ما 1057 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

مریشکە قوڵە زۆر بچووک دەبێ کە مام شەماڵ لە ژێر چەنگی چەند سەگی هار و برسی رزگاری دەکات. رۆژێک لە کاتی گەڕانەوە لە کار دەبێنێ چەند سەگی هار و برسی کەوتوونەتە دوایی مرێشکە قولە و خوشک و براکانی. ئەوان کە لەو ئازاتر دەبن خۆیان رزگار دەکەن، بەڵام مریشکە قوڵە لەبەر قاچ کورتی خۆی بۆ رزگار نابێت. 

 

مریشکە قوڵە و هێلکە زێڕ (١)

قادر نیکپوور

مام شەماڵ تازە لە ئیش گەڕاوەتەوە. حەفتەیەک رۆژکارە، حەفتەیەک شەوکار. دەگاتەوە ماڵ، لەبەر دەرکی هەیوانەکە بانگی پوور شەمێ دەکا و دەڵێ: شەمێ، شەمێ، چایەکەت سازە؟ پوور شەمێ هەمیشە پێش هاتنەوەی مام شەماڵ خواردن و چایی ئامادەیە، بەڵام مام شەماڵ دڵی بەم قسەیە خۆشە کە ناوی شەمێ دێنێ. تاوێکی خۆش لە وڵات گەراوە. جریوە جریوی چۆلەکە و باڵندەکان هەوایەکی تایبەتی بە مرۆڤ بەخشیوە. مرۆڤ حەز دەکا لەو کاتە خۆشەدا، لە دەرەوە چایەکی بە ئیشتیا بۆ بخواتەوە، ئەویش چایی سەر لە بەیانی.  

تاکو مام شەماڵ جل و بەرگەکانی دەگۆڕێ، پوور شەمێ بەر دەرگای هەیوانەکە خاوێن دەکاتەوە. مریشکە قوڵە دەبێنێ پوور شەمێ خەریکی گەسگ لێدانە. خۆیەکی نیشان ئەدات و ون دەبێ. مریشکە قوڵە تاقە دڵخۆشی مام شەماڵ و پوور شەمێیە. ئەوان منداڵیان نیە، بۆیە مریشکە قوڵەیان زۆر خۆش دەوێ و، زۆریش ناز نازی باریان هێناوە. هەر بۆیە زۆرجار لە خۆ بایی دەبێ، خۆ لە مریشکەکانی گەڕەک بە زلتر و زۆرتر دەزانێ. لە حەق دەرنەچین هێلکە کەری چاکە، لە چاو قەد و قەڵافەتی هێلکەکانی گەورەن. بەڵام لە خۆبایی بوونەکەی بێ سوودە. هەر ئەوەش تووشی گێرە و کێشەی دەکات.

مریشکە قوڵە زۆر بچووک دەبێ کە مام شەماڵ لە ژێر چەنگی چەند سەگی هار و برسی رزگاری دەکات. رۆژێک لە کاتی گەڕانەوە لە کار دەبێنێ چەند سەگی هار و برسی کەوتوونەتە دوایی مرێشکە قولە و خوشک و براکانی. ئەوان کە لەو ئازاتر دەبن خۆیان رزگار دەکەن، بەڵام مریشکە قوڵە لەبەر قاچ کورتی خۆی بۆ رزگار نابێت. مام شەماڵ ئەو نێوەی لەسەر داناوە چونکە قاچەکانی لە مریشکی دیکە زۆر کورت ترن. خۆی حەزی لەو ناوە نیە، بەڵام چاکەی مام شەماڵی لەچاو دایەو هیچ ناڵێ.

مام شەماڵ و پوور شەمێ خەریکە چایی خوارنەوەن. مریشکە قوڵە دێت و دەچێ، لەگەڵ خۆی قسان دەکات و پرتە پرتی دێت. پوور شەمێ دوو هێلکان لە رۆنی داکات ودەیخۆن. مام شەماڵ دەڵێ: ئەرێ شەمێ دەڵێی ئەو هێلکانە تامی جارانیان نەماوە؟ وا بزانم جاران خۆشتر بوون. پوور شەمێ دەڵی: جا پیاوەکە چت لێ وەشێرم. مریشکە قوڵە دەمێکە پرتە پرتیەتی، دەڵەی بە بەشی خۆی رازی نیە. هەر شتێک ئاوا بە مەینەت و بە زۆری بێت، لەوە باشتر نابێ. تازە مریشک کە بە خەم و خەفەت هێلکە بکات، هێلکەکانی تامیان دەگۆڕدرێت.

ماوەیەکە فێر بووە، هێلکەکانی یان دەشارێتەوە، یان دەیانشکێنێ. رۆژێک دەردە دڵی بۆ مریشکە رەشی جیرانمان دەکرد و دەیوت کە حەزی زۆر لە "هێلکەی زێڕە". هەروەها دەیوت: "هەر شتێک هەوڵی بۆ بدەی پێی دەگەی". مام شەماڵ، نەمزانی ئەو فرتۆڵە قسەی ئاوا زل دەزانێ. هیوادارم بەم قسانە سەری خۆی بە فەتەڕات نەدات. جا کێ زەرەر دەکا، هەر بۆخۆی. ئەو کە بە بەشی خۆی رازی نیە، کەیفی خۆیەتی.

***

مریشکە قوڵە گوێی لە قسەکانی مام شەماڵ و پوور شەمێ دەبێ. ئەو گوێی بە قسەی کەس نابزوێت. لە دەرفەتێک دەگەڕێ تاکو ون بێت و، بگەڕێ بەدوایی هێلکەی زێڕ. ئەوە تەنیا ئاواتی ئەوە.

خەریکی ئەو قسانەیە دەبینێ وڵات بێدەنگە. سەیرێکی ژوورەوە دەکات دەبینێ کەس دیار نیە. له‌ حه‌وشه‌ی ماڵ هات و چۆ دەکا. لەگەڵ خۆی خەریکی قسە و پرتە پرتە. بە دەنگی بەرز دەلێ، قود قود قود...، قود قود قود...

تەگبیر چیە؟ چی بکه‌م بۆ هێلکه‌ی زێڕ؟

هێلکه‌کانم هه‌موو ساڵێ له‌ یه‌کتری ده‌چن، بۆیە بێزارم. زۆر حه‌زم دەکەم هێلکەی من تایبەتی بێت! هێلکەی زێر، لەوە باشتر نابێت.

ده‌بێ هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کان بزانن من تایبه‌تیم! ئەوجار دەبم بە پاشای مریشکان، هەموو خەڵک باسم دەکەن. بە مریشکە زێڕە بانگم دکەن.

لەو قسانە دایە، که‌ڵه‌شێر دەخوێنێ. قوووقلی قووو قووووووو ....

مریشک گوێی له‌ده‌نگی که‌ڵه‌شێر دەبێ. تۆزێک بیر دەکاتەوە، دەڵێ: تەگبیر لەوە باشتر نابێ. با بڕۆم بۆ لای که‌ڵه‌شێر تا کەس دیار نیە. که‌س له‌م ناوچه‌یه‌ له‌و شاره‌زاتر نیه. ئەو پیرە، شت زۆر دەزانی‌!

به‌ڵێ، دەچێتە لای که‌ڵه‌شێر.

که‌ڵه‌شیر له‌ دووره‌وه‌ مریشک دەبینێ. خێرا گۆچانه‌که‌ی قایم دەکات. دەستێک بە سەری دادێنێ. خۆی قیت و قۆز  نیشاندەدا. دووبارە، سه‌رله‌نوێ دەست دەکا بە خوێندن. قوووقلی قووو قووووووو ....

مریشک چاوی به‌ که‌ڵه‌شێر دەکەوێ، دەڵێ: رۆژباش، که‌ڵه‌بابی به‌ را و ته‌گبیر!

هاوڕێی دێرین و نزیکی باوکم.

تۆم قەت ناچێت له‌ بیر!

که‌ڵه‌باب دەڵێ: رۆژ باش مریشکی جوان و نازه‌نین!

وه‌ک باوکی ره‌حمه‌تیت، ده‌م به‌ پێکه‌نین!

بێژه‌ بزانم، هاتنت خێره‌؟

بۆچی هاتووی ئەتۆ بۆ ئێرە؟

مریشک دەڵێ: چت لێ وه‌شێرم مامە کەڵەباب.

راستت دەوێ، هاتووم بۆ ته‌گبیر.

له‌تۆم زیاتر که‌سم نه‌هاتە بیر.

کەڵەباب دەڵێ: داوات ڵێ دکەم، پێم مەڵێ مامە!

بفەرموو لاوە!

مامە کۆن بووە، دەوری نەماوە.

خەتای من نیە، دنیا گۆڕاوە.

 

درێژەی هەیە...

 

 Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت