ما 5140 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بێسەرەوبەریی، دراوسێی دیکتاتۆری
بێسەرەوبەرەیی، دۆخێکە بەری لە دەسەڵاتێکی ناوەند و کۆکەرەوە، دۆخێکە کە هەر کەس و تاقم و گروپێک دەتوانن بڕیاری تیابدەن، هەل و مەرجێکە بە بێ یاسایەکی گشتگیر.
یەکێک لە دژوارترین و خراپترین دیاردەکان کە دەتوانێ بەتووش شۆڕش یاخود گۆڕانی سیاسی لە کۆمەڵگایەکدا بێت، بێسەرەوبەریی واتە 'هرج و مرج'ە. دیاردەیەک کە دەکرێ لە رەوتی گۆڕاندا رووبدات و خەونەکان لەخۆیاندا بەتاڵ بکاتەوە.
 
یەکێک لە دەرئەنجامەکانی دۆخێکی وا دڵساردی و پەشیمانبوونەوەیە لە خەونەکانی پێشوو، هەر بەوپێیەیش دەستەوەستانی و پیشەکردنی سیاسەتی چاوەڕوانییە، هەروەها سەرهەڵدانەوەی ئارەزووە بۆ گەڕانەوەی دۆخی پێش گۆڕان.
 
هەڵبەتە رووداوەکان نیشانیان داوە کە ئەم گەڕانەوەیە ئاسان نیە، بەتایبەت ئەگەر زەمەنێک بەسەر وەزعەکەدا گوزەرابێ. هەروەها لە سەردەمی ئێمەدا بە هۆی دەست تێوەردانی دەرەکی، دەرفەتی کۆکردنەوەی هێز لە دەست لایەنێک و گەڕانەوە بۆ هەل و مەرجی جاران سفر دەبێتەوە. وا دێتە بەرچاو کە بێسەرەوبەرەیی بەم شێوەیە دەبێتە سیستم و شێوازی باوی ژیان! کە لەمەیش رەنگە دژوارتر دەست نەکەوێ، چونکە لە رەوینەوەی سیستمدا، پلان و هیوا بە داهاتوویش دەمرێ و ئیتر تاکەکان زیاتر بە غەریزە دەژین تا شتی تر.
 
حەز بە گەڕانەوەی دیکتاتۆر هەڵبەتە زۆر سەیر نیە، چونکە مێژوو نیشانیداوە مرۆڤەکان پێش لە ئازادی و دیموکراسی و شتی لەم بابەتە، بیر لە ئەمنییەت و ئاسایشی خۆیان دەکەنەوە. تەنانەت فیلسووفێکی وەک 'توماس هۆبز'یش بنەمای تیۆرەکەی خۆی لەسەر ئەم خواستە داڕشتووە. لای ئەو، مرۆڤ بە مەبەستی دابینکردنی 'پەیمانی کۆمەڵایەتی' واز لە ئازادی خۆی دێنێ بۆ ئەوەی حاکم ئەمنییەت و ئاسایشی بۆ دابین بکات.
 
کەواتە گۆڕانخوازەکان دەبێ لەبیریان بێت کە بێسەرەوبەریی، خواستی گەڕانەوەی دیکتاتۆری بەهێزدەکا. ئەو دیاردەیەی کە بنەما جەماوەری و ئەساسە فیکری و سیاسییەکانی ئەوان لە رەگەوە دەجوێ و وشکی دەکا.
 

سایتی قەڵەم

٢٢ ئاپریلی ٢٠١٧

 

 

 Bilderesultat for anarkisme kunst

گەڕان بۆ بابەت