ما 2205 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

قۆزترین و خۆشپۆشترین کەسی گەڕەکە. بەو ریشە قەڵەمییەوە وا بۆنی عەتری مەککە و مەدینە دەدا. کە پێدەکەنێ دیانە سپییەکانی وەک ریزە هەتاوی گچکە دەدرەوشێنەوە. شۆقەکەی گەر ئاگات لەخۆت نەبێ بۆ هەمیشە نووری چاوەکانی تۆیش لەگەڵ خۆی دەبا. وەک هەمیشە. ئەو حەزی بەمەیە.

 

دراوسێمانە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دراوسێمانە. زۆر لێمان دوور نیە. گەر جورئەتت هەبێ و بەردێک هەڵدەی، دەگاتە ماڵەکەی. هەرچەند دەزانم زۆر جار ئەم حەزە هەڵیگرتووی و خەیاڵتی پەرتەوازە کردووە. بەڵام وازبێنە! چەند ساڵێکە کۆڵانەکەیشیان قیرەتاو کراوە و تاقە بەردێک چییە تیا دەست ناکەوێ.

قۆزترین و خۆشپۆشترین کەسی گەڕەکە. بەو ریشە قەڵەمییەوە وا بۆنی عەتری مەککە و مەدینە دەدا. کە پێدەکەنێ دیانە سپییەکانی وەک ریزە هەتاوی گچکە دەدرەوشێنەوە. شۆقەکەی گەر ئاگات لەخۆت نەبێ بۆ هەمیشە نووری چاوەکانی تۆیش لەگەڵ خۆی دەبا. وەک هەمیشە. ئەو حەزی بەمەیە.

لەبیرمە کە لە مەککە و مەدینە هاتەوە، قوتوویەکی بچووک لە خاکی ئەوێیشی هێنابووەوە. لە سەر تاقچەیەک لە تەنیشت قوڕئانەکەیەوە دایناوە. هەڵبەت لە هەر ژوورێکی ماڵەکەیدا بەرگێکی لە قوڕئان داناوە. بۆ خۆی دەڵێ ئیستا ئیتر خانووکەم تەنیا لەسەر کۆڵەکە چیمەنتۆییەکان رانەوەستاوە. ئەو باوەڕی وایە کە هەموو شەوێک نیوەشەوان، تیشکێک لە ئاسمانەوە دێت و دادەبەزێتە سەر بانی ماڵەکەی. ئەو تیشکەی کە بە هەزاران شێوە دەدرەوشێتەوە و رەنگ دەهاوێ. کە باسی ئەمە دەکات بە شوێنی دا دەڵێ لە خۆوە نیە من لە لایەن خوداوە وەک یەکێک لە فریشتە سزادەرکان هەڵبژێردرام!

دراوسێکەمان ئەگەرچی حەزی لەوەیە وای نیشان بدات مرۆڤێکی بە پلان و بە بەرنامەیە، بەڵام لە راستیدا وەها نیە. ئەو لە شوێنێکدا وەستاوە لەنێوان پلان و بێ پلانی دا. بۆ ئەمەیش قسەیەکی نهێنی هەیە. دەڵێ شپرزەیی لە کاتی پلان دا دەردەکەوێ و پلانیش لە کاتی شپرزەیی دا. من کە لەمە ناگەم، بەڵام لە دەروونەوە پێم وایە راستیش دەکا! زۆر جار زۆر شتی بە رێکەوت کەشف کردووە، بەسەراکەوتووەو ئیتر ئەوەی پێی وابووە قەت نایگاتێ، پێی گەیشتووە.  بە رای من ئەو یەکێک لە بەختەوەرترین مرۆڤەکانی نەک گەڕەکەکەی ئێمە، بەڵکو جیهانیشە.

کە بەیانیان لەخەو هەڵدەستێ، پەنجەرەکەی دەکاتەوە و لە کاتێکدا سەیری کۆڵان و دوورەدەستەکان دەکا، بزەیەکی وەها دەنیشێتە سەر لێوەکانی کە بزەی بە ساڵەها نهێنیی سەر لێوەکانی تۆیش، ئەگەرچی خەمگین ترین بوونەوەری جیهانیش بیت، دەجوڵێنێ. ئەو خاوەنی جوانترین بزەی دونیایە. دەڵێن لە دایکییەوە بۆی ماوەتەوە. هەرچەند وەک خۆی ئەمەی قبوڵ نیە و پێی وایە رەحمەتی خوداوەندییەو تەواو. ئەو حەزی لە هەڵمژینی هەوای بەیانیانە. لای نزیکترین دراوسێی خۆی گوتویەتی  گەر ئەمە نەکات، هەوای شوێنی کارەکەی رەنگە بەرەبەرە بیخنکێنێ.

ئەوەندە ژنەکەی خۆش دەوێ ناهێڵێ کەس بیبینێ. هاوسەرەکەی هەمیشە لە ماڵەوەیە. لە نێوان دیوارەکاندا. وەک بیلبیلەی چاوی دەیپارێزێ. نەک دیوارەکان، بەڵکو بە چارشێوێکی وەهایش دەوری گرتووە کە دەستی هیچ زیندەوەرێک نایگاتێ، چ لە جۆری ئەقڵداری و چ لە جۆری بێ ئەقڵی. بۆ وێنە، دیوارەکان لە مرۆڤە ناحەزەکان دەیپارێزێ و، چارشێو لە مێشوولە هاوینییەکان کە لێرە لەم شار و لەم کۆڵانەی ئێمە جۆرەها شێوەیان لێ دەست دەکەوێ، لە چزو کورتەوە بگرە هەتا چزو درێژ. هەڵبەت کەسیش بە جوانی نازانێ ژنەکانی چەندەن، داخۆ یەکە، دوون یان سێ. هەرچەند بۆ خۆی وەک تاک باسیان دەکا. دیارە زۆریش گرینگ نیە ئەمە بزانین. گرینگ ئەوەیە ئەو خۆشی یان خۆشیانی دەوێ. بەڵگەیش ئەوەیە قەت گوێت لە هات و هاواریان نیە. ئەوەندە خۆشیان لێدەگوزەرێ کە دەنگ چییە لێیانەوە نایەت. دیواری ماڵەکەی دەڵێی لە 'بێدەنگی' چێکراوە. بێدەنگیش نیشانەی رەزایەتە. منیش پێم وایە وەهایە. وەک خەڵکی گەڕەک لێیان بیستووە دراوسێکەمان گوتویەتی حەزدەکا دیواری خانووی وڵاتیش لەم رەگەزە بێت. ئەو پێی وایە هیچ شتێک بەقەدەر بێدەنگی نیشانەی بەختەوەری نیە. لای ئەو بێدەنگی نیشانەی رێزی مرۆڤە بۆ خودا. لەمە زیاتر رێزی مرۆڤ بۆ خڵقەت و بۆ هەموو سووڕی دونیا.

دراوسێکەمان خاوەن تەسبێحکی درێژی رەشیشە. هەمیشە بە دەستییەوەیە. بەو وشانەوە کە لە گەڵ ترازانی دنکەکان، لەدەمی دەترازێن. دەڵێن چونکە زۆر موئمینە، هەمیشە خەریکی رازو نیازە لەگەڵ خوڵقێنەری هەموو جیهان. دەنگیشی دەیگاتێ. دەڵێن تەنیا لەو دەترسێ. من نازانم بۆچی تەسبێحەکەی دەستی وەک قاتەکەی بەری دەبێ هەمیشە رەش بێ. نازانم بۆ کراسەکەی ژێریشیەوە دەبێ هەمیشە سپی بێت. هەروەها پێڵاوەکانیش، رەشێکی قەترانیی دایمە واکسکراو کە وەک دیانەکانی دەدرەوشێنەوە. ئەسڵەن ئەم دراوسێیەی ئێمە عەجەب بەختێکی بە درەوشانەوە هەیە. بۆ خۆی دەڵێ موئمینە رەسەنەکان نوورانین، ئەمە خواست و بەڵێنی خودایە.

لە ماڵەکەیانەوە هەمیشە بۆنی چێشتی خۆش دێت. نازانم چ چێشتێک، ئاخر من بۆنەکان ناناسمەوە. هەر ئەوەندە دەزانم بۆنی خۆش دێت. تەواوی کۆڵانەکە دەتەنێ. ئەم سەر تا ئەو سەر. تەنیا، کوڕی پیاوە دەوڵەمەندەکەی کۆڵان دەتوانێ ئەو بۆنانەمان بۆ لێک بداتەوە. دەڵێ "بۆنی برینجی شیمال،... گۆشتی برژاو لە جۆری مریشک و گوێرەکە،... زەعفەران،... زیرە،... سالات و ترشی. ئەها! بۆنی کۆکاکۆلایشە." من کە نازانم ئەو چۆن ئەو هەموو ناوە دەزانێ و لەبیریشی دەمێنێتەوە، بە سەرسامییەوە لێی دەڕوانم و لام وایە سەرەڕای تەمەنی کەمی، یەکێک لە زیرەکترین مرۆڤەکانی جیهانە. لەم کاتانەدا شەرمێکی وەها لە خۆم دامدەگرێ کە زوو دەڕۆم و دوور دەکەومەوە. دەچم لە گۆشەیەکی حەوشەکەمان دادەنیشم و لە کاتێکدا بە وردی لە دیوار و پەنجەرە کۆن و ئاشناکانی خانووەکەمان دەڕوانم، نەفرەت لە ماڵەکەی خۆمان سەرتاپای وجوودم دادەگرێ. رقم لە دایکم دەبێتەوە، رق لە باوکم کە لای وایە ئەوانەی ماست زۆر دەخۆن لە هەموو کەسی تر زۆرتر دەژین و بگرە سەلامەتتریشن. دێتەوە بیرم کە ماست تا لووتی پێوە نەنێی بۆنی ناکەی. بەردێک هەڵدەگرم و لەو چۆلەکانەی دەگرم لەبەر گەرما لەناو لق و پۆپ و گەڵاکانی تاقە درەختی حەوشەکەمان بە جریوەجریو هەڵکورماون. هەڵدەفڕن.

کەس بەقەد دراوسێکەی ئێمەحەزی بە زستان نیە. خەڵکی دەڵێن لەبەر ئەوەیە هەمیشە گەرمایەتی. راستیش دەکەن. من بینیومە. هەمیشە دەستماڵێکی سپیشی پێیە و ئارەقەی ناوچاوان و دەوری ملی پێ دەسڕێتەوە. نازانم بۆ ئەوەندە گەرمایەتی. مامۆستای گەڕەک کە دەرسی پۆلی پێنجەم دەلێتەوە، دەڵێ هی ئەوەیە کا... کالەر... ئەها کالۆری زۆر بە لەشی دەگا. من کە نازانم کالۆری چییە و روویشم نیە بپرسم، سەرم بە نیشانەی ئەرێ دەلەقێنم و دیسان لە دەرفەتێکدا دەچمەوە ماڵەوە و بەرد لە چۆلەکەکان دەگرمەوە. دایکم کە پێی وایە من سەرئەنجام رۆژێک یەکێک لە شووشەی پەنجەرەکان دەشکێنم، سەری لە یەکێک لە پەنجەرە کۆنەکانەوە دەهێنێتە دەرەوە و تفێکی خەست و قورسم بۆ رۆدەکاتە خوارەوە و بە دەنگی بەرز دۆعا دەکا خوا هەرچی زووتر من بۆ خۆی بباتەوە. دەنگی تفەکەی وەک بەردەکانی من چۆلەکەکان هەڵدەفڕێنێ. هەڵبەت پێیشم وایە کە خودا من زوو بۆ خۆی دەباتەوە. قسە تەنیا لەسەر سبەی و دوو سبەیە.

کە تێدەپەرێ، ئەم سەر تا ئەو سەری کۆڵان سڵاوی لێدەکەن. ئەویش بە رێزەوە وەڵام دەداتەوە. دەست بە سەر سینگەوە.  بگرە جاروبارە دەستێکیش بە سەری منداڵەکاندا دێنێ و داوا لە خودا دەکا دەست بە عومر و بە داهاتوویانەوە بگرێ و بەر رەحم و شەفەقەتی بێ پایانی خۆیانی بخا. ئاخر ئەو پێی وایە ئەم دونیایە لە راستی دا ئەوەندەی بۆ شتی تر درووستکراوە، بۆ رەحم و بەزەیی نەکراوە. بۆ ئەوەی قسەکەیشی تەواو بکا لە کۆتایی دا دەڵێ ئەمە ئەمر و خواستی خودای گەورە خۆیەتی کە عەبد دەبێ عەبد سزا بدا بۆ ئەوەی رەوڕەوەی دونیا تێکنەچێ!... ئەستەغفوڕوڵڵا!... خوایە لە خراپە و مرۆڤە بەدەکان بمانپارێزی!

جارێک ئێوارەیەکیان کاتێک لە کۆڵان لەگەڵ هەندێ پیاوی گەڕەک راوەستابوو و دەدوا، گوێم لێبوو دەیگوت: "کەوتووینەتە زەمانەیەکی خراپەوە. سەیرنیە! وەرە هێشتا تەمەنت بیست نەبێ و کەچی تەماحی گەورەگەورەی سەیرسەیرت هەبێ. گەنجەکان دەڵێم. ئەوانەی پێیان وایە دەتوانن لەپڕێک دونیا بکەن بە کوڕێک! من نازانم دایک و باوکەکان خەریکی چین، بۆ وایان لێهاتووە و ناتوانن ئاگایان لە منداڵیان بێت و بەجوانی باریان بێنن. کە ئەوانیش نەیانکرد ئیتر ئەرکەکە دەکەوێتە سەر شانی خەڵکی تر، سەر شانی ئەوانەی کە لە راستیدا حەزیان پێ نیە، بەڵام ناچارن. ئاخر خۆ ناکرێ جڵەوی دونیا بدرێتە دەست کۆمەڵێک خەڵکی بێ تەجروبە و بێ ئەزموون. کە دایک و باوکیش ئەمەی نەکرد، ئەوا لە شوێنی تر منداڵەکانیان بە شێوازی تر پەروەردە دەکەن!" ئاگام لێبوو ئەوانی تر بە رێزێکی سەیرەوە سەریان بۆ دەلەقاند و، بەڵێ بەڵێ گوتنەکەیان تەواو نەدەبوو. دراوسێکەمان لە خۆشیی قسەکانی خۆی و بەلێ بەڵێی ئەوانی تر، بە زەحمەت دەمی پڕ لە دیانی سپی و بزەی، بۆ دەقونجایەوە. ئەو لەم کاتانەدا چەند میهرەبان بوو!

کاتی بەفر و بارانیش، دراوسێکەمان خاوەنی باشترین چەتری گەڕەکە. رەشێکی قەترانی ئەستوور، کاتێک دەست بە دوگمەی سەر دەسکەکەیدا دێنێ، وەک دەمانچە دەنگی دێ و دەکرێتەوە. رێبوارەکان دادەچڵەکێن. ئەو کە حەزی لە داچڵەکاندنانەیە، دیسان بزەیەک دەیگرێ. بۆ خۆی ئەم دەنگەی زۆر پێ خۆشە. دەڵێ بیرەوەریی زۆری لەم دەنگە هەیە. سەرێک بادەدا و بە ئارامی پێدەکەنێ. من بیری ئەو تەقانە دەکەومەوە جاروبارە بە نیوەشەوان بەڕێکەوت گوێم لێبووە. چەترەکەی خاوەن نووکێکی تیژی سپیشە. دەڵێی نێزەیە. کە دەڕوا، بە حەزەوە لە بەفرەکەی دەچەقێنێ. وەک بڵێی هەمیشە هێزێکی زیاتریشی دەداتێ. جاری وایە رایشدەوەستێ و سەیری کۆنەکان دەکا. پێم وایە دەیەوێ بزانێ نووکەکە تا کوێ بڕدەکا. منیش هەندێ جار، کاتێک لەوێ نەبووە، چووم و ورد ورد لێیانم رووانیوە. کونەکان ئەوەندە قووڵن کە پەنجەی من ناگاتە بنیان. لەناو ئەو بەفرە سپییەدا ئەو خوارە چەندە تاریکە!

دراوسێکەمان زۆر حەزی بە باسی نیشتمان و 'سەرۆک'ە. بنی زمان و سەری زمانی باسی ئەم دووانەیە. دەڵێ "لە دووای خوا، سەرۆک و نیشتمان دێن. بەنۆرە." هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێ و دەڵێ "ئەوە خودا لە جێی خۆی و شوکور هەموو خەریکی ئیتاعەت کردنین. ئەلحەمدولیللا ئەم سەر تا ئەو سەری کۆڵان کاتێک ئێوارەیان دێمەوە، یاخود شەوانە دەچم بۆ سەر کار، لە پشت پەنجەرەکانەوە خەڵکی لە سەر بەرماڵەکانیان دەبینم. کەواتە لەم بارەیەوە من زۆر خەمم نیە. پەرۆش نیم. دنیا لە جێی خۆیەتی، بەڵام بۆ سەرۆک و بۆ نیشتمان دۆخ هێشتا ئەوە نیە،... بۆیە من یەکجار پەرۆشم،... دەترسم!" لەم کاتانەدا کتوپڕ نیگاکانی دەگۆڕدرێن، بگرە رەنگی چاوەکانیشی کە من قەت نەمزانی کامە رەنگە! دەڵێ "میللەتێک کە سەرۆک و نیشتمانی خۆی لەبیر بکا، شیاوی هیچ نین، کە هەر نیشن و نەشبوون!... بۆیە هەرچییان لێبکەی و هەر بەڵایەکیان بەسەردا بێنی، رەوایە." لەم کاتانەدا پەنجەکانی کۆ دەکاتەوە، دەیانکاتە مشت و مشتەکەی بەرزدەکاتەوە و لەنزیک دەم و چاوی گوێگرەکەی رایدەگرێ، ئەوجا دەڵێ "دەبێ وردیان کەی، ورد،... ورد ورد! بیانکەی بە پرپۆڵە!... پرپۆڵەی بەردەم داڵەکەرخۆرەکان!" من کە نازانم سەرۆک و نیشتمان چین و چ پەیوەندێکیان بە داڵەکەرخۆرەکانەوە هەیە، دەچمەوە ماڵەوە و شەو لەسەر سفرەی نانخواردن بە پارێزەوە لە باوکم دەپرسم کە سەرۆک و نیشتمان چین. باوکم سەری بەرزدەکاتەوە، لە پاش ئەوەی کەمێک لە من رادەمێنێ، روو دەکاتە دایکم، تفێکی خەستی زلی وەک بەڵغەم رۆدەکاتە سەر گڵەکەی تەنیشت بەڕەکە و ئەوجا شێتانە دەتەقێتەوە. ئەوەی بە دەمیا بێ دەیڵێ. هەر چی جوێنی دونیایە دایدەبارێنێ بە سەر دایکم و دایکی و باوکی دایکم. ئەو شەوە تا بەیانی من لەبەر ئازاری لەشم چەندەها جار لەخەو بەئاگادێم. گوێم لە هەنیسکە هەنیسکی پڕ گریانی ئارامی دایکمە، بەڵام پرسیاری سەرۆک و نیشتمان لەودیو پەنجەرەکەوە هەر خەریکی سەرەتاتکێ کردنن. نازانم باوکم بۆ کاتێک ناوی ئەو دووانە دێ، ئەوەندە تووڕە دەبێ. منیش بەو نیوە شەوە چەند حەزم لە بەردتێگرتنی چۆلەکەکانە. ئەو چۆلەکانەی قەت نەمزانی بە شەو لە کوێ هەڵدەکورمێن و دەخەون.

خەڵکی گەڕەک ئەگەرچی لەژێرەوە دەزانن دراوسێکەمان چ کارێکی هەیە، بەڵام هەندێ جار بە ئەسپایی لەیەک دەپرسن ئەوە چ کارێکە دراوسێکەمان هەیەتی کە جاری وایە سێ و چواری بەربەیانی دەچێتەوە بۆ ماڵ؟! لەیەکدی دەپرسن بۆچی جاری وایە بە هەفتە ون دەبێ، یاخود بە چەندین رۆژ دەماغی قسەکردنی نامێنێ و، مڕ و مۆچە؟ هەڵبەت کەس وەڵامی ئەم پرسیارانەی پێ نیە. وەک کەڕ و کوێر لە یەکتر دەڕوانن. سەیر ئەوەیە کەسیش جورئەتی نیە لە خودی دراوسێکەمان بپرسێ. وەک بڵێی دەزانن ئەم پرسیارە خۆی لە خۆیا تاوان و گوناهێکی گەورەیە و بۆیە بەتووش بەدبەختی و نەهامەتییەکی گەورەیانەوە دەکا.

من بە رێکەوت دراوسێکەمانەم بە نیوە شەو بینیوە. هەیکەلی، وەک شەبەحێکی ترسناک بەدرێژایی کۆڵانەکە لۆژە لۆژ تێدەپەڕێ، جارجارە رادەوەستێ، وەک بڵێی لە شتێک نادڵنیایە، سەری بە دەوری ملی دا دەسوڕێنێ، بە هەموو لایەکدا، ئەوسا خۆی بە ماڵەوەدا دەکا. شەبەحێکی ماندوو کە لە هیچ ماندووییەکی تر ناکا. تارماییەکی کووڕ، بەو دووکەڵی جگەرەوە کە شین شین بەو تاریکاییەی نیوەشەو بە ئاسماندا دەچێ. من ئەمەم بە رێکەوت بینیوە. دووایش لە ترسانا زۆر خێرا لێفەکەم بەسەر سەرمدا داوەتەوە و هەتا بەیانی نەموێراوە لەسەر خۆمی لابەرمەوە. کۆڵانەکەی ئێمە بە شەوان چەند لەوە دەچێ کە تەنیا هی ئەو بێت. پاشای تاریکیی کۆڵان.

منداڵەکانی لە هەمان قوتابخانەی گەڕەک دەخوێنن. ژیکەڵە و شیرینن، بەڵام لەگەڵ کەس تێکەڵ نابن. هیچ منداڵێک ناوێرێ رێگایان پێ بگرێ و ئازاریان بدا. ئەوان هەمیشە لەگەڵ یەکتر دێن بۆ قوتابخانەو دیسان بەیەکەوە دەڕۆنەوە. بۆ منداڵەکانی تر، ئەوان رازێکن. ئەوەی کە خۆشەویستن یا نا، من بە ئیستایشەوە نەمزانی. نیگای منداڵانی قوتابخانە و گەڕەک لە کاتی دیتنی ئەواندا بەتاڵن. نە خۆشەویستی، نە نەفرەت و، نە رق. هیچ هیچ. رەنگە، تەنیا پرسیار و بەس. من زۆر جار ئەوانم لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە بینیوە. هەمیشە بە هیوای بیستنی وشەیەک لە تەنیشتیانەوە تێپەڕیوم. بە هیوای، جۆری دەنگ و ئەو وشە و رستانەی دەیدرکێنن. من پێم وایە ئەوان تەنیا لە ماڵەوە دەدوێن،... تەنیا لە ماڵەوە!

دراوسێکەمان یەکەم کەس بوو ئۆتۆمبیلی کڕی. هەفتەی چەند جار منداڵەکانی سواردەکرد و دەڕۆیشتن. خەڵکی دەیانگوت بۆ پیاسە دەچن بۆ دەرەوەی شار. دەیانگوت بینیویانن جۆلانە هەڵدەخەن و منداڵەکان جۆلانە دەکەن. دەیانگوت سان... ساد... ئەها ساندویچ دەکڕن و دەڕۆن. ئای ی ی ساندویچ! دەزانن، من بۆنی ساندویچم کردووە،...ئای ئای،... کاتێک بە بەر دووکانەکەیدا تێپەڕیوم؟ عەجەب بۆنێکی خۆشی هەیە! بۆنێکی تایبەت کە لە هیچ بۆنێکی تر ناکات. من حازرم نیوەی عومرم بدەم بەس بۆ ئەوەی یەکجار بتوانم بابۆڵەیەکی لێبخۆم. ئەها، باسی ماشینەکەیم دەکرد. ماشینەکەی رەنگێکی رەشی قەترانییە. وەک شەو. دیسان رەش! سەیرنیە! دنکە تۆز چییە ناهێڵێ لێی بنیشێ. ئیستا دەستماڵێکی تریشی زیاد کردووە. کاتێک بە سەیارەکەیەوە لە کۆڵان تێدەپەڕێ، من خەیاڵێکی وەها هەڵمدەگرێ تا سێ رۆژ بەرمنادا. خەیاڵی ئەوەی بۆچی من کوڕی ئەو نیم،... خەیاڵی ئەوەی بۆچی من لەناو ئەو ئۆتۆمبیلەدا ناتوانم دابنیشم و منیش بڕۆم بۆ جۆلانە و بۆ ساندویچ خواردن. پێم وابێ ئەو ئەمەی لە چاوەکانی مندا خوێندووەتەوە. ئا، دڵنیام! یەکجار دڵنیام. ئاخر جاری وایە هەست دەکەم بە ئاستەم سەرێک بە لای مندا وەردەچەرخێنێ و ئەوسا دیسان بە ئاستەم بەرەو دووا چەند جار فڕێی دەدا، وەک بڵێی پێم بڵێ وەرە سوار بە، وەرە! بەڵام منی گەوج لەجیاتی ئەوەی خۆشحاڵ بم، دەترسم و رادەکەم و دووردەکەومەوە. هەست دەکەم گوێم لە دەنگی پیکەنینەکەیەتی کە لە گەڵ دەنگی ماتۆڕی ئۆتۆمبیلەکەی تێکەڵ دەبن و، دوور و دوورتر دەکەونەوە.

باوکم لەو کاتەوە دراوسێکەمان سەیارەی کڕیوە، فێری جوێنی تازە بووە. کاتێک ماشینە رەشەکە دەردەکەوێ و وەک رەش مار بە ناو کۆڵانەکەدا رادەخوشێ، جوێنە تازەکانی یەک بە دووای یەکدا ریزدەکا و بە دەنگێکی نەبەرز و نەنەوی دەیانڵێتەوە. من هەست دەکەم باوکم لەڕاستیدا حەزی بە گریانێکە! گریانێک وەک گریانی کاتی تەنیاییەکانی خۆی کاتێک من بە رێکەوت بە سەریا کەتووم، بەڵام ئەمجارە لەناو کۆڵاندا و بە بەرچاو نیگای هەموو خەڵکییەوە. جوێنەکان لەبەر چاوی مندا فرمێسکن، دەڕژێن. جاری وایە هەست دەکەم گەر باوکم زیرەک بێ و کۆیان بکاتەوە، ئەوا رووبارێکیان لێ درووست دەکا. هەرچەندە نازانم دوواتر دەبێ چی لەو رووبارە بکا.

***                      

ماوەیەک بوو نە من تاقەتی تاراندنی چۆلەکەکانم مابوو، نە دایکم تفە زلەکانی رۆدەکرد و نە باوکم جوێنەکانی بەردەدانەوە. دونیا بێدەنگی بێدەنگ بوو. ئارامییەکی سەیر باڵی بەسەر هەموو شتێک دا کێشابوو. کۆڵان کڕ. ئیتر نە عادەت و هات و چۆکانی دراوسێکەمان سەرنجی ئێمەی رادەکێشا و نە بۆنی چێشتەکانی بەناو کۆڵاندا کەپۆی کەسی دەجوڵاند. عادەت، دونیای سڕ کردبوو. من کە کتوپڕ کەوتبوومە ناو دونیایەکی تازەوە و لەوە تێگەیشتبووم کە جیهانێکی تریش دەکرێ هەبێ، خۆشحاڵ هەوڵمدەدا چێژی خۆمی لێوەرگرم. نازانم بۆ وام لێهاتبوو. هەموو جیهان بە جۆرێکی تر دەهاتە بەرچاوم. نەک تەنیا رقم لە باوکم نەبوو، نەک تەنیا سەرم بە دراوسێکەمان سوڕنەدەما، بەڵکو هەستم دەکرد من لە شوێنێک راوەستاوم لەو سەرسەرانە و ئەوان لەو خوارانە. هەڵبەت مەبەستم ئەوە نیە خۆم بە زل دەبینی و ئەوانیش بە بچوک. نا نا. هەر ئەوەندەی کە بۆ من دونیا بچوک بچوک ببووەوە. جاری وابوو لەو سەرانە من گۆرانیم دەگوت، سەمام دەکرد و نیگاکانم لە بێ کۆتاییەکاندا ون دەبوون. دایکم بە باوکمی گوت کوڕەکەمان شێت بووەو باوکیشم تفێکی خەست و زلی وەک بڵغەمی رۆکردە تەنیشت بەڕە هەمیشەییەکە. ئەو بەڕەیەی نە کۆن دەبوو و نە دەمرد. بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند. بۆ یەکەم جار رۆژێکیان دراوسێکەم بە جۆرێکی تەواو جیاواز هاتە بەرچاو. بێ دەماغ و بێ حەوسەلە. بە ناوچاوێکی گرژ و مۆن. کە لێی دەڕوانیم قاچەکانی وەک بڵێی لەڕقا تەتەڵەی دەکرد. بەم لاولادا دەکەوت. دەمبینی لەناو تاریکایی کۆڵاندا بە نیوەشەوان لەبەر خانووەکەی ئێمە جگەرەی بە جگەرە هەڵدەکرد و لە پەنجەرەی ژوورەکەی من هەتا درەنگان رادەما. من کە ئیتر لێی نەدەترسام، چەند جار هەوڵمدا بەو نیوە شەوە لەگەڵی بدوێم و بڵێم گەر پێی خۆشە ئەوا بچین و هەتا هەتاو دەکەوێ پیاسە بکەین. پیاسەیەکی دوورودرێژ بۆ قسەکردن لەسەر رازی دڵمان. من حەزم دەکرد باسی نیگای نوێی خۆم و سەما و گۆرانییەکانی خۆمی بۆ بکەم. بەڵام نازانم بۆ، شتێک لە دەروونمەوە پێی دەگوتم کە دەبێ دەم داخەم، دەبێ ئەم رازە لای خۆم بێڵمەوە و بەس.

تا رۆژێکیان رێک لە نێوان خانووەکەی ئێمە و خۆیاندا بە ئۆتۆمبیلەکەی راوەستا و، لێمی رووانی. منیش بە پێچەوانەی جاران نەک هەڵنەهاتم بەڵکو پاش کەمێک راوەستان سوار بووم و، بەڕێ کەوتین.

من دەمزانی ناچین بۆ سەیران و بۆ ساندویچ خواردن، دەمزانی باوکیشم ئەوەندە زیرەک نیە کە ئیستاکە لە فرمێسکەکانی، رووبارێکی وەهای سازکردبێ کە ئێمە ئیستاکە دەمانتوانی بچین و لە قەراغیا دابنیشین و باسی دونیا، ژیانی ناو کۆڵان و گەڕەکەکەی خۆمان بکەین. من دامنابوو ئەو تەنیا بە ماشینەکەی بە ناو شاردا سوڕدەخواتەوە و سوڕدەخواتەوە. هەتا ماندوو دەبێ. من ئەو رۆژە خۆم دانابوو هەتا ئێوارە ماشین سواری بکەم. پێم وابوو دراوسێکەمان ماندوو و وەڕەزە و حەزدەکا لەگەڵ کەسێک کە ساڵانی ساڵە ئاگای لێیە و بیری لێدەکاتەوە، سەرئەنجام بدوێ و رەنگێکی تر بە تابلۆی رەش و سپی ژیانی خۆی زیادبکا.

بەڵام دراسێکەمان وەڕەز نەبوو، ئەو حەزی بە پیاسە بێکۆتاییەکان نەبوو. ئەوەندەی پێنەچوو لەبەردەم دەرگایەکی رەشی گەورەدا راوەستا و بە منی گوت لەگەڵی بچمە ژوورەوە. منیش چووم.

لەو رۆژەوە، من لەم سەری مێزێکی بچووکەوە و ئەویش لەوسەرییەوە دانیشتووین و پرسیاری ئەوەم لێدەکا بۆچی ماوەیەکە دونیام گۆڕاوە و حەزم بە گۆرانی و سەمایە، دەڵێ دەزانی کە خۆجیاکردنەوە چ تاوانێکە؟ من کە لەم وتووێژ و گفتوگۆیە ناگەم، بە سەرسوڕمانەوە سەیری دەکەم و هەوڵدەدەم پێی بڵێم رەنگە هۆکارەکەی ژیانی کۆڵان بێت، یان رەنگە ئەوەی کە من منم و دەکرێ جۆرێکی تر بم. ئەو بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانی و بە سیما سارد و رەنگ خۆڵەمیشییەکەیەوە دەڵێ "من لەمێژە ئاشنای چیرۆکەکانی ئێوەم!" چیرۆکەکانی ئێوە! ئەو پیاوە بۆ بە کۆ باسی من دەکا؟

ئەوسا دەمباتە ژوورێکی تر و لەسەر سەککۆیەک دەمەونخون رامدەکێشێ. ‌هاڵاوی ساردی چیمەنتۆکە دەڕژێتە هەموو جەستەمەوە. ئەوسا دەست و لاقەکانم دەبەستێتەوە و دەست دەبا قەمچییەکی دیسان رەنگ رەش لە سەر سەککۆیەکی تر هەڵدەگرێ.

با وەک دوواقسە ئەوەیش بڵێم، دراوسێکەمان لە رەگەزی ئارەقە. ئەو قەت ماندوو نابێ!

 

 Bilderesultat for tortur kunst

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت