ما 7530 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پەیمانی کۆمەڵایەتی، پرسیارێکی گەورە
لە ترادیسیۆنی لیبرالیستی دا بە گوێرەی تیۆری دوو فیلسووفی گرینگی ئەم روانگەیە، دەولەت ئاکامی 'پەیمانی کۆمەڵایەتی' نێوان تاکەکانە. واتە تاکەکان کە سەرەتا لە دۆخی پێش کۆمەڵگەی سیاسی (سروشتی) دا دەژین، لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە و بڕیار دەدەن لەرێگای دابینکردنی پەیمانێکەوە کۆمەڵگەی سیاسی (دەوڵەت) بنیات بنێن.
هۆبز و لاک ئەو دوو فیلسووفەن کە بە درێژی ئەم روانگە و تیۆرەیان روونکردووەتەوە. لای ئەوان مرۆڤ لە بەشێک لە ئازادییەکانی خۆی وازدێنێ و دەسەڵات دەداتە حاکمێک بۆ ئەوەی ئەمنییەت و ئاسایشی بپارێزێت کە لە سەردەمی ژیانی سروشتی دا لەژێر هەڕەشەدایە.
 
هەڵبەت ترادیسیۆنی لیبرالیستیی پەیمانی کۆمەڵایەتی دوواتر لە لایەن بیرمەندان و فیلسووفانی ترەوە دراوەتە بەر رەخنە. کە یەک لەوان 'هیگڵ' فیلسووفی ئاڵمانیە. هیگل بە پێچەوانەی ئەو دوو فیلسووفە، دەوڵەت بە ئاکامی پەیمانی کۆمەڵایەتی نازانێ.
 
بەڵام یەکێک لەو رەخنانەی تر کە دەکرێ ئاراستەی تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتی بکرێ ئەوەیە کە مرۆڤ بە درێژایی مێژوو ئەوەندەی لە دۆخی سەرەڕۆیی واتە ئیستبدادا ژیاوە، لە دۆخی تردا نەژیاوە. واتە ئەگەر دەوڵەت ئاکامی رازی بوونی هەموو تاکەکان بێت، بۆچی دوواتر ئەوەندە دەسەڵاتی دەوڵەت زاڵدەبێ کە تاکەکان ناتوانن بە گوێرەی پێویست لێی دەربازبن؟ ئەوە چ رازێکە کاتێک دەوڵەت دروست دەبێ، دەتوانێ ئیرادەی کۆمەڵگا تێک بشکێنێ و زۆرینەی مێژوو بریتی بێت لە دەسەڵاتی ئەوان؟ بۆچی تاکەکان ناتوانن، یاخود بەکەمی دەتوانن دیسان لەدەوری یەکتر کۆببنەوە و ئەو دۆخە بڕەوێننەوە کە دەسەڵات تێیدا زێدەڕۆیی لە حوکم و توانای خۆیدا دەکا؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر دووکی ئەو بیرمەندە لیبرالیستیانە ئەم مافەشیان لەپاڵ پەیمانی کۆمەڵایەتی دا داوەتە خەڵکی.
 
رەنگە ئەمە یەکێک لەو رەخنانە بێت کە راستی و دروستیی تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. رەنگە هیگل لەمەدا زیاتر حەقی بێت کە دەوڵەت دیاردەیەک نیە لەسەر رەزایەتی تاکەکان پێک هاتبێ.
 
سایتی قەڵەم
٥ مەی ٢٠١٧
 Image result for locke and hobbes

گەڕان بۆ بابەت