چاکەیەکى زۆرى شاعیرە

چاوهەڵاوگێڕ و

و

و

ە کانم لەسەرە

دڵڕەش  

بەدگۆ    

دەروونکلۆر       

بەوەى زۆر گێچەڵیان پێکردووم

لە گێچەڵیانەوە فێربووم بە ئەمەک و نمەکى خدرى زیندە بیر بکەمەوە

 دڵ ببینم پێى لێنەنێم

لەو پەڕى سادەییشدا بێباک بژیم

ئەوەى لە دڵمە نەیشارمەوە

ئاڵاى سرووش و هەناسەى سییەکانى سروشت بم

بە بایەخەوە لە سێبەرى ژێ دانیشم

تا ئاواز و مەقامەکان بناسم و بیانڵێم

ڕووناکى گۆرانى لە دڵمەوە دێتە ناو دەمم

ڕووناکى ناو دڵم دەپارێزم

ڕۆحم لە دووتوێى خوناو و هەتاودا

بچێتە سەر قوفڵى گۆزەى مەیی ئەشق و بڕسکێت

ئەرێ خوناو بۆ سەرەتا ناوکى دەبێتە هەڵم

هەتاویش بەرزی دەکاتەوە بۆ هەوارى سرووش و هەناسەى سروشت

تا گوڵاوى دەستنووس پێشکێش بە گوڵى فریاکەوتن بکات

لە ئەفسوونى وشەى  گلەیى و گەڕى گەردووندا هیچم نەدۆزییەوە

لە کتێبى حەزدەکەم ئەوەندە بژیم چاوم دۆزییەوە

چاوى ئاسمان و فەرمانڕەواکانى و بەهرە و سرووش

لە ناوچەوانى خۆمدا چاندم

چاو چراى سەرى مرۆڤە

چاوى سەرەتاى نووسین و لەسەرەتادا وشە هەبوو

ئەرێ گوڵى سوور لە چاوەڕوانى چیدا

جلى خۆى دەگۆڕێ و زەین و زەمینى ڕۆشنە

خۆى بە هەموومان دەناسێنێت

           4          

ناقۆڵاترین پیلانگێڕ و وەیشوومە لەچاو

مامۆستا چاویلکە ڕەنگاوڕەنگەکەى مێژووە

چێژى لە ژیانى دەرباریى بینى

تاڕادەى شاگەشکەیى ڕێزلێگیراو

دەست گەرم و سێبەر چەور

تادوا ڕادەى سەرکزى کاسەی سواڵ

بیر لێ وەرگیراوە و خوێن لە دەمار بەتاڵکراو

تیرۆگ بەسەر قوڕ و لیتە دادەهێنێت

بە ڕخسارێکى مۆن و بێ هەست وەک پەتاتەى مردوو نا دەخاتە جێگاى ئا

قەلەڕەشێک و قومرییەک نوستوون

مانگ لە یەکشەوەییدا تەماشاى باڵ و دەنووکى هەردووکیان دەکات

لە هێلانەى کامەیاندا نەوە و نەوەزا

چاو و باڵیان کز دەبێت   

یان دادەگیرسێن و دەدرەوشێنەوە

خۆشى لە گرشەگرشى یەکشەوەییدا دەمێنێتەوە

دەست لە سینگى ڕووت و نەرمى ئاودەدات

تۆش هەر لە پیشەکەى خۆت بمێنەرەوە

شووشەى چاویلکەت دەبێتە دێوجامە

دیکتاتۆر دەتوانن هێڵکارى بکێشن و باش بەکارى بهێنن     

پاش ئەو هەموو ئا و نا و چاولەبەرپێییە

قەل گۆڕت بۆ لێدەدەن و بیریش لە یەکەم ناشتن دەکەنەوە

               

            5

شیعر هەى نان و ئاوم تۆ لە خۆڕسکى

بوویت بە براى خوێنى و شیریم و لە دەرگا و پەنجەرەوە هاتیت

دەستى بڕواهێنانت لە خوێن و شیرمدا ڕواند

ئێسکى دەستمت بۆ ناو دەستى خۆت گواستەوە

دەستى خدرى زیندە ئێسکى تێدا نییە

شاعیرە پاشخاپەرۆک و ڕکپەروەر و دووپشکە خوودار و دەمامک ڕەنگاوڕەنگەکان 

چزووى شپرزەیییان بەکارهێنا و ڕقى ئێسک تواندنەوەیان هەڵڕشت

ئاشق بە کوڵ و دڵ لە شەڕى ڕەوای خۆ لەگەڵ خۆدا

ڕەنگى مەشقى دیارى دەکات

دڵى بە پەڕ و باڵى من 

گۆرانیبێژێکى لە دوو سەدە ڕسکاو و ژیاوە

دەفڕێت بەسەر ڕووبارى ڕەوان و دەشتى ڕاز

دەنگخۆشی و ناوکى سێوە لە بیرەوەریى زەوى            

ئەى ئەستێ و بەردم شیعر

من ئەلف و بێى بوون و نەبوونم

خوداوەند دێڕەکانم لە ناوچەوانى بەرد هەڵدەکۆڵێت

هەڵمى شێلانى قوڕى ئادەم دەست و پەنجەمى

گەرم کردووە و ڕۆحى بوون و نەبوون لە ناخمدا دەسووتێت

شاعیرە پاشخاپەرۆک و ڕکپەروەر و دووپشکە خوودار و دەماک ڕەنگاوڕەنگەکان

پێیان لە خۆڵەمێشى سووتانم سڕدەبێ و مێروولە دەکات

لە ئاوێنەیەکى ڕەشدا دەمێننەوە

دەبنە قەوزەى ناوچەوانى جانەوەرێکى نەگریس

پەیامێکم بەرپا کرد

ڕازى وردبوونەوە لە دڵى خۆم و پەرجووى ڕێنیشاندان

ئاهى مەستى تەنیاییمی لەسەر کۆبووەتەوە

خودا شیعرى لە برى هەموو شتێک پێ بەخشیم

سوپاس بۆ بەشە دڵباشەکەى خۆم

سەرم هەڵبڕى و ناوچەوانم کردەوە

لە شکۆیەوە جامم قەت قەت بەتاڵ نابێت

ئەى شکۆى دڵى ڕوونى سەد و بیست و چوار هەزار پێغەمبەر

خودى خۆم بینی نیوە ڕێگا

ئێوەم بینى شکۆى شیعربوون و گڕوتان نەدەگرت

شاعیرە پاشخاپەرۆک و ڕکپەروەر و دووپشکە خوودار و دەمامک ڕەنگاوڕەنگەکانیش لنگ بە گوو

دوو پەنجەرە لەسەر دوو کونە کەپووم دادەنێنم

بۆ ئەوى بۆن لەخۆم لادەم

          6                                       

بەهرە و سرووش و یەکەم تەزوو

بە هاوکارى ئێوەوە لە سەرزەمین ماومەتەوە

من و شیعر         

بەهرە و سرووش و یەکەم تەزووى 

ئەفسوون و

ئەفسانە و

غەزەل   و

ئەزەل   ین

دەست و دڵى دەریا و  ئاسمان

دەکەینە یەک و گۆزەى مەیی ئەشق لەبەر تینى گەرما

دەگوازینەوە بەر سێبەرى ئەو درەختەى لە چڵەپۆپەى هاوار دەکات

کاتێک ڕەشنووسى شیعرێک

دەدڕێنم و بە دیاریەوە سۆزێک دەکەم

سۆزى بۆنى خۆشى مەیى ئەشق

دڵم دەلەرزێ و زمانم دەگەزم

ویستمە دوور لە دەروون خراپان

لە بەهرە و سرووش و یەکەم تەزووى شیعردا

سەر بنێم بە ڕوومەتى گەرمى ژیان و مردن و زیندووبوونەوە

دەست و دڵم پڕن لە

شانەى هەنگوین و

و

و

هەورى پڕ باران

خەڵوەتى پێشهات

خوداوەندیى        

یاران چوومەتە ناو گفتوگۆى بێدەنگییەوە

دەریا و ئاسمان لە دڵنیابوونى ئەو گفتوگۆیەدا

خۆشەویستییان بە بیر دێتەوە و بیر دەهێننەوە

پێزانین و دەست لە سەر سینگ و دڵ

بۆ باڵندەى خۆشبێژى شیعر

دەزانێت بۆچى بەرز دەبێتەوە

بۆچیش دەنیشێتەوە

لێوى گەش و سوورى گۆزەی مەیی ئەشق

شەرمنترین لک و باڵە

بۆ ئەوەى بچیتە ناو مێژوو

جێگا باڵت لە ناوچەوانى جێ بمێنێت

هیچ شتێک لە لک و باڵ باشتر نییە

دەستى لەسەر دابنێ

هەست بە گەورەبوونى ئاسمان دەکەیت

ئاوازەکانى بۆ دڵ گەرمایین

ویستم باڵندەیەک ڕاوبکەم

باڵەکانى بۆ بەرزبوونەوە بڵند کردبووەوە

ئەى هاوخوێنەکەم بە ئاسمانەوەبوون

لەسەر باڵەکانت هەتاو هەیە

لە ژێریشى

ئەفسوون و

ئەفسانە و

غەزەل و

ئەزەل  

ئەم لایەى بەهەشت هى منە

لاى شیعر و بەهرە و سرووش و یەکەم تەزوو

لە بەهەشتدا قووڵترین تاسەم پاراو دەبێت

بیرى سەر ئەو زەمینە ناکەم

شاعیرە پاشخاپەرۆک و ڕکپەروەر و دووپشکە خوودار و دەمامک ڕەنگاوڕەنگەکان

نەیانهێشت

تاوێک لەسەرى پشووێک بدەم و بچمە ناو گۆرانى هۆگریمەوە

دەست لە خەمى چەند ساڵە هەڵگرم 

دڵشکاویشبم دڵم لە بری خوێن

بەهرە    و

سرووش             و

شیعرى لێ دەتکێ

شیعر ئەو بزە ڕوون ڕسکاوەیە لە باڵى بازى کێوانەوە

بەسەر گۆنا و لێوى 

بەهرە و سرووش و یەکەم تەزوو بڵاوبووەتەوە

تامەزرۆتین

لە قوڕى ئادەم و گۆشەى پەرستگا و جامى نهێنییەوە تامەزرۆتین

بازى کێوان زوو زانى

لە سەرەتادا وشە و بەهرە و سرووش و شیعر هەبوو

لە حەوشە و بانى وشەدا دڵڕوون نووست

دڵڕوونیش تێرخەو بوو

ڕژایە ناو باخى دێرینى ژیان و مردن و زیندووبوونەوە

شاعیرە پاشخاپەرۆک و ڕکپەروەر و دووپشکە خوودار و دەمامک ڕەنگاوڕەنگەکانیش

لە منداڵدانى تەپوتۆز و گیرخواردن و جەنگى

خێڵ و خێڵ و خوێنداریدا لەدایک بوونە     

منیش لە ڕۆنى ڕووەک و گەنجینەى

ئەفسوون            و

 ئەفسانە و

 غەزەل و

 ئەزەل              

شەرم لە مێژووى لەسەرەتادا وشە و بەهرە و سرووش و یەکەم تەزوو دەکەم

ئاى زەمینى دەست و دڵڕوون

نامەردى زۆر و ناقۆڵات لەسەر دەژین و ددانیان لە قوونیان هاتووە

زمانیشیان وەک کلکى چەقەڵى پێ سووتاو لە ددانیان دەرهاتووە

بەشە دڵباشەکەى خۆم شیعر

ماندووت کردووم و ماندووبوون تا لێوارى مردنی بردووم

لێوارى شکۆ و ئاوێنە ڕوونبوون

بەو هیوایەم من بکوژیت و تۆش

گۆزەى مەیى ئەشق لەبەر تینى گەرما بگوازیتەوە بەر سێبەرى ئەو درەختەى لە چڵەپۆپەى هاوار دەکات

سکاڵایەک بۆ تۆ ئەى شیعر

ئاى چیت بەسەر ژیانم داهێنا 

                 7

ویستمە ڕوومەتم لەسەر شانەى هەنارێک دانێم

مردنێکى سپى بمرم و نابیناکان سۆمایان بۆ بگەڕێتەوە

مردنى سپى دوا قۆناغى گەیشتنى مێروولەى بارگرانە

خۆ من بەڕێوەم و چوارلام ئاوێنەیە

مانگ بە لێوى بە باریەوە

دادەبەزێتە ناو ئاوێنە و پۆپیتەى کەڵەباب و بەهەشتى نەمریی 

بە چوار لادا سەما و پاسەوانى دەکات

هێماکانى هاتوچۆى چوارڕیانى شاریش تەپڵى وەفا لێ دەدەن

کە زەنگى 16ى 3 لێدەدا

هەموومان لە       

ماڵ       و

و

و                   دادەوەستین

کۆڵان   

شەقام    

ناوەندى شار       

چاوى ئاسمان لە چاوى کەسمان ناچێت

خەمێک لە چاوى یەکتردا دەگوازینەوە و بڵاودەبینەوە

کۆترێکى تاسەدار لەسەر میلى 11 و 35 خولەک ملى درێژکردووەتەوە

چاوى لە چاوى هەموومان دەچێت و لە هیچ شتێکیش پەشیمان نەبووەتەوە

ماسییەک لە قووڵاییدا ڕادەچەنێت و چاوى لەسەر وشکایى و ئاودا

ئەملا و ئەولا دەکات

قاز و قورینگى کێویش لە بەرزاییەکانەوە

بۆ یارى باڵ لە ئاودان دادەبەزن          

ئەوپەڕى هەست و ختووکەى شکۆ بەسەر ڕووى ئاوەوەیە

مێروولەی ژێر زەویش سەردەکەوێتەوە و دەڵێت

باى دڵبەر مەترسیدارە 

 

 

               8

دیکتاتۆر چاوى لە مس و کەلاشووشە داڕێژراوە

چاوى شاعیرى

چاوهەڵاوگێڕ       و

و

و

یش

دڵڕەش  

بەدگۆ    

دەروونکلۆر       

لە بەردى لامردە و ڤایرۆس و مەقەس

چاوى ڕوون حەز بە خۆشبەختیى بیندراو دەکات

دڵبەرە دڵباشەکەى دەدۆزێتەوە و  شتێک وەک

ئەستێرەى کاکێشان دەردەکەوێت

هەنگاو بۆ ناو پەرستگات دەنێت و هەنگاوى پشوو پێدەدا

لە چاوى دوژمنەکەت ورد ببیتەوە

ئومێدێک دەبینى خۆتى

خۆرى سبەینان لە قۆزاخەى ناوچەوانت دەخەمڵێ

پاشان لە دڵخۆشییەکدا دەپشکوێت

تەنیا هاتین و تەنیاش دەڕۆین

نێوانیان ناسینى داوەکانى سەر ڕێگا و بۆیاخى شووشەى پەنجەرە

                ناونیشانەکان

1 شیعر ئەى ناوى خۆم

2 بێ پەروایى گوڵەستێرە

3 پێشبینیى زمان

4 مانەوەى مانگ لە یەکشەوەییدا

5 ژیان لە دوو سەدە

6 گۆرانییەک لە سرووشەوە ڕسکا

7 بەهەشتى پاراو کێ لە ماڵە

8 داڕشتنى چاو

 

 Image result for ‫کرکس‬‎

گەڕان بۆ بابەت