ما 600 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور
حاجی بە کەشیەی سەر سەری و باڵای مامناوەندییەوە، لەکاتی دانی پاکەتی پیازەکان بەدەستمەوە، ملی کێشا و لە چاوە سیس و سەرمابردەڵەکانی منی رووانی کە نزم نزم لە پشت شایەنەکەوە راوەستابوو (حاجی شایەنەکەی بەرز دادەنا)، گوتی بە دایکت بڵێ پیازێکی زیاییم سەرناوە، بەڵام پارەکەی ناسەنم! ئێ،... باشە؟ من سەرێکم بە نیشانەی 'ئم' لقاند و بەڕێکەوتم. 

 

بۆنی پیاز

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەسەیری لێم مەڕوانن! من هەر ئەوەم کە هەم. وەک هەموو کەسی تر لەم ژیانەدا. تەنیا بەو جیاوازییەوە کە من هەوڵ دەدەم ئەوەی هەم بیخەمە سەر کاغەز. بە بێ کەم و زیا. بە قەڵەمە سیحراوییەکەم، خۆم لە قاڵبی جەوهەرێکی رەشدا هەڵڕێژمە سەر پەڕەی لێنووس. ها؟ دەڵێن چی؟... ئەها، راستە. راستە ئیستا ئیتر سەردەمی کاغەز و قەڵەم نەماوە و دەبێ بە کیبۆرد لە سەر وۆردی کامپیوتر بنووسین، بەڵام ئەمەیش لە قسەکەی من کەم ناکاتەوە. چونکە لەسەر وۆردیش ئەوە رەشە لەسەر سپی نەقش دەبەستێ و سەرئەنجام دەقی تیا لەدایک دەبێ. بەهەرحاڵ! قسەکەم لێ تێکە مەدەن!

وەک وتم  منیش وەک هەموو ئەوانی ترم، تەنیا جیاوازییەکەم ئەوەیە من دەتوانم خۆم بەڵگەمەند بکەم، بە وشە و بە رستە. لەمە واوەتر، بەو کەلامەی وا جیاوازە لە کەلامی تر. ئاخر ئەوەی من لە فۆڕمی تردا دەردەکەوێ، لە فۆڕمی شیعر و پەخشان، واتە ئەو فۆڕمەی کەلام دەکا بە شتی تر ئەگەرچی بەڕواڵەت کەلامە و خاوەنی پیت و حەرف و سەر و ژێرە. ئەدەب، باس لە ئەدەب دەکەم. من هەر لە جەوانیمەوە  بوومە هۆگری. بەحاڵ لەبیرم دێ. رۆژێکی زستان بوو من ئەم هۆگرییەم لەخۆما دۆزییەوە. بەفرێکی زۆر باریبوو و دایکم وتی دەبێ بچم لە بازاڕ کیلۆیەک پیاز بکڕم. پێڵاوە لاسیقییەکانم لێهەڵکێشا و چووم. رێگا دوورنەبوو، بەڵام بەفری زۆر دووری دەکردەوە. کە گەیشتم، دووکاندارەکە کە حاجییەکی کەشیەبەسەری باڵامامناوەندی بوو لەکاتی دانی پاکەتی پیازەکان بەدەستمەوە، ملی کێشا و لە چاوە سیس و سەرمابردەڵەکانی منی رووانی کە نزم نزم لە پشت شایەنەکەوە راوەستابوو (حاجی شایەنەکەی بەرز دادەنا)، گوتی بە دایکت بڵێ پیازێکی زیاییم سەرناوە، بەڵام پارەکەی ناسەنم! ئێ،... باشە؟ من سەرێکم بە نیشانەی 'ئم' لقاند و بەڕێکەوتم، بە بێ ئەوەی سەردانی دووکانی بەززازییەکەی باوکم و باوەگەورەم بکەم وا بەو بەر شەقامەکەوە لەناو قوماشە رەنگاوەڕەنگ و گڵۆپە گەشەکاندا دەدرەوەشایەوە. لەسەر رێگای ماڵەوە دیسان بەفر دەستی کردەوە بە بارین. ئەوەندە چڕ دایدەکرد کە من نەمدەتوانی نیو میتر چییە بەردەمی خۆم ببینم. ئیتر لە بایش گەڕێ کە شێتانە گێژ و لوولی دەدا. لە چاویلکە نەگبەتەکانیشم کە نەک تەنیا تەڕببوون، بەڵکو لە قەراغەکانیشدا چلورەیان بەستبوو. ئەو چاویلکەی بەئەمری باوکم بە پەتێک لە پشت سەرمەوە گرێم دابوو و بەستبووم. کتوپڕ لە شوێنێکدا سەرەندرم دا و بەدەمەوە کەوتم. کاتێک بە زەحمەت هەستامەوە و کەوتمەوە سەر قاچەکانم، بینیم پاکەتی پیازەکانم بەدەستەوە نەماوە! بە شوێنیدا لەو بەفربارینە چڕەدا کەوتمە گەڕان،... ئەم لا، ئەو لا،... بێهودە بوو. وەک بڵێی پیازەکان بەفر خواردبێتنی. ئاخر من دوواتر، زۆر دوواتر بوو زانیم پیاز بۆ سەرما و بۆ بەرگری لە نەخۆشکەوتن چاکە. ئەمەم ئەو کاتە زانی کاتێک باوەگەورەم بە مشت سەلکە پیازەکانی دەشکاند و دەیگوت سەد دکتۆریان بە قوربان بێت! ئەگەرچی تامیان زۆر تیژ بوو و فرمێسکیان لە چاوەکانم دێنا،... بەهەرحاڵ! من ئەو رۆژە بووم بە شاعیر، یانی هەستی شاعیریم تیا دروست بوو. نەک ئەوەی هەر ئەو رۆژە دەستم کردبێ بە شیعرگوتن، بەڵکو لەو رۆژەوە جۆرێک لە قوڵاییم تیادروست بوو کە هەر ئێستاکەیش درێژەی هەیە. ئاخر من ئەو رۆژە لە جێگایەکی نائاشکرا لە دەروونی خۆمدا زانیم هەم مشتی باوەگەورە ئەو شەوە بێکار ببوو و هەم من دەبا بۆ یەک هەفتە لەجێگادا لێی بکەوتایەم و بەدەم ئاه و ناڵەوە چاوەڕوانی رەوینەوەی تاویاو و ئازاری کوشندەی تەواوی هەیکەلی نگریسم بم. ئیتر لە دایکم گەڕێ کە بە جۆرێک پەکی چێشت لێنانی دەکەوت و باوکیشم لەداخی ئەو پیازانەی کەسی تر دەیدۆزینەوە و نۆشی گیانی دەکردن، یەک هەفتەی تەواو میشەمیشی دەهات.

بەهەرحاڵ! من ئیستا دەزانم کە بۆ بەشاعیر بوون کارەسات پێویستە. ئەوەیکە شاعیرەکان ژیانێکی پڕ لەنەگبەتییان هەبووە و بەدەست جەفای رۆژگارەوە ناڵاندوویانە. زیاتر لەهەر کەسێکی تر. یان نا، لانیکەم لە کەسانی تر هەستیارتر بوونە. ئیتر پێم وایە دەبێ لێم بگەن مەبەستم چییە. بیهێننە بەرچاوی خۆتان لە رۆژێکی زستانیی پڕ لە وەیشوومەدا یەک عەلاگە پیازی زەردی جوانتان لێ ون بێ و یەک تاقی چییە نەتوانن بیدۆزنەوە! بە عەینەکی چلوورە بەستوو و دوو نێرینەی تووڕەی چاوەڕوان لە ماڵەوە و دایکێکەوە کە بە بێ پیاز هیچ چێشتێکی تر ناتوانێ سازبکا.

بەڵام سەیر ئەوەیە ئەگەرچی ئەو رۆژە من هەستی شاعیریەتیم تیابزوا، بەڵام ساڵانی ساڵی دوواتر بوو توانیم ئەم هەستە نایابەم بدرکێنم، ئەویش کاتێک بوو رێم کەوتە ئەورووپا. رەنگە بپرسن کە چۆن بوو رێم کەوتە ئەوێ، دەبێ بڵێم لە راستیدا بەخۆیشم نازانم چۆن بوو. هەر ئەوەندەی بوو رۆژێکیان خۆم لەناو قژ زەرد و چاوکاڵەکاندا بینییەوە. دەورتادەورم ئەوان بوون، بە سیمای سەیریانەوە کە تێکەڵێکە لە میهرەبانی، ئارامی، پارێز و ساردی. ئەها! ئیستا هاتەوە بیرم کە بۆچی رێم کەوتە ئەوێ. لەبەر ئەوەی من پیاوێکی راستگۆ و داوێن پاکم و رقی دونیام لە درۆیە، حەز دەکەم راستییەکەیتان بۆ بگێڕمەوە. راستییەکەی ئەوەیە کە من بووم بە شۆڕشگێڕیش. رەنگە بپرسن چۆن؟ حەح، قسە چۆن قسە دێنێ! سەرتان دێشێنم، بەڵام وادیارە چارم نیە و دەبێ بیگێڕمەوە.

بەسەرهاتی شۆڕشگێڕبوونەکەیشم شتێکە وەک بەسەرهاتی پیازکڕینەکەم. سەیر ئەوەیە لەباری زەمانەوە زۆر لەیەک دووریش نین. پێم وابێ بە چەند مانگ یاخود ئەوپەڕی ساڵێک دووای ئەوە روویدا. واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە شوێن یەکدا هاتن. ئەویش هەر لە زستاندا بوو. نازانم بۆچی هەر چی رووداوی گرینگی ژیانی منە لە زستاندا روودەدەن! ها، پێتان سەیرنیە؟ بێگومان. بەڵام وەهایە. گەردوون هەندێ شتی لەخۆیدا حەشارداوە کەس نازانێ چۆنە. رێک لە رۆژێکی زستانیدا بوو دیسان دایکم پێی وتم بچم پیاز بکڕمەوە. منیش چووم. ئەگەرچی ئەمجارە داوای سوورەکەی کردبوو (من ئیستایش پێم وایە لە نێوان رەنگی داواکەی دایکم و رووداوی ئەو رۆژە پێوەندێکی سیحراوی هەیە کە رەوتی ژیانی منی بۆ هەمیشە گۆڕی). پاش ئەوەی بەناو رێگا باریکەکەی ناو بەفرە زۆرەکەدا تێپەڕیم و گەیشتمە بازاڕ، بینیم خەڵکێکی زۆر لە سەر شەقامن، خەڵکێکی تووڕە کە هات و هاواریان بوو و بە دەنگی بەرز تێکڕا دروشمیان دەگوتەوە. من بەرەوڕووی دووکانی حاجییەکە رۆیشتمەوە. بینیم حاجی لە پشت شایەن و شمەکەکانییەوە بەپارێزەوە سەر و شانی خۆی کزکردەوە و سەیری دەرەوەدەکا. گرمۆڵە گرمۆڵە. دەرگاکەم کردەوە و چوومە ژوورەوە. حاجی گوتی کە ئەمڕۆ حاڵی کەسابەتی نیە و واباشە من بڕۆم و دوواتر بگەڕێمەوە. وتی کە لەراستیدا ئەویش هەڵەی کردووە ئەمڕۆ هاتووە بۆ دووکان و رەنگە گەر کەمێک دۆخەکە ئارام بێتەوە و خەڵکەکە دووربکەونەوە ئەوا دووکان دابخا و بچێتەوە بۆ ماڵەوە. من کە نەدەکرا بە بێ پیازی سوور بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە، چەند دووکان خوارتر لەسەر شۆستەکە لەژێر میچی دووکانێکی دەڕابە دادراودا راوەستام و، سەیری حەشیمەتەکەم کرد. لەبەر خۆمەوە بە خۆم گوت رادەوەستم تا حاجی دەماغی مەعامەلەی دەگەڕێتەوە. رەشایی خەڵکەکە نەدەبڕایەوە. نازانم لەم شارە بچووکەی ئێمەدا چۆن ئەو هەموو خەڵکە دەست دەکەوت. ئەوەندەی نەخایاند دیسان بەفرێکی قورس دایکردەوە. بە باوە. وەیشوومەکەی پار گەڕایەوە. چاو چاوی نەدەبینی. بەڵام مەگەر خەڵکی وازیان دێنا. پاشان ئەو کەسانەم بینی کە بە دزییەوە چەکیان پێبوو و ناوەناوە لەناو حەشیمەتەکەدا خۆیان نیشان دەدا، ئەو چەکدارانەی واپێدەچوو خەڵکەکە بەسەرسوڕمانەوە سەیریان دەکردن و رێزێکی تایبەتیان بۆیان هەبوو. کتوپڕ چەند حەزمکرد کە منیش وەک ئەوان بم. وەک ئەو چەکدارانە، بەو هەموو رێز و موحیبەتەوە خەڵک بۆیانیان هەبوو. چەکدارەکان جاری وابوو هەر دوو دەستیان بەرزدەکردەوە و ئاماژەی درێژەدانی رێگاکەیان بە خەڵکەکە دەدا. قەت ئەو جامانانەم لەبیرناچێتەوە وا روخساری خۆیانیان پێ شاردبووەوە و بە بەفر ئەوەندەی تر سپی هەڵگەڕابوون.

ئەوەندەم نەزانی حەشیمەتەکە شڵەژا. هاواریان کرد "هاتن!" کێ هات؟ دیسان هاواریان کرد "لەخوارەوە هاتن،... لەخوارەوە،... ریزی پێشەوە بە تووشیانەوە بوونە!" من کە پرسیارێکی گەورەم تیادروست ببوو، بە چاوەکانم بە شوێن وەڵامدا گەڕام. خەڵکەکە سەرەتا راوەستان، ئەوسا کشانەوە و پاشان لە هەموو لایەکەوە دەستیان کرد بە راکردن. بەڵام راکردن ئاسان نەبوو. رێگا دەست نەدەکەوت، خەڵک بەسەریەکتردا دەکەوتن. کتوپڕ سەر شۆستەکەی بەردەمی منیش پڕ بوو لەوان. دۆخەکە وەهای لێهات کە جێگا بە منیش تەنگ کرا. لەهەموو لایەکەوە پاڵەپەستۆ. ئەوسا دەنگی تەقە بەرزبووەوە.

گەر دەتانەوێ بەزیندوویی جەهەننەم ببینن، دەبا ئەو رۆژە لەوێ بن!

خوا خێری حاجی بنووسێ کە دەستی گرتم و رایکێشامە ناو دووکانەکەی و دەڕابەکەی دادایەوە و هەتا دۆخەکە ئارام بووەوە لای خۆی رایگرتم. ئەگەرچی ناوناوە چاوی تێدەبڕیم و دەیگوت دایکت هەر دەستێنمەوە! لەبیرمە ئیتر لەوەبەدووا وێنەی چەکدارە روخسار بە جامانە داپۆشراوەکان و نیگای پڕ لە رێز و خۆشەویستیی خەڵکیم بۆ ئەوان قەت لەبەرچاودا ون نەبوو. هەمیشە دەهاتنەوە بەرچاوەکانم. من ئەو رۆژە سارد و پڕ لە وەیشوومەی زستان دیسان بە بێ پیاز گەیشتمەوە ماڵەوە. ئەگەرچی دایکم وەک هەمیشە دۆعای لێکردم، باوکم سوێندی خوارد گەر ئەمجارە چاویلکەکەم بشکێ قەت بۆم نەکڕێتەوە و باوەگەورەیشم تفێکی وەهای بەڕوومدا کرد کە شتێکی وەهای لە مشتی سەر سەلکەپیازەکانی کەم نەبوو!

بەهەرحاڵ! بەڕای من گرینگ نیە چیم بەسەرهاتووە، بەڕای من گرینگ ئەوەیە کە بەسەرهاتەکان چییان لێدەکەوێتەوە. وەک وتم ئەم کارەساتە منیشی کرد بە شۆڕشگێڕ. شۆرشگێڕێک کە هەر جارێک دایکم منی بۆ کڕینی پیاز (جا زەرد و سووری فەرق ناکا) دەناردەوە لای حاجی، نوقمی خەیاڵی جامانە بەسەرکان دەبووەوە و هەناسەی پڕ لە حەسرەتی هەڵدەکێشایەوە.

هەڵبەتە با ئەوەتان پێ بڵێم من ئیستاکەیش هەر شۆڕشگێڕ ماوم، ئەگەرچی لە ئەورووپا دەژیم و بە چوار دەورمدا قژ زەرد و چاو شینەکان دێن و دەڕۆن. رەنگە بپرسن چۆن؟ دەبێ بڵێم وەڵامەکەی گەلێک ئاسانە، بەڵام تکایە مەپرسن چۆن رێگام کەوتە ئەورووپا. ئیتر تاقەتی گێڕاەوەی ئەمەم نیە. دەی باشە! بەس ئیزنم بدەن تەنیا لە چەند رستەدا. من پێم وابێ دیسان لە رۆژێکی وەیشوومەی زستانیدا رێگام کەوتە ئێرە. ئەو رۆژەیش پیازم بۆ نەکڕدرا و جگە لەوە چاویلکەکەیشم لە ناو بەفردا لێ ون بوو. ئیتر کاتێک چاوەکانم کردەوە، بینیم لێرە لە ئەورووپام!

بەهەرحاڵ! وتم هەنووکەیش هەر شۆڕشگێڕ ماوم. دەزانن چۆن؟ ئا،... ئیستا پێتانی دەڵێم. بە شیعرەکانم. من ئیستا لێرە لە کاتێکدا پارەی سوسیال وەردەگرم (هەڵبەتە لۆمەی ئەمەم مەکەن، ئاخر خەتای خۆم نیە، یەکەم لەبەر کزی چاوەکانمە، دووهەم لەبەر ئەوەی قەیرانی ئابوورییە و کار دەستناکەوێ، سێهەم وەیشوومەی زستانی ئەورووپا گەلێک زەحمەتترە و دەترسم گەر تیایا رێگام لێ ون بێ رێم بکەوێتە جەمسەری باکوور یان باشوور، سەرئەنجام ئەوەیکە لێرە هیچ دایکێک کوڕەکەی بۆ پیازکڕین نانێرێ بۆ بازاڕ و بۆخۆی دەچێ)، دەچم بتڵێک ئارەق بە پاکەتێک جگەرەوە دەکڕم (بەس تکایە ئەمانە لای باوکم و باوەگەورەم باسنەکەن!) و دەست دەکەم بە شیعرگوتن. لە شیعرەکانیشمدا باسی جامانە بەسەرەکان دەکەم. لە خوا بەزیایش بێت، هەواڵیان هەمیشە هەیە. تەنیا پێویستە تەلەفزیۆنەکەت بکەیتەوە و بیخەیتە سەر هەندێ کاناڵی پێویست. ئیتر باس باسی ئەوانە. منیش هەر کە دەیانبینم، ئیتر هەستم زۆر عەجایەب دەبزوێ و لە پەستا شیعرم بۆ دێ. یەک لەدووای یەک. شیعرەکانیشم لە خوابەزیابێ جێگای خۆیان کردووەتەوە. هەڵبەتە لە بەینی خۆماندا بێت ئەم شیعرانە بازاڕی چاکیان هەیە، تەنیا پێویستە 'جامانەی' تێهاوی، یاخود شتی لەم بابەتە، ئیتر یەک دونیا خەڵک هەرلەخۆوە فیقە و چەپڵەی بۆلێدەدەن. بگرە جاری وایشە هەر نایخوێننەوە و تەنیا بە بینینی سەردێڕەکەی زوو لایکێکیشی دەکەن. وایشم لێهاتووە ئیستاکە بۆ شوێنان بانگیشم دەکەن. ئەو شوێنانەی پڕن لە سەرزلەکان، لەو کەسانەی گەر سەردانیان بکەی دیواری ژوورەکانیان پڕە لە وێنەکانی جاران. هەتا جامانە بەسەرە کوژراوەکانیش زۆرتر بن، من زۆرتر و چاکتر شیعر و هۆنراوەیشم بۆ دێت. بەس تکایە ئەم قسەیەم لای کەس باس نەکەن (دەنگی نزم دەکاتەوە) راستییەکەی ئەوەیە کە من خواخوامە لەم جامانە بەسەرانە بکوژرێ بەس بۆ ئەوەی من شیعرم بۆ بێت و لە شوێنانەوە بانگم بکەن و هۆنراوەکانم بخوێنمەوە و ببینم کە چۆن چۆنی دایک و خوشک و ژنەکانیان دەهێنمە گریان! خۆشییەک لێرەدا دەگەڕێتە دەنگی و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ شیعری من وەهایە،... وەها! من ئیستا تەنیا شاعیر نیم، بەڵکوو خۆشەویستیشم. خۆشەویستتر لەو روخسار بە جامانە داپۆشراوانەی ئەو ساڵە لە شەقامی وەیشوومەکە بینیمن،... زۆر خۆشەویستتر!

لێرەدا دووا پێکی هەڵدەدا و دووا مژی قوڵیش لە جگەرە ماڵبرۆکەی دەدا و، دەڵێ:

ـ "بەڵام زۆر سەیرە، لە تەواوی ئەم ساڵانەدا یەک شت بەرۆکی بەرنەداوم، یەک شت کەمێک ئازارم دەدا،... هەر لەگەڵما دێت و دێت. وەک بڵێی بەنیاز نیە دەستم لێبەربدا،... ئەویش بۆنی پیازە،... هەر نابڕێتەوە. دەڵێی لە ناو کونە لووتەکانمدا جێگایان خۆشکردووە. بۆ هەمیشە...،... . با شتێکت پێ بڵێم لای خۆم شیعرەکانم هەمیشە بۆنی پیاز دەدەن،... بۆنی پیاز، جا سوور و زەردیان فەرق ناکا،... بۆنی قێزەوەنی پیاز بە داخەوە،... نابڕێتەوە و نابڕێتەوە!"

 Bilderesultat for løk kunst

 

 

گەڕان بۆ بابەت