ما 6671 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

شاهۆ حەسەنپوور 

زۆر شت هەیە کە کار دەکاتە سەر تێگەیشتن لە دەقێک؛ لەوانە پێشینەی خوێندنەوەی تاک، ئاستی زانستی و ئەزموونی خوێنەر لە سەر جیهان و دەورووبەری دەورێکی زۆریان هەیە لە سەر تێگەیشتن لە دەقێک. زۆر جار دەبینین خوێنەر ئاستێ خوێندەوەی باشە بەڵام بۆ نموونە ئەو تواناییەی تێدا لاوازە کە دەقێک لە زەینییدا بە وێنا بکات، کە فاکتەرێکی گرینگە بۆ تێگەیشتن لە دەق.

 

کارکردن لە سەر سێ ئاستی خوێندنەوەی دەق
شاهۆ حەسەنپوور

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم باسی ئاستە جیاوازەکانی خوێندنەوەی دەق بکەم. ئامانج و  تەوەری باسەکە رووی لەو دەقانەیە کە گونجاوە بۆ منداڵانی قۆناغەکانی سەرەتایی خویندن؛ لە گەڵ ئەوەشدا ئاستەکانی خوێندنەوە تەنیا، سنووردار نیە بۆ دەقی "سادە"، کە گونجاون بۆ منداڵان، بەڵکوو ئەم دابەش کردنە لە سەر دەقی پێچهەڵپێچتریش دەکرێ بگونجێندرێت.   

زۆر شت هەیە کە کار دەکاتە سەر تێگەیشتن لە دەقێک؛ لەوانە پێشینەی خوێندنەوەی تاک، ئاستی زانستی و ئەزموونی خوێنەر لە سەر جیهان و دەورووبەری دەورێکی زۆریان هەیە لە سەر تێگەیشتن لە دەقێک. زۆر جار دەبینین خوێنەر ئاستێ خوێندەوەی باشە بەڵام بۆ نموونە ئەو تواناییەی تێدا لاوازە کە دەقێک لە زەینییدا بە وێنا بکات، کە فاکتەرێکی گرینگە بۆ تێگەیشتن لە دەق. کاتێ باس لە چالاکی خوێندنەوە دەکەین دەبێ باس لە شێوازی خوێندنەوە یان ستراتێژەکانی خوێندنەوەش بکەین. خوێندنەوەی چالاک بە بێ بەکارهێنانی ستراتێژەکانی خوێندنەوە ئەستەمە رووبدات. لەم کورتە نووسینەدا هەوڵ دەدەم ئەوە شی بکەمەوە کە ئاستەکانی خویندنەوە کامانەن و هەروەها چۆن کار بکەین لە سەر ئەم ئاستانە بۆ ئەوەی لە ماناکانی دەق بگەین و هەروەها پێوەندی بدیەنەوە بە ئەزموونەکانی خۆمان و دنیای دەورووبەرمان.

کاتێ ئێمە لە خوێندنەوەی کتێبێک دەبینەوە دەبێ چ بکەین جیا لەوەی باسی کتێبەکە بۆ دۆستان و ئاشنایانمان بکەین. زۆر جار خوێندنەوەی کتێبەکە بە کەسانی دیکە پێشنیار دەکەین، رەخنە دەگرین و هەستی خۆمان دەردەبڕین. بە کورتی قسە و گفتگۆ کردن لە سەر کتێب ئەو کارەیە لە دوای خوێندنەوە روودەدات.  ئەوەش کاتێ دەلوێ کە خوێنەر توانیبێتی پێوەندی لە گەڵ دەق چێبکات. کار کردن بە ئاگاییەوە لە سەر خوێندنەوە وا دەکات منداڵ بە تێفکرینەوە کار بکات لە سەر دەق و هەر کاتێک کە منداڵ و بگرە گەورەساڵیش ئاگایانە دەخوێنێتەوە دەبێتە خوێنەرێکی چالاک و بەم جۆرە ڕێگاکانی لێتێگەیشتن لە دەق هەموار دەبێ؛ ئەوەش دەبێ ئامانجی سەرەکی هەر خوێندنەوەیەک بێت.  

هەروەک ئاماژەم پێکرد، لە پێوەندی لە گەڵ ئاستی خویندنەوەدا دەکرێ هەر دەقێک بە سێ ئاست دابەش بکەین. ئاستی یەکەم بە خوێندنەوەی دێرە نووسراوەکان ناودێر کراوە؛ واتە ئەو پێت و ڕستانەی خوێنەر راستەوخۆ لە رێگای چاوەوە وەریدەگرێ. لەم ئاستەدا خوێنەر لە رێگای ئەو تواناییانەی لە سەر زمانەکە هەیەتی دەقەکە دەخوێنێتەوە و ئەو بەشە لە زانیارییانە وەردەگرێ کە ڕاستەو خۆ لە دەقەکەدا دەبینرێن و پێویست بە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن ناکات. لەم فازەدا بەشیک لە زانیارییەکانی دەقەکە کاکڵ کراو و روونن و راستەوخۆ لە دەقەکە دەست دەکەون. جۆری ئەم پرسیارانە کە دەکرێن، زانیاری و فاکتن لە سەر نووسراوەکە و بە گشتی خوێنەر کێشەیەکی ئەوتۆی نابێ لە وەڵام دانەوەی پرسیارەکان. کار کردن لە سەر ئاستی خوێندنەوەی دێرە نووسراوەکان لە باوترین جۆرەکانە کە لە راستیدا ئەگەر بێت و تەینا لەم ئاستەدا لە سەر دەقێک کار بکەین ئێمە خوێنەرێکی ناچالاک درووست دەکەین کە دەکرێ لە سەر ئەم بابەتە زۆر بە وردی قسە بکرێ. بە ڕای من کاتێ ئیمە تەنیا لە سەر ئاستی یەکەمی خوێندنەوە کار دەکەین، ئەوە سیستمی پەروەردە لە قەیرانێکی قووڵدا بەسەردەبات.   

ئاستی یەکەم واتە خوێندنەوە دێرە نووسراوەکان دەکرێ وەک دەلاقەیەک بۆ چوونە نێو دەق چاوی لێ بکرێ و هەروەها بە فازی یەکەم دابندرێ، بەڵام ئاستی دووهەمی خوێندنەوە کە بە خوێندنەوەی مانای پشتی دەق ناودێرکراوە رێگا بۆ لێکدانەوەی دەق دەکاتەوە. لێرەدا مانای دەق راستەوخۆ لە دەقەکەدا نەهاتووە و خوێنەر بۆخۆی بە پێێ زانیارییەکانی نێو دەقەکە دەبێ وەڵامەکەیان گەڵاڵە بکات. لەم بەشەی خوێندنەوەدا ئاستی زانستی و ئەزموونەکانی خوێنەر لە سەر خوێندەوە یەکلاکەرەوەن بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێ وەڵامی پرسیارەکان گەڵاڵەبکات. ئەو پرسیارانەی کە لە دەق دەکرێن لەم ئاستەدا داوای شیکردنەو و لێکدانەوەت لێ دەکەن و وەک گوترا وەڵامی پرسیارەکانیش بە پێێ زانیارییەکانی ناو دەقەکە گەڵاڵە دەکرێن.

 

ئاستی سێهەمی خوێندنەوە خوێندنەوەی ئەوپەڕی دەقی پێ دەگوترێ. لە ئاکامی خوێندنەوەدا خوێنەر زانیارییەکانی نێو دەقەکە پێوەندییدەداتەوە بە دنیای دەرەوەی دەقەکە. لەم قۆناغەدا پێشینەی زانیاری کەسەکە و ئەزموونەکانی خوێنەر زۆر گرنگن. تۆ وەک خوێنەر چەند لە سەر بابەتەکە دەزانیت؟ ئەزموونی تۆ لە سەر جیهان و دەورووبەر چۆنە و چیە؟ خوێنەر لەم ئاستەدا زانیارییەکانی چالاک دەبن و بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی لە کاتی خوێندنەوەدا، مانا و پەیامەکانی نووسراوەکە شی دەکاتەوە و پێوەندی دەدات یەکترییەوە و هەروەها بە رووداو و دنیای دەرەوەی دەق. لێرەدا خوێنەر دەتوانێ هەم لە دیاردەکان بگات و هەم لێکیان بداتەوە و لە ژیانی رۆژانەی خوشیدا بەکاریان بێنێ. کاتێ خوێنەرێک دەگاتە ئەم ئاستە دەکرێ بڵێین زۆرترین دەستکەوتمان لە خوێندنەوە هەبووە. 

 

 بۆ زۆرتر روونبوونەوەی بابەتەکە گەڵاڵەی کار کردن لە سەر کورتە چیرۆکی کڵاو سوور دەخەمە بەر باس. ئەگەر چیرۆکەکەتان نەخوێندۆتەوە یان فیلمەکەتان نەدیوە هەوڵ بدەن پێشتر چیرۆکەکە بخوێننەوە یان چاو لە فیلمەکە بکەن کە لە یووتووب هەیە، پاشان بۆخۆتان بیر لە وەڵامی ئەو پرسیارانە بکەنەوە. ئەگەر بت هەوێ کار بەم میتۆدە لە گەڵ منداڵەکانت یان قوتابییەکانت بکەی پێویستە بیر لە زۆر شت بکرێتەوە؛ بۆ نموونە پرسیارەکان بە شێوەی دیالۆگ بن نەک دەرس لێ پرسینەوە! کاتێکی باش بدرێت بۆ بیر لێکردنەوە لە سەر هەر پرسیارێک، پەلە مەکەن لە وەڵام وەرگرتن، هەوڵ بدەن کە منداڵ  بۆخۆی وەڵام بداتەوە. ئەگەر تەنیا بۆخۆت و مندڵەکەتانن هەوڵ بدە ڕۆڵی منداڵێک بگێڕی. بە پێێ تەمەن و ئاشنایی منداڵ لە گەڵ چیرۆک و خوێندنەوە پرسیار هەڵبژێرین. ئەوەش بزانین ئاشنایی منداڵان و هەتا گەورەساڵیش دەگەڵ بەکار هێنانی ئەم مێتۆدانە ئاکامەکەی لە دوای کاری بەردەوام و درێژخایەندا باشتر دەردەکەوێت. منداڵێک کە ڕانەهاتووە بەم جۆر کار بکات بۆی زەحمەتە یەکسەر باس لە دیاردەکان بکات و بە دنیای دەرەوەی دەقیان گرێبدات، یان چیرۆکێک بە وشە و زمانی خۆی بگێڕێتەوە. شێوەیەکی باش ئەوەیە کە لە پێشدا کار لە سەر سێ بەشی یەکەم بکرێت؛ واتە وەبیرهاتنەوە، تێگەیشتن و جێبەجێکردن و پاشان هەوڵ بدەن بەشەکانی دیکەش تاقی بکەنەوە و کاری لە سەر بکەن. لە گەڵ ئەوەیدا پێویست نیە بە شێوەی هەرەمی چاو لە ڕەوتی خوێندەوەکە بکرێ، دەگەڵ ئەوەشدا بۆ وێنە بەرهەمهێنان زۆرتر کاتێک دێتە دی کە منداڵەکە کاری زۆری لە سەر زمان کردووە. بە کورتی تاقی کردنەوە باشترین بەڵگەیە بۆ پیشکەوتن و لێ تێگەیشتن و رێگاکانیش بێ کەوتن بە مەنزڵ ناگەن.

 چەمکەکانی وەبیرهاتنەوە و تێگەیشتن ئەو زانیارییانەن کە لە ئاستی یەکەمی خوێندنەوەدا دەتوانین بە وەڵامەکانی بگەین. جێبەجێکردن، شیککردنەوە، هەڵسەنگاندن، بەرهەمهێنان لێردا دەتوانین باسی فەرزەکانی دەقێک بکەین، نووسەر مەبەستی چیە و تۆ بۆ خۆت چۆن لێکی دەدەیەوە هەم بە پێی زانیارییەکانی دەقەکە و هەم بە پێێ ئەزموونی خۆت لە سەر دیاردەکان. ئەمانەش بۆ کار کردن لە سەر ئاستی دووهەم و سێهەمی خوێندنەوە دەتوانین دەکار بکەین.

ئەم مێتۆدە لە تاکسۆنۆمی بلووم وەرگیراوە Blooms Taxonomy  بۆ زانیاری زیاتر لە سەر تاکسۆنۆمی بلووم هیچ بابەتێکم بە کوردی پێ شک نەهات ئاماژەی پێبکەم بۆ خوێندنەوە، بەڵام بە زمانی دیکە و بە تایبەتی ئینگلیزی زانیاری زۆرە ئەگەر حەزتان بە  بەدواداچوونی زیاتر بێت.

وەبیرهاتنەوە(Remembering)، فێربوونی زانیاری و فاکت: باسی شوێنی ژیانی کڵاو سوور بکەن(ژینگە)؟ کڵاو سوور لە کوێ دەژیا؟ لە گەڵ کێ دەژیا؟ بۆچی چیرۆکەکە ناوی کڵاو سوورە؟ بۆچی کڵاو سوور سەردانی دایەگەورەی کرد؟ کێ یارمەتی کڵاو سووری کرد؟

تێگەیشتن(Understanding)، بەکارهێنانی زانیاری و فاکت: چیرۆکەکە بە کورتی بگێڕەوە. لێرەدا گێرانەوەی کورتەیەک لە چیرۆکەکە مەبەستە. بۆ نموونە پرسیارێک دەتوانی بەو جۆرە بکەین. دەتوانی جارێکی دیکە بە زمانی خۆت چیرۆکی کڵاو سوورم بۆ بگێڕیەوە؟

جێبەجێکردن(Applying) ئەو زانیارییانەی وەرتگرتوون بە شێوەیەکی نوێ دەکاریان بکە: دانانی تیۆرێک: بە رای تۆ بۆچی کڵاو سوور شوێنی ژیانی دایە گەورەی بە گورگەکە گووت؟   

شیکردنەوە(Analysing) شیتەڵ کردنی زانیارییەکان و تێگەیشتن لە پێوەندی زانیارییەکان بە یەکتریەوە: باسی ئەوە بکەن کڵاو سوور چی کرد و ئەگەر ئەتۆ لە جیاتی کڵاو سوور بای چت دەکرد؟ بۆچی کڵاو سوور ئەوەی بە سەر هات؟

هەڵسەنگاندن(Evaluating) لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی دیاردەکان و پێوەندیدانیان بە دنیای دەرەوە: بەرای تۆ ئەوەی بە سەر کڵاو سوور هات لە ژیانی راستەقینەدا روودەدا؟ وەڵامی پرسیارەکەت بسەلمێنە.

بەرهەمهێنان(Creating) داهێنانی بیری نوێ: ئەم چیرۆکە بکە بە هۆنراوە.
یان چیرۆکەکە بە شێوەیەکی دیکە بنووسەنەوە و گۆرانکاری لەو بەشە یان بەشانەدا پێک بێنە کە دەتەوێ بە جۆرێکی دیکە بن. باسی گۆرانکارییەکان بکە و هۆی گۆرانکارییەکانیش باس بکە.

 

The revised version of bloom's taxonomy

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت