مەهدی خالید خەمبار
لە شێواز و چۆنیەتی ئەم جۆرەی تیرۆر وردببینەوە، دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە ئەوە ئەوانن ترسنوکانە بە سودوەرگرتن لە پۆست و پلە و دەسەڵاتە باڵاکانیان و ئەو دەزگا ئەمنیە تایبەتیە زۆروزەوەندەی بەردەستیان،... جورئەتی ئەوە ناکەن ڕۆستەم ئاسا سینگ دەربپەڕێنن و بڵێن فەرموو ڕۆژنامە نوسە ترسنۆکەکە ئەوە عەرز و ئەوە گەز!
سەردەشت عوسمانەکان گیانبەختکردوانی قەڵەمن
مەهدی خالید خەمبار
ئەگەر قەرارە بەم دۆخە سیاسیە کۆمەڵایەتیە چەقبەستوە ولە سایەی ئەم حوکمڕانیە پڕلە گرێوگۆڵەدا بمانەوێت بەربە تیرۆری قەڵەم و خەڵتانیخوێنکردنی سەردەشتەکان بگرین و کۆتاخاڵ بۆ ئەنتی قەڵەمەکان دابنەین ئەوا دەیان ڕۆژمێریتردەبێ پڕبکەینەوە و سەدان کاوە و سەردەشتیتر دەبێت ببنە قوربانی، جابۆ ڕێگری لە شێوازە جیاجیاکانی تیرۆر(عەقڵ، قەڵەم، ژن، مرۆڤ) وناهەقیەکان پێویستمان بە شۆڕشێکی ڕۆشنبیری فیکری کەلتوری سپی سەرتاسەریە تا وەک ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێز بتوانێ جێ بەم دۆخە لەق بکات، هەرچەندە ئەوەش بەبێ یەکخستنی ڕەنگە جیاوازەکانی قەڵەم و هیزر و تواناکان مەحاڵە سەرکەوتن یاریبێت، چەندیش لەم دابەشبونە مەترسیدارەی کۆمەڵگە و ڕەنگە جیاجیاکانی قەڵەمەکان مێزەدەکەین ئەوا لوتمان بە شاخێکی گەەورەی نائومێدیدا دەتەقێت!
گومان لە بونی پێشینەیەکی مێژویی ئەم تیرۆری بیر و قەڵەمەدا نیە، کاتێ کە قسە لەم جۆرە تیرۆرە مەترسیدارە پەلهاویشتوەی ئەمڕۆ دەکرێت، پێویستە ئاماژە بەو سەدان قەڵەم وعەقڵ وهیزرە گەشانەش بدرێ کە لە سەردەمی ڕژێمە تۆتالیتارەکاندا لەنێوبراون.
گیانبەختکردوانی قەڵەم عەبولستار تاهیر شەریف، سۆرانی مامەحەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، ویداد حوسینیش خۆیان گەیاندە کاروانە پڕسەروەریەکەی عەبدولخالیق مەعروفەکان و قادرکابان و دڵشاد مەریوانیەکان و هەزارانیتر. پێویستە ئێمەش وەک وەفایەک بۆ هاوپیشە گیانبەختکردوەکانمان درێژە بە ڕێبازە پیرۆزەکەیان بدەین.
مەبەست لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامە نوس و قەڵەمە بەبڕشتان تەنها لەناوبردنی کەسەکاننین بەڵکو هەوڵێکی نەزۆکانایە بۆ چاندنی تۆوی ترس و تۆقاندن لە نێو ناخی ڕۆژنامەنوسان و قەڵەمە بوێرەکان و خەڵکانی ئاسایشدا تا کەس زاتی بەزاندنی هێڵە سورەکانیان نەکات.
خۆشبەختانە و بەپێچەوانەی ئامانجەکانیانەوە دوای شکانی هەر قەڵەمێک هەزار قەڵەمیتر یاخیبونی خۆیانیان ڕاگەیاند، دوای خامۆشکردنی دەنگی هەر ڕۆژنامەنوس و میدیاکارێک هەزارانیتر لە نەعرەتەیاندا و دوای تاسانی هەر هیزرێک هەزارانیتر هەڵکشان.
لە شێواز و چۆنیەتی ئەم جۆرەی تیرۆر وردببینەوە، دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە ئەوە ئەوانن ترسنوکانە بە سودوەرگرتن لە پۆست و پلە و دەسەڵاتە باڵاکانیان و ئەودەزگا ئەمنیە تایبەتیە زۆروزەوەندەی بەردەستیان، سەرباری ئەوانە هەمو دێن و لە تاریکیدا پلانی نهێنی لەنێوبردنیان بۆدادەڕێژن، ئەوە ئەوانن جورئەتی ئەوە ناکەن ڕۆستەم ئاسا سینگ دەربپەڕێنن و بڵێن فەرمو ڕۆژنامە نوسە ترسنۆکەکە ئەوە عەرز و ئەوە گەز!
خۆزگە گوێیەکی کراوە و یژدانێکی زیندو لای حاکمێکی ئەم جەنگەڵستانەی ئیمە میوان دەبو تا لە کسپە و ئازاری کەسوکاری سەردەشتەکان هەمو ڕۆژنامە نوس و میدیاکاران تێدەگەیشت کە چەند بە ئازارەوە داوای بەسزاگەیاندنی بڕیاردەر و داڕێژەر و تیرۆرکەری ڕۆڵەکانیان دەکەن.
ئەفسوس لەم مەملەکەتەی ئێمەدا کێ گوێ بۆ ناسۆریەکانیان هەڵدەخات؟ لەم مەملەکەتەی ڕۆڵەکانتانا هەرچی شتە جوانەکان و بەها پیرۆزەکانە دەستدرێژیان دەکرێتەسەر و شکۆیان دەشکێنن، ئافرەتان بەوپەڕی دڵڕەقیەوە هەتکدەکرێن، ئەشکەنجەدەدرێن، تیرۆردەکرێن، دەکوژرێن، هەڵدەواسرێن، لەقوڵایی ئاودا دەخنکێنرێن، بلۆککوژدەکرێن و دواتر فڕێدەدرێن.
دڵنیابن ڕۆڵەکانتان پێش ماڵاواییان ئاسودەیی ویژدانیان بۆ ئێوەش وخۆشیان مسۆگەر کرد، ئاسودەن کە ئازاری ویژدان ئێدی لەبەرامبەرئەم هەمو ناهەقی و تاڵانکاری و هەڕاجکردنەی نیشتیمان وئەم نوقمی قەیرانکردننانەی وڵات و سزادان و برسیکردن و سوکایەتی پێکردن و خەساندن و بەکویلەکردن و ژاراویکردنی ژیانی هاووڵاتیان ئازاریان نادات.
ئەگەر پێمان وابێت ویداد حوسێن دەبێتە دوا قوربانی کاروانی قەڵەم و دوا پەیامی هەڕەشەی دەستڕۆیشتوان بۆ ڕۆژنامەنوسان و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان و دوا فیشەکی دەستی تیرۆر بێت بۆ سینگی ئەوانەی بەگژ نادادپەروەری و زوڵم و ستەم و کۆیلایەتی و پاوەنخوازیدا دەچنەوە ئەوا جگە لەخۆهەڵخەڵەتاندن بەولاوە هێچ پێناسەیترهەڵناگرێت. لەبەرامبەردا دەبێت خۆمان لە تۆڕەکانیان نزیک نەکەینەوە!
ڕوحتان شادعەبدولستار تاهیر، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی و ویداد حوسێنەکان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و دیمکراسی. ڕوحتان شاد و کاروانەکەتان پڕئومێد.