ما 6843 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

ئەمە یەکەم جارە هەوار بە چاوی خۆی دەبینێ هەژار چۆن بەرەنگاری هەر سێكیان دەبێتەوە. لەترسان هەر یەک وەک پشیلە دەچنە سەر دار. خەڵک بە دەنگە دەنگی منداڵان دێنەدەر. دەبینن گیپە و خللە و شەکرە وەک پشیلە چوونەتە سەر داران. هەژار لە خوارەوە سەیریان دەکات.  

 

پاڵەوان تەختە - کۆتایی

قادر نیکپوور

هەژار دوای درێژماوەیەک هاڵۆزی فکری، هەم سەبارەت بە رەفتاری نادروستی باوکی لە ماڵەوە، ترس و دڵەڕاوکەی لە منداڵە لاسارەکانی گەڕەک توانی بە دڵنیایی و دڵگەرمی ئەو شەو بخەوێت. بە یانی کە لە خەو رادەبێ، دەبینێ شتی تازە مێشکی ئەوی بەخۆ هاڵۆز کردووە. وەک ئەوە خۆر ئەو رۆژە لە شوێنی دیکە سەری هەڵدابێت. ئەو شوێنەی کە بۆ هەژار پر لە هێوا و هومێدە. هەژار تاوانی نیە کە دەبێ ئەم هەموو جەورە و جەفایە بکێشێت، چونکە ئەو تەنیا هەشت ساڵە.  

"مەگەر ئەم مێشکە بچووکە توانایی چەندە؟ بۆ منداڵێکی هەشت ساڵانە ئەم بارە زۆر قورس و گرانە. منداڵی ئەو تەمەنە پێویستە لەگەڵ منداڵانی هاو تەمەنی خۆی یاری و تۆپانە بکات، تا ئەوەی دەم و سات بیر لە رەفتاری نادروستی باوکی و منداڵانی سەرەڕۆی گەڕەک بکاتەوە. ئەم هەموو ترس و دڵەراوکەیە پێش بە گەشە کردنی منداڵ دەگرێت و، هەست و نستی بریندار دەکات، کە ساڕێژ کردنی ئەم برین و ناسۆرانە ئاسان نیە." کە واتە ناوی پاڵەوان و بوونی پاڵەوان بۆ هەژار دەبێت بە پشت و پەنایەکی گەورە.

هەژار حەز دەکات تەنیا بچێتە قوتابخانە، بۆ ئەوەی بزانێ چەندی لەباران دایە، یان ئەوەی جۆرێک نیشان بدات کە پاڵەوانی لە پشتە. نازانێ ئەو رۆژ چ روودەدات. ئەگەرچی هیچ ئاڵ و گۆڕێک لە ژیانی گیپە و خللە و شەکرە رووینەداوە، بەڵام هەژار بە جۆرێک هەوڵ ئەدات نیشانی بدات کە پشتی بە پاڵەون گەرمە و، ئەو ترسەی جارانی نەماوە. بە دڵگەرمی دەچێتە قوتابخانە، بە خۆشی دەگەڕێتەوە. لای وایە هەموو شتێک تەوا بووە، تازە شتی ناخۆش روونادات.

دوایی هاتنەوە لە قوتابخانە یەکسەر دەچێتە باخەکە. زۆر چاوەڕوان دەبێت، بەلام هیچ روونادات. بۆ منداڵێکی لەو تەمەنەدا چاوەروانی زۆر قورس و گرانە، بە تایبەت کە ترس و دڵەڕاوکەی هەبێت. منداڵ لەم تەمەندا زۆر لە کات و سات شارەزا نیە. ئەوان زۆر فەرقی ساڵ و مانگ و رۆژ نازانن. ئەوان فەرقی شە و رۆژ دەزانن، ئەویش لەبەر رووناکی و تاریکی.

ولات تەواو بێدەنگە، هەژار چاوەڕوانی شتی خۆش دەکات، دیتنی پاڵەوان. بەڵام دڵی پێی دەڵێ شتێکی ناخۆش روویدەدات، ئێوارەیە درەنگە. دەگەڕێتەوە ماڵ. لە کاتی گەڕانەوە هاوار دەکات و دەڵێ: "پاڵەوان، پاڵەوان، بۆ لەسەر قەولی خۆت نەماوی"؟ گیپە و خللە و شەکرە لەو لای باخەکەن گوێیان لە دەنگی هەژار دەبێت. بێ ئەوەی هەژار بزانێ، بە دوای دەنگەکە دادێن. دەبینن هەژارە، خۆیەتی. زۆریان پی سەیر دەبێ. هەژار و تەنیا لەم باخە، ئەویش بەم ئێوارەیە؟ هەژار لە ترسان رادەکات بۆ لای چۆمەکە، چونکە ئەوان لای ماڵانیان لێ گرتووە. هیچ رێگەی هەڵاتنی دیکەی نابێت.

کاتێک دەگاتە چۆمەکە زۆر دەترسێت، ئەولا چۆمێکی بێ ئامان، ئەولایتر سێ منداڵی هار و هاج. لە ترسان بە قەراغ چۆمەکەدا هەڵدێت. دەبێنێ کابرایەک لەوێ خەریکی ماسیگرتنە. کابرای ماسیگر گوێ لە هەرا و دەنگەدەنی منداڵان دەبێت. دەبێنێ ئەوە هەژارە هەڵدێت و هاوار دەکات. یەکسەر دەچێتە لای هەژار و دەڵێ: ئەوە چیە، چ باسە، بۆ هەڵدێی؟ هەژار بە هانکەهەنک دەڵێ، "لە ترسی... ئەو... ئەو هەتیوانە هەڵدێم". لە ناکاو لێم پەیدا بوون و کەوتنە دوام.

هەژار سەیری ماسیگر دەکات. دەبینێ ماسیگر هەمان پاڵەوانە. هەژار بە دیتنی پاڵەوان تەواو دەگەشێتەوە. نازانێ چۆن باوەڕ بکات. ئەمە یەکەمجارە لەدەستی گیپە و خللە و شەکرە رزگاری دەبێت. ئەویش کەس نا پاڵەوان، ئەو کەسەی کە هەموو هیوا و هۆمێدی ئەوە. پاڵەوان بانگی منداڵەکان دەکات. جۆرێک نیشاندەدات کە هیچ شتێک دەربارەی رابردوویی ئەوان نازانێت. سەبارەت بە رووداوەکە دەپرسێ، بەڵام لە شێوەی قسە کردن و هەڵس و کەوتیان دەزانێ کە هەموویان سەرسەری و سەرەڕۆن. هەوڵ ئەدات بە جۆرێک لێکیان گرێ بدات، بەڵام تازە درەنگە و، ئەم کارە لەوان ناوەشێتەوە.

پاڵەوان بڕیار ئەدات و سووڕ دەبێ لەوە یارمەتی هەژار بدات. ''چونکە مرۆڤە باشەکان هەمیشە چاکە دەرحەق خەڵک دکەن، حەز دەکەن هەموو خەڵک بە باشی بژین". ئەویش ئەو کارە دەرحەق بە هەژار دەکات. بە بیانووی ماسی گرتن خۆیان خافل دەکەن تاکو منداڵەکان لەوێ دوور دەکەونەوە. دوایی ئەوە هەموو رۆژێ چەند کاتژمێر هەژار فێری کاڕاتە دەکات. ئازایەتی پاڵەوان لەوە دابوو کە خۆی کاڕاتەوانێکی باش بوو، هەروەها هەژاریش منداڵێکی بە هۆش و بە توانا کە توانی لە ماوەیەکی کەم ئەم هەموو تێکنیکە فێر بێت.

هەژار کەم کەم کاڕاتەوانێکی باشی لێ دەردەچێت. هەموو ئیواران درەنگ دەگەڕێتەوە. درەنگ هاتنەوەی هەژار بۆ هەموو لایەک سرنج راکێشە، بە تایبەت بۆ هەوار. هەوار بڕیار ئەدات بزانێ هەژار سەر قاڵی چیە؟ دوایی قوتابخانە بە بێدەنگی دەکەوێتە دوای هەژار تا بزانێ بۆ کوێ دەچێ. بەڵێ، دەبینێ هەژار لای پیاوێک فیری کاڕاتە دەبێت. خۆی ئاشکرا ناکات. چەند جار ئەو کارە دەکات تاکو دڵنیا بێت. ئێوارەیەک بە ئانقەست خۆیی نیشانی هەژار دەدات. هەژار ناتوانێ حاشا بکات، بە تایبەتی لە هەوار. کاڕاتە فێر بوونی هەژار بۆ هەواریش جێگای دڵخۆشییە. زۆرجار ئەویش لە لایەن گیپە وئەوانی دیکە ئازار دراوە، بەڵام نەک بە رادەی هەژار.

هەرچەند هەژار فێڕی کاڕاتە بووە، بەڵام نازنێ داخۆ لە کاتی رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ مناڵانی گەڕەک چۆن بە کاری بێنێت. داخۆ ئەو ترسەی جارانی هەر ماوە؟ "ترس خۆی هۆکارێکی دەروونییە. کاتێک مرۆڤ لە باری جەستەیی نەتوانێت بەسەر کەسێكدا زاڵ بێت، ترسی بۆ پەیدا دەبێت. کە ئەم هۆکارە زۆر دووپات کرایەوە، دەبێتە ترسێکی دەروونی". هەژار کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ئازار درابوو، ناحەقی نەبوو.

بەڵام هەژار بۆ تاقی کردنەوەش بێت ئەو کارە دەکات. رۆژی دوایی بێ ترس دەچێتە قوتابخانە. دوایی قوتابخانە منداڵان  وەک هەمیشە دەکەونە دوایی کە ئازاردی بدەن، بێ ئەوەی بزانن هەژار کوڕەکەی جاران نیە کە بتوانن گاڵتەی پی بکەن. هەژار زور نەترسانە بەرەنگاریان دەبێتەوە. گیپە و خللە و شەکرە کە ناتوانن هیچ شتێک لە هەژار بکەن، لە جیاتی چەند مست و شەپیش دەخۆن. خۆشیان نازانن چ روویداوە، ئەمە خەونە یان راستە؟ ئەوان دەست هەڵگر نین، زۆر پلان و تەڵەی بۆ دادەڕێژن بەڵام سەر ناکەون.

هەژار بێ ترس دەگەڕێتەوە ماڵ. یەکسەر دەچێتە لای ماسییەکان. حەز دەکات هەموو بەسەرهاتەکان بۆ ماسییەکان باس بکات. ئەوان دەمێکە لێک دابڕاون. ماسییەکان دوایی چاوەڕوانێکی زۆر ناهومێد دەبن. لایان وایە کە هەژرا ئەوانی لە بیر کردووە. هەژار بە هۆی کاراتە فێر بوون زۆر شتی دیکەی بیر کردبوو، تەنانەت هەواریش. بەڵام ئەوی هەژار دوایی قوتابخانە بەسەری هات، وە بە چاوی خۆی بینی، هیوایەکی زۆری پێ بەخشی. ئەوی دڵخۆش کرد بە ژیان و بە داهاتوو. دوایی ئەوە هەموو شتەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەر داهات. هەژار ئەو کورەی جاران نەمابوو.

کاتێک ماسییەکان چیرۆک و بەسەرهاتی هەژاریان لە زمانی خۆی بیست، هیچیان لە دڵی دانەما. بە پێچەوانە زۆر شاد بوون کە لە دەس ئەم خەمە گەورە رزگاری هاتووە. هەر بەم بۆنەیە ئەو رۆژ جێژنی تایبەتییان بۆ هەژار گرت. هەژار دوایی گەڕانەوە بەرەو ماڵ لە نێو باخەکە رووبەرووی کوڕە لاتەکان دەبێتەوە. هەرچی دەیکەن ناتوانن هەژار ببەزێنن. زۆر ناهومێد دەبن، بەڵام دیسان تەڵە و پلانی بۆ دادەنێن، کەچی هەر سوودی نیە. ناچار دەبن بە قسەی قۆڕ و بێ قیمەت لەوی دوور دەکەونەوە.

پاڵەوان لە گۆشەیەکی باخەکە هەموو ئەو شتانە بە چاوی خۆی دەبینێ. دەبینێ هەژار بەسەر ترسەکەیدا زاڵە، ئەو ترسی جارانی نەماوە. دێتە لای هەژار و، سەبارەت بەوەی کە توانی نهێنی راگرێت دەسخۆشانەی پێ دەڵێت. بەڵێ ئاخەر جار کاتێک هەژار و هەوار پێکەوە دەڕۆن بۆ قوتابخانە، دووبارە لە کۆڵانی پێش قوتابخانە پێشیان پی دەگرن کە بە خەڵکی نیشان بدەن ئەوان لە هەموو منداڵانی دیکە ئازاترن. ئەمە یەکەم جارە هەوار بە چاوی خۆی دەبینێ هەژار چۆن بەرەنگاری هەر سێكیان دەبێتەوە. لەترسان هەر یەک وەک پشیلە دەچنە سەر دار. خەڵک بە دەنگە دەنگی منداڵان دێنەدەر. دەبینن گیپە و خللە و شەکرە وەک پشیلە چوونەتە سەر داران. هەژار لە خوارەوە سەیریان دەکات.  هەموو بە چاوی خۆیان دەبینن کە هەژار ئەو کوڕە لاواز و بێ هێزەکەی جاران نەماوە. هیچ کەس باوەر ناکات کە ئەوە هەژارە.

گرینگتر لە هەموو شتێک، کاتێک خاڵە حەمە، باوکی هەژار پێدەزانێت دەیکات بە هات و هاوار. "خەڵکینە وەرن بزانن ئەمە هەژارە کوڕی پاڵەوان. ئەمن دەموت پاڵەوانم بەڵام کەس باوەڕی نەدەکرد. ئێستا بە چاوی خۆتان دەبینن کە کوڕ لە باوکی دەچێت". خەڵک کە گوێیان لە فشە فشی خاڵە حەمە (حەمە تەپلۆس) دەبێ بڵاوەی دەکەن. بەڵام ئازایەتی هەژار دەنگ دەداتەوە، لەمەو داوە گیپە وخللە و شەکرە پەندوەردەگرن کە کاریان بە منداڵی خەڵک نەبێت. ئەمە دەبێتە هۆی دڵگەرمی و ئارامی بۆ خەڵکی گەڕک. هەژار کە ناوی باوکی پاڵەوان تەختە بوو، بە خەڵکی نیشاندا کە خۆی پاڵەوانە.

دوایی ئەوەی دایکی هەژار پێی زانی، داوای لە هەژار کرد کە هەموو راستییەکان لای ئەو باس بکات. هەر وا بوو. هەژار هەموو رووداوەکانی لای دایکی باس کرد، چونکە ئەو کوڕێکی راستگۆ بوو، وە ئەم راستگۆییەی لە دایکی وەرگرتبوو. هەژار نهێنی پاڵەوان و ماسییەکانی لای دایکی درکاند. لەگەڵ دایکی بەرە بەری ئێوارە سەردانی ماسییەکانیان کرد. دایکی خواردنی خۆشی بۆ ماسییەکان برد. سوپاسی زۆری ماسییەکانی کرد کە هەموو کات هەژاریان خۆشحال کردووە، گوێیان داوەتە قسەکانی ئەو. هەروەها دوای ماسییەکان دەچێتە لای پاڵەوان کە سۆپاسی ئەویش بکات کە هەژاری لە ترس و دڵەراوکە رزگار کردووە.

دوایی ئەو هەموو بەسەرهاتە، دایک و کوڕ بە دڵێکی پڕ لە رەزامەندی و بەختەوەری دەگەڕێنەوە ماڵ. هەژار دەبێتە سەرمەشقێک بۆ هەموو منداڵان. بەڵێ، کوڕی پاڵەوان تەختە دەبێت بە پاڵەوان.  

ئەمە بوو بەسەرهاتی ئەمجارەمان.  

     

 Bilderesultat for mørket kunst7

 

 

    

 

 

گەڕان بۆ بابەت