ما 4367 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بۆ خوشک و برا نا؟
لە ئەدەبییاتی کوردیدا، لە بەشی چیرۆک و رۆمان، باسکردن لە باوک، دایک، باوەگەورە و دایەگەورە زۆر باوە. نووسەران یەکجار حەزیان بە بەکارهێنانی ئەوانە وەک کەسایەتی ناو بەرهەمەکانیان.
 
بەڵام هەر بەو رادەیە ئێمە وشەکانی 'خوشک و برا' نابیستینەوە. بۆ؟
 
رەنگە هۆکارەکان ئەمانە بن:
ـ دایک، باوک، باوەگەورە و دایەگەورە لە تەم و مژێکی نەناسراو و ئەفسانەیی بە دەوری خۆیاندا بەهرەمەندن،
ـ سۆزی ئێمە بۆ ئەوان زیاترە،
ـ ئەوان خاوەن ئەزموونی پترن لانیکەم بە هۆی تەمەنیانەوە، ئەو ئەزمونەی نووسەر حەزدەکا بە بیانوی نووسین بەسەریبکاتەوە، یاخود هەوڵی دۆزینەوەی بداتەوە،
ـ وەک نەوەی پێش ئێمە، بۆ ئێمە نەناسراوترن،
ـ هەستی بەزەییمان بۆیان بەهێزترە، وە چونکا هەست دەوری سەرەکی لە دەقی ئەدەبیدا دەبینێ، کەواتە سەرنجمان زیاتر بۆی رادەکێشرێ،
ـ بەڵام رەنگە لە هەمووی گرینگتر دەنگدانەوەی وتنی وشەکانی دایک، باوک، دایەگەورە و باوەگەورەیە لە زمانی کوردیدا لە چاو وشەکان خوشک و برا. بۆ روونکردنەوەی زیاتر با گوێ بدەینە ئەم رستانە:
 
ـ "دایکم دەیویست بە فرمێسک دونیا دەستەمۆ بکا."
ـ "باوکم لە رەگەزی درەخت بوو، رەگی لە ناو زەوی رەق و سەری لەناو بای بۆشدا."
ـ "باوەگەورە دمنەکەی لە ژیانی پیری خۆشتر دەویست!"
ـ "دایەگەورە لەمێژبوو رقی لە ئاوێنە بوو، لەو ساڵەوە مەمکی چرچی تێکەوت."
سەبارەت بە خوشک و برا:
ـ "خوشکەکەم (یان خوشکم) وەک ئێمە جیرەی نەبوو،... پێیان نەدەدا."
ـ "براکەم کە شەوان دەهاتەوە، بۆنی گاڵتەی هاوڕێکانی دەدا."
 
گوێ لە ئاوازی 'خوشکەکەم' یان 'براکەم' بگرن لەچاو وشەکانی 'دایکم' و 'باوکم' و... . ئاهەنگ و ئاوازی ئەو دوو واژەیە پێمان دەڵێ کە ئەوان لەچاو چوارەکەی تر کەمێک جیاوازن!
 
بۆیە جاری وایە ریتم و ئاهەنگی وشە دەتوانێ دەوری سەرەکی لە هەڵبژاردنەکاندا بگێڕێ!

سایتی قەڵەم

١٣ ئاپریلی ٢٠١٧

 Bilderesultat for søsknene kunst

گەڕان بۆ بابەت